دانا مەنمی: هەڵبژاردن و زیندوو ڕاگرتنی ویژدان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەرن با لەم هەڵبژاردنەدا ویژدانەکانمان زیندوو راگرین و هەوڵ بدەین لە لوتکەی ئینسانیبووندا بمێنینەوە، بادەنگ نەدەین بەو کەسانەی کە هۆکاری بەدبەختی و ماڵوێرانی و سەرگەردانی خەلکی کوردستانن، با دەنگ نەدەین بە کاندیدی ئەو لایەنانەی کە کەرکوک و شنگالیان بەخاک و خەلکەوە ڕادەستی داعش کرد، بادەنگ نەدەین بە نوێنەری ئەو حیزبانەی کە ئازادی ئینسانەکان لە قاڵب ئەدەن و هیزی مانەوەیان لە تیرۆری ڕۆژنامەنوسان و دەستگیرکردنی چالاکوانەکاندایە، با دەنگ نەدەین بە کاندیدی ئەو حیزبانەی کە چاوساغی تورکن و فەرشی سور بۆ سوپای تورک رادەخەن!
وەرن با ڕۆحمان ئاسودە بکەین و چیتر دەنگ نەدەین بە نوینەری ئەو حیزبانەی کە بانگەشەی کوردستانێکی بەهێز و ئارامی و هەلیکارو موچەی کابانی ماڵیان دەکرد، بادەنگ نەدەین بەو حیزبانەی کە ناتوانن موچەی فەرمانبەران دابین بکەن و قوماریان بە چارەنوسی خەلکەوە دەکرد لە ریفراندۆم دا، بادەنگ نەدەین بەو حیزبانەی کە بانگەشەی ئابوری سەربەخۆیان دەکرد و خەلکی کوردستانیان کرد بە ژێر قەرزی ملیۆنان دۆلارەوە، بادەنگ نەدەین بە بکوژانی “سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامە حەمە و کاوە گەرمیانی و ویداد حوسێن و عبدالستار تاهیر و چەندینی تر، وەرن بادەنگ نەدەین بەو حیزبانەی کە ساڵێکە 81 مرۆڤی ئازادیخواز لە چالاکوان و ڕۆژنامەنوسی پاک و جوانیان بەبێ هیچ بەڵگەیەک زیندانی کردووە، با دەنگ نەدەین بەو حیزبانەی کە ڕیشی مامۆستایانی ئاینی یان دەسوتاندو مامۆستایانی وانەبیژیان شەقباران دەکرد لەشەقامەکاندا، وەرن با دەنگ نەدەین بە قاچاخچییەکانی نەوت و دەرمان ئێکسپایەرو هێلکەو دووگ، با دەنگ نەدەین بەو حیزبانەی کە خەلکیان نانبڕاو کرد خۆشیان خاوەنی مەزرەعەو ڤێلای شاهانەن و شەوڕۆژیان لە شوقەو سیتییەکاندا قومارو شاباش کردن و جەوگۆڕینەوەیە، دەپێم بڵێن چیتر ماوە تا باسی کەم؟!
بەڵێ زۆر ماوە هێشتا کۆمپانیا و تەندەرو درۆی کوردایەتی و زۆریترماوە، ئەم هەویرە ئاوی زۆر دەکێشی و خوێ بۆگەنی کردووە، راستە هەموو هەلبژاردنێک تەزویرکردن سیمای هەڵبژاردنەکانی ناشیرین کردووە، ئەم مۆدێل و فوڕمە داهێنانی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو کە لە دوای ڕاپەڕینەوە پەنای بۆ بردو دواتر یەکێتی بە نەتیجەی هەڵبژاردن ڕازی نەبوو شەڕی ناوخۆ هەلگیرسا، لە دوای پرۆسەی ئازادی عیراق و نەمانی ڕژێمی بەعس پارتی لە هەڵبژاردنەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان هەنگاوی پراکتیکی ناوە بۆ گۆڕینی سندوقەکانی دەنگدان و گۆڕینی کۆد و جیهازی دەنگدان بەجۆرێک کە هەڵبژاردن بووەتە گاڵتەجاری!
ئیستا هەر بەڵین و مژدەیەک بەربژێرەکان دەیدەن نە دێتەدی نەتوانای بەدیهێنانیان هەیە، هیچ هەلبژاردنێک مژدەو بەڵێنی”لایەنەکان!” نەبووەتە کردارو هیچی نەگۆڕیووەو لە خراپەوە خراپتر بووە، وەک ئاشکرایە هەموو هەلبژاردنێک سەنگەر گواستنەوە پەرلەمانتاران لەدوای هەڵبژاردن دەست پێدەکات، لەناو ئەم مۆدێلەدا بیروباوه‌ڕ کراوه‌ته‌ قوربانی و کڕین و فرۆشتن بە پەرلەمانتارانەوە لەپێناو مەرام و پاوانکردنی کایەی سیاسی دەکرێت، پارتی وەک هیزێکی خێڵەکی هەژموونخواز زۆرترین سودی لەم کڕین و فرۆشتنە بینیووەو نایەوێت پارچەیەکی بچوکی کێکەکەیش لە دەستبدات و کەڵکی لە گەندەڵەکانی نێو کایەی سیاسی وەرگرتووەو ئامادەیە وەک حیزبێک بازرگانی بە خەلک و پەرلەمانتارانەوە بکات، ئەم ژینگە سیاسییە زەمینەیەکی لەباری سەنگەر گواستنەوەو بازرگانی سیاسی ڕەخساندووە کە دواجار لەسەر حسابی ماڵ و داهاتی گشتی خۆیان خۆشگوزەران و میللەت لە نائومێدیدا بووە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت