زاهیر باهیر: کارایی گۆشت لەسەر تەندروستی و ژینگە.
گۆشت بە هەموو جۆرەکانییەوە ئەوەندە بزنسێکی گەورەیە ژینگەی بۆ وێرانکراوە و بە سەدەها توێژەروە و زانایانی بەرگریکەریش لێی، بۆ بەکرێگیراوە. هاوکاتیش توێژەروان و زانایانێك کە لە ڕاستی مەترسی گۆشت هەم بۆ سەر تەندروستی و هەم لەسەر سروشت و کۆمەڵ هەن و لە هەوڵێکی زۆردان بۆ گەیاندنی ئەو حەقیقەتە. ئا لەم بارەیەوە بە سەدەها وتار و نامیلکە و کتێب نوسراون.
لەم ڕۆژانەشدا ڕۆژنامەی گاردیانی بریتانی هەر زۆر بە کورتی هەندێك ئاماری لەسەر پرسی گۆشت و خواردنی بڵاوکردەوە، بۆ نمونە لە ئەوروپادا نزیکەی یەك ملوێن کەس لە بزنسی گۆشتدا کاردەکەن زۆربەشیان لە هەلومەرجێکی زۆر خراپدا ئەم کارە دەکەن. زۆرێك لەم کرێکارانە کرێکارە کۆچەرەکانن واتە بێیانە، کە لە سەدا 40 بۆ 50 کرێ کەمتر لەو کرێکارانە وەردەگرن کە ڕاستەوخۆ لە لایەن کۆمپانیاکانەوە خراونەتە کارەوە. ئەو پارەیەی کە خراوەتە ئەم بزنسەوە 190 ملیار پاوەندی ستێرلینییە. یەکێك لەو کۆمپانیانە لە هۆڵندەیە و گۆشت دەنێرێتەدەرەوە، پار ساڵ بایی 7.5 ملیار پاوەند گۆشیان هەناردەکردوو. لە سەدا 90 هێزی کاریش لەوێ کرێکارە بێیانەکانن/ کۆچەرەکانن کە کۆنتراکتیان کاتییە و هەر کات بەڕیوەبەری یاخود ئیدارەی کۆمپانیاکە بیەوێت دەتوانێت دەریان بکات و هیچ مافێکیشیان پێنەدا. هۆکاری کارکردنی کرێکارانی بێیانە لەم بوارەدا ئەوەیە کە خەڵکی لۆکاڵ نایانەوێت لە بزنسی گۆشتدا کار بکەن بە هۆی خراپی هەلومەرجی سەر کارەکەوە.
گاردیان باس لەوە دەکات کە بریتانییەکان خواردنی گۆشتیان بە بڕی لە سەدا 17 لە ماوەی دەیەیەکدا کەمکردۆتەوە، بەڵام هێشتا ئەمە کافی نییە و دەکرێت کە ئەم ڕێژەیە بۆ مەبەستی تەندروستی و بۆ ژینگەش زیادبکرێت بۆ لە سەد30 دەنا هاووڵاتیان زەرەرمەند دەبن.
لە بریتانیا نەخۆشییەکانی وەکو جۆری نەخۆشی دڵ و شەکرە و قۆڵۆن و لەبیرچونەوە و هەندێك جۆری شێرپەنجە، خواردنی گۆشت ڕۆڵێکی گەوەرەی لەسەریان هەیە. هەر لەبەر ئەمەشە کە حکومەت ستراتیجییەتی دە ساڵی ئایندەی کەمکردنەوەی گۆشتە بە بڕی لە سەدا 30.
بە گوێرەی توێژینەوەیەکی نوێ کە لە جۆنڕاڵی Lancet Planetary Health بڵاوکراوەتەوە لە نێوانی ساڵانی 2008/09 بۆ 2018/09 بڕی بەکارهێنانی گۆشت لە ڕۆژێکدا لە 103 گرامەوە کەمبوەتەوە بۆ 83 گرام. تووێژینەوەکە وردتر دەبێتەوە تا ئەو رادەیەیەی کە دەڵێت لە خواردنی گۆشتدا 13.7 گرام لە گۆشتی پرۆسەکراودا 7 گرام کەمکراوەتەوە و هاوکاتیش لە گۆشتی سپیدا بە 3.2 گرام زیاتر بەکارهێنراوە.
توێژینەوەکە خاڵێکی سەرسوڕهێنەری خسۆتە ڕوو، ئەویش ئەوانەی کە لە نێوانی ساڵانی 1980کان و 90کان لە دایکبوون گۆشتخۆرێکی سەیرن، هەروەها ئەوانەشی کە لە دوای 1999 وە لە دایکبوون تاکە گروپێکن بە تێپەڕبوونی زەمەن زیاتر گۆشیان خواردووە. هاوکاتیش نەوەی نوێ ئەوانەی کە 19 ساڵ و منداڵترن ژینگە و پاراستنی ژینگەیان لا زۆر مەبەستە و کەمکردنەوەی گۆشتخواردن لایان زۆر گرنگە.
