بورهان شێخ ڕەئوف‌: دەر و دراوسێ، مانۆڕەكانی ئێران لەسەر سنووری ئازەربایجان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مانۆڕی سەربازیی هێزە چەكدارەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە چەند رۆژی ڕابردوودا مانا و مەدلوول و لێكدانەوەی جیاواز هەڵدەگرێت، بەتایبەتی كاتی بەڕێوەچوونی مانۆڕەكە و قەوارەی ئەو هێزانەی بەشدارییان تێدا كردووە، جگە لە سروشتی ئەو دەڤەرەی كە مانۆڕەكەی تێدا بەڕێوەچووە، بەتایبەتی هەندێك لە چاودێران لەو باوەڕەدان كە لە 30 ساڵی رابردوودا مانۆڕی وا نەكراوە.
مەبەستی ئێران لەو مانۆڕە، زیاتر بۆ پیشاندانی وزە و تواناكانی خۆیەتی بەرامبەر ئازەربایجان كە لەماوەی رابردوودا جۆرێك لە ئاڵۆزیی بەخۆیەوە بینیووە. لەلایەكی تریشەوە مەترسیی ئێرانە لە بوونی هێزی ئیسرائیل و جموجۆڵەكانی لەو وڵاتە.
لەلایەكی دیکەشەوە لە دوای كزبوونی هیوا بە پێشكەوتنی گفتوگۆكانی ئێران و وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا سەبارەت بە دۆسێی ئەتۆمی ئێران، لە هەمان كاتدا پەیامێك و هۆشداریشە بۆ توركیا لەدوای ئەوەی هەستیان كرد كە هەژموون و دەسەڵاتی توركیا لە وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست لە زیادبووندایە، بەتایبەتی هاوپەیمانیی سەربازیی و هەواڵگریی نێوان ئەنقەرە و باكۆ.

مانۆڕی فەتحی خەیبەر
سەرەتای ئەم مانگە، سوپای ئێران مانۆڕێكی سەربازیی فراوانی لە سنوورەكانی باكوور و خۆرئاوای وڵاتەكە دەستپێكرد بە دیاریكراوی لەسەر سنووری ئازەربایجان، بە ئامادەبوونی فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای ئێران (سەرهەنگ كیومەرس حەیدەری) و سوپاسالاری گشتی هێزە چەكدارەكانی ئێران. لەم مانۆڕەدا كە ناوی ( فاتحولخەیبەری) لێنرابوو، هەموو بەشە جیاكانی سوپای ئێران بە هێزی زەمینی و ئاسمانی و وزریپۆش و تۆپخانە و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و سیستمی جەنگی ئەلیكترۆنی، هەروەها لیوای فریاكەوتنی خێرا و ئۆپەراسیۆنی دابەزین لە ئاسمانەوە بە بەشداریی فڕۆكەی كۆپتەر بە هێزی ئاگر. لەوبارەیەشەوە فەرماندەی زەمینی سوپای ئێران وتی: «مەبەست لەم مانۆڕانە پیشاندانی ئامادەیی توانای هێزەكانمانە لەم ناوچەیەدا».

هۆكارەكانی پشت ئەم مانۆڕە
1- دوای ئەوەی دوو شۆفێری ئێرانی لەلایەن باكۆوە دەستگیركران، هەروەها دوای سەپاندنی باج بەسەر ئەو بارهەڵگرانەی كە سووتەمەنی و شمەك دەگوێزنەوە بۆ هەندێك لە ناوچەكانی كەرەباخ لە ئەرمینیا لەلایەن حكومەتی باكۆوە، بەڵام پێناچێت ئەم هۆكارانە بەتەنها پاڵنەر بێت بۆ ئەم هەڵكشانی ناكۆكیانە، تەنانەت رۆژنامەنووسێكی نزیك لە سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندووە ئەگەر جەنگ رووبدات لە نێوان ئێران و ئازەربایجاندا، ئەوا ئێران دەتوانێت لە یەك كاتدا هەزار مووشەكی بالیستی ئاڕاستەی هەزار ئامانجی بنەڕەتی و ستراتیژی بکات لەناو ئازەربایجاندا و پێویست بە بەكارهێنانی فیشەك و چەكی تر ناكات و لەیەك رۆژدا یەكلایی دەبێتەوە.
بەڵام ناكۆكییەكانی ئەو دوو وڵاتە هەر ئەو دوو رووداوە نین كە لەسەرەوە ئاماژەمان پێداوە، بەڵكو رەگ و ریشەی قووڵتری هەیە، ئەویش ئەو هاوپەیمانی و هاوبەشییە سەربازییەی نێوان باكۆ و ئەنقەرەیە كە لەهەڵكشاندایە و مایەی نیگەرانیی زۆری تارانە، لە هەمانكاتدا هاوپەیمانی و پەیوەندیی دۆستانەی تەلئەبیب و باكۆ، هەروەها مەترسیی ئێران لە توركیا و ئازەربایجان لە هاندانی گیان و سۆزی نەتەوایەتی ئازەرییەكانی ئێران كە نزیكەی 15 تا 20 ملیۆن كەس دەبن كە لە ژمارەی دانیشتووانی ئازەربایجان زیاترن، بۆئەوەی داوای مافە نەتەوەییەكانی خۆیان بكەن.
2- ترسی جێگیر بوونی ئیسرائیل لە باكووری ئێران: پەیوەندییە ئاڵۆزەكانی تاران و تەلئەبیب هۆكارێكی تری مانۆڕەكانی سوپای ئێرانە بەتایبەتی كە ئیسرائیلییەكان لە ئازەربایجانن و باس لەوە دەكرێت كە فڕۆكەی F35 ی ئیسرائیلی لە باكۆ جێگیركراون و چاودێریی ئێران دەكەن.
3- هۆشداری دان بە توركیا: هۆكار و پاڵنەرێكی دیکەی ئەم مانۆڕە بۆ توركیایە، هەرچەندە ئەنقەرە و تاران لە هەندێك دۆسێدا هاوڕاو هاوكارن، بەڵام لە زۆر بابەتی تردا ناكۆكن، بە تایبەتی دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان و كۆنترۆڵكردنی ئەو وڵاتە لەلایەن تالیبانەوە كە خاوەنی پەیوەندییەكی باشە لەگەڵ توركیا و پاكستان و قەتەر، ئێران ترسی لە پاشەكشەی هەژموونی خۆی هەیە لە ئاسیای ناوەڕاست بە قازانجی توركیا.
لەكۆتاییدا سەرۆكی ئازەربایجان مەترسیی خۆی نەشاردەوە لە كات و شوێنی ئەم مانۆڕە گەورەیەی ئێران، لە بەرامبەریشدا توركیا رایگەیاندووە كە بەنیازە لە داهاتوویەكی نزیكدا مانۆڕێكی سەربازی لە ئازەربایجان و لە نزیك سنوورەكانی ئێران بەڕێوەببات، ئەمەش ئاماژەی ئەوەن كە ئەم ناوچەیە بەرەوڕووی ئاڵۆزی زیاتر دەبێتەوە.
https://knwe.org/?p=128874

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت