لوقمان مصطفی صالح: مەترسی لە ئەتککردنی ھەڵبژاردن لە عێراقی فەوزادا.
هەرچەندە دەستەواژەی دیموکراسی لەڕێی هەڵبژاردنەوە بۆ وێناکردنی شێوازێکی حوکمکردن بەکاردێت،کە تیایاندا بڕیارەکان بە پێی رێنماییەکانی زۆرینەی ھاوڵاتیان بەھۆی پرۆسەیەکی ھەڵبژاردنی پاک و بێگەرد وەردەگیرێن. بەڵێ ئەم دەستەواژەیە دەکرێ بۆ کۆمەڵێک سیستەمی حوکمکردن بەکاربێ.
هەرچەندە دێمۆکراسی بەبێ هەڵبژاردن هیچ مانایەک نادات. هۆکارەکەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە حکوومەتێکی دێمۆکراتیک دەبێ بنەماکەی لە سەر ویست و دەنگی هاووڵاتیانەوە بنیاتبنرێت. هەروەها هەر بە ڕێگەی هەڵبژاردنەوەیە کە دەسەڵات لە کەشوهەوایەکی ئاشتییانە و هێمنانەدا دەستاودەست دەکرێت. لەبەر ئەوە هەڵبژاردن بەشێکە لە دێمۆکراسی و لێی جیا ناکرێتەوە.
کەواتە لێرەدا هۆشیاری تاکەکان گرنگیەکی حاشا هەڵنەگرە لە پێناو بەلاڕێدا نەبردنی قۆناغە سەرەتایەکان و دابینکردنی زەمینەی ڕەخساو بۆ پیادەکردنی بنەماکانی دیموکراسی لە عێراق و کوردستاندا. کە ئەمەش بە پلەی یەکەم دەسەڵاتی سیاسی لێی بەرپرسیارە. لە گرنگترین دەرئەنجامەكانی پرۆسەی سیاسی لە كۆمەڵگەی عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لەکاتی رووخانی دیكتاتۆریەت لەعێراق. مەبەست لێی واتە ڕوخاننی دەسەڵاتی دیکتاتۆری و دروستكردنی سیستەمێکی دیموكراسی بوو،کەچی بە پێچەوانەی خواستەکانی ئێمەوە بوو، دیموكراسیەت لە كۆمەڵگەی عێراق بە گشتی وەكو ماکینەیەکی گەورەی بەرهەمهێنانی مافیا و گەندەڵی لێهات، هەر بۆیە لە عێراقی فرەمەزھەب و بەناو دیموكراسیەتەکەیان هەر زوو لەکەدارکرد.! لە ئێستادا ھەر وەک شتێکی ڕۆتین ماوەو تەنها وەک درووشم لەلایەن دەسەڵات و حیزبەکانەوە لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا بەکاردەهێنرێت .
دیموکراسی لە كۆمەڵگەی عێراقیدا ئەوەندە فۆرمێكی قێزەوەنی نا مرۆڤانەی لە خۆ گرت كە سنوری هەموو ئەو پێناسانەی شكاند كە بۆ چەمكی دیموكراسیەت دانرابوون، تا ئاستی ئەوەی وا لە كارەكتەری كۆمەڵایەتی کرد ئەنتی ئەم فۆرمە لە دیموكراسیەت بێت، هۆكاری ئەم دۆخە لەوەدا خۆی دەبینیەوە ئەگەر لە رۆژئاوا دیموكراسیەت وەكو سیستەمێكی خزمەتگوزاری و پارێزگاریكردن لەسەروەری یاساو مافەکانی مرۆڤ توانیبێتی جێگای خۆی بكاتەوە،بەڵام ئەوا لە كۆمەڵگەی عێراقیدا فۆرمێكی تری بە خۆیەوە بینی، دیموكراسیەت ئەوەندە بچوككرایەوە لە شەرە گووتاری نبَوان سیاسیەكان و دروستكردنی كۆمەلێك هێزی چەكداری ملیشیا و پێشاندانی هێزو خیتاب و هەیمەنەكردنی گرووپێك بەسەر ئەوەی تر و استفزازكردن و ترساندنی هاوڵاتیان بە خیتابەكانیان و تێكدان و وێرانكردن بترازێت هیچ مانایەكی بۆ مەدەنیەت و هاوڵاتی بوون و پارێزگاریكردن و خزمەتگوزاری مرۆف نەھێشتۆتەوە.
گومانی تێدانیە دەستاودەست کردنی دەسەڵات لەڕێی سندوقەکانی دەنگدانەوە، خاڵێکی سەرەکی بنەمای دیموکراسیەتە، بۆهەر وڵاتێک کە پروپاگەندەی دیموکاسی بکات .
