ژیلوان بەکر: ئۆتێله‌كه‌ی میر.
میر بڕیاری ئوتێلێكی پێنج ئه‌ستێره‌ی دا له ئاوایی‌دا درووست بكرێت، خوازیاربوو ئوتێله‌كه‌ی هاوشانی باڵه‌خانه‌كانی ڤێنا و مۆناكۆ ده‌نگ بداته‌وه، و یه‌كێك بێت له ته‌لاره ناوازه‌كانی جیهان. جا ئه‌مه گوایه خواستی میربوو، به‌ڵام چ شتێك په‌نهان درابوو له پشت پرۆژه‌كه، كه‌س ئاگادارنه‌بوو و دركیشی پێنه‌ئه‌كرا.
گرفته‌كه له‌وه‌دابوو ناوچه‌كه ئاوێكی وه‌های تیانه‌بوو به‌شی خواردنه‌وه و كاری ڕۆژانه‌ی ئاوایش بكات، به‌ڵام میر به چ شێوازێك ده‌یوویست ناوچه‌كه بكاته جێگه‌ی گه‌شت و گوزار، جێگه‌ی گومان بوو؟!
خه‌ڵكانی ناوچه‌كه گه‌لێك ڕه‌شوڕووت و بێدهرهتانبوون. عه‌یامێكی زۆر بوو به كوله‌مه‌رگی ژیانیان ده‌برده‌سه‌ر. تێگه‌یشتن و كرانه‌وه‌ش به‌ڕووی جیهاندا له ئاستێكی زۆر نزمدابوو، هه‌ربۆیه زۆربه‌ی ئاوایی دڵیان به ئوتێله‌كه‌ی میر خۆش‌بوو. وه‌هاش تێگهیهنرابوون كه ئه‌مه ده‌بێته سه‌ره‌تای كرانه‌وه به‌ڕووی پێشكه‌وتندا و گه‌شتیارێكی بێ‌شومار ڕوو له ئاواییه‌كه‌یان ده‌كات. ئه‌و خه‌ڵكه‌ش به ساویلكه‌یی و كوێره تێگه‌یشتنی خۆیان، هه‌ریه‌ك له جێگه‌ی خۆی خه‌ونێكی پرشنگداری بۆخۆی بنیات نابوو.
یه‌كێك وه‌های دانابوو كه ماڵباته‌كه‌ی بكاته سه‌رچاوه‌ی زانیارییه گه‌شتیارییه‌كان له‌ڕووی میواناندا، چونكه هه‌ڵكه‌وته‌ی خانووه‌كه‌ی له‌ده‌روازه‌ی ئاواییدابوو. ئه‌وی تریان خانووه‌كه‌ی زۆر نزیك بوو به كانی ژنان، وای مه‌زه‌نده كردبوو چیتر كانی ژنان پێداویستیه‌كی نامێنێت، هه‌مووی ده‌كرێته ته‌والێتی جودای ده‌رگا كاره‌بایی، بۆیه پلانی هه‌بوو فرۆشگه‌یه‌كی فراوانی سێ نهۆمی له‌سه‌ر كانی و ئاوه‌كه بنیات بنێ بۆ فرۆشتنی شیرینی و سارده‌مه‌نی، كه بتوانێت ساڵانه خزمه‌ت به نیو ملیۆن گه‌شتیار بكات.
یهكێدی له‌به‌رئه‌وه‌ی ماڵ و گه‌وه‌ڕی ماڵاته‌كه‌ی به بنار كێوهوهبوو، بیری ئه‌وه هاتبووه سه‌ری كه ته‌له‌فریك چێكات، بۆ گه‌یاندنی گه‌شتیاران بۆ دیتنی تاوێره به‌رزه‌كانی سه‌ركێو. ئیتر هه‌ریه‌كه و به‌شێوازێك هیواكانیان هه‌ڵخستبوو به باڵه‌خانه‌كه‌ی میردا.
له‌و سهروسهودایانهدا بوو، میر واهات به بیریدا كه ئوتێله‌كه‌ی له گشت بواره‌كاندا ناوازه و جیاوازبێت. بڕیارێكی هێنایه پێش و له‌ناو ئاوایی‌دا بڵاوی كرده‌وه، كه ئوتێله‌كه‌ی وا ئاماده ده‌كات كه گشت پێخه‌ف و سه‌رینه‌كان په‌ڕی ساغ بێت، له په‌له‌وه‌ر و باڵنده‌كانی ناوچه‌كه. هه‌ر بۆ ڕۆژی داهاتوو، بۆچونه‌كه‌ی میر بووه بڕیار، زۆربه‌ی ئاوایی كه‌وتنه كۆكردنه‌وه‌ی په‌ڕ، له مه‌ل و باڵنده‌ی جیاواز.
