عهبدوڵا کهریم مهحمود: پێڵاوەکانى ڕۆژین.
چەند چەک بەدەستێک، هەموو گۆشەیەکى شەقامەکەیان تەنى بوو. لەم سەرو ئەوسەرى فولکەکەدا وەستابوون. هەر ئۆتۆمۆبیلێک ئەهات نەفەرەکانیان دائەبەزاند، یەک بە یەک دەیان پشکنى ئێوارە. لەکار ئەگەڕایەوە بەرەو ماڵەوە، دەستیان کرد بە پشکنینى. پێناسەکەى بەدەست ئەفسەرەکەوە بوو. ئەم دیوو، ئەو دییوى ئەکرد. ئەو کەسەى دەیپشکنى:
- گەورەم هیچى پێ نییە. تەنیا جووتێک پێڵاو نەبێت!
- جوان بیگەرێ
ئەو ئێوارەیە.. ئەم و چوار کەسى تریان دەسگیر کرد.. بەچاو بەستراوى بەرەو ئەو ژوورانەى دیدەنى سەدان و هەزاران کەسى ترى کردبوو.
کە ئیفادەیان لێ وەرگرت، تەنیا جووتێک پێڵاوى پێ بوو.. ئەو پرسیارانەى لەگوێدا دەزرنگایەوە کە دەربارەى ئەبوون
- بۆ کێت کڕیووە؟
- بۆکچەکەم.
- چەند مناڵت هەیە؟
- تەنیا ئەو مناڵە.
- تا ئەو کاتەى تووشى زیندان نەهاتبوو، گیانى ماندوو بوو. تا ئێوارە ئارەق بەناوچەوانى دا دەهاتە خوارێ. بەڵام ئاشناى گورزى قورسى کێبل نەبوو. مێشکى لەمناڵی یەوە دوو چارى کڵافەیەک ئازارو مەینەتى هاتبوو. بەڵام فێرى شەق و تێهەڵدان و دارو ئاسن پیادان نەبوو. نینۆکەکانى شین هەڵگەڕابوو، پەڵەى بۆیەو چەورى پێدا لکابوو.. بەڵام فێرى دەرهێنان نەبوو. بۆ یەکەمجار دوو چارى ئەم بارە نالەبارە هات. ئەشکەنجە ئەوەندە تینى بۆ هێنا تا لەهۆش خۆى چوو.
کچەکەى ماوەى هەفتەیەک دەبوو ووڕکى لێ گرتبوو. هەموو ئێوارەیەک دەهات بەپیریەوە..
- بابە گیان پێڵاوت بۆ کڕیم؟
- گیانى بابە، سبەینى بۆت دەکڕم. پەلە مەکە. هەر ڕۆژە بیانوویەکى بۆ دەهێنایەوە. بەلام ئەمجارەیان هەر لەبەیانیەوە لەخولیاى ئەوەدا بوو بۆى بکرێت. بیرى لەوە دەکردەوە ئەم ئێوارە وەک ئێوارەیەکى تر دێت بەپیرییەوە.
- ڕۆژین گیان پێڵاوم بۆ هێناویت.
ڕۆژین دەست دەکاتە ملى.. ئەم لاو ئەو لاى ماچ دەکات.. دەست دەکات بەقسە خۆشەکانی ئەوەندە دەیڵێت و دەیڵێتەوە.. خۆى و ژنەکەى دەخاتە قاقاى پێکەنینێکى پڕ لە خۆشەویستى و هیوا.
چلەى هاوین بوو لەهۆڵێک دا، ژمارەیان خۆى لە 119 بەندى ئەدا.. لەوانە دوو سال شێت بوون.. نەخۆشى پێست وگۆج وئیفلیج بوون و مردن، هەڕەشەى لە هەموویان دەکرد.. لەبەردەم دەرگاکەدا چوار تەنەکەى سەر بەتال دانرابوو. پیساییان تێ دەکرد. دەبوایە هەر ڕۆژەى یەکێکیان لە دەرەوەى هۆڵەکە بیڕژن. ئەشکەنجە زۆربەى گیراوەکانى تاسان بوو. بى هیوایى لەروویاندا دەبینرا. ئازارى نینۆکە هەڵکەنراوەکانى فشارى بۆ هێنابوو. شەوى ڕابردوو زیاتر لە هەر شەوێک ئازاریان دا. مێشکى کاس بوو.. تاس بردییەوە. چووە باوەشى زنجیرە خەوێکى پچر پچڕەوە. لەخەونەکەدا لە دەرگاى ماڵەوەىدا. ژنەکەى دەرگاى لێ کردەوە. زەردەخەنە لەسەر لێوى. هەردووکیان پشکوتوبوو. چاوى گێڕا، ڕۆژین دەستى بەدامێنى کراسەکەى دایکییەوە گرتبوو!
