گۆران هەڵەبجەیی: هەرێمێک لە تاریکیدا.
گەر کەسانێک تا ئێستاش قەناعەتیان وابێت، یا وای بۆبچن کە ئەم دەستەڵاتەی ئێستا کەڵکی چاکسازی پێوەماوە،یاخود ئومێدیان لەسەر ئەوە هەڵچنیبێت کە هێشتا ترووسکاییەک لە کۆتایی تونێلەکەدا بەدی دەکرێت، جا ئەو جۆرە کەسانە خەڵکانی سادەبن یا لە هەر پێگەیەکی سیاسیدا بن، ئیدی سەر بە حیزبەکانی دەسەڵات یا لە ئەحزابی[موعارەزە] بن، ئەوە بەدڵنیاییەوە هیچ لە ماهیەتی دەسەڵاتی کوردی تێنەگەشتوون و خوێندنەوەی هەڵەیان بۆ ڕەوتی ڕووداوەکان هەیە، یاخود باش شارەزای دۆخەکەن و بە هۆکارگەڵێک دەخوازن خەڵک چەواشە بکەن.
گەر شکستی دەسەڵاتی هەرێم بۆ ماوەیەک لە بوارێکدا بوایە ئەوە قەبوڵکراو بوو، بەوەی دەرفەتێکی پێدەدرا تا چارەسەری بکەن، بەڵام کارەسات ئەوەیە شکستی و قەیران و گەندەڵی هەموو بوارەکانی گرتوەتەوە ساڵ بەدوای ساڵ ئەو قیرانانە قوڵتر دەبنەوە، ئەویش بەهۆی ئەوەی هیچ نیەتێک بۆچارەسەرکردنیان نیە. ئەوەی بەلای دەسەڵاتدارانەوە مەسەلە نیە باشکردنی گوزەرانی خەڵکە، هەربۆیەش جیاوازیەکی قوڵ و مەزن لەنیوان دەسەڵاتدارن و خێزان و کەسووکارو دەورووبەریان لەلایەک و زۆرینەی خەڵکی بەشمەینەت و کەم دەرامەت و چەوساوە لەلاکەی دی بەدی دەکرێت. دۆخەکە گەشتووە بەوەی خەڵک بە ئاشکرا و بەشێوازی تووند گوزارشت لە ناڕەزایی و خەمەکانیان دەکەن.
پێوەری درووست و شایستە بۆ هەر کابینەیەک و دەسەڵاتێک لە سەر بنەماو ڕۆشنایی کارەکانی دەکرێت، یاخود ڕوونتر بڵێن هەڵسەنگاندن و پێوانەکردنی سەرکەوتن و شکستیەکانیەتی لە دووتای تەرازوودا.
گەر بەم پێوەرە حساب بۆ کابینە یەک لەدوای یەکەکانی یەکێتی و پارتی بکەین، کە بە تێکڕا تەمەنی [30]ساڵ دەبێت، ئەوە بێ دوو دڵی دەڵێین سەرجەم کابینەکان شکست لەدوای شکستییان هێناوەو کارەساتیان بۆ خەڵکی هەرێم خولقاندوە.
گەر ئەڵمانیاو یابان پاش دووەم جەنگی جیهانی بە نمونە بهێنینەوە، دەردەکەوێت ئەو دوو وڵاتە مووعجزەیان درووست کرد و لە ماوەی کەمتر لە دەساڵدا نەک هەر بینای وڵاتە داڕماو و وێرانەکەیان کردوە، بەڵکو بوونە دوو وڵاتی خاوەن سەنگ و هێزی ئابوری لە جیهاندا. بێگومان هۆکاری ئەو هەڵسانەوەو پێشکەوتنە بەپلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ دڵسۆزی و دەسپاکی و ئیرادەی بەرزی دەسەڵاتداران، ئەوجا پاڵپشتی خەڵک بۆیان.
لە هەرێمی کوردستان یەکێتی و پارتی هەر لەدوای ڕاپەڕینەوە سەلماندیان کە ئەوان ئامانجیان خزمەتکردن و بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری نەبووە، بەڵکو تەنها ئامانجیان خۆدەوڵەمەندکردن بووە، واتە کوردستان بۆ ئەوان بازاڕێک بووە بۆ تاڵانی .هەر لەسەرەتای ڕاپەڕینەوە نیەت و نیازی گەندەڵی و ڕاورووتییان بە ئاشکرا دەرکەوت، بەوەی هەرچی پارەی بکردایە و دەستیان پێدا بگەشتایە ئاودیویان دەکرد،بەمەرجێک هەموو ئەو کەرەستانە بۆ ئاوەدان کردنەوە پێویست بوون.