ژماره‌ی ژووره‌كانی ئوتێله‌كه‌ی میر گه‌لێك زۆر هه‌ژمار ده‌كران، خه‌ڵكانی ئاوایش به‌گشتی به شێوازێك سه‌رقاڵی كۆكردنه‌وه‌ی په‌ڕبوون، كه‌سێك ئاگای به كه‌سی ته‌نیشتیه‌وه نه‌مابوو، نه دراوسێ ده‌په‌رژایه سه‌ر هاوسێ، نه‌خزم و خوێش نه دایك و فرزهنی. هه‌ریه‌كه به ده‌ست و گونییه‌ی خۆیه‌وه هه‌ڵه‌داوان و ڕاكهڕاكیان بوو به‌دوای به‌ده‌ست هێنانی په‌ڕ، بۆ پێخه‌ف و بالیفه‌كانی ئوتێله‌كه‌ی میر. به‌جۆرێك قه‌ومابوو گه‌ر گشت باڵنده‌كانی ئاوایی و دهڤهرهكهت كۆكردایهتهوه، ته‌نها په‌ڕێك چییه به ئازای ئهنامیانهوه نه‌مابوو. نه‌ك ته‌نها په‌ڕی سهربڕدراوهكان، هه‌موو ئهوباڵداره بێچارانه، جگه له‌ناوی باڵدار چ شتێكی تریان پێوه نه‌مابوو كه باڵ و په‌ڕ بێت، ڕۆژ تا ئێواره فڕكان فڕكانیان بوو له‌ده‌ست خه‌ڵكی ئاوایی. ئه‌مڕۆ ئاوه‌ڕووت ئه‌كران، بۆ سبه‌ی گه‌ر یه‌ك تۆزقاڵه شتێكیشیان پێوه بوایه له په‌ڕ بچوایه، ده‌موده‌ست ئه‌وه‌شیان لێ ڕادهپسكانن.
قه‌ل و قاز و سۆنه و مراوی، هیچیانت له‌ویتر بۆ جیانه‌ده‌كرایه‌وه، چهشنێكیان لێبه‌سه‌ر هاتبوو كه‌ڵه‌شێر و مریشك هیچ جیاوازیان نه‌مابوو، زۆر جار هه‌بوو كه‌ڵه‌شێرێك دوای كه‌ڵه‌شێرێكی تر ده‌كه‌وت، وای ئه‌زانی مریشكه به‌سه‌ریا بتسێ، یان مریشك هه‌بوو سبای ساڵحان قوقوی لێههڵئهبڕی بیری چووبوه‌وه كه مریشكه، هه‌یانبوو ساڵه‌هابوو له كڕ چووبوه‌وه چاوه‌ڕوانبوو بزێ ئه‌وه‌نده ده‌مێكبوو په‌ڕی به‌خۆیه‌وه نه‌دیبوو .
به‌ڵاكه ته‌نها په‌له‌وه‌ری ناو ئاوایی نه‌گرتبووه‌وه، ته‌نانه‌ت كه‌و و سوێسكه و قه‌تێ، هه‌تا بگره سیساركه كه‌چه‌ڵه‌ی داماویش كه ته‌نها مشته په‌ڕێكی هه‌بوو جاران، ئێستاكه سهرتابهریان به‌پێ هاتوچۆیان ئه‌كرد، ئاسمانی ئاوایی له مێش و مه‌گه‌ز زیاتر، باڵداری پێوه نه‌بوو.
سه‌د مه‌خابن ئاوایی به‌شێوازێكی لێهات مه‌ل و بۆق و بزنمژهش، هه‌ر هه‌موویان وه‌كیه‌كیان ده‌نواند، ژینگه‌ی سروشتی ئاوایی وه‌ها لێیقهومابوو، ته‌نانه‌ت ڕانهكانیش كه ئێواران به‌ره‌و ئاوایی ده‌بوونه‌وه به عاجبایهتییهوه ده‌یانڕوانیه ئه‌و په‌له‌وه‌ر و باڵنده بێچارانه، مه‌ڕ و بزن و كاریله به‌ملاولادا ئاوڕیان ئه‌دایه‌وه و سه‌ریان ئهلهقان له‌ئاست ژیرمه‌ندی میر.
كاری ئوتێله‌كه‌ی میر ئاواییه‌كانی ده‌وروبه‌ریشی ته‌نیه‌وه، دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه‌ش كه‌وتبوونه په‌ڕ چنینه‌وه و له گونیه و شلیفه ده‌نران و به‌ره‌و ئاوایی میر ده‌بران بۆ ساغكردنه‌وه.
چه‌ند ڕۆژانێك به‌رله‌وه‌ی ئاواییه‌كانی ده‌ره‌وه بێنه سه‌رخه‌ت بۆ كۆكردنه‌وه‌ی په‌ڕ، گرفته‌كه ته‌نها له ناو ئاوایی‌دا سه‌ری هه‌ڵدابوو له ئه‌نجامی كێبڕكێ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی په‌ڕ، به‌ڵام ئێستاكه له‌پاش داواكاری زۆر بۆ په‌ڕ، گرفته‌كه بووبوه ته‌نگه‌ژه‌یه‌كی ده‌ره‌كی و ناوه‌كیش، كێبڕكێكه گه‌شتبووه ملشكاندنی یه‌كتری، بۆ ڕه‌زامه‌ندی جه‌نابی میر.