ویستى بڵێ
- پێڵاوم بۆ ڕۆژین کڕیوە ئەوە چەند مانگە، بەڵام گیرابووم، مەگەر نەتان زانى بوو؟..!!
هەرچەندى ئەکرد دەنگى دەرنەدەهات زیاتر تینى دایە خۆى. هەنگاوەکى لەدواى نەدەهاتن. ویستى رۆژین لەباوەشى بگرێ. روومەتە گەشەکانى ماچ بکات. پرچە زێرینەکەى لەسەر دەم و چاوى لا بدات. یەکێک لەدواوە گرتى. ئاورى لێ دایەوە کەللە سەرێکى زل. کەتەیەکى رەش تاڵە. ئەوەى شەوى رابردوو ئەشکەنجەى دابوو. دەستەکانى درێژ کردو نینۆکەکانى لەقورگى گیر کرد.. تینى دایە پەنجەکانى و ویستى بیخنکێنێ. هاوارى کرد. هاوارەکەى زیاتر پر بە هۆڵەکە دەنگى دایەوە، لەو خەوە بەخەبەر هات. دووبارە هاتەوە دنیا تایبەتییەکەى.
هێشتا بیرى لە خەونەکەى دەکردەوە. حەزى دەکرد ئەم جارەش چاوەکانى بچنەوە خەو. چاوە شینەکانى رۆژین ببینێتەوە. لە باوەشى ئەو خەیاڵەدا بوو، پاسەوانێک خۆى کرد بەژوورا.
- هەستە نۆرەى تۆیە.. هۆڵەکە خاوێن بکەرەوە.. هەستایە سەرپێ. بەرەو دەرگاکە جووڵا. چاوێکى گێڕا بەتەنەکە لێوان لێوە پرەکان دا. تەنەکەى یەکەمى نایە سەر شانى. پیسایى لە لێوارى تەنەکەکەوە دەهاتە خوارێ، ئازاى گیانى سواخ دا.. هەر بەو جۆرەش، دووەم و سێیەم و چوارەم.. هەر بەو بەرگە سواخ دراوەوە خۆى کرد بەژوورا!!
ژمارەیان پانزە کەس بوو کە هاتنە ئەم ژوورە تایبەتییەوە. ئەم لەوان زیاتر گومانى ئەکرد. رووى کردە هاوڕێکەى
- من هیچ ئومێدێکم بە ئازاد بوون نییە. بەڵام تۆ هێشتا هیوا بڕاو نەبووى. گەر رۆژێ لە رۆژان ئازاد بووى. بەرۆژین بڵێ:
- بابە پێڵاوەکانى بۆ کڕیت، بەڵام فریاى گەڕانەوە نەکەوتم.
هێشتا قسەکانى تەواو نەکردبوو، بەو نیوە شەوە، چەند کەسێک هاتن، پێش خۆیان دا، لە ساڵۆنێکى درێژو تەنگى پێچاو پێچەوە ئاودیووى ژوورێک کرا.. چەند پەتێکى تیا هەڵخرابوو، چاوەڕوانى ئەوەیان لێ کرد گیانى سست بێت. زمانى لە گۆ بکەوێت. قاچەکانى زیاتر بەتین تر بوو. چاوەکانى گەش و پر لە چاوەڕوانى بوو.. چووە بەردەم پەتەکەوە وتى:
- مەوداى ئەوەتان نەدام، پێڵاوەکان بگەیەنمە کچەکەم.. ئەو پێڵاوانەى زۆر لە ئێوە بەنرختر بوون.