ساڵی 1991 لە لەندەن هونەرمەندانی جیهانی بۆ هاوکاری کۆڕەوەکە،کۆنسەرتیان ڕێکخست،کە داهاتەکەی لەگەڵ هاوکاری تری جیهانی [57] ملیۆن پاوەند بوو، هاوکات کوردانی هەندەران دڵسۆزانە ماڵ بە ماڵ دەگەڕان بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک. ئەم هاوکاریە داراییانە پارتی و یەکێتی حەپەلووشیان کرد، وەک دەرکەوت تەنها[ 320000]پاوەنی گەشتە دەستی ڕێکخراوە مرۆییەکان.
ئیدی ئەوە سەرەتایەکی خراپ و مەترسیدار بوو بۆ ڕەوشی ڕووداوەکان و بڵاوبوونەوەی ئافاتی گەندەڵی. گەندەڵی ئەو دوو حیزبە هێدی هێدی هەموو بوارو کایەو قوژبنێکی ژیانی گرتەوە و شوێنێک نەما هاوڵاتیان دوور لە دەست و چاوی دەسەڵات هەناسەیەکی پاکی تێدا بدەن.
لە هەر وڵاتێکدا گەندەڵی بووە دیاردەیەکی بەربڵاو و بە قوڵی ڕەگی داکووتا و بە ئاشکرا پەیڕەو کرا، ئیدی هیچ جوڵەو سەکتەرێک بەپاکی نامێنێتەوە کە مڵەی گەندەڵی هەڵی نەتەکێنێت.
گەر چەند بوارێک بکەینە نمونە ئەوجا کاریگەری گەندەڵی لەسەر ژیانی خەڵک و کۆمەڵگا بە ڕوونی دەردەکەوێت.
1. سیاسی / فاشلترین دەسەڵات لەڕووی سیاسیەوە دەسەڵاتی کوردیە، بەوەی تا ئێستا نەیانتوانیوە گچکەترین دەسکەوت بۆ میللەت دەستەبەر بکەن، بەڵکو ئەو کەمە دەسکەوتەی دوای ڕاپەرین بەدیهات لە مەترسیدایەو خەریکە لەدەست دەردەچێت.
2. تەبایی نێو حیزبەکان / تەبایی درۆزنانەو ساختە لە نێو حیزبەکوردیەکانی هەرێم هەیە، بەڵام لە واقیعدا لە دووژمنایەتی خەفەکراوە یا هەندێ جار بەئاشکرا دەیبینین، بەتایبەتی لەنێوان یەکێتی و پارتیدا. تا ئێستاش هەرێم دوو زۆنە بە دوو دەسەڵات و دوو میتۆدی جیاواز. ئەمەش سەلمێنەری ئەو ناکۆکی و ناتەباییە کە لە نێو خودی حیزبەکاندا بوونی هەیە، بێگومان ئەمەش کاریگەری سەلبی لەسەر پێگەی کورد لە جیهاندا جێهێشتوە.
3. مافی مرۆڤ و ئازادیەکان / ئەوەی دەیبینین و هەستی پێدەکەین پاشەکشەی تراجیدیانەی مافی مرۆڤ و ئازادی و پەراوێزی دیموکراسیەتە. دەتوانم بڵێم لەسەرەتای ڕاپەڕینەوە ئازادی زۆر لە ئێستا باشتربوو. ئازادی ڕاگەیاندن، خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی، ئازادی دادگاو دادوەرەکان، ئازادی حیزبەکانی دەرەوەی دەسەڵات، و زۆر لایەنی دیکە بەردەوام بەرەو تەسککردنەوە دەچن. نەبوونی یا کەمی ئازادی گەشتوەتە ئاستێکی مەترسیدار، بەوەی خەڵکانێک لەسەر ڕای جیاواز کوژراون، سەرنگوون کراون، بێدادگایی کردن لە بەندیخانە نراون، یاخود بەهۆی لایک و کۆمەنتی فەیسبووکەوە لێپێچینەوەیان لەگەڵ کراوە، کە ئەمەش تەنها لەسایەی ڕژێمە تۆتالیتارو دیکتاتۆرەکاندا ڕوودەدەن.
