ژیلوان: خه‌ونێك جایز نییه بۆ بینین.
هه‌رگیز له‌وباوه‌ڕه‌دا نه‌بووم ڕۆژێك دابێت به‌و ئاسانییه ئاگاداری ورد و درشتی بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤبن، جا خوازیا هه‌ر ئه‌وه بوایه، وه‌ره كار بگاته ئه‌وه‌ی یه‌ك تۆزقاڵ و بێهیچ ئه‌رك كێشانێك ئاگاداری ئه‌و خهونهشبن كه ده‌یبینی.
سه‌یره لاتان؟
باوه‌ڕبكه‌ن وایه، ئه‌زانن بۆچی؟ چونكه من كه بۆتان ئه‌نووسم هێشتاكه لێره نیم، چه‌ند ساڵێكی دی دێمه دنیا، باوكم هێشتا هه‌ر ژنیشی نه‌هێناوه.
دایكیشم هێشتا له قوتابخانه‌یه، درۆم نه‌كردبێ سێ ساڵ و نیوی تر له‌گه‌ڵ باوكم هاوسه‌رگیری ئه‌كه‌ن ئه‌گه‌ر گرفتێك نه‌یه‌ته‌ڕێ. چونكه هه‌تیوێكی زۆر بێ‌ئابڕوو هه‌یه، دراوسێی ماڵی دایكمه، زۆر دژایه‌تی باوكم ئه‌كا، ئه‌زانێت باوكم دڵی به دایكمهوهیه، دایمودهرهم خه‌ریكی فیتنه نانه‌وه‌یه، جا ئه‌گه‌ر پلانه‌كه‌ی بچێته‌سه‌ر، ئه‌وه من فت، حیكایهتهكهش ئێوه خۆش.
ئێستا ئه‌وه گرنگ نییه، با بچمه‌وه ناوباسهكهی سه‌ره‌تا.
من ئێستاكه كارمه‌ندم له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئافراندنه‌وه‌ی ئاو، فه‌رمانگه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی دامركاندنه‌وه‌ی ته‌پوتۆز له‌یه‌ك باڵهخانهداین. ڕێنماییه‌كانی هه‌ردوو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی تاڕاده‌یه‌ك وه‌ك یه‌ك وایه.
بۆ نموونه: كۆبوونه‌وه نابێت له‌یه‌ك كه‌س زیاتر بێت، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ش مه‌رجداره، مه‌رجه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه كه ئه‌گه‌ر هاتوو به خه‌یاڵ له‌گه‌ڵ كه‌سێكدا كۆبوویتهوه، نابێت له‌پانزه خولهك تێپه‌ڕبكات، له ماوه‌ی بیست و چوار كاتژمێردا، ئه‌گه‌ریش خوازیاربیت زیاتر كۆبیته‌وه، ده‌كرێت بۆ ڕۆژی داهاتوو له‌گه‌ڵی كۆبیته‌وه بۆ ماوه‌ی پانزه خوله‌كی دی. ده‌شكرێت كۆبوونه‌وه‌كه دابه‌ش بكه‌یته دووبه‌ش، به‌مه‌رجێ كۆی ههردووكاتهكه، له‌پانزه خولهك تێپه‌ڕ نه‌كات.
یه‌كێكی تر له‌ڕێنماییه‌كان ئه‌وه‌یه‌كه، ڕۆژانه ته‌نها ده‌توانیت سێ كه‌سی جیاواز ببینیت هاو ڕه‌گه‌زی خۆت و هه‌ر یه‌كه‌شیان به‌جیا له جێگه‌یه‌كی جیاوازی خه‌یاڵی پێشوودا. خۆ ئه‌گه‌ر ڕه‌گه‌زی به‌رامبه‌ر بێت و له‌كاتی كاری فه‌رمانگه‌دا بێت، ئه‌وا سزا ده‌درێیت. كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ڕه‌گه‌زی به‌رامبه‌ردا، ده‌بێت له ده خولهك تێپه‌ڕنه‌كات و له‌دوای ته‌واوبوونی كاری فهرمانگهبێت، ئه‌وه‌شیان به‌هه‌مان شێوه مه‌رجداره و ده‌بێت كاته‌كه‌ی پێش چوونه ناو جێگه‌ی خه‌وتن بێت. خۆ ئه‌گه‌ر خوانه‌كرده بگیرێیت به خه‌یاڵێكی وه‌هاوه و له‌ناو جێگه‌ی خه‌ودا، دوورنیه گه‌ردنی خهیاڵكردوو بگه‌یه‌نێته په‌تی سێداره.
