بورهان شێخ رەئوف: سەردانەکەى کازمى بۆ ئێران.
ڕۆژى 12- 09- 2021 مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق بە سەرۆکایەتى شاندێکى گەورە لەسەر بانگهێشتى ئیبراهیم رەیسى سەرۆک کۆمارى ئێران گەیشتنە تاران ، کازمى جگە لە سەرۆک کۆمار، عەلى شەمخانى سەرۆکى ئەنجومەنى باڵاى ئاسایشى نیشتمانى، چەند بەرپرسێکى باڵاى ترى ئەو وڵاتەى دى، سەردانەکەش یەک ڕۆژى خایاند.
شایانى وتنە ئەمە دووەم سەردانى کازمیە بۆ تاران لەم ساڵى 2021 ەدا کە لە مانگى تەموزی پێشوودا سەردانى یەکەمى ئەنجام دابوو، ئەم سەردانەى کازمى لە کاتێکدا دێت کە لە 10ى تشرینى یەکەمى داهاتوو هەڵبژاردنى پێشووەختە لە عێراق بەڕێوە دەچێت.
ئامانجى کازمى لەم سەردانە لەم کاتە هەستیارەدا کە شەقامى سیاسى و دۆخى عێراق دابەشبووە بە سەر دوو بەرەى دژ بەیەکدا، ئەو لایەن و هێزانەى هاوپەیمانى ئێرانن و ئەوانەى ڕکابەرى ئێرانن، لە چەند خاڵێکدا کۆدەکەینەوە:
1. هەوڵدان بۆ بەستنەوەى هێڵى شەمەندەفەرى ئێران بە عێراقەوە، ئێران لە هەوڵى ئەوەدایە پارێزگارى لە بەرژەوەندییە بازرگانى و ئابوورییەکانى خۆى لە عێراق بکات، لە کاتێکدا هەوڵى زۆر هەیە و هەنگاوی باشیش نراوە بۆ کرانەوەى عێراق بە ڕووى دراوسێ عەرەبیەکانى خۆى، بە تایبەتى لەگەڵ سعودیەو کڕینى کارەبا لە وڵاتانى کەنداو هاوکارى زیاتر لە گەڵ میسرو ئوردن.
ئەو هەنگاوانە نیگەرانى زۆرى بۆ ئێران دروستکردووە، بۆیە عێراق قایل بوو هێڵى شەمەندەفەرى شەلەمچەى ئێران و بەسرەى عێراق بە یەکەوە ببەستێتەوە بە درێژایى 32 کم.
لەلایەکى ترەوە ئێرانیەکان دەخوازن بە چینیەکان بڵێن بەم هەنگاوە بەشێک لە پڕۆژەى ئیستراتیجى چین ڕێگاو پشتێن جێبەجێ دەکەن، بەڵام چینیەکان بۆ ناردنى کاڵا بۆ ئەوروپا زیاتر سوود لە وڵاتانى ئاسیاى ناوەڕاست لە کازاخستانەوە بۆ تورکیاو لەوێوە بۆ ئەوروپا وەردەگرن، بۆیە پێدەچێت ئەم پڕۆژەى هێڵى ئاسنە تەنها بۆ گواستنەوەى نەفەر بێت لە نێوان دوو وڵاتدا.
2. مسۆگەرکردنى پشتیوانى ئێران بۆ وەرگرتنەوەى پۆستى سەرۆک وەزیران بۆ خوولى داهاتوو، چونکە ڕۆڵى ئێران کاریگەرو یەکلاکەرەوە دەبێت، هەرچەند کازمى بەشدارى هەڵبژاردن ناکات و لیستى نیە، بەڵام ناکۆکى و ململانێکانى نێوان لایەنە شیعیەکان بە تایبەتى پێدەچێت کازمى ببێتە کاندیدى سازان لە نێوانیاندا لە سەرى ڕێبکەون، بەڵام کێشەى گەورەى کازمى ئەوەیە بەوەناسراوە کە لە ڕەوتى سەدرەوە نزیکە، پێشتر هەوڵى داوە ڕۆڵى میلیشیاکانى نزیک لە ئێران کەم بکاتەوە، کە ئەمەش ڕق و بێزارى ئەو لایەنانەى بۆ کازمى لێکەوتۆتەوە، بەڵام لە بەر هەندێک هۆکارى ترى تایبەت بە ناوخۆى عێراقەوە، ئێرانیەکان کازمیان پێ باشە بۆ قۆناغى داهاتوو.
