سەردەشت محەمەد: بڕیاری ڕیفراندۆم لەنێوان عاتیفە و عەقڵدا.
ئەتوانین بەبێ هیچ دودڵییەک بڵین یەکێک لەو هەڵە گەورانەی کەبەدرێژای چەندین سەدەیە کورد وەک نەتەوە باجی دەدات و هەمیشە دووبارەی دەکاتەوە و ناتوانێت لەو کۆتە ڕزگاری بێت ئەوەیە، بۆ بڕیاردان لە کێشە چارەنووس سازەکانی ئەوەندەی پشت بەسۆز و عاتیفە دەبەستێت و ئەوەندەی سۆز و عاتیفە ڕۆڵیان هەیە لەئاراستەکردنیدا، نیوهێندە پشت بەبیرکردنەوە و واقعی ئەو سەردەمەی تێیدا دەژێت نابەستێت. هەربۆیە ئەم میتۆدە هەڵەیە بۆ ژیانکردن و درێژەدان بەمانەوەی دوچاری گرفت و دەردەسەری گەورەی کردووە. نمونە، مێژووییەکان زۆرن دەتوانین چەندان نموونە لە مێژووی دورونزیکماندا بێنیەنەوە تاگومان لەڕاستی و دروستی ئەوڕایەماندا نەمێنێت. دواهەمین نموونەیەک کەئێمە دەمانەوێت لەبارەیەوە قسەبکەین و کوردی بۆ چەندین دەیە گەڕاندەوە دواوە، پرسێکی گەورە و گرنگ و چارەنووسسازی وەک ڕیفراندۆم بوو. ڕیفراندۆم پرسێکی نیشتیمانی بوو پێویستی بەدیراسەکردنێکی وورد و قوڵی پێشوەختە هەبوو، پێویستی دەکرد بۆماوەیەکی دورو درێژ ئەم پرسە گرنگە لەلایەن کەسانی شارەزا و دڵسۆز و کەسانی واقعبینەوە قسەی جدی لەسەربکرایە، دواجار لەدەرفەتێکی گونجاودا بڕیاری کۆتایی لەباروە بدرایە، نەک وەک پرۆژەیەکی کاڵ و کرچ و لەساتەوەختێکی نەگونجاوی لەوشێوەیەدا کە هیچ ئامادەکرییەکی پێشوەختە بۆ دەرئەنجامەکانی نەکرابوو کە بوو بەهۆی سەرهەڵدانی نەهامەتییەکی هێندە گەورە بۆ گەلی کورد کەڕەنگە لە داهاتووشدا، ئەگەر دەرفەتێکی لەباریش بێتەپێشەوە ئەوا زۆرینەی کۆمەڵگا نەتوانن بەشداری تێدابکەن و بە گومانەوە لێی بڕوانن.
ڕیفراندۆم وەک مافی نەتەوەیەک سنوردارکرابوو بۆ چەند حیزبێک و دەتوانین بڵێین بۆ چەند کەسێکی ناو چەند هێزێکی دیاریکراو هەربۆیە تائێستاش کورد لەباشوور باجی بڕیارێکی هەڵەی لەوجۆرەدەدات و کوردستان لەڕابردوودا کەخاوەن قەوارەیەکی بەهێز بوو لەعێراقدا بەرەو لاوازی دەچێت و پاش ڕیفراندۆم گومانی پلانێکی گەورەو پڕمەترسی لەدژی گەلی کورد هەست پێدەکرێت و وەها گوماندەکەین لەئایندەدا مەترسییەکان بۆسەر سەربەخۆی کوردستان گەورەتربن، کورد بۆ دەربازبوون لەهەڵەی ڕیفراندۆم و مانەوەی بە بەهێزی لەداهاتوودا پێویست دەکات سیاسەت لەسەربنەمای عەقڵ و ژیری درێژەپێبدات نەک سۆز و عاتیفە پاڵنەربێت بۆ بڕیاردانی، دەتوانین بڵێین ژیری ئەوەبوو کە بەر لەوەی بڕیار لەبارەی ڕیفراندۆمەوە بدەین دەبو هەوڵی یەکخستنی ناوماڵی کورد بدرایەو کورد خاوەن یەک گوتاری سیاسی بوایە، دەبوو سیاسەتمەدارانی کورد و ئەوانەی ڕابەرایەتی پرۆژەیەکی گرنگی وەک ڕیفراندۆمیان دەکرد خوێدنەوەیەکی پێشوەختەیان بۆ جوگرافیای هەرێمی کوردستان بکردایە، نەک هەرئەوەندە ، بەڵکو دەبوو پێش بڕیاردان لە بارەی ڕیفراندۆمەوە هەڵسەنگاندێکی پێشوەختە بۆ لایەنی ئابوری سیاسی کوردستان بکرایە
- بابەتەکانی تری سەردەشت محەمەد
سەردەشت محەمەد: بەهاری ڕۆژئاوا و زستانی قەندیل.
-سەردەشت محەمەد: بارین گیان، ئێمەش گریاین.
-سەردەشت محەمەد: چاوەڕێی بەرهەمی هەڵبژاردنین.!
- All Posts