نەوزادى موهەندیس: مرۆڤ هۆکارێک بۆ لەناوبردنى ئاوەدانى گۆى زەوى و شارستانێتى مرۆڤایەتى! بەشى دووهەم.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
لەم بەشەدا باس لە دوو هۆکارى دەستکردى ترى مرۆڤ دەکەین کە بونەتە هۆى لەناوبردنى ئاوەدانى گۆى زەوى و شارستانێتى مرۆڤایەتیش، کە بریتین لە دیاردەکانى برسێتى و هەژارى، کە هەردووکیان لە ئەنجامى چاوچنۆکى مرۆڤ و خۆپەرستى و بەرژەوەندخوازیەوە سەریانهەڵداوە و تەواوى گۆى زەوى گرتۆتەوە و بە ملیۆنان مرۆڤ بەدەست هەژارى و برسێتیەوە دەناڵێنن و ساڵانە لەناودەچن.
1. دیاردەى برسێتى:
پێناسە: بریتیە لە کەمبوون یان نەبوونى خۆراک لەسەر ئاستێکى فراوان. و بەپێى پێوەرەکانى نەتەوە یەکگرتوەکان لە 3 حاڵەتدا برسێتى دەناسرێت:
• کاتێک بەلانى کەمەوە 20% لە خێزانەکان لە ناوچەیەکدا ڕووبەڕووى توندى نەبوونى خۆراک دەبنەوە.
• لەکاتى بڵاوبونەوەى بەدخۆراکى توند لەناو منداڵاندا کە ڕێژەکەى 30% تێپەڕبکات.
• لەکاتى زیادبوونى تێکڕاى مردن بۆ 2 کەس لە 10 هەزار کەس لە ڕۆژێکدا.
مێژووى برسێتى
لەسەدەى بیستدا نزیکەى 70 ملیۆن کەس بە برسێتى مردوون لە جیهاندا و بەتەنها 30 ملیۆن کەس لە چین بوون لەنێوان ساڵانى 1958-1961دا. و برسێتى بەنگاڵ لەساڵى 1943داو لە چین لە ساڵانى 1928 و 1942دا و لە ڕووسیادا و لە یەکێتى سۆڤێتى جاراندا لە ساڵانى 1932-1933و برسێتى کەمبۆدیا لەسەر دەستى خەمیرە سوورەکان لە حەفتاکاندا و برسێتى کۆریاى باکوور لە نەوەدەکان و ئەسیوبیا لە 1983-1985 و ێۆمال لە 2011دا و نەیجیریا و باشوورى سوودان و یەمەن و …هتد.
بەشێوەیەکى گشتى کیشوەرى ئەفریقیا بەرزترین ڕێژەى برسێتى تیادایە. لە ئاسیاشدا لە چین و هند و کەمبۆدیادا هەیە و کۆریاى باکور و ئێرانیش برسێتیان تیادایە. لە کیشوەرى ئەوروپاشدا لەسەدەکانى ناوەڕاستدا برسێتى هەبوە، 1315 -1317 و لە بەریتانیا و ئیتالیا و ئیسپانیا و ئایسلەندا و فنلەندا و ئێڕلەندادا هەبوە.
هۆکارەکانى برسێتى
1. بەهۆى زیادبوونى ژمارەى دانیشتوانەوە.
2. گۆڕانى کەشوهەوا(( وشکەساڵى و نەبوونى باران و پەتا کوشندەکان و نەخۆشیەکان)).
3. ناجێگیرى سیاسى و جەنگەکان.
4. سیاسەتە هەڵەکانى ئابورى حکومەتەکان.
5. کەمبوونى بەرهەمە خۆراکیەکان بە بەراوورد بە زۆرى ژمارەى دانیشتوانەوە.
6. کارەساتەکان(( سروشتى و دەستکردى مرۆڤەکان)).
7. هێرشى کولە و مێروە زیانبەخشەکان بۆ سەر بەروبومە کشتوکاڵیەکان.
مەترسى و کاریگەریەکانى برسێتى:
1. مردنى منداڵان و بەتەمەنەکان و مرۆڤ بەگشتى.
2. کاریگەرى لەسەر زاوزێ و منداڵبوون و کەمبونەوەى دانیشتوان.
3. کۆچکردنى هاوڵاتیان.
4. بڵاوبونەوەى جۆرەها پەتا و نەخۆشى کوشندە.
دەکرێت ڕێگرى لەسەرهەڵدان یان بڵاوبونەوەى برسێتى بگیرێت لە ڕێگەى:
کارئاسانیکردن بۆ جوتیاران لە وەرنەگرتنى گومرک و باج و خەراجى زۆر و لەدابینکردنى بنەتۆو و ئامێر و ئامڕازەکانى کشتوکاڵ و دابینکردنى پەینى کیمیاوى و داو ودەرمان بۆ پاراستنى بەروبەمەکانیان و بەمەش ئاسایشى خۆراکى دەپارێزرێت.