4. پەیوەندی لەگەڵ بەغدا/ ئەم پەیوەندیە زۆر خراپەو ئومێدی باشبوونی نیە، چونکە دەسەڵاتدارانی کورد لە دانووستاندا زۆر لاوازو بێ بەرنامەن و بەردەوام گۆڕانکاری لە ڕۆژەف و ستراتیژیاندا دێت، تەنها ئامانجیان وەرگرتنی پارەیەوە هیچی تر.
5. ئابوری / سەکتەرێک شوێنێک دامەزراوەیەک نەماوە دەستی گەندەڵی مافیای حیزبی پێنەگەشتبێت، وێرای کۆنترۆڵکردنی سەرجەم سەکتەرە بازرگانیەکان لەلایەن کۆمپانیاکانی سەربەم دووحیزبەوە کە گرنگەکانیان بریتین لە: قاچاخچێتی نەوت و غاز،کەرتەکانی بیناسازی و پیشەسازی {کارگەکانی بەرهەمهێنان}، درووستکردنی مۆڵ، قاچاخچێتی دەروازە سنوریەکان، هاوردەکردنی سەیارە، هاوردەکردن و دابەشکردنی دەرمانی ئێکسپایەر، مەشروباتی کحولی،کاڵاو خۆراکی ژەهراوی، مادەی هۆشبەر، یانەو کلوبەکانی ڕابواردن و سەرانەسەندن و هەرشتێک پارەی تێدابێت.
6. کەرتی خوێندن و پەروەردە / وتەیەک هەیە دەڵێت،گەر ویستت پێناسەی درووستی هەر وڵاتێک بکەیت، سەیری ئاستی پەروەردەو خوێندنی بکە.
گەر ئاوڕێک لە کەرتی خوێندن و پەروەردە بدەینەوە، دەردەکەوێت زۆر دواکەوتووە و لە ئاستی سۆماڵ و وڵاتە دواکەوتوەکاندایە، لەبری ئەوەی لەماوەی ئەم سی ساڵەدا تەکانێکی باشی بۆ پێشەوە پێبدرایە، دەبینین لە پاشەکشەیەکی بەردەوامدایە. [2000]بینا هەیە دوو دەوامی تێدادەکرێت و [80]بیناش سێ دەوامی تێدا دەکرێت،هەندێک قوتابخانە لە بینای کرێ یا کابینەدا دەوام دەکەن کە هیچ مەرجێکی قوتابخانەیان تێدا نیە، پۆل هەیە پتر لە 90 خوێندکاری تێدایە، خوێندنگاکان خاڵین لە پێداویستیەکانی سەردەم،زۆر جار کەسوکاری خوێندکاران ناچار دەبن هەندێک لەو پێداویستیانە دابین بکەن. بەهۆی دەستتێوەردانی حیزب لە پرۆسەی خوێندن، ئاست و تواناسازی مامۆستاو خوێندکار زۆر دابەزیوە. زۆرێک لە زانکۆ و خوێندنگاکان لەبری ئەوەی ببنە ناوەندی لێکۆڵینەوە و توژینەوە و بەرهەمهێنانی زانست، بوونەتە مزگەوت و شوێنی عیبادەت و نوێژی جەماعەتیان تێدا ئەنجام دەدرێت. جا هەرکاتێک ئایین و زانست تێکەڵاو بوو، ئەوە بە دڵنیاییەوە لە ئاکامدا هەردووکیان شێواو و وێران دەبن.
لەلایەکی دیکەوە زانکۆو خوێندنگا ئەهلیەکان کە خاوەنداریەتیان دەگەڕێتەوە بۆکەسانی حیزبی، خەریکن جێگە بە خوێندنگە حکومیەکان لێژدەکەن و هێندەی دی دەبنە هۆکار بۆ وێرانکردنی پرۆسەی خوێندن و پەروەردە. دەردەکەوێت ئەم دەسەڵاتە گەندەڵ و بێ مۆراڵە هیچ شتێک گرنگ نیە بۆی، [نەزانست]، نەخاک، نەنیشتمان، نەخەڵک، نەکوردایەتی، بەڵکو تەنهاو تەنها[گیرفان و بەرژەوەندی خۆی گرنگە].
7.کەرتی تەندرووستی / پێشکەوتن و ئاستی خزمەتگوزاری تەندرووستی هەر وڵاتێک دەلیلە بۆ ئاستی بەرزی سەغڵەمی هاوڵاتیان. ئەوەی لەکوردستان لەبەرچاوە کەرتی تەندرووستی تەواو فەرامۆش کراوە و تابێت بەرەو داڕمان و کاولبوون دەڕوات، لەماوەی ئەم سی ساڵەدا هیچ پلانێکیان بۆ چاککردن و پێشخستنی کەرتی تەندرووستی نەبووە. هەر وەزیرێک یا بەڕێوەبەری تەندرووستی باژێڕێک دەمێک دەستبەکار بوون لە خۆدەوڵەمەندکردن و گەندەڵی بەوڵاوە هیچیان نەکردوە. هاوردەکردنی دەرمانی ئێکسپایەریش لەولاوە بوەستێت کە مەترسیی و هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆسەر ژیانی هاوڵاتیان و بەهۆیانەوە بەردەوام هاوڵاتیان گیان لەدەست دەدەدن.
نۆرینگەو نەخۆشخانە ئەهلیەکانیش کە هی مافیاکانی حیزبن، هێندەی تر گیانی لەبەر نەخۆشخانە گشتیەکان بڕیوە. پێدەچێت لە ئایندەدا شتێک نەمێنێت بە نێوی نەخۆشخانەی حکومی.
8. ڕێگاوبان و هاتووچۆ/ کەم ڕۆژ هەیە کەسانێک بەڕووداوی هاتووچۆ گیان لەدەست نەدەن، زۆربەی ڕێگاکانی نێوان باژێڕەکان ناونراون{ ڕێگای مەرگ}. ڕاستە زۆر جار بەهۆی هەڵەشەیی و پەلەو ڕێزنەگرتنی برێک لە شۆفێران بە یاساکانی هاتووچۆ، ڕووداوی دڵتەزێن ڕوودەدەن، بەڵام بەپێی شارەزایانی هاتووچۆ، ڕێژەی زۆری ڕووداوەکان دەگەڕێنەوە بۆ خراپی و کۆنی ڕێگاکان، واتە دەسەڵات بەرپرسە لەو ڕووداوانە.
ڕێگا هەیە کە نزیکەی سی [کم]ە، بەڵام لە ماوەی دەساڵدا نەتوانراوە تەواو بکرێت. ڕێگاش هەیە دووسێ جار پارەی بۆدەرچووە و بەڵێندەرەکانی گۆڕاون، بەڵام بەهۆی گەندەڵیەوە کۆتایی پێ نەهاتوە یا بە کوالەتیەکی خراب و نیوەناچڵ وەرگیراوە.
خۆ گەر ئەو داهات و باج و خەراخەی لە شۆفێران و سەرپێچکاران وەردەگیرێت کە ساڵانە بە[300]ملیار دینار مەزەنە دەکرێت گەر نەچێتە گیرفانی حیزبەوە، ئەوە بە دڵنیاییەوە باشترین تۆڕی ڕێگاوبانی پێ درووست دەکرێت.
9. گەڕانەوەی ناوچە دابڕێنراوەکان و مادەی 140 / لەم بوارەشدا دەسەڵاتی کورد شکستیەکی مەزنی تۆمارکردوە،هەرچی درووشمی قەبەو بریقەداری سەرانی کوردە،بەتایبەتی سەرانی ئەو دوو حیزبە باڵادەستە، دەربارەی دڵسۆزی خاک و نیشتمان و هەوڵدان بۆگەڕانەوەی ناوچە دابڕاوەکانی کوردستان، لە مێژە بووەنەتە درووشمی بەتاڵ و بێ ناوەڕۆک. مادەی [ 140 ] عەیامێکە لەبیرکراوەو کاری پێناکرێت. جوتیارە کوردەکان لە لایەن عەرەبە بەعسی و شوڤێنستەکانەوە بە ئاشکرا لە گوندەکانیان دەردەکرێن و زەویوزار و ماڵ و حاڵیان داگیر دەکرێت،،دەسەڵاتدارانی کورد نەک داکۆکیان لێ ناکەن، تەنانەت ئیدانەی ئەو کارانەش ناکەن.
کەرکوکی دڵ و قودسی کوردستانیان بەدەردێک برد کە بووەتە جێگەی شەرمەزاری بۆ سەرانی کورد، ئەو ساڵانەی یەکیتی و پارتی لەوشارەدا باڵادەست بوون، لەبری خزمەتکردن و ئاوەدان کردنەوە و ڕازیکردنی پێکهاتەکانی شارەکە، لەبری ئەمانە کەوتنە دابەشکردنی شارەکە و داگیر کردن و بەتاڵانبردنی هەرچی بەردەستیان دەکەوت. لەبری کوردایەتی کەوتنە پێشبڕکێی حیزبایەتیەکی ناشارستانی و قێزەوەن، ئەمەش لە بۆیاخ کردنی دارو بەردو بیناو پردو دیوار و شۆستە و هەرچی بۆیاخی بگرتایە بە ڕەنگی زەردوو سەوز.