جامن یه‌كێكم له فه‌رمانبه‌ره پهیڕهوكارهكان، هیچ جۆره لادانێكی ئه‌وتۆشم نییه له ڕێنماییه‌كان له‌ماوه‌ی سی ساڵی ڕه‌به‌قی كارمهندێتیمدا، ته‌نها چه‌ند ئاگاداركرنهوهیهكی لاوه‌كی نه‌بێت، ئه‌وانه‌ش هیچیان كه‌موكورتی خۆم نه‌بووه.
جارێكیان به‌هۆی خوێڕیهكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ی خۆمانه‌وه بوو، خواگرتووه من و دووكه‌سی تری فه‌رمانگه‌كه‌مان و خۆشی خنیبووه یه‌ك خه‌یاڵه‌وه و بۆ ماوه‌ی نیو سه‌عات، ئه‌وه‌بوو من و هه‌ردوو كارمه‌نده‌كه‌ی تریش زۆر به توندی سه‌رزه‌نشت كراین و ئه‌و مل شكاوهش كه‌س نه‌یزانی دوای ئه‌وه چی لێبه‌سه‌رهاتووه و به‌ره‌وكوێ برا.
جارێكی تریشیان به‌هۆی كچهتیوێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی دامركاندنهوی ته‌پوتۆزه‌وه بوو، به‌ره‌ڵایه به خه‌یاڵ پهلمی ڕاكێشابووه ناو جێگه‌ی خه‌وه‌كه‌ی خۆیه‌وه، خوا ڕه‌حمی كردبوو هه‌ر زوو ده‌زگای بنه‌بڕكردنی له ڕێچكهلادان گه‌شتبوونه سه‌ری، منیان له‌ده‌ستی قوتار كردبوو، ئه‌گینا منیش وه‌ك خۆی سزای قورسم به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرا، ئه‌ویان نارده سه‌ر كورسی ههڵتهكاندن هه‌تا مردن، منیش سزا درام به‌وه‌ی كه بۆ ماوه‌ی دوو شه‌و نه‌خه‌وتن و له‌سه‌ر یه‌ك پا ڕاوه‌ستان تا به‌یانی.
هه‌موو ئه‌وماوه‌ی خزمهتگوزارییهم تێپهڕكردبوو بێ ته‌نگوچه‌ڵه‌مه، ئه‌وه‌نده‌ی نه‌مابوو خانه‌نشین بكرێم، شتێكی نوێ هاته كایه‌وه، ئه‌ویش ئامێری سه‌ردانی خه‌وی كارمهندانبوو، له‌وه‌زاره‌ته‌وه فه‌رمان ده‌رچووبوو كه فه‌رمانبه‌ران خه‌ونه‌كانیان جڵه‌وگیر بكرێت و ده‌ست به‌سه‌ر هه‌موو ئهوخهوانهشدا بگیرێت كه له‌یاسا ده‌رده‌چن و یاساغن، چونكه به‌م دواییانه ڕوون ببوه‌وه بۆ وه‌زاره‌ت، كه هه‌ندێ له كارمه‌ندان خه‌وی قاچاغ ده‌بینن، و بۆی هه‌یه ڕه‌نگ دانه‌وه‌ی خراپی هه‌بێت له‌سه‌ر هزروهۆشی كۆمه‌ڵگا.
من له بڕیاره‌كه هیچ نیگه‌ران نه‌بووم، چونكه به‌سایه‌ی خواوه هیچ خه‌ونێكی ئه‌وتۆم نه‌بوو كه‌ترس بخاته دڵمه‌وه. لێشی به‌زیاد بێت شه‌وانه كه ده‌چوومه سه‌ر جێگا هه‌رچی خه‌ونێك بێت من نه‌مده‌بینی. هه‌رزۆر بشمدیبایه ئه‌وپه‌ڕه‌كه‌ی خۆم به ته‌نها له باخه گشتییه‌كه‌ی پشتی ماڵی خۆمانه‌وه پیاسه‌یه‌كم ده‌كرد، یاخود له‌سه‌ر كورسی كه‌ناری باخه‌كه ئایسكرێمێكم بخواردایه.
