عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: ناهیده سۆفی، یه‌که‌م كچه‌کوردی خۆپیشاندان و زیندانه‌کان.
ناهیده محه‌مه‌د (محێدین ) ناسراو به (ناهیده سۆفی )، له کۆتایی چله‌کان دا، یه‌که‌م کچه کوردی تێکۆشه‌رو پێشه‌نگی دیاری شه‌پۆلی شه‌قامی شاری هه‌ڵویست و یاخی بوون، شاری خۆپیشاندان و شۆڕش و راپه‌ڕینی سلێمانی بوو.
له ساڵی 1932 له گه‌ڕه‌کی مه‌ڵکه‌ندی شاری سلێمانی، له خانه‌واده‌یه‌کی ره‌نجده‌ر له دایک بووه، له ساڵی 1946 به‌هۆی که‌ریم سۆفی برایه‌وه په‌یوه‌ندی به ریزه‌کانی حیزبی شیوعی عێراقه‌وه کردووه، یه‌که‌م کچه کورد بوو، له 1948 به‌شداری خۆپشاندانی دژ به رێکه‌وتنی نێوان به‌ریتانیاو و عێراق کردووه، به ناوی (پۆرتسمۆس) له لایه‌ن( ساڵح جه‌بر) ی سه‌ۆک وه‌زیران ی عێراقه‌وه مۆر کرا بوو. له مێژوودا به (وثبه الکانون ) ناسراوه. ئه‌و شه‌پۆلی ناڕه‌زای و خۆپێشاندانه سه‌راپا شه‌قامی شاره‌کانی عێراق و کوردستانی گرته‌وه.
كچان و ژنانی عێراق و کوردستان، له‌و خۆپیشاندانانه‌دا رووبه‌رووبونه‌وه‌ی مهترهلۆزو تفه‌نگی سوپای عێراق ی پاشایه‌تی بوونه‌وه، هه‌ڵوێستی باڵای ناهیده و گیان به‌خت کردنی کچان، له لایه‌ن پیره‌مێردی شاعیره‌وه، بوو به هه‌وێنی له دایک بونی، ئه‌م هۆنراوه‌ی:
تا ئێستا رووی نه‌داوه له ته‌ئریخی میلله‌ت دا
قهڵغا نی گوله سنگی کچان بێت له هه‌ڵمه‌ت دا
ناهیده سۆفی له‌و خۆپیشاندانه‌دا ده‌سگیر کرا و گوێزرایه‌وه بۆ زیندانی به‌غداد، ساڵێک له زیندان توندکرا، بوو به یه‌که‌م کچی زیندانی سیاسیی له کوردستان. له نێو ئه‌و خۆپیشاندانه‌دا چیرۆکی عه‌شق و ئه‌وینێکی پاک و خۆشه‌ویستیه‌کی بێ سنوور، له نێوان ناهیده سۆفی بیری مارکسی و سه‌عید گه‌وهه‌ری مارکسی ئه‌وسا سه‌ری هه‌ڵدا، له ساڵی 1951 ژیانی خێزانیان پێک هێنا.
له ساڵی 1981 ئه‌منی سلێمانی ( ناهیده سوفی و سه‌عید گه‌وهه‌ر و ژیان و به‌یان و په‌یمان)، له‌سه‌ر پێشمه‌رگایه‌تی (ئومێد‌و به‌رزان )ی کوڕیان ده‌سگیر کرد. به به ته‌سفیرات له زیندانی سلێمانییه‌وه بران بۆ زیندانی که‌رکوک و به‌غداد ، دواتر گوێزرانه‌وه بۆ گوندی (غربه) له قه‌زای الشنافه له سه‌رسنووری عێراق – سعودیه، دووساڵ له‌وێ له زیندان دا بوون.
رۆژێک لێپرسراوێکی ئه‌منی الشنافه روو ده‌کاته ناهیده سۆفی و پێ ی ده‌ڵێ:
– گه‌ر حاشا له کوڕەکانت بکه‌یت، ئێمه هه‌موتان ئازاد ده‌که‌ین، ئیستا ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ سلێمانی.
ناهیده سۆفی له‌وه‌ڵامی ئه‌و لێپرسراوه‌ی به‌عس دا وتی:
– من ئه‌و کاته حاشا له کوڕه‌کانم ده‌که‌م، که ته‌سلیم به ئێوه ببنه‌وه.
هه‌فته‌یه‌ک پێش ئه‌وه‌ی ناهیده سۆفی ماڵئاوایی له ژیان بکات، به‌ده‌م ئازاری نه‌خۆشییه‌وه له جێگادا که‌وتبوو، ده‌گریا، به‌ڵام یه‌ک فرمێسک له چاوه‌کانی نه‌ده‌هاته خواره‌وه، دکتۆر عه‌لی سه‌عید ئاماژه‌ی به‌وه‌کرد:
– ئه‌م گریا نه بێ فرمێسکه، خه‌مێکی قوڵه، ده‌بێته هۆی جه‌ڵده‌ی مێشک.
له 11/ 9/ 1994 ناهیده سۆفی، دوا هه‌ناسه‌ی سپارد، له ته‌نیشت سه‌عید گه‌وهه‌ری هاوسه‌ری له‌گردی سهیون به خاک سپێرا، له 19/ 2/ 2019 ئومێد ی کوڕیان به ناکامی سه‌ری نایه‌وه‌و له نێوانیان دا نێژرا ، هه‌رسێکیان ده‌ستیان کردوه‌ته ملی یه‌کتری و باوه‌شیان به سه‌یوان دا کردووه.
سه‌رچاوه : چه‌ند زانیاریه‌کم له‌کاک به‌رزان سه‌عید گه‌وهه‌ر وه‌رمگرتووه.
* محێ دین ی باپیری ناهیده، له به‌رده‌رکی سه‌را دوکانی ترشیات و حه‌لوای هه‌بوو، هه‌ر سۆفی محه‌مه‌د و ئه‌حه ته‌ته‌ی هه‌بوو،که محێدین مرد، ئه‌حه ته‌ته چووه سه‌ر دوکانه‌که‌ی، سۆفی محه‌مه‌د له به‌له‌دیه‌ی سلێمانی جابی بوو، دوو کوڕ‌و دوو کچی هه‌بوو به‌ناوی (که‌ریم، مه جید، ناهیده، ناجی )، ئه‌م خانه‌واده‌یه هه‌ر هه‌موویان شیوعی بوون. غه‌فووری میرزا که‌ریم، کێو ماڵێ به ناو بیره‌وه‌ری یهکانمدا، له شه‌هیده گوم ناوه‌کانی بیری مارکسیه‌ت، هاوڕێ ی شه‌هید که‌ریم سۆفی، چاپخانه‌ی هه‌میشه، ل129.
*که‌ریم سۆفی له خانه‌واده‌یه‌کی ره‌نجده‌ر بوو، له‌و سه‌رده‌مه‌دا خوێندن له قوتابخانه دا ، ده‌گمه‌ن بوو، به‌زه‌حمه‌ت له قۆناغی خوێندنی ناوه‌ندی وه‌رگیرا، شوعییه‌کی زیره‌ک و به توانا‌و لیهاتووبوو، به به‌رده‌وامی سه‌رقاڵی خوێندنه‌وه بوو، به‌یانه‌کانی حیزبی بڵاوده‌کردوه، حسین به‌کر قوتابی و هاوڕێی نزیکی که‌ریم سۆفی بوو، له ساڵی 1946 حیزبی شیوعی به بێ مۆڵه‌ت، کتێبخانه‌ی( بیری نوێ) یان، له شه‌قامی مه‌وله‌وی به ته‌نیشت محه‌لی تۆفیق قه‌زاز کرده‌وه، زۆر جار (که‌ریم سۆفی و به‌هجه‌ت محه‌مه‌د، ئه‌حمه‌د شیخ حه‌سه‌ن، سه‌ید ته‌ها جه‌لال، ره‌شیدی میرزا ئه‌حمه‌د ی خه‌فاف ) له‌و کتێبخانه‌یه‌دا بۆ خوێندنه‌وه داده‌نیشتن، یا کتێبی یان ده‌خواست بۆ خوێندنه‌وه‌و دواتر ده‌یان گه‌ڕانه‌وه، به پێی توانایان شتێکیان ده‌خسته ناو سندوقه‌که‌وه بۆ کرێ ی کتێبخانه‌که.
که‌ریم سۆفی له ماڵی ئه‌وره‌حمان ساڵحی خله گیرا و به‌زیندانی بردیان بۆ به‌غداد، له زیندان زۆر نه‌خۆش بوو، له‌وێ شه‌هیدیان کرد، مه‌حمود زێوه‌ری زاوای که‌ریمی سۆفی ئاماژه‌ی به‌وه‌کردوه، که تحقیقاتی جنائی به‌غداد جله‌کان و سه‌عاته‌که‌یان بۆ ناردینه‌وه، نازانین چۆن شه‌هید بووه، ته‌رمه‌که‌یمان وه‌رنه‌گرتوه‌ته‌وه، غه‌فووری میزا که‌ریم، کێوماڵێ به ناو بیره‌وه‌ری یه‌کانم دا، له شه‌هیده گوم ناوه‌کانی بیری مارکسیه‌ت، هاوڕێ ی شه‌هید که‌ریم سۆفی، چاپخانه‌ی هه‌میشه، ل119- 128.
