عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: دکتۆر کوردۆ عه‌لی دوای 21ساڵ به تێشووی نوێ وه گه‌ڕایه‌وه بۆ نیشتمان/ بەشی یەکەم.
مرۆڤێکی هێمن و رووخۆش و ده‌رون پاک، ناخی وه‌ک به‌فری چیاکان سپی و جوان، سه‌ربه‌رز وه‌ک لوتکه‌ی کێوه‌کان، عاشقی وشه‌و زمان و خاک و کلتوری کورده‌واری، دوای 21ساڵی ته‌مه‌نی پڕ له هه‌ناسه‌ی غوربه‌تی نیشتمان، به تێشووی زانستی نوێوه گه‌ڕایه‌وه بۆ باوه‌شی بێ نازی زانکۆ و شاره‌که‌ی.
ئه‌و که‌سێتی یه به ئه‌مه‌که، ( د. کوردۆ عه‌لی ) بوو، له به‌هاری ته‌مه‌نی گه‌نجێتی دا، به هۆی باری نائاسایی ژیان و سیسته‌می تۆتالیتاریی رژێمی عێراق، به‌رامبه‌ر به مرۆڤی کورد، په‌یوه‌ندی کردوه به ریزه‌کانی یه‌کێتی قوتابیانی کوردستان و( کاژ‌یک)، ( پاسۆک )، به‌شداری له خه‌باتی رزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌که‌ی کردووه، پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئهیلوول بووه، دواتر رووی کردوه‌ته ئه‌وروپاو له نه‌مسا گیرساوه‌ته‌وه.
گه‌ڕانه‌وه‌ی دکتۆر کوردۆ عه‌لی، بڕیارێکی ساتی و کتو پڕ نه‌بوو، ئه‌و رۆژانه‌ی به هۆی کاری سیاسیی و هه‌ڵوێسته‌کانییه‌وه، ژیانی ئه‌و له نیشتمانه‌که‌ی مه‌حاڵ بوو، به ناچاری هه‌ڵات و په‌ڕیده‌ی هه‌نده‌ران بوو، له‌وێ بۆ چرکه‌یه‌کیش، هیوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له ده‌ست نه‌دا، هه‌موو ژیانی غوربه‌ت و ئاواره‌یی ئه‌و خه‌ونی گه‌ڕاوه‌نه‌وه بوو بۆ نیشتمان.
له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاته یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانی رژێمی عێراق و دوای ڕاپه‌ڕین و هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و دامه‌زراندنی حکومه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم ، به هۆی ژیانی دژوار‌و نائاسایی له نیشتمان، ده‌یان و سه‌دان شه‌پۆلی گه‌نج له چین و توێژه جیاجیاکان، سه‌ری خۆیان هه‌ڵگرت و رووه‌و چاره‌نوسێکی ون، له ئه‌وروپا گیرسانه‌وه.
ژیانی مرۆڤه به هه‌ڵوێسته کان، له به‌ر هۆکاریی سیاسیی، له‌نیشتمان قورس و ئاڵۆز‌و دژوار‌و مه‌حاڵ بوو، هه‌ندێکیان به هیوای خوێندن و فێربوونی زانست و خۆپێ گه‌یاندن روویان کرده هه‌نده‌ران، له‌وێ هه‌موو توانای خۆیان خسته گه‌ڕ، تا بڕوانامه‌یه‌کی باڵایان به‌ده‌ست هێنا. هه‌ندێکی تریان به‌هۆی بارودۆخی داته‌پیوی ئابووری کوردستان، به ناچاری کۆچ و ره‌ویان کرد، وازیان له ژیانی کوله مه‌رگی نیشتمان هێنا. له‌وێ بژێوی ژیانی خۆیان و خانه‌واده‌که‌یان دابین کرد. بوون به پشت و په‌نایه‌ک بۆ بژێوی ژیانی خۆیان و که‌س و کاریان.