توێژینەوەکە نیشانی دەدات کە خواردنی 70 گرام زیاتر لە گۆشت لە ڕۆژێکدا مەترسی لەسەر تەندروستی دروستدەکات، بە دوورکەوتنەوە لە گۆشت و دەستکەوتنی پرۆتینی تەواو خواردنی نیسك و دانەوێڵە و چەرەسات و فاسۆالیا و لۆبیا و زۆری تر لە چەشنی خواردنە ڕووەکیەکان یارمەتیدەرێکی گەورەن لە هەموو ڕویەکەوە.
کارایی گۆشت لەسەر ژینگە:
لە توێژینەوەیەکی دیکەدا ئاوا بەرچاو خراوە کە نزیکەی لە سەدا 60 ی غازی گرینهاوس [Greenhouses ] لە ئەنجامی پرۆسەکردنی خوراکەوەیە، لەبەر ئەوەی بەرهەمهێنانی گۆشت لە جیهان دووجار دەبیتە هۆی پیسکردن، هەر ئاوا خۆراکێكیش کە لە ڕووەک پەیدادەکرێت. ئەمەش بە هۆی پەروەردەکردنی ئاژەڵەوە بۆ مەبەستی خواردن. ڕژێمی خواردن بە بەرهەمهێنانییەوە و بە بەپیتکردنی بە هۆی مادەی کیمیاوییەوە و گواستنەوەیەوەی گۆشت و شیرەمەنییەکان لە ساڵێکدا نزیکەی 1.7 ملیار تەن مەتری لە غازی گرینهاوس دروستدەکات. هەر بە تەنها ئەمەریکا لە سەدا 35ی ئەو غازە دەردەکات .
بەخێوکردنی ئاژەڵ و سەربڕینیان زۆر زۆر خراپە بۆ ژینگەیەك کە بۆ بەرهەمهێنانی سەوزە و خواردنی ڕوەکی و میوەیە. بەکارهێنانی بەرهەمی بەراز و ئاژەڵەکانی تر و هەروەها گیانلەبەرەکانی دیکە بە بڕی لە سەدا 57 بەرپرسیارن لە دانەوەی غازی دووەم ئۆکدسیدی کاربۆن لە بەرانبەر هەموو خواردنی بەرهەمهێنراودا. توێژینەوەکە دەڵێت لە سەدا 29ی دەرکردنی یا دانەوەی ئەو غازانە لە ئامادەکردنی خواردەمەنی ڕوەکیەوەیە.
پەروەردەکردنی ئاژەڵ پانتاییەکی گەورەی زەوی دەوێت کە ئەمەش دەبێت دارستان و جەنگەڵەکانی بۆ ببڕیتەوە هەر ئاواش ئامادەکردنی پانتاییەکی گەورەتر بۆ ئامادەکردنی خۆراکیان. بۆ بەرهەمێنانی گۆشت پیویست بە بە ئامادەکردنی خواردنی زیاتر بۆ ئاژەڵ هەیە و ئەمەش یانی زیادکردنی غازی دووم ئۆکسیسد. بۆ بەرهەمهێنانی یەك کیلۆ لە دانەوێڵە 2 کیلۆ غازی گرینهاوس دروستدەبێت بەڵام بۆ بەرهەمهێنانی یەك کیلۆ گۆشتی گوێرەکە 70 کیلۆ دانەوەی غاز دروستدەبێت.
زانەکانی ئەو بوارە باوەڕیان وایە لە مەسەلەی گۆشتخواردندا دەبێت بیر لە گۆڕینی ستایەلی ژیان بکرتێتەوە، دەڵێن گۆشتخواردن بووەتە ئەو کولتورە کە لە ئێستادا هەر یەکێك لەم سەرزەوییە 3 مریشك خواردنێتی.
ڕاپۆرتێکی بەشی کشتوکاڵ و خۆراك لە UN دەڵێت لە سەدا 14ی دانەوەی غازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە بەرهەمی گۆشت و شیرەمەنییەوە دێت هەروەها گۆڕانی ژیگەش پشکی گەوەرەی بەردەکەوێت لە برسێتیدا. هەر ئەو ڕاپۆرتە دڵنیایی ئەوە دەکاتەوە کە سێیەکی خۆراك لە جیهاندا لە مەترسیدایە ئەگەر بەرهەمەهێنانی گرینهاوس کە بڕێ زۆر لە غازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، دەداتەوە، لەم بڕەی ئێستای زیاتر ببێت.
ئەمە کورتەیەکی ئەو توێژینەوانە بوو کە توێژینەوەیەکی مەیدانی بووە کە لە 200 وڵاتدا بەڕێکراوە و دەرکەوتووە کە ئەمەریکای لاتین زیاترین پشکی دانەوەی غازی بەردەکەوێت بەهۆی خواردنی گۆشتەوە، بەدوای ئەوێشدا خواروی ڕۆژەهەڵات و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و پاشان ولاتی چین، دێت . خواردنی گۆشت بە هۆکاری گۆڕانی کولتور و تا ڕادەیەك باشبونی ژیانی خەڵکەوە لە هیندستان و لە چین-دا لە نێوانی گەنجانا لە هەڵکشاندایە.