ب- پایزی 1948که‌ریم سۆفی رێکخه‌ری به‌هادین نوری بوو، مرۆڤێکی زۆر نهرمون نیان و خاوه‌ن ههستكی به‌رزی تێکۆشان بوو، له‌سه‌ره‌تای 1949 که‌ریم سۆفی به به‌هادین نوری راگه‌یاند:
– سه‌رکردایه‌تی حیزب بڕیاری خۆپیشاندانی داوه به بۆنه‌ی یه‌که‌مین ساڵڕۆژی راپه‌ڕینی کانوونه‌وه، بۆتازهکردنهوی راپه‌ڕینه‌که، سه‌رکردایه‌تی ئه‌رکی خۆپیشاندنه‌که‌ی له سلێمانی به تۆ سپاردوه.
(نامه‌یه‌کی سه‌رکردایه‌تی حیزبی نیشانی به‌هادین نوری دا، رێنوییهکانیی له باره‌ی خۆپشاندنهکه تیا بوو )
به‌هادین نوری ئه‌رکی خۆپشاندنهکهی گرته ئه‌ستۆ، دوای ماوه‌یه‌ک که‌ریم سۆفی له ماڵه‌وه بوو، ده‌رنه‌ده‌که‌وت، به‌هادین نوری رووی کرده ماڵیان هه‌واڵی که‌ریم سۆفی لێ پرسین، خوشکه‌که‌ی به به‌هادین نوری وت:
– ئێواره‌یه‌ک مه‌فره‌زه‌یه‌کی ئاسایش، که‌ریم سۆفی یان ده‌سگیر کرد.
دوای ساڵێک که‌ریم سۆفی به‌رپرسی حیزب، ئازاد کرا، جارێکی تر ده‌ستی به کاروچالاکی کرده‌وه، به‌شێکی زۆری شیوعییه‌کانی شاری به‌ره‌و لای خۆی راکێشا، دوای ماوه‌یه‌کی که‌م، بۆ دووه‌م جار که‌ریم سۆفی ده‌سگیر کرایه‌وه، له‌و سه‌رده‌مه‌دا که‌ریم سۆفی توشی نه‌خۆشی سیل بوو، پێویستی به سه‌رپه‌رشتی و چاره‌سه‌ری به‌رده‌وام هه‌بوو، له زیندان و له یه‌کێک له نه‌خۆشخانه‌کانی زیندان، کۆچی دوایی کرد. به‌هادین نوری ،بیره‌وه‌رییه‌کانی به‌هادین نوری، ساڵی 2018، چاپخانه‌ی تاران ، چاپی 2018،ل67-68-ل100.
پۆرتسمۆس: یه‌کێکه له به‌نده‌ره‌کانی خوارووی به‌ریتانیا، دوای کۆتایی هاتنی دانوسانه‌کانی شاندی به‌ریتانی میوانداری شاندی عێراقی له‌م به‌ندره کرد، بۆ مۆرکردنی په‌یمانه‌که، بۆیه به په‌یمان نامه‌ی پۆرتسمۆس ناسراوه، مه‌هدی محه‌مه‌د قادر، پێشهاته سیاسییه‌کانی کوردستانی عێراق 1945-1958، سه‌نته‌ری لێکۆڵینه‌وه‌ی ستراتیجی کوردستان، سلێمانی، 2005، ل264.
* ساڵح جه‌بر: ناوی محه‌مه‌د کوڕی ساڵح جه‌بری کوڕی عه‌لی یه، له ساڵی 1895له شاری ناسریه له‌دایک بووه، له 1921 قوتابخانه‌ی مافی ته‌واو کردوه، له‌سه‌رده‌می پاشایه‌تیدا چه‌ند پۆستێکی کارگێڕی وه‌رگرتووه، چه‌ند جارێک کراوه به‌سه‌رۆک وه‌زیران، سه‌رۆکی پارتی ئومه‌ی سۆشیالیستی بووه، له ساڵی 1957 کۆچی دوایی کردوه. توانا ره‌شید که‌ریم، سڵمانی له نێوان ساڵانی 1945-1958لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک له بارودۆخی سیاسی ورۆشنبیری، چاپخانه‌ی رۆژهه‌ڵات – هه‌ولێر ،چ 1. 2012، ل108.