حەسەن ڕازانی: ئەو ژنەی کە سەر بە ڕەوتێکی ئیسلامییەو کاندیدە بۆ پەڕلەمەنی بەغداو لەسەر لێدوانێکی کەوتە بەر هێرش و تەشهیر هیچی خەراپ ناڵێت!
دیسان هەراو زەنای سەر سۆشیال میدیا، دیسان گواستنەوەی قسەو نوسینی ئەملاو ئەولا بە ناڕاستی، دیسان ناوزڕاندن و تەشهیر، دیسان بڵاوکردنەوەی ئیڕهابی فکری و بڕینی دەنگ و قوڕگی ئازادیی.
ئازیزان و خۆشەویستان، لێگەڕێن با خەڵک بتوانێت بە ئازادی قسە بکات و بە ئازادی تەعبیر لەوە بدات کە دەیەوێت و کە ئایین و ڕێبازەکەی لێی دەخوازێت.
یەکەم : پیاوسالاریی کۆمەڵگاکەمان بە گشتی وای خەڵک ڕاهێناوە تەنانەت ڕۆژنامەنووسەکانیش هەر لەو چوارچێوەیەدا پرسیارەکانیان ئاراستە دەکەن. لێرەدا خاتوو مرواری کاندیدەو دەڕوا بۆ بەغداو لە هاوسەرەکەی دووردەکەوێتەوەو وەک جاران ناتوانێت ئاگای هەم لە مێردو هەم لە ماڵ بێت. پرسیاری ڕۆژنامەنووس ئەوەیە کە چۆن قەرەبووی ماڵ و مێردی دەکاتەوە.؟ دەکرێت ئەو پرسیارە لە پیاوێکیش بکرێت کە کاندیدەو دەڕوا بۆ بەغداو لە ماڵ و هاوسەرو منداڵانی دوور دەکەوێتەوە. خاتوو مرواری وەک کەسێکی لە خواترس و مولەتزیم بە ڕێساکانی ئایینی ئیسلامی و خۆشەویستی زۆری بۆ هاوسەرەکەی دەڵێت:” ئەو کاتە من لە خزمەتی هاوسەرەکەم دام و ئەو چۆن قەناعەت دەکا من وا دەکەم و ئەگەر پێی باش بێت من خۆم ژنێکی تری بۆ داوادەکەم. کەواتە:
A- ئەو هێندە مێردەکەی خۆش دەوێت و هێندەش پابەندە بە یاساو دەستووری خوداوە ئامادەیە، ئەگەر مێردەکەی پێی باش بێت، ژنێکی تری بۆ داوا بکات. ئەو ناڵێت وا من لێرەم و لە پاڵیام و هەر لێرەش دەبم و با مێردەکەشم ژنی دووەم بێنێ.. ئەو دەڵێ ژنی دووەم کەس پێی خۆش نیە. کەواتە خاتوو مرواری تەڕویج بۆ ژنهێنانی دووەم ناکات!
B- ئەگەر ئەو ڕۆژنامەنوسە هەمان پرسیارکە لە خاتوو مرواری دەکات بچێت لە پیاوێکی خاوەن ژن و ماڵ بکات بڵێت: ئەوە تۆ دەڕۆی بۆ کاری دیبلۆماسی و سیاسەت لە ڕۆژئاوا دەمێنیتەوە بۆ چەند ساڵێک. ئایا ئەو ماوەیە چۆن قەرەبووی هاوسەرو منداڵەکانت دەکەیتەوە.؟
خاتوو مرواری وەک ژنێکی ئیماندار، کە باوەری بە فرەژنی لە چوارچێوەی دەستووری ئیسلامیدا هەیە، وەڵامەکەی ئاشکرایەو هەر ئەو وەڵامەش دەبێ درووست بێت بۆ ئەو ژنانەی کە لە وێنەی خاتوو مروارین. بەڵام ئایا وەڵامی ئەو پیاوە چیە و چۆ دەبێت؟ بۆی هەیە وەڵامی پیاوەکە جۆرێک بێت و هی پیاوێکی تر جۆرێکی تر بێD- وەک چۆن هی دادە مرواری جیاوزە لە هی ژنێکی تر. بەڵام ئەو وەڵامەی کە بۆی هەیە چاوەڕێ بکرێت لە پیاوەکە ئەوەیە کە: من ناهێڵم لە هیچیان کەم بێت، کە دیارە مەبەستی تەنها لایەنە ماددیەکەیەتی، و بە بەردەوامی پارەیان بۆ دەنێرمەوە و ئیتیساڵیان پێوە دەکەم… ئەم وەڵامە دوورە لە لایەنە ڕووحیەکەی کە خاتو مرواری جەریئانە بە ئاشکرا دەیڵێت.