ئەگەرچی هەڵبژاردن وەک بنەمایەکی دیموکراسی و چارەسەری کێشەی دەسەڵات (دەستاودەست کردنی ئاشتیانەی دەسەڵات) بایەخێکی ژیانی هەیە بۆ سیستەمی سیاسی، بەڵام لە وڵاتانی نادیموکراتدا، یاخود ئەو ووڵاتانەی تەنها بۆ خۆنمایش کردن و خۆدەرخستن خۆڵکردنە چاوی هاووڵاتیەکانی وەک ئێستای لە عێراقی بەناو فیدراڵیدا دەگوزەرێت، کەلەهەموو هەڵبژاردنەکانی پێشودا بینیمان کە هەڵبژاردن لە عێراقی مەزھەبچیەکاندا فێڵێکی سیاسیە و تەنھا بۆخۆ دەرخستن خۆنمایشکردنەو هیچی تر. چونکە دواجار لەدەرەوەی ئیرادەی جەماوەر، هێزە سیاسیەکان بە تایبەت خاوەن میلیشیاکان لەنێوخۆیاندا وبەبێ گەرانەوە بۆ ڕای گەل کە (پەرلەمان)ە کە بە ناو تەنها دەزگایەکی شەرعیە، گفتوگۆ و مشتومڕ دەکەن، رەنگە ئەگەر هەڵبژاردنیش ئەنجام نەدریێت زۆر ئاسانتر لە نێوخۆیاندا کێکی دەسەڵات دابەش بکەن.
هەروەک زانراوە پەیرەوکردنی دیموکراسیەت مانای هەنگاونانە بەرەو کۆمەڵگای شارستانی، بە پێچەوانەکەیەوە ( دژە دیموکراسیەت )هەنگاونانە بەرەو رژێمی دیکتاتۆری حوکمی تاکەکەسییەکان یان ( تۆتالیزم )ە یاخوود ( ئوتوکراس )ی لەم حاڵەتەدا دەسەڵاتی دەوڵەت کە ( تاکە کەس و گروپ دەستی بەسەردا دەگرێت) دەسەڵاتێکی لە سنوور بە دەرە، وەک پێشتر بینیمان بیر و بۆچوونی بەرامبەر رێزی لێناگیرێت و ئازادییەکان سەرکوت دەکرێن و مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکرێن. مەخابن لەلای هەندێ لایەنی سیاسی و میلیشیاکانی عێراق باشترین رێگا بۆوەرگرتنی دەسەڵات،بانگەشەی دیموکراسیەتە ، بەڵام بە شێوە نەرێنیەکەی،پاشان خۆدزینەوە لە ئەرک ومافی خاڵەکانی جێبەجێ کردنی بنەماکانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ.
جابۆ ئەوەی دووبارە هەڵبژاردن نەبێتە گاڵتەجاڕی و دیموکراسی جارێکیتر ئەتک نەکرێتەوە ئەوە زۆربە گرنگ دەزانرێت کە لەم هەڵبژاردنانەی کە بڕیارە لە چەند رۆژی دادێ بکرێت، دەبێت لیست و قەوارە سیاسیەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان ،ئەوانەی خاوەن ھەڵوێستی نیشتیمانی و نەتەویین و خەمی خەڵک لە پێشینەی کارەکانیانە کە بەدەنگی ئێمە دەچنە پەڕلەمان ، ئەوە ئەرکی سەرەکیان بێت کە ھەڵبژاردەکانیان (نوێنەرەکانیان )پابەند بکرێن بەبەڵێنەکانیانەوە هەرلە بەسەروەری کردنی یاساو چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی وکارکردن بۆ گێڕانەوەی ناوچە دابراوەکانیتری کوردستان و بەشە بودجە و شایستە داراییەکانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان، گەرانەوەی شکۆی شکاوی تاکی مرۆڤی عێراقی و کوردستانی و چاودێرێکی ئەکتیڤی دەسەڵاتبن و ڕێگربن لە بەفیڕۆدانی سامانی گشتی و پاراستنی سەروەری ووڵات بە تایبەت دەست درێژیەکانی تورکیا و ئێران بۆ سەر ھەرێمی کوردستان، خاڵی سەرەکی کا رنامەکانیانبێت.
- بابەتەکانی تری لوقمان مستەفا سالح
لوقمان مستەفا: هەڵبژاردن تەنھا ڕێگایە بۆ گۆڕانکاری.
-لوقمان مستەفا: لە پشتی یاساوە لە کەرکوک چی دەگوزەرێ!
-لوقمان مستەفا: داگیرکاریەک بە بەر چاوی جیھانەوە.
- All Posts