عیماد عه‌لی: بۆچی له ژیانمدا به‌شداری هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراقم نه‌كردووه و نایكه‌م؟
له ژیانمدا به‌شداری هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراقم نه‌كردووه و ته‌نها له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌شداربووم و هه‌ر چه‌ند حزبایهتیشم كردووه، به‌لام به پێچه‌وانه‌ی حزبه‌كه‌شم به‌دوور له كاری حزبی و لایه‌نگری به پێی قه‌ناعه‌تی تایبه‌تی و به پشتبه‌ستن به فكر و فه‌لسه‌فه‌ی ژیانی خۆم و بیروباوه‌ڕم ده‌نگم داوه و قه‌ت ئه‌و ده‌نگه پیرۆزه‌م به دامه‌زراندنی داموده‌زگایه‌كی عیراقی بهفیرۆنهداوه. له‌و باوه‌ڕه‌دام كه حزبه ده‌سه‌ڵاتخواز و بهرژهوهنخوازهكانی كوردستان به خشكه‌یی ئه‌م میله‌ته‌یان گه‌ڕانده‌وه باوه‌شی عیراق و به‌م هه‌ڵبژاردنانه‌ش به‌فه‌رمی ئه‌م میله‌ته‌یان به ژێرده‌سته‌یی هێشته‌وه و بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی كه‌سی و حزبی خۆیان دووباره عیراقیان بۆ نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست دروستكرده‌وه.
به‌ڵێ له ژیانمدا هه‌ستم به ئینتیمابونم بۆ وڵاتێك نه‌كردووه ناوی عیراق بێت و باوه‌ر به‌وه بووه كه چهپبونی هه‌ركه‌سێك واتای ملكه‌چی نه‌ته‌وه‌یی نیه به به‌هانه‌ی یه‌ك نیشتمانی و هاوبه‌شی نه‌ته‌وه‌كان له ده‌وڵه‌تی عیراقدا. ئه‌م وڵاته ده‌ستكرده‌ی كۆڵۆنیالیه و به‌داگیركه‌ری كوردستان و زاڵم و سته‌مكاری دژ به میله‌ته‌كه‌م م زانیوه و تا ماوم به‌شداری ئه‌م ماڵه‌باجێنه‌یه په‌رله‌مانی عیراق ناكه‌م، وه‌كو چۆن پێشتر نه‌مكردووه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا داوام له كه‌س نه‌كردووه بایكۆت بكات یان نه‌كات، به‌ڵكو هه‌میشه ئازادی بیر‌و دیدگای خه‌ڵك له ئاست عیراقیبونی به مافێكی تایبه‌تی خۆیان ده‌زانم، هه‌رچه‌ند به‌هه‌ڵه‌م زانیوه كه‌خه‌ڵكی كوردستان ئه‌م عیراق و توركیا و ئێران و سوریایه به نیشتمانی خۆی بزانن.
ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت به‌شداریی حزبه ده‌سه‌ڵاتخوازه‌كان كه له لایه‌كه‌وه به‌قه‌د به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان بیروباوه‌ر و فكر و فه‌لسه‌فه‌ی خه‌ڵكیان لا گرنگ نیه و، له لایه‌كی تره‌وه له‌به‌ر بارودۆخی بابه‌تی كه ململانێی نه‌ته‌وه‌یی و چینایه‌تی و حزبی وا فه‌رزده‌كات كه ده‌نگی قورسی كورد هه‌بێت له‌به‌غدا، به تایبه‌تی بۆ ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به دیموكراسی بۆ عیراق هه‌یه و له‌وباوه‌ڕه‌دان كه خه‌ڵك و گه‌لانی عیراق له‌و ئاسته‌دان دیموكراسی بن و هه‌موو دیموكارسی وه‌كو چه‌مك و ئامڕاز له هه‌ڵبژاردندا پوخت ده‌كه‌نه‌وه و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هیچ گرنگیه‌ك به هۆشیاریی خه‌ڵك ناده‌ن و وه‌كو فاكته‌رێكی سه‌ره‌كی چه‌سپاندنی دیموكراسیی نازانن.