2. دیاردەى هەژارى:
پێناسە: بریتیە لەو حاڵەتەى کەتاک یان کۆمەڵگا پێویستى بە سەرچاوەى دارایى هەیە لەگەڵ لانى کەمى ژیانێکى خۆشگوزەرانى. بەڵام بە پێى پێوەرە نێودەوڵەتیەکان هەژارى توند بریتیە لە دەستکەوتنى تاک بۆ کەمتر لە 1 دۆلار لە ڕۆژێکدا. یان داهاتى خێزان کە نەیتوانى پێداویستیە بنچینەییەکانى تاکەکان دابینبکات. و هەژاریش بە شێوەیەکى گشتى دەپێورێت لەسەر خێزان نەک تاک. لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە ڕۆژى 17-19/10 ى هەموو ساڵێکیان دیاریکردوە بۆ ڕۆژى جیهانى دژى هەژارى لەساڵى 2008وە.
جۆرەکانى هەژارى:
1. هەژارى توند و تاقەت پڕوکێن: بریتیە لەو داهاتەى کە تەنها بەشى پێداویستیە بنچینەییەکان دەکات لە جلوبەرگ و خۆراک و جێگەى مانەوە.
2. هەژارى ڕێژەیى: بریتیە لە دۆخى ئابورى بۆ ئەندامانى کۆمەڵگاکانى تر.
کاریگەرییەکانى هەژارى: کاریگەرى مەترسیدارى هەیە:
1. کاریگەرى تەندروستى بۆ منداڵان بەتایبەتى و بۆ کۆمەڵگاش بەگشتى.
2. مردن.
3. کاریگەرى دواکەوتوویى و نەخوێندەوارى.
لە جیهاندا 1 ملیار کەس بە هەژار دادەنرێن چونکە داهاتى ساڵانەیان کەمترە لە 600دۆلار. و 630 ملیۆن کەس لە هەژارى توندا دەژین، چونکە داهاتى ساڵانەیان لە 275 دۆلار کەمترە.
هەژارى لەناوچەیەک یان وڵاتێک بۆ ناوچە و وڵاتێکى تر دەگۆڕێت بەهۆى کاریگەرییە سیاسى و ئابورى و کۆمەڵایەتیەکانەوە.
هۆکارەکانى هەژارى:
1. خراپى و نادادپەروەرى لە دابەشکردنى سەروەت و ساماندا.
2. خراپى ڕێکخستن و بەڕێوەبردن.
3. پشتبەستن بە کەسانى تر و تەمەڵیکردن لەکاردا.
4. ناهاوسەنگى لە نێوان تاکەکانى کۆمەڵگادا.
5. جەنگەکان و داگیرکاریەکان.
6. کارەساتەکان.
7. نەخوێندەوارى.
8. زیادبوونى ژمارەى دانیشتوان.
9. خراپى دۆخى تەندروستى.
10. کەمى کار و پڕۆژە و کارگە پیشەسازیەکان.
جا ئەم هۆکارانەش دابەشدەکرێت بۆ دوو جۆرەوە:
1.هۆکارە ناوخۆییەکان وەک:
• سروشتى کۆمەڵگاکان.
• ئیدارە و چالاکى و سوودوەرگرتن لەسەروەت و سامانەکان.
• سیستەمى سیاسى و ئابورى وڵات لە ڕووى گەندەڵى و مەنسوبیەت و مەحسوبیەتەوە.
• جەنگە ناوخۆییەکان و نەمانى ئاسایش و تێکچوونەکان.
2. هۆکارە دەرەکیەکان:
• کێشە و ململانێ نێودەوڵەتیەکان.
• داگیرکارى وڵاتان.
• گەمارۆى ئابورى.
• نەبوونى یارمەتیە نێودەوڵەتیەکان.
• چۆن ڕێگرى دەکرێت لە دیاردەى هەژارى؟
بەسەرداچونەوەى سیاسەت و پلانە گشتیەکانى دەوڵەت لەسەر چەند تەوەرەیەک:
1. گەشەپێدانى مرۆیى و وەبەرهێنان.
2. نامەرکەزى تەواو لەدەسەڵاتەکاندا.
3. ڕۆڵى زانا و ئەکادیمیەکان تەنها لەبوارى گەشەپێداندا بێت.
4. پشتبەستن بە تەکنەلۆجیاى ناوخۆیى لە ڕووی بەکارهێنانى وزە و پیسنەکردنى ژینگە و کەمى تێچوون و بەرزکردنەوەى بەرهەم و پاراستنى سەروەت و سامانى سروشتى.
5. ڕاگرتنى هاوسەنگى لە میزانیەى گشتى حکومەتدا.
ئامارى ڕێژەى هەژارى لە هەندێک وڵاتانى جیهاندا:
1. هندستان 350 ملیۆن کەس هەژارن
2. چین 105ملیۆن کەس هەژارن
3. بەنگلادیش 93.5 ملیۆن کەس هەژارن
4. بەڕازیل 72.5 ملیۆن کەس هەژارن
5. ئەندەنوسیا 48 ملیۆن کەس هەژارن
6. نەیجیریا 46.5ملیۆن کەس هەژارن
7. ڤێتنام 38ملیۆن کەس هەژارن
8. فلیپین 35.5 ملیۆن کەس هەژارن
9. پاکستان 35 ملیۆن کەس هەژارن
10. ئەسیبوبیا 40 ملیۆن کەس هەژارن
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی