عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: 6ی ئه یلوولی 1930، یه‌که‌م راپه‌ڕینی شه‌پۆلی شه‌قامی شاری سلێمانی/ بەشی یەکەم.
91 ساڵ له‌مه‌و به‌ر، بۆ یه‌که‌مین جار، یه‌که‌مین راپه‌ڕینی شه‌پۆلی خه‌ڵکی شار ی سلێمانی، له هه‌موو چین و تویژینه‌وه‌کان، ژن، پیاو منداڵ و رۆشنبیر و کاسبکار و مامۆستا و خوێندکار به گیانێکی پڕ له ته‌حه‌دای به‌رگرییه‌وه، له به‌رده‌رکی سلێمانی، به یه‌ک هه‌ڵوێست دژ به ئینگلیزه‌کان و ئه‌لقه لهگوێییهکانیان وه‌ستانه‌وه و راپه‌ڕین.
به‌ریتانیا به پێی نه‌خشه‌و به‌رنامه‌یه‌کی دیاریکراو، پێش ئه‌وه‌ی عێراق بکه‌ن به ئه‌ندامی (عصبه الامم)، ویستیان په‌یمانێک له نێوان عێراق و به‌ریتانیا مۆر بکه‌ن، بۆ کۆنترۆڵی به‌رده‌وامی ده‌سه‌ڵاتیان و مانه‌وه‌یان له عێراق، بۆ به‌تاڵان بردنی نه‌وت و بۆ به گه‌ڕ خستنی کۆمپانیا کانیان.
گه‌لی عێراق و حیزبه سیاسییه‌کان و رۆشنبیران و که‌سێتییه دیاره‌کان به نهێنی و به ئاشکرا دژی ئه‌و پیلانه وه‌ستانه‌وه، به‌ریتانیا هه‌موو توانای خۆی خسته گه‌ر بۆ مۆرکردنی ئه‌و پلانه و کردی به مه‌رجێکی بنه‌ڕه‌تی، بۆ وه‌گرتنی عێراق له (عصبه الامم )، به‌رنامه‌که‌ی سه‌پاند به‌سه‌ر سیاسه‌تمه‌داران و کاربه‌ده‌ستانی عێراق، گه ر ئه‌و په‌یمانه له په‌رله‌مانی عێراق مۆر نه‌کرێ، عێراق ناخرێته ناو (عصبه الامم )، له‌وانه‌یه ولایه‌تی موسڵ ی له سه‌ر لاببرێت.
ئینگلیزه‌کان له و بارودۆخه ئاڵۆزه و ململانیانه‌دا، توانیان مه‌به‌سته‌که‌ی خۆیان بسه‌پێنن، کاربه‌ده‌سته نه‌ته‌وه په‌رسته عه‌ره‌به‌کانیش ناچار بکه‌ن، به‌رامبه‌ر ئه‌و په‌یمانه بێ ده‌نگ بن، ئه‌و په‌یمانه له 30 / 6 / 1930 نوێ کرایه‌وه، به‌ڵام له تۆماره مۆرکراوه قبوڵکراوه‌که‌ی عێراق دا، له (عصبه الامم )، به هیچ شێوه‌یه‌ک باسی مافه سه‌ره‌تاییه‌کانی کورد نه‌خرابوه روو، ئه‌و سه‌رده‌مه زۆر له نه‌ته‌وکانی دنیا، له ناو خاکی خۆیاندا، به مافی چاره‌نووسی خۆیان گه‌یشتن.
گه‌لی کورد به هه‌موو چین و تویژه‌کانه‌وه، به یه‌ک ده‌نگ و به یه‌ک هه‌ڵوێست و رای گشتی، به‌رامبه‌ر ئه‌و په‌یمانه وه‌ستانه‌وه، به به‌رزکردنه‌وه‌ی سکاڵا و یاداشت، ته‌لگراف بۆ(عصبه الامم )و ناردنی نامه‌ی تایبه‌ت بۆ مه‌ندوبی سامی به‌ریتانیا.
له په‌یمانی 1930 ئینگلیزه‌کان ویستیان نوێنه‌ری نوێ بۆ په‌رله‌مانی عێراق هه‌ڵبژێرن، له‌و سه‌رده‌مه‌دا هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه به دوو قۆناغ ئه‌نجام درا، یه‌که‌م جار (منتخب ثانوی ) هه‌ڵبژێرا، دواتر به‌پێی ناوچه‌کان، خه‌ڵک له ناوچه‌کان دا، (نائب ) یان هه‌ڵده‌بژارد.