له‌م چه‌ند ساڵه‌دا بۆماوه‌یه‌کی کورت بار‌و دۆخی سیاسیی و ئابووری ئه‌م هه‌رێمه ئاسایی بووه. کۆچ و ره‌وه‌که پێچه‌وانه بووه‌وه، به‌ڵام جارێکی تر بارودۆخه‌که‌یان دژوارکردهوه، کۆچ و رهو رووهوئهوروپا سه‌ریی هه‌ڵدایه‌وه.
دکتۆر کوردۆ عه‌لی له تاراوگه جه‌سته‌یه‌کی بێ گیان بوو، رۆحی شه‌یدای هه‌میشه له ده‌وری شه‌می نیشتمانه‌که‌ی دا بوو، له 1992 بۆ یه‌که‌م جار نامه‌ی بۆ ( زانکۆی سلێمانی) و ( زانکۆی هه‌ولێر) نارد، ئاماده‌یی خۆی بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ نیشتمان نیشان دا، به‌ڵام زانکۆکان زۆر بێ موبالاتانه هیچ وه‌ڵامێکیان نه‌دایه‌وه.
نامۆ بوون له نیشتمان له لای دکتۆر کوردۆی خاوه‌ن به‌های شکۆی هه‌ستی جوان، مردنێکی له‌سه‌رخۆی به‌رده‌وام بوو. هه‌ڵکه‌ندن و ههڵچڕوکاندنی ره‌گ و ریشه‌ی بوو له خاک، تووڕدانه سه‌ر تاوێری رژدو ماهی غوربه‌ت و که‌ش و هه‌وایه‌کی نامۆ و نه‌گونجاو نه‌شیاوبوو. خۆخواردنه‌وه‌و ئازار‌و تاڵاو چه‌شتن خۆ گوم کردن و نامۆ بوون له ده‌روون و هه‌ستی خۆی، له‌ده‌ست دان و به جێ هیشتنی هه‌رچی ئه‌وانه بوو که خۆشی ویست بوون. گنگڵدان بوو له ئازار‌و خه‌مێکی قوڵی قورسی بێ کۆتایی. ئه‌شکه‌نجه‌ی رۆح و بیرکردن و تامه‌زرۆیی بوو، تا مه‌ودای شه‌یدا بوون و وێڵ بوون. ئه‌و به‌دوای ئه‌و که‌شه ره‌سه‌نه خۆڕسکهیدا وێڵ بوو، که تێیدا چه‌که‌ره‌ی کردبوو. هه‌ڵچوون بوو به‌دووی شتێکی له‌ده‌ست چوو، به‌ده‌ست خستنه‌وه‌ی بۆ(کوردۆ)ی عاشقی خاک و هه‌ڵویست، ئاسان نه‌بوو.
زه‌مه‌نه‌کانی غوربەت، زه‌مه‌نێکی بێ کۆتایی ده‌ردناکی غه‌مباربوو.که‌شێک بوو به‌دووی خۆیدا وێڵ و عه‌وداڵ و سه‌رگه‌ردان بوو. خۆی خۆی نه‌دۆزی بوه‌وه. گه‌ر خۆشی بدۆزێته‌وه، خۆی بناسیته‌وه، بۆ خۆی ناحهوێ ته‌وه، له عه‌زابێکی ده‌روونی بێ کۆتایی دا، هێدی هێدی گیان و وزه‌ی ده‌تاوێته‌وه و به‌ره‌و چاره‌نووسێکی نادیار به‌رێ یان ده‌کرد. خه‌می ئەو، دنیایهیهک بوو به‌کۆڵی خۆیادا دابوو. کۆڵه‌که‌ی و له‌شی سواری دارشه‌قی لاقه‌کانی کردبوو، هه‌ڵگرتنی لاشه‌یه‌کی بێ گیانی پێ سپاردبوو.