ئه‌و كه‌سانه‌ی میر ده‌ستنیشانی كردبوون بۆ كۆكردنه‌وه و پاشه‌كه‌وتی په‌ڕ، سه‌رقاڵبوون به دۆزینه‌وه‌ی چاره بۆ گرفته‌كه، به‌ڵام هه‌ركارێكی بیانكردایه، جگه له نانه‌وه‌ی ئاژاوه‌ی زیاتر، هیچی تری لێ سه‌وز نه‌ده‌بوو. چونكه ئه‌و كه‌سانه‌ی میر متمانه‌ی پێدابوون، له كۆمه‌ڵێك مشه‌خۆری چاوچنۆك زیاتر چیتر نه‌بوون، به‌ده‌ر له داپچڕاندنی به‌شه دزی خۆیان، كارێكی تریان لێنهدهوهشایهوه. ئه‌وه سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه زۆربه‌یان خوێنده‌وارییه‌كی وه‌هاشیان نه‌بوو، تا بتوانن به پێوانه‌ی ڕاست شلیفه پهڕهكان هه‌ڵسه‌نگێنن له قورسایی و جۆردا. هه‌یانبوو به ئیزرهم و ئه‌لیره‌م دهیكێشان، ئه‌وی تریان به هۆقه و ڕبه، یه‌ك دووانێكیشیان هه‌بوو بیستبوویان پێوانه‌ی تازه هه‌یه، به كیلۆ و گرام قسه‌یان ئه‌كرد، به‌ڵام خوا ئاگاداره نه‌یان ئه‌زانی كوامیان له‌ویتر گه‌وره‌تره.
میر ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆی ده‌ستنیشان كردبوو، ته‌نها زرته بۆزهش نه‌بوون، ئه‌وه‌نده به مهكروحهلابوو میر، كۆمه‌ڵێك ئافره‌تیشی له نێوان ده‌ست و پێوهنهكانی خنیبوو، هه‌تا وا پیشانبدات كه ڕۆشنبیره و كراوه‌یه به‌ڕووی كۆمه‌ڵگادا. به‌ڵام چی جۆره ئافره‌تانێك! یه‌كێك له‌وانه، هه‌موو ژیانی جگه له دژایه‌تی خه‌سوی و چنگ دانه قژی هێوهرژنهكانی و ده‌سكه‌نه كردنی، هیچی تری له‌باردا نه‌بوو، یه‌كێكی تریان ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی مێرده‌كه‌ی ڕێگه‌ی بداببێته ڕاوێژكاری میر، ڕه‌زامه‌ندبوو مێرده‌كه‌ی هه‌وێی به‌سه‌ر بهێنێت.
كێبڕكێی په‌ڕ گه‌شته ئاستێك خه‌ریكبوو جه‌نگ هه‌ڵگیرسێت له نێوان ئاوایی و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ر، ڕاوێژكاران و دهمسپیان هانایان برد بۆ میر، چی بكرێت و چۆن مامه‌ڵه‌ی كڕین ڕێكبخرێت له نێوان په‌ڕی هاورده و په‌ڕی ناوخۆ، دوو ده‌سته له بازرگانانی په‌ڕ برانه حزوری میر، ده‌سته‌یه‌كی ده‌ره‌كی و ده‌سته‌یه‌كی ناوخۆ، یه‌ك له سه‌رانی دهمسپیان عه‌رزی میری كرد، كه ئایا په‌ڕ له‌و ده‌سته‌یه بكڕدرێت كه ده‌ره‌كین، یاخود له‌مان كه ناوه‌خۆن ؟
میر یهكوڕاست وه‌ڵامی دانه‌وه له‌مان. ئه‌وه‌ش نه‌ك له‌به‌ر نازیان و به‌رژه‌وه‌ندیان، به‌ڵكه له‌به‌رئه‌وه‌ی چاك ده‌یزانی به چ شێوه دایانڕووتێنی بێ ئه‌وه‌ی كه‌سێكیش فزه‌ی لێوه‌بێ…
هه‌ر له‌دوای ده‌رچوونی بڕیاری میر، بووه ههڵاوتهقهی خۆشی، گشت ئاوایی و ده‌سته‌ی ڕاوێژكاران دهرپهڕینهدهر و شه‌قامه‌كان، ده‌سته‌ی بازرگانانی ناوخۆ كرابوونه كۆڵ و قه‌ڵاندۆشكان، هه‌رهه‌موو ئاوایی به‌یه‌ك ده‌نگ هاواریان ده‌كرد ( میرمان کردوێتی فەرمان… په‌ڕ له‌مانه په‌ڕله‌مان ).