3. لە ماوەى ڕۆژانى ڕابردوو سنوورەکانى هەرێمى کوردستان کەوتە بەر تۆپبارانى ئێران، کازمى لە هەوڵى ئەوەدایە فشارەکانى ئێران لە سەر هەرێمى کوردستان کەمبکاتەوە، بە تایبەتى کازمى خاوەنى پەیوەندى باشە لە گەڵ لایەنە سەرەکیەکانى کوردستاندا، چونکە ڕۆڵى ئەوانیش گرنگە بۆ کازمى بۆ ئەوەى ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران.
4. دەرکەوتنى بەغداد وەکو ناوبژیوانێکى ئیقلیمى، یەکێک لە فاکتەرە سەرەکیەکانى سەردانەکەى کازمى بۆ تاران، پیشاندانى عێراق وەکو ناوبژیوانێکى ئیقلیمى لە نێوان عەرەبستانى سعودیەو ئێران، کە پێشتر سێ گەڕى دانوستان لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا لە بەغداد بەڕێووەچوو، کە بەنیازن گەڕى چوارەمیش ئەنجام بدەن کە بە هۆى هەڵبژاردنەکانى ئێران و وەرزى حەجەوە لە سعودیە دواخران کە بڕیارە لە زووترین کاتدا کۆببنەوە.
عێراق دەخوازێت ئەم گەڕە دانوستانەکان هەنگاوى گەورە ببڕێت بۆ پێشەوەو ئاستى نوێنەرایەتى شاندەکانیشیان بەرز بکەنەوە، هەرچەندە گەڕەکانى پێشوو پێشووەچوونى واى بە خۆیەوە نەدی بوو، کە ئەمەش سەرکەوتنێکى گەورەیە بۆ کازمى بە تایبەتى لە ڕووى ناوخۆییەوە کە عێراقیەکان خۆشحاڵن بە نزیک بوونەوە لە وڵاتانى عەرەبی.
5. چارەسەرکردنى کێشەى هاوردەکردنى وزە لە ئێرانەوە: کازمى لە هەوڵى ئەوەدایە قەیرانى هاوردەکردنى وزەى کارەبا و غازى شل بۆ کارپێکردنى وێستگەکانى کارەبا لە ئێرانەوە مسۆگەر بکات، چونکە لە ماوەى ڕابردودا ئێران هەناردەکردنى وزەى بۆ عێراق زۆر کەمکردبووە بە پاساوى پێداویستى ناوخۆیى خۆى، بەڵام لە ڕاستیدا بە هۆى نەدانەوەى قەرزەکان بوو لە لایەن عێراقەوە کە (5) ملیار دۆلار زیاترە.
لە کۆتاییدا کازمى لە هەوڵى ئەوەدایە خۆى وەکو کەسایەتیەکى جێمتمانەى ئیقلیمى پیشان بدات، بە تایبەتى دواى کۆنگرەى بەغدا، بۆ بەدەستهێنانى چەند دەستکەوتێکى ناوخۆیى و ئیقلیمى، بەتایبەتى لە ڕووى ناوخۆییەوە وەکو کەسایەتیەکى سیاسى سەربەخۆ خۆى نمایش بکات کە پاشکۆى هیچ وڵاتێک نیە، لە ڕوو ئیقلیمیشەوە عێراق دوور بخاتەوە لە هەر جەمسەربەندییەک و نەبێتە بەشێک لە کێشەو ململانێکانى ناوچەکە.،بەڵام مەرجیش نیە ئێران داخوازییەکانى کازمى جێبەجێ بکات، ئەوەى گرنگە بەلایەوە بەرژەوەندییەکانى خۆیەتى.