زاهیر باهیر: جارێکی تریش دەوڵەتی دیمۆکراتیی، لانکەی ئازادیی، زەمینەی دادوەری کۆمەڵایەتیی، کەوتە لەرزە.
کەیت وڵسن’ ئەو کچەیە [ ئافرەتەکەی ڕیزی پێشەوەیە لە وێنەکەدا] کە ماوەیەکی زۆرە بۆ مافی مرۆڤ بوون و ئازادیی سیاسیی، خۆی لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیا لەم ڕۆژانەدا توانییان کەیسێك کە زیاتر لە دەیەیەکە پێوەی خەریکە و دەستی دەستی پێدەکرێت و حسابی بۆ ناکرێت و دوادەخرێت لە دیمەنێکی پڕ لەشەرمایەزاریی، لە دامەزراوەیەك کە پێیدەوترێت دادگا و دادوەریی، لە نێو کۆمەڵێکدا کە بەناوبانگە بە مەدەنی و ڕێکردنی ئازادیی، توانی کەیسەکەی بباتەوە، پۆلیسی بریتانیش پۆزشی تەواوی بۆ بهێنێتەوە و قەرەبووی ئەم هەموو ماوەیە و ئەم ئازار و سەریەشەشی بۆ بکرێتەوە.
‘کەیت وڵسن’ کچێکی چالاکی بواری ژینگە پارێزی و ژینگە دۆستی، کە لەگەڵ هەزاران کوڕان و کچانی گەنجی دیکەدا بووە کە چەندەها گروپی بەرگری و کەمپەینی گەورەیان بۆ پارێزگاری لە ژینگە، هەر لە هەشتاکانەوە و دواتریش نەوەدەکان و ئێستاش، دروست کردوە و ئەم نەوە داوییەتە دەست ئەو نەوە، بەردەوامبوون .
پۆلیس هەر لە ساڵی 1968 وە تاکو ئەم دواییەش نەك هەر چاودێری گروپەکانی وەکو بەرگری لە لە ژینگە و چەپ و نقابە و پارتی سۆشیالیست وەرکەر و ئەنارکیستەکان و کەسانی سۆشیالیستی ئەکتیڤ کردووە، بەڵکو زیاتر لە 139 کەسیان لە ژن و لە پیاویان، بە ناو و شوناسنامەی ساختەوە چوونەتە یاخود لە نزیکەوە چاودێری زیاد 1200 گروپیان لەو گروپانەی سەرەوە کردووە. ئەم پۆلیسە سیخوڕانە نەك هەر بەشدارییان لەو گروپانەدا کردووە، بەڵکو بۆ باشتر چاودێرییان و نزیکبوونەوە لێیان چەندەها پەیوەندی سێکسیشیان لەگەڵ كچان و کوڕانی ئەو گروپانەدا پەیداکردووە.
لە ساڵی 2003 دا ‘کەیت’ کە لە یەکێك لەو گروپانەدا چالاک بووە، یەکێك لەو پۆلیسانە بۆ نزیکەی دوو ساڵ پەیوەندی سێکسی لەگەڵیدا هەبووە و دواتر سیخوڕەکە لەبەرجاو ونبووە ‘کەیت’-یش نەیزانیوە کە ئەوە سیخوڕ بووە بەسەریانەوە تاکو 2008 کە کەشف بووە، ئیتر لەو کاتەوە ‘کەیت’ لە هەوڵی بەدادگا گەیاندنی ئەم سیخوڕەدا بووە بە هۆی بێ پارەیی و نادارایییەوە نەیتوانیوە پارێزەری بۆ بگرێت، ئیدی خۆی و برادەرەکانی کەیسەکەیان سەروبەر گرتوەو گەیاندویانەتە دادگا.
هەر ‘کەیت’ بە تەنها نەبووە، بەڵکو چەندەها کچی دیکەش ئەم پەیوەندییەیان هەبووە 3 کچیشیان منداڵیشیان لێیان هەبووە و دواتر سیخورەکان بە بیانویەك لە بیانوەکان خۆیان ونکردووە، یەکێك لەو منداڵانە کوڕێکە و تەمەنی 26 ساڵە.
ساڵی پار چەند دانیشتنێکی دادگا بۆ گەلێك لەو کەیسانە کرا کە کەیسەکانیش بە گوێرەی ساڵەکانە و لە کۆتایی هەفتانکانەوە دەستیپێکردووە، کە لە لایەن دادگاوە لە وەختێکەوە بۆ وەختێکی دیکە بینراوە و دەبێنرێت کە هەندێکایان ماونەتەوە بۆ ئەمساڵ.
‘کەیت’ و هاوڕێکانی نەك هەر لە ڕوی سێکسییەوە بەکارهێنراون، بەڵکو نهێنی شەخسی و ئازادیی خۆڕێکخستن و مافی مرۆڤیشیان لێزەوتکراوە بۆیە دوای هەوڵ و کۆششێکی زۆر کە کەیسەکە چووە دادگا و ‘ کەیت’ کەیسەکەی بردەوە.
بردنەوەی کەیسەکە سەرکەوتنێکی دیکەی مرۆڤە بەرز و تێکۆشەرەکانە، کەشفبوونی تاوان و تاوانبارێتی پۆلیس و دامەزراوەکەیانە، دەرکەوتنی ئەرک و وەزیفەی راستەقینەی پۆلیسە لە کۆمەڵێكدا کە بەرگرییکردنە لە دەوڵەت و ئەم سیستەمە و بەردەوامیپێدانی، کە هیچ جۆرە ئازادییەکی سیاسی تێدا نیە ئەوەندەی کە مەترسی لەسەر دەوڵەت و سیستەمەکە دروستبکات.
وێنەکە وەرگیردراوە لە theguardian.com/uk