زه‌مه‌نی ئێره، زه‌مه‌نی خۆدزینه‌وه‌و هه‌ست کردن به بوونی خۆته، به‌کایه‌ی خۆته، به‌نرخ و به‌های که‌سێتی خۆته. زه‌مه‌نی بڕوا هێنانه و به خۆ‌و به‌وه‌ی هه‌یت. خزمه‌تێکت لێ چاوه‌ڕوان ده‌کرێ، ئه‌و خزمه‌ته‌ت پێ ده‌کرێ و رۆح و ویژدانت ئاسوده ده‌بێ. چی دی سفری دوای فاریزه نابی، له جه‌نگه‌ڵی جه‌نجاڵی غوربه‌ت دا، خۆت گوم ناکه‌یت، ژیانت به هه‌ده‌ر ناڕوا.
شه‌ڕی برا کوژی دڵی دکتۆر کوردۆ ی به جۆرێک شکاند، گه‌ڕانه‌وه‌ی دواخست، دوای 21 ساڵ ئاواره‌یی، له 1- 4- 1999 له له وڵاتی نه‌مساوه گه‌ڕایه‌وه بۆ نیشتمان، له زانکۆی سلێمانی ده‌ست به‌کار بوو، دواتر کرا به راگری کۆلێجی هونه‌ر له زانکۆی سلێمانی، له 16- 12- 2016 دکتۆر کوردۆی پرۆفیسۆری یاریده‌ده، پسپۆری زمانی کوردی، به ده‌م ئازاری به‌رده‌وامی نه‌خۆشییه‌که‌یه‌وه زمه‌نه تاڵه‌کانی هه‌نده‌ران و نیشتمانی به‌رێ ده‌کرد، له سلێمانی ماڵئاوایی له ژیان کرد.
سه‌رچاوه وپه‌راوێز:
1-عه‌بدوڵڵا که‌ریم مه‌حمود، د.کوردۆ عه‌لی دوای 21 ساڵ ئاواره‌یی به تێشووی نوێوه گه‌ڕایه‌وه بۆ باوه‌شی نیشتمان، ژماره 371 ی ئاڵای ئازادی ، 2/ 7 / 2000 ، 10 پووشپه‌ڕ2700ی کوردی، ل6.
*سه‌روه‌ت محه‌مه‌د ئه‌مین، ناسراو به د. کۆردۆ له 20/ 2/ 1950 له قه‌ره‌داغ له‌دایک بووه. له 1970 بووه به ئه‌ندامی یه‌کێتی قوتابیانی کوردستان ی پارتی دیموکراتی کوردستان، له 1974 رووی کردوهتهشاخ و بووه به پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئهیلوول، یه‌کێک بووه له تێکۆشه‌ره دیاره‌کانی بیریی نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌ندامێکی دیاری پارتی سۆشیالیستی کورد (پاسۆک ) بوو، له رێکخراوه‌کانی کاژ‌یک و پاسۆک دا خه‌باتی سیاسیی و رووناکبیریی کردووه، له 1980 به هه‌ماهه‌نگی هاوبیرانی رێکخراوی خوێندکارانی سۆشیالیستی کورد له ئه‌وروپا – (سۆکسه )ی دامه‌زراند و سکرتیری ئه‌و رێکخراوه بوو، دوای دابڕان له سۆسکه، (خوێندکارانی کورد )ی وه‌ک ئۆرگانی ئه‌و رێکخراوه ده‌رکرد ، رۆڵی سه‌ره‌کی گرنگی گێڕا به نوسین و وه‌رگێڕان، دواتر دوورکه‌وته‌وه ،سه‌رقاڵی کاری نوسین و وه‌رگێڕان و لێکۆڵینه‌وه بوو، له 1992دکتۆر نامه‌که‌ی به ناوی (هه‌ندێ بابه‌تی وشه‌سازی کوردی )له زانستگه‌ی ساڵزبورگ به‌ده‌ست هێنا، ئه‌م نامه‌یه‌ی به زمانی ئه‌ڵمانی له لایه‌ن ئینستیتوی کورد له به‌رلین چاپ و بڵاو کراوه‌ته‌وه.
