عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: دکتۆر کوردۆ عه‌لی دوای 21ساڵ به تێشووی نوێ وه گه‌ڕایه‌وه بۆ نیشتمان/ بەشی دووەم.
دکتۆر کوردۆ عه‌لی دوای 21 ساڵ ی ته‌مه‌نی پڕ له هه‌ناسه‌ی غوربه‌ت و عاشقی زمان و خاک و نه‌ته‌وه‌که‌ی به تێشووی زانستی نوێ و تێڕوانینێکی نوێوه، گه‌ڕایه‌وه بۆ باوه‌شی بێ نازی زانکۆ و شاره‌که‌ی. کرا به راگری کۆلیژی هونه‌ر له زانکۆی سلێمانی.
21 ساڵ له‌مه‌و به‌ر، له دیدارێکی رۆژنامه‌وانی دا چه‌ند پرسیارێکم روو به روو کردوه، به روویه‌کی خۆشه‌وه وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی داینه‌وه:
بێ نه‌خشه و پلانی
*هه‌ل و مه‌رجی زانکۆکانی کوردستان له چ ئاستێک‌دا ده‌بینیته‌وه، چ پێشنیار‌و داوایه‌کتان هه‌یه بۆ گه‌شه‌کردنیان، بۆ ئه‌وه‌ی پسپۆڕان و مامۆستایانی زانکۆ له ئاستی تموحی زانکۆدابن، تواناکانیان چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنی؟
– نامه‌وێت و حه‌ز ناکه‌م که‌س به‌د بین بکه‌م، ناشتوانم له گه‌ڵ و ویژدانی خۆم و خوێنده‌واران دا راستگۆ نه‌بم، ئاشکراو بێ په‌رده ده‌ڵێم: هه‌ل و مه‌رجی زانکۆ ئێجگارسه‌خت و ئاڵۆزه، ئاستی خوێندن خراپ نییه، به‌ڵام له‌و ئاسته‌ش دا نیه که ئێمه ئاواتی بۆ ده‌خوازین. کێشه‌ی یه‌که‌می ئێمه سیاسه‌تی ره‌مه‌کی و بێ نه‌خشه‌و پلانییه، ئه‌وجا بێ رێگه‌و جێگه‌یی و نه‌بوونی کادری پسپۆڕ و که‌می سه‌رچاوه‌ی پێویسته. دڵ نه‌سوتان و به‌ته‌نگه‌وه نه‌هاتن و بیر له گیرفان و به‌رژه‌وه‌ندی خۆکردنه‌وه‌یه. نه‌بوونی و لاوازی هه‌ستی نیشتمان په‌روه‌ری و که‌می هه‌ست به لێپرسینه‌وه‌یه به‌رامبه‌ر به مێژوو و نه‌ته‌وه‌و وه‌چه‌کانی داهاتوو.
بۆ گه‌شەکردنی زانکۆ، بایه‌خی زیاتری پێویسته، به نه‌خشه‌و پلانی وردی داڕێژراو، حسێبی ته‌واو بۆ هه‌مووشتێک کرابێ، گشت پێداویستیه‌کانی بۆ دابین کرابێ، ده‌بێ زانکۆ پلانی ساڵانه‌و چه‌ندین ساڵی داهاتووی خۆی هه‌بێ، ده‌بێ بازانین پێویستمان به چ بوارێک زۆره، له چ بوارێک دا کادر و پسپۆڕ‌و شاره‌زاو سه‌رچاوه‌ی ته‌واومان هه‌یه، یا که‌م و کوڕیمان هه‌یه. گرنگ ئه‌وه نییه چه‌ند کولێژ و به‌شمان پێویسته و ده‌بێ هه‌مان بێ، گرنگ ئه‌وه‌یه چه‌ندمان پێ هه‌ڵده‌سوڕێ و پێداویستیه‌کانیمان پێ دابین ده‌کرێ، ئه‌رکه‌کانیمان پێ به‌ڕێوه ده‌چێ، چه‌ند که‌لێن و که‌له‌به‌رمان پێده‌گیرێ، بێ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و لایه‌نانه، ئه‌نجام ناپێکین و به ئاکام ناگه‌ین.