یه‌كه‌م ڕۆژ بوو ئه‌وبڕیاره كه‌وته بواری جێبه‌جێ كردنه‌وه، شه‌وه‌كه‌ی بۆ نه‌گبه‌تی من تۆزێك دره‌نگ خه‌وم پیاكهوت، هه‌رئه‌وه‌نده‌ش چوومه خه‌وه‌وه، كابرایه‌كی سه‌روچاو هه‌ڵپێچراو له‌هه‌مان باخه‌كه‌ی پشت ماڵی خۆمانه‌وه به‌ره‌وڕووم هات، كاتێك گه‌شته ئاستم سڵاوێكی كرد‌و وتی (زانیوته كاتی هاتووه؟ ده‌بێت چیتر خه‌ون نه‌بێت ببێته ڕاستی). یه‌ك وشه چیه له وته‌كانی حاڵی نه‌بووم.
وتم- جا ئه‌مه‌ی تۆ ئه‌یڵێی بهمن چی؟ دوای ئه‌وه جه‌نابتان كێن؟
وتی- ( له‌كاتی خۆیدا پێم ئاشنا ئه‌بیت، به‌ڵام جارێ ئاماده‌به و چاوه‌ڕوانی ئاگادار كردنهوهبه)
یه‌ك ده‌فعه ئه‌و تێپه‌ڕی كرد لێم، شڵپه‌ی زللله و گرمه‌ی شه‌ق له‌هه‌ر چوار ئازای ئهنداممهوه به‌رز بۆوه.
به حه‌وت زرته بۆز كه‌وتبوونه گیانم، چی لێهات؟ بۆ كوێ چوو؟ قسه‌بكه بێقیمه‌تی ناپاك؟ كوا ئه‌و بهوفهساڵه له‌كوێوه ده‌ربازبوو؟ نه‌ڕه نهڕو هاواریان بوو. ئه‌وه‌نه‌یان شه‌ق تێهه‌ڵدام و كوتایانم، گه‌ر بیجامه‌كه‌ی به‌رم له‌به‌ر میز شه‌ڵته‌ی نه‌هاتایه و هه‌ستم به گه‌رمی ناوگه‌ڵم نه‌كردایه هه‌ر وهمئهزانی هێشتا له خهوبینیندام.
ئنجا تێگه‌یشتم كه به‌خه‌به‌ر هاتووم و ئه‌و گلاراوانه ئاگاداری كهینوبهینهكه بوون و خهونهكهمیان چاودێری كردووه.
نه‌یانهێشت ته‌نانه‌ت شڵپێ ئاویش بده‌م به ده‌موچاوما، هه‌ر به ڕیپۆقهكهی چاومه‌وه به‌ره‌و ده‌زگای ئاشته‌وایی و ته‌بایی ڕاپێچكرام.
هه‌تا ئێواره هه‌رچی جۆری سوكایه‌تی و كۆكتێلی شه‌قی جیاوازه له‌گه‌ڵم تاقیان كرده‌وه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی بینیبووم ده‌قاوده‌ق پێم ڕاگه‌یاندن، سوور ئه‌شمزانی له‌من باشتر ئاگاداری چركه به چركه‌ی خه‌ونه‌كه‌م بوون، به‌ڵام ئه‌وان مه‌به‌ستیان بوو بزانن ئه‌و كه‌سه سه‌روچاو هه‌ڵپێچراوه كێبووه.
به‌هه‌رحاڵ ئه‌و ڕۆژه ده‌مه‌وئێواره مه‌ره‌خه‌س كرام، ئه‌وه‌نده له‌شم داهێزرابوو له جێگه‌ی شه‌ق و دار، هه‌ر كه گه‌یشتمه ماڵه‌وه یه‌كه‌وڕاست خۆم خزانه ناو جێگا.