ئه‌م به‌رهه‌م و نوسین و وه‌رگێرانانه‌ی چاپ و بڵاو کردوه‌ته‌وه
1-کوردستان و شۆڕشه‌که‌ی، د.جه‌مال نه‌به‌ز،و. له ئه‌ڵمانییه‌وه کوردۆ عه‌لی، له بڵاوکراوه‌کانی رێکخراوی سۆسکه 1985.
2-سۆڤیه‌ت و بزوتنه‌وه‌ی نیشتمانی کورد، هه‌ڵسه‌ندگاندنی دکتۆر نامه‌ی فازیلی مه‌لا مه‌حمود ،ساڵز بورگ 1986.
3-سڕینه‌وه‌ی چه‌ند په‌ڵه‌یه‌ک به ته‌وێڵی راستیه‌وه، نامه‌یه‌کی کراوه بۆ که‌ریمی حسامی، بنکه‌ی چاپه‌مه‌نی ئازاد ،سوید 1987.
4-مێگه‌ل –یه‌ڵماز گیونه‌ی و. له ئه‌ڵمانییه‌وه، کوردۆ عه‌لی ،ساڵزبورگ 1989.
5مه‌سه‌له‌ی کورد له پارله‌مانی نه‌مسایی دا،و. له ئاڵمانییه‌وه ،ساڵزبورگ 1989.
6-کۆمۆنیزمی ئه‌وروپایی قۆڵڤگانگ لیۆنهارد ،و. له ئاڵمانییه‌وه کوردۆ عه‌لی ، ساڵزبورگ 1990.
7-ئاشی چی و باراشی چی ؟باقه سه‌رنجێ له وه‌ڵامی گوتاره‌که‌ی به‌هادین نوریدا،ساڵزبورگ 1991.
8-ئاغا‌و شێخ و ده‌وڵه‌ت،مارتین ڤان برونه سن و.له ئاڵمانییه‌وه کوردۆ عه‌لی ،دووبه‌رگ ،بنه‌که‌ی چاپه‌مه‌نی رۆژ سوید 1996.
9-یه‌ک هه‌ڵووژه‌و هه‌زار هه‌ڵووژه ،سه‌مه‌دی بیهرنگی ،و.له فارسییه‌وه کوردۆ عه‌لی ،سالزبورگ 1989،چاپه‌مه‌نی ئارارات ،له‌لایه‌ن نوسنگه‌ی تارانه‌و ه بڵاو کراوه‌ته‌وه ،
10-نووسه‌ری هێژای تورک سمایل بێشکچی و تێڕوانینێکی زانستینانه له مه‌سه‌له‌ی کورد ،سالبزبورگ 1992.
11-هه‌ندێ بابه‌تی وشه‌سازی کوردی به زمانی ئه‌ڵمانی دکتۆرنامه‌که‌ی زانستگه‌ی سالزبورگ 1991-1992، ئه‌م نامایه له ئینیستیتوی کورد له به‌رلین چاپ و بڵاو کراوه‌ته‌وه.
12-هه‌ڵكشان وداڕمانی ئیمپراتۆرییه‌کان باوک که‌نه‌دی، وه‌رگێڕانی له ئاڵمانییه‌وه
ده‌یان وتاری بڵاوکردوه‌ته‌وه/ هه‌ڵۆ به‌رزنجی، هاوبیرێک له هزرو په‌یڤ، له ئه‌رشیفی ده‌نگه‌کان.
- Latest Posts by عەبدوڵا کەریم مەحمود
عەبدوڵا کەریم مەحمود: ئاسۆیەک ئاوا نابێ.!
-عومەر سەیدە: دادگایی‌کردنی تاوانبارێکی ئەنفال، ئەم تاوانبارە بناسن.
-عەبدوڵا کەریم مەحمود: سەرۆک جاشەکان و کەسایەتییە دیارەکان!
- All Posts