شه‌پۆلی راپه‌ڕینی شه‌قامی شاری سلێمانی ده‌یانزانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان بۆئه‌وه‌یه، مۆری ئه‌و په‌یمانه نوێ بکه‌نه‌وه، که له نێوان عێراق و به‌ریتانیا کراوه، له 6 ی ئه‌یلوولی 1930، راپه‌ڕینێکی نه‌ته‌وه‌یی نوێ بوو، له رووبه‌رووبونه‌وه‌یه‌کی راسته‌وخۆ، له به‌رده‌رکی سه‌رای شار، سه‌راپا شه‌قام و کۆڵان و گه‌ڕه‌که‌کانی شاری سلێمانی هه‌ژاند، ئه‌و راپه‌ڕینه گشتی یه‌ی شه‌قام، بووه مایه‌ی تێرامانێکی قوڵ و کاریگه‌ر له لای خه‌ڵک، به‌جۆرێک ده‌نگی دایه‌وه ناونرا (رۆژه ره‌شه‌که‌ی ئه‌یلوولی خوێناوی ).
له 28ی نیسانی 1948 بڕیاردرا تۆفیق وه‌هبی به‌گ له (امر المدرسه العسکریه الملکییه دار التدریب )ـه‌وه بکرێت به مته‌سه‌ریفی سلێمانی، له مانگی نیسان دا کرا به مته‌سه‌ریفی سلێمانی، ( ژیان) ستایشی زۆری ئه‌م که‌ڵه پیاوه‌ی کرد، له 10ی مایس دا چووه سه‌رکاره‌که‌ی، له‌و کاتانه‌دا جم و جوڵ و ناڕه‌زای خه‌ڵک به‌رامبه‌ر به ئینگلیزه‌کان و عێراق به‌رپا بوو، تۆفیق وه‌هبی به‌گ هانی کورده‌کانی ده‌دا، بۆئه‌وه‌ی به‌رده‌وامبن له سه‌ر ناره‌زاییه‌کانیان دژ به ئینگلیز‌و عێراق.
ئه‌و سه‌رده‌مه بزوتنه‌وه‌یه‌کی ئه‌ده‌بی به‌رگری و رۆشنبیری و سیاسی کورد له سلێمانی، گه‌یشتبووه ئاستی رووبه رووبونه‌وه، حکومه‌تی عێراق و ئینگلیزه‌کان، زانیان ئه‌و که‌سه‌ی ئه‌وان دایان ناوه به مته‌سه‌ریفی سلێمانی، له گه‌ڵ نه‌خشه‌و به‌رنامه‌کانی ئه‌وان دا نییه، له گه‌ڵ هه‌ڵوێستی گه‌له‌که‌ی دایه، ته‌واوکه‌ری راو بۆچونی شه‌پۆلی شه‌قامه، دوای 4 مانگ، تۆفیق وه‌هبی به‌گ له ئه‌یلوولی 1930 له‌سه‌ر کاره‌که‌ی لابرا، گوێزرایه‌وه بۆ به‌غداد، به‌مه‌ش شه‌پۆلی ناڕه‌زای شه‌قام سه‌ری هه‌ڵدا.
هه‌ر ئه‌و کاته‌ش (ف . ت)، پیاوێکی خۆبه‌ره پێشه‌وه و ماستاوچی بوو، ده‌مێک بوو هه‌ڵپه‌ی بۆ کورسی ده‌سه‌ڵات ده‌کرد، ئینگلیزه‌کان ویستیان ئه‌و بکه‌ن به مته‌سه‌ریفی سلێمانی، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی ناڕه‌زای شه‌پۆلی شه‌قامی شار کپ بکه‌ن، (گاوهن) موفه‌تیشی ئیداره‌ی سلێمانی بوو، به مۆڵه‌تی 6 مانگ سه‌فه‌ری کردبوو ، (ئه‌لبان) وه‌کیلی (گاوهن) بوو، هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێکی ره‌های به‌ڕێوه‌بردنی سیاسی و ئیداری و سه‌ربازی شاری سلێمانی پێ سپێرابوو، ئه‌م گۆڕانکاری یه کتوپڕه، بوو به هۆی سه‌ر هه‌ڵدانی ئه‌و رووبه‌رووبونه‌وه گه‌وره‌یه‌ی راپەڕینی شه‌قامی شار.
له هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی ئه‌یلوولی 1930دا، نوری سه‌عید کرا به سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق، هه‌موو هه‌وڵ و تواناکانی بۆ پێشێل کردنی مافه‌کانی کورد بوو، به شێوه‌یه‌کی توند‌و تیژ، که‌وته به‌ربه‌ره‌کانی شه‌پۆلی ناره‌زایی شه‌قامی شار، له 5ی ئه‌یلوولی 1930 شه‌پۆلی شه‌قامی شاری سلێمانی له به‌رده‌رکی سه‌را کۆبونه‌وه، ده‌رگای قوتابخانه‌کان داخرا، بێکه‌سی شاعیر و مامۆستا. قوتابیه‌کانی قوتابخانه‌که‌ی به سروودی شاریان زیاتر هه‌ژاند، وره‌ی پۆڵاینی جه‌ماوه‌ره‌که‌یان باڵاتر کرد، بازاڕ و دوکانه کان کپ و بێده‌نگ بوون، ده‌نگی ناره‌زای خه‌لک به جۆرێک سه‌رای شاری هه‌ژاند، خۆی له پروپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی خۆیان دا ده‌بینیه‌وه. شه‌پۆل شه‌پۆل خه‌ڵک به‌رده‌وام بوو له خۆپیشا ندان و ناره‌زایی، چه‌ند دروشمێکیان به‌رز کرده‌وه:
ره‌وابێ مه‌تالیبی کورد
به‌رقه‌رار بێ عه‌داله‌تی عوسبه‌ت لئومه‌م
سه‌عات 9ی به‌یانی 1930، شه‌پۆلی خه‌ڵکی شار، له خۆپیشاندانێکی گه‌وره‌و فراون دا، به یه‌ک ده‌نگ، دوایان له ده‌سه‌ڵاتداران کرد، بواریان بده‌ن، خۆیان نوێنه‌ری راسستهقینهی خۆیان هه‌ڵبژێرن، به‌ڵام ئه‌وان به‌هیچ جۆرێک ئه‌و مافه‌یان پێ ره‌وا نه‌بینین، ئینگلیزه‌کان به پێ ی به‌رنامه‌و نه‌خشه‌و پلانه‌ی خۆیان، چه‌ند که‌سێکی به‌کرێگیراو هه‌لپه‌رست یان دانابوو، بۆ نوێنه‌ری شاری سلێمانی. هه‌ر ئه‌و رۆژه هه‌یئه‌تی ته‌فتیش بۆ سه‌په‌رشتیی هه‌ڵبژاردنی (منتخب سانهوییهکان )یان، (30) که‌سێکیان له‌سه‌رای سلێمانی کۆببونه‌وه بۆ هه‌ڵبژاردنی نائیبه‌کان.
سه‌رانی (هه‌یئه‌ی وطنیة) توندوتیژ نه‌بوون، له به‌ر ئه‌وه به‌شداریان له خۆپیشاندانه‌که‌دا نه‌کرد، فایه‌ق بێکه‌سی شاعیرله گه‌ڵ قوتابییه‌کانی زانستی دا، دوکانه کراوه‌کانیان داخست، رۆڵی سه‌ره‌کی و دیاری له هه‌ژانی شه‌پۆلی شه‌قامی راپه‌ڕین ی شاردا بینی، ده‌نگی سروودی گرامهفۆنی چایخانه‌کان تێکه‌ڵ به هوتاف و شیعاراتی شه‌پۆلی شه‌قام ده‌بوو، رێگای هاتو چۆی سه‌راو ده‌ره‌وه‌ی سه‌رایان گرت.
سه‌رچاوکان:
1-نه‌وشیروان مسته‌فا، کوردستانی عێراق: سه‌رده‌می قه‌ڵه‌م و موراجه‌عات له (1921- 1931)
2- محه‌مه‌د ره‌سول هاوار، شیخ مه‌حمودی قاره‌مان و ده‌وڵه‌ته‌که‌ی خواروی کوردستان ، ب 2.
3-جه‌مال بابان، سلێمانی شاره گه‌شاوه‌که‌م.
4-عه‌بدوڵڵا که‌ریم مه‌حمود، شه‌شی ره‌شی ئهیلوول و یه‌که‌مین جه‌ماوه‌ری شار، ژماره 2553ی کوردستانی نوێ .
5-عه‌بدوڵڵا که‌ریم مه‌حمود، راپه‌ڕینی سه‌رای سلێمانی، شه‌شی ئه‌لوولی سوور کرد، ژماره 1941.
- بابەتەکانی تری عەبدوڵا کەریم مەحمود
عەبدوڵا کەریم مەحمود: سەرۆک جاشەکان و کەسایەتییە دیارەکان!
-عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: ره‌شه‌بای ژه هروئەنفال، سێیه‌مین تاوانی جینۆسیده له جیهان – بەشی کۆتایی.
-عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: ره‌شه‌بای ژه‌هرو ئەنفال، سێ یه‌مین تاوانی جینۆسایده له جیهان – بەشی سێیەم
- All Posts