دانامەنمی: بزوتنەوەی گۆڕان دوای وەفاتی نەوشیروان مستەفا.
لەدواى کۆچى نەوشیروان مستەفا و گەڕانەوەى نما و چیاى کوڕی، ناڕەزایی لەسەر رۆڵى کوڕەکانى لەناو بزوتنەوەی گۆڕان سەریهەڵدا. دوای وەفاتی نەوشیروان مستەفا بزوتنەوەی گۆڕان بەرەو تونێڵە تاریکەکانی پارتی و یەکێتی ملی ڕێگای گرتەبەرو هاوشـێوەی یەکێتی و پارتی لە پەتای گەندتڵی تێوەگلان، یەکەمین هەنگاوی تێوەگلان لە پەتای گەندەڵی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا بەهۆکاری نزیکبوونەوەی لە قیادەی پارتی و یەکێتی، پاشان تاپۆکردنی گردەکەو خاوەندارێتیی میدیای گۆڕان لەموڵکی حیزبەوە بۆ موڵکی شەخس هەتا دانانی پاڵاوگەی نایاسایی و لەقڕگەو تانجەرۆو بازیان و هەبوونی پشک لە کارگەی ئاسن لە کارگەی چیمەنتۆ ئەو هەنگاوانەبوون کە پێچەوانەی دروشمەکانی دروستبوونی گۆڕان زیانی بە ئایندەی گردەکە گەیاند، دوای وەفاتی نەوشیروان مستەفا گۆڕان تووشی چڵێسی دارایی بوو، ئەمەش هۆکار بوو کە گۆڕان نزیک بێتەوە لەیەکێتی مانگانە بودجەی لەیەکێتی و دواتریش لە پارتی وەربگرێت، هەربۆیە لەنێوان دوو هەڵبژاردندا دوای وافاتی کاکە نەوە بزوتنەوەی گۆڕان بە پارەی پارتییەوە بانگەشەی بۆ هەڵبژاردن ئەنجام داوە.
دوای وەفاتی نەوشیروان مستەفا کێشە ناوخۆییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان تەقییەوەو هەڵبژاردن بۆ جڤاتى نیشتیمانى و ئهندامانى خانهى ڕاپهڕاندن و ڕێكخهرى گشتى بەرێوەچوو، بەڵام هەڵبژاردن نەیتوانی کێشە ناوخۆییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان چارەسەربکات، چونکە هەڵبژاردن لهسهر بنهمایهكى نادهستوریى بزوتنهوهكه بهڕێوهچوو، دوو ساڵ لەمەوبەر گروپێک لە بزوتنەوەی گۆڕان جیابونەوەو تائێستاش لەهەوڵی هێنانەکایەی چوارچێوەیەکی ئۆپۆزسێۆنی مەدەنیدان، بەڵام نەیانتوانیووە نهخشهكه بجوڵێنن و ئهزمونێكى جیاوازترو نوێتر له بزوتنەوەی گۆڕان بهێننه كایهوه. دوای وەفاتی نەوشیروان مستەفا یەکێک لەقوتبە جوانەکان ناو بزوتنەوەی گۆڕان خوالێخۆشبوو کاک قادری حاجی عەلی بوو کە هەمیشە دەرگای کراوە بووەو پشتیوانێكی جدی كەسانی خاوەن هەڵوێست و میدیای ئازاد و رۆژنامەنووسان و نوسەران و رۆشنبیران و گەنجان و چالاكانی مەدەنی بوو، بەداخەوە نەگۆڕان و نەگۆڕانخوازان نەیانتوانی سود لە ئەفکاری ئەو کەسایەتییە سیاسییە تێگەیشتووە وەربگرن، قادری حاجی عەلی دوای وەفاتی کاکە نەوە لە پێناو بەلاداڕێدا نەبردنی بزوتنەوەی گۆڕان و لانەدان لەو پرەنسیپانەی گۆڕانی لەپێناودا دامەزرابوو، چەندین جار لەگەڵ ژمارەیەك لە هەڵسوڕاودا هەڵوێستیان راگەیاند و كاركردنی خۆیان هەڵپەسارد، هەر لەو پێناوەشدا خۆی و هاوڕێكانی روبەڕوی چەندین ئاستەنگ و بەربەست بونەوە، دوای بێ ئومێدبوونیان بزوتنەوەی گۆڕانیان بەجێهێشت.
لەسەروبەندی هەر قۆناغ و سەردەمێک نزیکبونەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لە پارتی ویەکێتی بە پاساوی یەکڕیزی کورد و پێکهێنانی کابینەی حکومەت و یەکگرتنەوە لەگەڵ یەکێتی، رێکەوتن، هاوپەیمانیەتی و پرۆژەی هەمە رەنگ بەدوای مەسڵەحەت و بەرژەوەندی حیزبییەوە بووە، بەتایبەت دوای وەفاتی نەوشیروان مستەفا گروپێکی بەرژەوەندخواز لەناوبزوتنەوەکە دروست بوو کە بەردەوام خەریکی ماکیاژکردن بوون بۆ دەسەڵات و نەرمی زۆریان بۆ پارتی لەناو پەرلەمان و حکومەتدا نواندووە، چەندین جار تیمی گۆڕان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوایان لە تیمی بزوتنەوەکەیان لە حکومەتی هەرێم کرد کە بکشێنەوە، بەڵام ئەو گروپە بەرژەوەندیخوازەی گۆڕان ئامادە نەبوون دەستبەرداری کورسییەکانیان بن، هەموو ئەم ئاڵنگارییانە بزوتنەوەی گۆڕانیان بەرەو شکست و قوڵایی لێکترازان برد و هیچ پلان و پڕۆژەیەکی نەبوو بۆ پێشهاتەکانو بێ ئاگا لەوەی سیاسەت هونەرە نەك کۆبونەوەو بڕیار لەسەرکردایەتی حزبەکان، دوای وەفاتی نەوشیروان مستەفا بزوتنەوەی گۆڕان هەرزەکارانە سیاسەتی دەکرد و دوای مەسڵەحەت و بەرژەوەندی حیزبی و سیاسەتی بەهەواکەوتو و بەدوای سوتوی ڕێکەوتنی ژێر بەژێر لەگەڵ پارتی و یەکێتی بوو.
دوای وەفاتی نەوشیروان مستەفا یەکەمین شکستی بزوتنەوەی گۆڕان شکستی نیەت و ئیرادە بوو لەبەرامبەر هێزێکی وەکو پارتیدا، تیمی بزوتنەوەکە لەحکومەت شەوو ڕۆژیا خستبووە سەر یەک تا دڵی پارتیان لێ ڕازی بێت و بیسەلمێنن کە دۆستی پارتین و لە پارتی پارتیترن! كورد واتەنی ئاو بوەستایە ئەمان نەدەوەستان.تیمی گۆڕان لەحکومەت و بەرپرسانی گۆڕان لە گردەکە یەقینیان هێندە قایم بوو، تەنانەت بۆ ساتێكیش بیروڕاكانیان نەخستە ژێر تیلسكۆبی هەڵسەنگاندنەوە، بزوتنەوەی گۆڕان پێچەوانەی ئیرادەو پرەنسیپ و کارنامە رەسەنەکەی گروپێک پێگەی خۆیان گەرم کردو بوونە بازرگانی سیاسی و تەسلیم بە بەڵێنەکانی پۆست و پارەی دەسەڵات بوون، شکستی گۆڕان تەنها شکستی کورسی و ژمارەی دەنگدەرنییە، بەڵکو شکستی نەمانی هاوسەنگی ناوبزوتنەوەکەو لەدەستدانی متمانەی خەڵک و بێ ئیرادەییە بەرامبەر پارتی و یەکێتی کەلە بنەڕەتدا پارتی و یەکێتی بۆ لاوازکردنی بزوتنەوەی گۆڕان سودیان لە دەرفەتەکان و لە درزو کەلێنەکان بینی توانیان بزوتنەوەکە لەت بکەن و چەپۆکێکی گەورە بدەن بەسەریدا.