دانا مەنمی: هەڵبژاردن و شەرعییەتدان بە تەزویر.
ئەگەر بێی و باسی دێمۆکراسی بکەین مومکین نییە هەڵبژاردن وەک بناخەی دێموکراسی پێناسە نەکەین، دیموکراسیەت لە واتا گشتییەکەیدا مانای حکومەتی خەڵک بۆ خزمەتی خەڵک ، هەلبژاردنیش لە ناو سیستەمی دیموکراسی دا کۆڵەکەی سەرەکی سیستەمەکەیە خەلکیش ئازادە لە خۆکاندیدکردن بۆ هەڵبژاردن و بەشداری سیاسی یان متمانە بە کێ دەدات و کێش هەڵدەبژێرێت، لەناو هەڵبژاردنیشدا چەمکی ئازادی ئینسانەکان ڕەگەزی سەرەکییە، بێ هیچ ئەگەرێک ئازادی بڕیاردان و هەڵبژاردن وەیان هەڵبژاردنی ئازاد بنەمای ئازادی و دیمۆکراسییە، دواجار هەڵبژاردن فۆرمێکە لە فۆڕمەکانی سیستەمی دیموکراسی و هاوڵاتیان لە ڕێگەی دەنگدانەوە بۆچوونی خۆیان لەسەر پرسە سیاسی و چارەسەنووسازەکان دەردەبڕن و یان نوێنەرانی خۆیان بۆ ئەنجومەنی نوێنەران و بەڕێوەبردنی وڵات هەڵدەبژێرن.
چەند رۆژێک پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم، مەسعود بارزانیی سەرۆک و شۆڕەسواری ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی و پارتی و بەرپرسانی کەرکوک کۆدەبێتەوە، ئاسۆ مامەند بە مەسعود بارزانی دەڵێت “ئەگەر ریفراندۆم لە کەرکوک بکەین، ئەگەری هەیە بدۆڕێین.” . مەسعود بارزانی لە وەڵامدا پێیدەڵێت: “بڕۆن تەزویر بکەن.” سەرباری تەزویرێکی زۆر لەریفراندۆم دا لە قەڵەمڕەوی پارتی و لە شاری کەرکوک بەڵام ئەنجامەکەی شکستێکی سیاسی گەورەو پاشەکشەی پێگەی کورد بوو لە ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیدا، ئەوەی مەبەستمە دەربڕینەکەی سەرۆکی پارتی بوو کە تەزویر وەک ئامرازێک بۆ بردنەوە پەنای بۆ دەبات، گەورەترین شەرمەزاری لە هەڵبژاردندا ئەوەیە پەنا بۆ تەزویر ببەیت و بە زەبری هێز خەڵک بترسێنن و بەپارە ویژدانی خەلک بکڕن.
هەموو هەڵبژاردنێک پارتی پێشێلکاری گەورەی تێدا ئەنجام داوە، بەشێک لەو پێشێلکارییانەی کە بە پێی پلان لە پرۆسەی دەنگداندا پارتی پەنای بۆ دەبات بریتی یە؛ لە بڕینەوەی موچەی بندیواری، دابەشکردنی زەوی، بەرزکردنەوەی پلەو پۆستی سیاسی و ئیداری ،دەرهێنانی ناسنامە بۆ کەسانی بیانی، دروستکردنی لیست بە ناوی مردوان، ئاماری ساختە، بەرتیل پێدان و کرینی حیزبە بچوکەکان، دەورگرتنی بنکەکانی دەنگدان بە هێزی چەکدار بۆ ترساندنی هاوڵاتیان، هەرەشەکردن لە دەنگدەر کەناچار بێت لە دەنگدان، پەلاماردان و دەستبەسەرداگرتنی بنکەکانی دەنگدان و دەستکاریکردنی فۆڕمەکانی دەنگدان، ئەمە خاڵی شکستی هێزێکی وەکو پارتییە لە هەڵبژاردن و لە دەنگی خەڵک، ئەگەر نا حیزبێک لە خۆی دڵنیا بێت بۆچی دەترسێت لە پاکی نەزیفی هەڵبژاردن؟!
کاتێک سەرۆکی پارتی شەرعییەت بە تەزویر دەدات زەڕڕەیەک دیموکراسخواز نییە و لەپاڵ ئەم شەرعییەتدانەشدا پەنا بۆ پێشێلکاری تریش دەبات، بۆیە قەت نابی لەو حزبە چاوەڕێبین داهاتوویەکی گەش بۆ کۆمەڵگا دابین بكات و خزمەتکاری خەڵک بێت، ناكرێ چاوەڕێی پیشكەوتن و گەیشتن بە خەونی گەورە لەوانە بكرێ، هیچکاتیش پارتی ڕێگا نادات دیموكراتییەت گەشە بكا و كەسانی بەتوانا و خاوەن عەقڵی گەورەی ئازاد بێنەپێش، هەر ئەو شێوە بیركردنەوە و عەقلییەتە خێڵەکییەیە پاشەکشەیان بە جەماوەر کردووە، لەئێستادا بۆ ئەوەی ئەو فەرهەنگەی پارتی پاشەکشەی پێ بکرێت، هوشیاری و بەشداری خەڵکە لە هەڵبژاردنەکاندا، بایکۆت چارەسەرکردن نییە، بایکۆت کاتێک کاریگەری دەبێت کە پانتاییەکانی فراوان بێت کۆدەنگییەکی نیشتیمانی هیزو لایەنەکانی تری لەپاڵدا بێت، مرۆڤی هوشیارو بەئاگا بونێکە لە پەیوەندیدایە و مرۆڤێکی خاوەن ئاگاییەكی ڕادیكاڵ و ڕەخنەییە بە هەلومەرج و بونیادەكان، بەرهەمهێنەرە و مرۆڤێکی یاخی و دەرچوون و سەركێشیی و تێپەڕاندنە، مرۆڤە نەک ئامێرێکی میکانیکی ڕوت و قوت ئیعازو ئامۆژگاری و ختوكەدانی لە دەست حیزب و تاقم و بنەماڵەی تردا بێت.