ئه‌وه‌ی پێویسته لێره‌دا باسی بكه‌م، له پاش روخانی دكتاتۆره‌كه‌ی عیراق و به تایبه‌تی له‌پاش ریفراندۆم و خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر وه‌زعی ناوچه‌دابڕاوه‌كان وا فه‌رزی كردووه ناكۆكی نێوان نه‌ته‌وه‌كان زه‌قتر بێت و له ململانێی نه‌ته‌وه‌ییدا وا پێویست ده‌كات به دهنگو ره‌نگی به‌هێزه‌وه له سه‌ر ئه‌رزی واقیع و پێگه‌ی نیشتمانی داگیركراوی خۆت و نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ستی داگیركه‌ر سهرلهسهری ئه‌ویتردا بده‌یت و به هه‌موو شێوه‌یه‌ك و له سه‌رجه‌م بواره‌كاندا و به تایبه‌تی له لایه‌نی سیاسیه‌وه كێبڕكێ و ململانێی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ستی داگیركه‌ر بكه‌یت.
بۆیه به‌ش به‌حاڵی خۆم، له هه‌ڵبژاردنی عیراق له ناوچه دابڕاوه‌كان به مافێكی گرنگ و ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌ی پیرۆزی ده‌زانم و له ناوچه‌ئازادكراوه‌كانی كوردستان به خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان و دووباره ملكه‌چكردن بۆ نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست و ده‌وله‌تی ناوه‌ندی عیراقی داگیركه‌ر ده‌زانم.
هه‌ر له‌م روانگه‌یه‌وه، قه‌ناعه‌تی چه‌سپیوی خۆم بۆ سه‌رجه‌م هاوڕێیان زانراوه كه هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق بۆ كورد هیچ جگه له‌وه‌ی پشتگیری داگیركه‌ران نه‌بێت به‌تایبه‌تی له هه‌ڕێم و ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیه له ناوچهدابڕاوهكاندا، تاوه‌كو ئه‌و كاته‌ی زه‌مینه له‌بار ده‌بێت به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت ئه‌و ناوچانه‌ش رزگار ده‌كرێن و ده‌گه‌ڕینه‌وه بۆ سه‌ر كوردستان. بۆیه تا ئێستا له‌م حۆره هه‌ڵبژاردنانه ده‌نگم بۆ كه‌س نه‌داوه نوێنه‌ری من بێت له په‌رله‌مانی عیراق و تاماوم ده‌نگ ناده‌م و به‌شداری ئه‌م جۆره وه‌كو عه‌ره‌ب به‌خۆی دهڵێتئهم جۆره ( خزعبلات) ه ناكه‌م.
له‌كۆتاییدا پێویسته بڵێم به‌شداریكردن له دامه‌زراندنی هه‌ر داموده‌زگایه‌كی وڵاتیكی داگیركه‌ر پیشتگیری كردنه له به‌رده‌وامی داگیركردن و شان دانه‌به‌ر دروستكردنی وڵاتێك هیچ مافێكی تۆی ده‌سته‌به‌ر نه‌كردووه و زوڵ له‌خۆكردنه. بۆیه، وا پێویست ده‌كات له نێوخۆی كوردستان خهلم و به‌تایبه‌تی منداڵه چاوگه‌شه‌كان وا په‌روه‌رده بكرێت كه ئێمه تا ئێستا وڵاتمان نیه و داگیركراوین، بۆیه ده‌بێت هه‌میشه بیریان له‌سه‌ر دروستبونی ده‌وڵه‌تی خۆیان بێت و دووربخرێنه‌وه له نزیكبونه‌وه له به‌شداریكردنی دووباره ده‌مه‌زراندن و سه‌قامگیریی ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ر.