تاكو سێ شه‌ویش دوای ئه‌وه جگه له ئازاری گشت گیانم، هیچ گرفتی خه‌وبینینم نه‌بوو، تابه‌یانی وه‌ك ئاشی ئاوكه‌وتوو دائهمركامهوه و كه به‌خه‌به‌ریش ئه‌هاتم وامئه‌زانی یه‌ك چركه له‌وه‌وپێش چاوم لێكناوه.
شه‌وی چواره‌م دوای ئه‌وه‌ی له‌كار گه‌ڕابوومه‌وه و نانێكی كه‌مم خواردبوو، هه‌ستم كرد ئازاره‌كانی جه‌سته‌م ته‌واو ڕه‌ویوه‌ته‌وه، زۆر ئاسووده خۆم خزانه ژێر لێفهكهمهوه و هه‌ر بڵێی یه‌كودوو، خه‌وم پیاكهوت.
له‌هه‌مان باخه كاولبووهكهی پشت ماڵی خۆمان خۆم بینیه‌وه، له‌ژێر دارێك دانیشتبووم، ههرمێیهكم به‌ده‌سته‌وه بوو، هێشتا یه‌ك گازم لێخواردبوو، باخه‌وانه‌كه له‌پشتمه‌وه لێم نزیك بووه‌وه، بێئه‌وه‌ی بیهێڵێت ڕووخساری ببینم ده‌ستێكی خسته سه‌ر شانم و وتی (خۆ بیرت نه‌چۆته‌وه چیم عهرزكردی ئه‌و شه‌وه؟ خۆت حازركه).
فریا نه‌كه‌وتم پرسیارێكی لێبكه‌م تۆ كێیت و چۆن بتناسمه‌وه، هه‌رمێكه‌ی ده‌ستم په‌ڕی و سه‌ره‌وخوار گلۆر بۆوه، دیسان له شڵپه‌ی زللله و زرمه‌ی شه‌ق به‌خه‌به‌ر هاتمه‌وه. ئه‌مجاره‌یان ئه‌وه‌ی باشبوو یه‌كسه‌ر زانیم شهقهكان په‌ره‌گرافێك نییه له خه‌وه‌كه، بۆیه توند خۆم ڕاگرت و میزم نه‌كرد به‌خۆما.
بۆ هه‌مان شوێن برامه‌وه دیسان، گه‌لێك زیاتریان پێ‌كردم، ئه‌و جێگه‌یه‌ی له‌جه‌سته‌م شه‌قی به‌رنه‌كه‌وتبوو به‌غیلی به‌و جێگه‌یه ئه‌برد كه نه‌جاتی بووبوو له تێهه‌ڵدان و پێی ڕاهاتبوو.
زۆرم هاواركرد و پاڕامه‌وه كه بۆچی تۆزێك فرسه‌تتان نه‌دام تا پرسیارێكی لێبكه‌م و شتێكی لێههڵكڕێنم ، به‌ڵام هیچ دادی نه‌دام پاساوهكانم، چونكه تاوانه‌كه‌م زۆر له‌وه گه‌وره‌تربوو كه له ئاستی عه‌قڵ و تێگه‌یشتنی مندا بێت. ڕاستیشیان ده‌كرد، چۆن ده‌كرا ئه‌و جورئه‌ته بكه‌م و ماوه بده‌م به‌خۆم خه‌وێكی وه‌ها ناڕه‌وا ببینم!
هه‌ستم كرد شوێنی لێكۆڵینه‌وه و ده‌ستبه‌سه‌را گرتنه‌كه زۆر له‌وه فراوانتره كه‌من مه‌زه‌نه‌م ده‌كرد، له دوور و نزیكه‌وه و له ژووره‌كانی تره‌وه هاوار و زه‌نا دنیانی داگرتبوو، وادیاربوو هه‌رمن نه‌بووم، كه‌سانێكی زۆری تریش هه‌مان خه‌ویان دیبوو و هه‌مان كه‌سیش هانی گشتیانی دابوو.
ئه‌وجاره‌شیان مه‌ره‌خه‌س كرام، به‌ڵام به‌ڵێن نامه‌یه‌كیان پێواژۆ كردم، ده‌قه‌كه‌ی وابوو كه ئه‌گه‌ر: خه‌وێكی وه‌ها شێواز ببینم بۆ جارێكی تر، ئه‌وا ده‌بێت یه‌ك له دوو سزا هه‌ڵبژێرم.