شێوازی په‌روه‌رده و فێرکردن، پلانێکی چاکی ده‌وێ، ئه‌وه یه‌کێکه له ئه‌رکه گرنگه‌کان، پێویسته گرنگی و بایه‌خ بدرێ به خوێندکار وه‌ک کادرێکی تێگه‌یشتوو خه‌مڵیو، به ئیراده‌ی به‌هێزی وا خۆی داڕشتبێ، سوودی بۆ پاشه رۆژ هه‌بێ. بایه‌خ به‌خۆی و زانسته‌که‌ی بدات، نه‌ک له بورجی عاجه‌وه تێبڕوانین و به‌ره‌وام لوت شکێن و سه‌رکوێر بکرێن.
مامۆستای کارامه‌و خاوه‌ن به‌هره‌و پسپۆڕ‌و شاره‌زای زۆرمان هه‌یه. به‌ڵام هه‌موو مامۆستاکان له‌و ئاسته‌دا نین، هه‌ن هی ئه‌وه نین مامۆستای سه‌ره‌تایش بن، بار‌و دۆخێکی ئاڵۆز توڕی داونه‌ته زانکۆوه، ئیتر بوونه‌ته ته‌وقی عه‌زرایل و داناماڵرێن.
داهێنان له راهێنانه‌وه دێ
*هۆی چییه، زۆر له‌ده‌رچوانی زانکۆ ، دوای به‌ده‌ست هێنانی بڕوانامه، له بواره پراکتیکییه‌که‌دا که‌م توانان، ناتوانن رۆڵی خۆیان له بواره پسپۆرییه‌که‌ی خۆیان دا ببینن، بۆ نمونه ئه‌ندازیارێک ناتوانێ ته‌لارێکی نوێ له سه‌ر ترازی ئه‌ندازیاری بیناسازیی سه‌رده‌م بنیات بنێ؟
– وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره به‌نده به پرسیاره‌که‌ی پێشوه‌وه، له‌و قوڕه هه‌ر ئه‌و تۆزه هه‌ڵده‌ستێ، له‌و دار‌و په‌ردووه هه‌ر ئه‌و که‌پره قرچۆکه داده‌مه‌زرێت. که خوێندکار شوێن و جێگای که‌م بوو، هۆڵی خوێندن و پراکتیک و تیۆری ته‌واو نه‌بوو، پرۆگرامی په‌ره‌ورده‌کردن و فێرکردنی سواو سه‌قه‌ت بوو، مامۆستای پسپۆڕ‌و شاره‌زای که‌م بوو، سه‌رچاوه‌و کتێبی زانستی پێویست و ته‌واوی نه‌بوو، ئیتر ناتونرێت چاوه‌ڕوان بکه‌یت بلیمه‌تێکی لێ ده‌رچێت، ئه‌وه‌ی بۆت فه‌راهه‌م کردوه و پێت داوه، هه‌ر ئه‌وه ئێق ده‌داته‌وه، داهێنان له راهێنانه‌وه دێ.
سه‌رچاوه:
عه‌بدوڵڵا که‌ریم مه‌حمود، دکتۆر کوردۆ عه‌لی دوای 21 ساڵ ئاواره‌یی به تێشووی نوێوه گه‌ڕایه‌وه بۆ باوه‌شی نیشتمان، ژماره 371 ی ئاڵای ئازادی، 2/ 7 / 2000، 10 پووشپه‌ڕ2700ی کوردی، ل6.
- Latest Posts by عەبدوڵا کەریم مەحمود
عەبدوڵا کەریم مەحمود: ئاسۆیەک ئاوا نابێ.!
-عومەر سەیدە: دادگایی‌کردنی تاوانبارێکی ئەنفال، ئەم تاوانبارە بناسن.
-عەبدوڵا کەریم مەحمود: سەرۆک جاشەکان و کەسایەتییە دیارەکان!
- All Posts