10. شێواندنی تاکی کورد/ یەکێتی و پارتی بە درێژایی{30} ساڵ کاریان بۆ لاوازکردن و شێواندنی کەسایەتی تاکی کورد کردوە. ئەوەی بەعس بۆی نەکرا و نەیتوانی ڕۆحی تاکی کورد بڕوخێنێت، جووت حیزب بە ئاسانی ئەنجامیاندا.
گەر دەسەڵاتێک لەماوەی سی ساڵی تەمەنیدادا نەیتوانیبێت پێویستیە سەرەتاییەکانی هاوڵاتیان دەستەبەر بکات، وەک ئاو کارەبا نەوت غاز بەنزین و پێداویستی سادەی دیکە.
گەر دەسەڵاتێک لە بری پاشەکەوت 26 ملیار دۆلار قەرز بخاتە ملی هاوڵاتیان، بێ ئەوەی هاوڵاتی بزانێت سەرچاوەی ئەو قەرزانە چین.
گەر دەسەڵاتێک نەتوانێت مووچەی مووچەخۆران دابین بکات و پتر لە مووچەی چواردە مانگ قەرزدار بێت.
گەر دەسەڵاتێک پارەی چەندین سندوق بدزیت [سندوقی خانەنشین، وشکەساڵی،کشتوکاڵ،گەشەکردنی ژێرخانی ئابووری و سندوقی دیکە].
گەر دەسەڵاتێک نەیتوانیبێت تاکی کوردی سودمەند پەروەردە بکات، یاخود کۆمەلگای کوردستان بە شێوەیەکی شارستانی و سەردەمیانە ئاراستەبکات، لێ لەبری ئەمانە کۆمەڵێک خەڵکی مشەخۆر و لاواز و ئینتهازی چەپڵەلێدەری زیانبەخشی لەخۆ کۆکردبێتەوە.
گەر دەسەڵاتێک هۆکاربێت بۆ خولقاندنی دۆخێک تێیدا کەس هەست بە ئارامی و ئاسودەیی و خۆشگوزەرانی نەکات و گەنجەکان کەسەرمایەی ئایندەن بەلێشاو وڵات جێبهێڵن.
بەهۆی ئەم [گەر]انەو هاوکات بەهۆی ئەو خاڵانەی سەرەوە، دەردەکەوێت ئەم دەسەڵاتە لەمێژە شەرعیەتی لەدەستداوە و شایانی ئەوە نیە بەردەوامبێت، وێرای ئەمانە تووڕەیی و ناڕەزایی خەڵک گەشتوەتە لووتکەو ناخوازن چیتر بەو جۆرە وڵات ببرێت بەڕێوە و بەهەر نرخێک بێت گەرەکە کۆتایی بەو حکومڕانیە شکستخواردوە بهێنرێت.
جێگەی سەرسوڕمان و هاوکات پرسیارە کە هاوڵاتی سادە دەرک بەو ناعەدالەتی و گەندەڵی هەموو قەیرانانە بکات و ژیانی [تاریك ]کردبێت و دۆزەخێک لەئارادا بێت،بەڵام کەسانێک کە لەمەوقیعێکی سیاسی باڵادابن هەستیان بەو تاریکسانیە نەکردبێت.
خاوەنی ئەم بۆچوونە کە پێی وایە هەرێم لە تاریکیدانیەو [لەدەرەوە] لە قەوارەی خۆی زیاتر گەورە کراوە، گەر ئەم گشت قەیرانە کەڵەکەبووانە قەناعەتی پێ نەهێنێت کە هەرێم نغرۆی گەندەڵی بووەو هیچ بوارێک بۆ چاکسازی نەماوە و وەک پیرەگۆچان هەرگیز ڕاست نابێتەوە، ئەوە بەدڵنیایەوە ئەو کەسە کەوتوەتە هەڵەیەکی مەزنەوەو گەرەکە بەخۆیدا بچێتەوە.
لە کۆتایدا دەڵێم ،بەڵێ هەرێم لە مێژە لە تاریکسانیدا دەژی، نەک ڕۆشنایی بەڵکو تروسکایش لە کۆتایی تونێلەکەدا بەدی ناکرێت، هەرکەسیش بە پێچەوانەوە بیر بکاتەوە ئەوە بەخۆی بزانێت یا نا دەیەوێت سیمای ناشیرینی دەسەڵاتداران جوان بکات.