یه‌كه‌میان/ كه نابێت به هیچ جۆرێك ئیتر بخه‌وم.
وه‌یاخود دووه‌م/ سزا هه‌ڵبژێرم كه ئه‌ویش كهللله سه‌رم بخرێته ژێر نهشتهرگهریوه و سویچی ئۆن و ئۆفی بۆ دانێن، به‌جۆرێك كاتێك داگیرساوه ته‌نها به‌شی كاری ڕۆژانه‌ی فه‌رمانگه كار بكات و له‌دوای ته‌واو بوونی كاری فه‌رمانگه به‌شی ئه‌وه‌نده كاربكات تا ده‌مگه‌یه‌نێته ماڵه‌وه و بۆ ڕۆژی دوایی دهمهێنێتهوه بۆ فه‌رمانگه. سویچهكهش ده‌خرێته ژێر فه‌رمانی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیه‌وه.
چارم نه‌بوو له‌ئاست هه‌ڵبژاردنی سزاكاندا، دووه‌میانم هه‌ڵبژارد و به‌ڵێن نامه‌كه‌م واژۆ كرد و لێم‌دا چوومه‌وه ماڵه‌وه. دوای ئه‌وه دووشه‌وی خایان، خۆم له‌ناو خه‌وێكی نه‌گریسی دوور و درێژدا بینیه‌وه، جاده و شه‌قامم دابوه‌به‌ر به‌ڕاكردن و هه‌ڵهاتن، شوێنێك و سوچێك نه‌مابوو له كوچه و كۆڵانی شار له‌مسه‌ر بۆ ئه‌وسه‌ری ڕامنهكردبێ. ئه‌ویش ڕاكردن له‌چی؟ له‌ده‌ست ئه‌و به‌ڵایه دیسانه‌وه، خۆی لێههڵپێچابوو ڕایئه‌كرد به شوێنما كوناوكون.
به‌ڵام من چونكه باش ئه‌مزانی عاقیبه‌ت چییه، وه‌ك به‌رزه‌كی بانان ههڵئههاتم، له‌دوای فهلاكهتێكی زۆر خوا كردی له‌سه‌ری دووڕێیانهی كۆڵانێكدا له‌خۆمم ههڵهكرد. ئه‌وه‌نده شه‌كه‌ت و داڕماوبووم ههناسهبڕكهم پێكه‌وتبوو (ئه‌شمزانی ئیتر ده‌مه‌وبه‌یانه و ئه‌وه‌نه‌شی نه‌ماوه خه‌به‌رم بێته‌وه) دڵێكم به‌وه خۆش بوو، خۆم كرد به مزگه‌وتێكدا و وتم به‌ڵكه هه‌تا به‌خه‌به‌ر دێم خۆم له پهنایهكا حه‌شار بده‌م به‌ڵكه ئه‌م نه‌گبه‌تییه به‌رم بات و له كۆڵم بێته‌وه، هه‌ستم كرد دیسانه‌وه میزێكی زۆرم دێ، كاتی نوێژی نیوه‌ڕۆ بوو، پێشاوهكان به‌ر نه‌ده‌كه‌وتن و مزگه‌وتیش سیخناخ بوو، له پێش ده‌رگایه‌ك ڕاوه‌ستام و چاوه‌ڕوانم كرد تا سه‌ره‌م به‌ركه‌وێ.
ئه‌ونده‌م زانی كاكی سهروپۆتهڵاك هه‌ڵبه‌ستراو هاته ده‌ره‌وه و به ده‌م گرێدانی بهنهخوێنهكهیهوه دای به لامدا و وتی (سبه‌ی شه‌و كاتی ده‌ست به‌كاربوونه) یه‌ك له‌قه له گازه‌ره‌ی پشتم درا، ئه‌و دووسێ هه‌نگاوه‌ی پێویستبوو بۆ ناو ئاوده‌سته‌كه من به ئاسمانه‌وه بڕیم، ڕێكاوڕێك سه‌ره‌وخوار بۆناو چاڵهگووهكه ڕه‌وانه كرام.
سویچهكهش لای به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیه، نازانم چۆن بۆتان باسبكه‌م دوای ئه‌وه چی ڕویدا.