کەواتە ئەوەی کە خاتوو مرواری دەیڵێت خەراپیەکەی لە دیدی سەنگەرەکەی ئەولاوە، تەنها ئەوەیە کە لە دیدو بۆچوونێکی ئیسلامیانەوە سەرچاوەی گرتووە نەک لە دیدێکی نائیسلامیانەوە. ئەوەش بە بڕوای من ناکاتە خەراپی ڕاوبۆچوون. باوەڕو دیدو بۆچوونیش جا ئیسلامییانە بێت یان نا ئیسلامییانە، عیلمانیانە بێت یان ناعیلمانیانە، گرنگ نیە، چونکە هەمووی هەرباوەڕو دیدو بۆچوونە. وە ئەمە دەبێ بخرێت ناو چوارچێوەی جیاوازی بیڕاو بۆچوون. جا ئینجا پێی دەگوترێت کۆمەڵگای فرە دیدو فرە بۆچوون و فرە ڕەنگ و فرە ڕەئی و فرە چەندین شتی تر. بۆیە بە بڕوای من تەجرووبەو مێژووی بەشەری سەلماندوویەتی کە قەت کۆمەڵگا وەک کارخانەی مریشکە مەسڵەحە دەرناچێت تاکو هەموو جووجەڵەکان وەک یەک بن. ئەو ئایدۆلۆجییەی کە بیەوەێت کۆمەڵگا لەقاڵب بدات و وای لێبکات بیکاتە ڕۆبۆتێک کە وەک یەک بجوڵێت و وەک یەک بیربکاتەوەو وەک یەک قسە بکات و یەک خواردنی وەک یەک بخوات ئەو ئایدۆلۆجییە قەت بەو خەونەی ناگات.
کۆمەڵگای بەشەری کۆمەڵگایەکە سرووشتەکەی پێچەوانەی ئەو جۆرە ئایدۆلۆجیانەیەو قەت لەگەڵیان نایەوەتەوە. هیچ سیستەمێکیش نە توانیویەتی سەرتاسەری خۆی بسەپێنێت و نەشی توانیوە، کە دیارە مێژوو سەلماندوویەتی، بە زەبری کوتەک، بە ترسی مل پەڕاندن، بە عەمەلیاتی ئەنفال کردن ، بە کرداری وەحشیگەری هۆڵۆکۆست، بە زیادکردنی گۆڕی بەکۆمەڵ و بە بەکارهێنانی دیلی سیاسی و جەنگ لە شوێنی مەکینەو گاجووت بۆ کێڵانی زەوی و بارەبەریی و تەنانەت ترسناکی و کاری دژە ئینسانیی کارەسات و دیمەنەکانی ئاڕکای پێڵاگۆش لە سۆڤیەتی ڕوسیا لە ساڵی 1918 تا 1956 هەر سوودی نەبووە .
کەواتە تەشهیر بە کەسێک مەکەن کە قسەی دڵی خۆی دەکاو خۆی باوەڕی پێەتی. دەگونجێت ئەوەی تۆش باوەڕت پێیەتی لە دیدی خاتوو مرواریەوە باش نەبێ و جێگەی پێکەنین بێت… جا ئەوە پەیوەستە بە خاتوو مرواری و ئەمسالی ئەو داخوا هەتا کوێ ئەگەر بۆچوونێک و ڕایەکیان بەدڵ نەبوو تەشهیری پێدەکەن یان لایان ئاسایی دەبێ؟؟ دواڕۆژ ئەمە دەردەخا.
لینکی لێدوانەکە: https://www.facebook.com/payamtv/videos/4241967589248935