بورهان شێخ رەئوف: هەڵبژاردنى عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئایندەى وڵاتەکەت پێویستى بە دەنگى تۆ هەیە
لە ژێر دروشمى عێراق هەڵدەبژێرین نوێنەرایەتى و نێردەى نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق (یونامى) هەڵمەتێکى فراونیان دەست پێکردووە بۆ هاندانى دەنگدەران بۆ ئەوەى بەشدارى بکەن و دەنگ بدەن لە هەڵبژاردنى گشتى پێشوەختە لە 10- 10- 2021.
هەر لەو چوارچێوەدا یونامى ریکلامو دیواربەندى گەورەى هەڵواسیوە لە بەغداد ى پایتەخت، بڕیاریشە لە ڕۆژانى داهاتوودا لە شارەکانى ترى عێراقیش بڵاویان بکەنەوە، جگە لە هەردووزمانى رەسمى عەرەبى و کوردى بە زمانى ئینگلیزیش، کەداوا لە هاوڵاتیانى عێراق دەکات بەشدارى هەڵبژاردن بکەن، زیاتر هانیان دەدات کە دەنگەکانیان بە فیڕۆ نەدەن، ئەو مافە دەستووریەى خۆیان بەکار بهێنن بۆ دیاریکردنى چارەنووسى خۆیان و وڵاتەکەیان، چونکە دەنگى ئەوان زۆر بە بەهایە و کاریگەرى هەیە بۆ گۆڕانکارى و چاکسازى.
بۆ زیاتر پێداگیرى لە سەر ڕۆڵى دەنگى هاوڵاتیان دەکات، لەوەیە هەندێک هاوڵاتى بێزار بووبێت و گرنگى بە دەنگەکەى خۆى نەدات، یونامى دروشمێکى زۆر کاریگەرو جوان و پڕواتاى هەڵواسیوە بە خەتێکى گەورەکە دەڵێت (ئایندەى وڵاتەکەت پێویستى بە دەنگى تۆ هەیە) لەگەڵ دروشمى تریش کە دەڵێت ( لە پێناو عێراقدا دەنگ دەدەین )، لە هەمان کاتدا داوا لە هاوڵاتیانى عێراق دەکات کە هاشتاگى (عێراق هەڵدەبژێرین ) لە گەڵ وێنەى خۆیاندا لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکاندا بڵاو بکەنەوە.
من هەر لەم گۆشەى خۆمەوە لە هەفتەى پێشوو باسى ڕۆڵى نەتەوەیەکگرتووەکانم کرد لە هەڵبژاردن و ڕاپرسى و چارەسەرکردنى کێشەو قەیرانەکان لەو ڕێگەیەوە بە شێوەیەکى گشتى لە سەرئاستى جیهان، بەڵام ئەمجارە دەخوازم ڕۆڵى یونامى لە هەڵبژاردنى عێراق باس بکەم، چونکە 10/10/2021 هەڵبژاردنێکى گەورە و چارەنووسسازلە عێراق بەڕێووە دەچێت.
چونکە ڕۆڵى نەتوەیەکگرتووەکان لەم هەڵبژاردنە گشتیەى عێراق زۆر گرنگە بێگومان چ لە سەر ئاستى چاودێرى و چە لە سەر ئاستى هەماهەنگى، چ لە سەر ئاستى جێبەجێکردن بە شێوەیەکى گشتى، هەروەها بڕێکى زۆر پارەى تەرخان کردووە بۆ پاراستنى پرۆسەى هەڵبژاردن و پشتیوانى کردنى، چاودێرانى نێودەوڵەتى ناردووە تاوەکو هاوکارى و کارئاسانى و ڕاوێژ پێشکەش بە پرۆسەکە بکەن، هەروەها بەشداریشە لە بەگژاچوونەوەى پڕوپاگەندەى نەشیاو دژبە هەڵبژاردن، هەروەها لە هەوڵى ڕاستکردنەوەى ڕێڕەوى هەڵبژاردنى گشتى عێراق و هەڵسەنگاندنیدایە.
دۆخى نالەبارى عێراق مایەى نیگەرانى زۆرە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و یونامى بە تایبەتى و بۆ کۆمەڵگەى نێودەوڵیتیش بە گشتى، بۆیە زۆر بە جدى لە هەوڵى ئەوەدان پاڵپشت و هاریکارى پرۆسەى دیموکراسى بن لە عێراقدا و بە لێپرسراوێتى مۆراڵى و یاسایى خۆیان هەڵبسن بۆ ڕاستکردنەوەى.
لەلایەکى ترەوە نەتەوە یەکگرتووەکان درکیان بەوە کردووە کە ئەڵتەنەتیفى هەڵبژاردن و دەستاودەستکردنى ئاشتیانەى دەستەڵات لە عێراقدا شەڕو بەریەککەوتن و ئاژاوەیە، چونکە بڵاوبوونەوەى دیاردەى چەکدارى دەستى میلیشیاکان دوور لە دەستەڵاتى دەوڵەت و پارەى زۆرى گەندەڵى و ماڵى گشتى کە بەدەست هەندێک تاقم و گروپى دەستڕۆیشتووە کە دەکرێت لە هەر چرکەساتێکدا دۆخى ئارامى و سەقامگیرى وڵات بکەنە گۆمێک لە خوێن.
لەبەرامبەر ئەم هەوڵانەى یونامى بۆ پشتیوانى هەڵبژاردنەکان هاوڵاتیانى عێراق هەست بە بێ ئومێدییەکى زۆر دەکەن لە ترسى گزى و یارییکردن بە ئەنجامەکانى هەڵبژاردن، چونکە لە ڕابردوودا ئەزموونێکى تاڵیان بینیووە لە گەڵ پرۆسەکەدا بە هۆى شکستە یەک لە دواى یەکەکانى حکومەتى عێراق لە هەموو سکتەرەکاندا، بەڵام یونامى نامەو مەسجى دڵنیایى بوون بۆ عێراقیەکان دەنێرێت دەخوازێت هاوڵاتیانى عێراق بەشداربن لە پرۆسەکە و چاندنى متمانە لە نێوان هاوڵاتیان و حکومەتى عێراق، لەنێوان سندوقەکانى دەنگدان و دەنگدەران بۆ ئەوەى دیموکراسى ڕاستە قینە لە عێراقدا لە ئاکامدا بێتە بوون کە خەباتى مەدەنى و ئارامى دەخوازێت.
لەکۆتاییدا شایانى باسە یونامى نێردەو دەستەیەکى تایبەتى نەتەوە یەکگرتووەکان کە بە گوێرەى بڕیارى (1500) ئەنجومەنى ئاسایش نێوە دەوڵەتى دامەزرێنراوە لە 14 ئابى 2003 بۆ پێشکەشکردنى کۆمەک و ڕاوێژ بە عێراق.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت