سەردەشت محەمەد: بێ هیوابوون لە هەستانەوەی گۆڕان.
شکستی بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەڕلەمانی عێراق، ڕووداوێکی چاوەڕوانکراو بوو، چونکە بزوتنەوەکە ماوەی چەند ساڵێکە پشتی لەهەموو خواست و خۆزگەو هیواکانی زۆرینەی جەماوەرەکەی کردووە، بزوتنەوەکە خراوەتە خزمەت پاراستنی کەمینەیەکی بەرژەوەندیخواز، کەمینەیەک کە هەموو جومگەکانی نێو ئەو بزوتنەوەیان مۆنۆپۆڵ کردووە، ئێستاو دوایی ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و شکستە مێژوویەکەی بزوتنەوەی گۆڕان لەهەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق، هەوڵێک هەیە بۆئەوەی بزوتنەوەکە لەم شکەستە ڕزگاری ببێت، هەوڵەکان بەدەست لەکارکێشانەوەی ڕێکخەری بزوتنەوەکەو ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن دەستی پێکردووە و دەنگۆی ئەوەش هەیە بەشێک لەو بەرپرس و کادیر و هەڵسوڕاوانەی کەلەڕابردوودا نیگەران بوون و چونە دەرەوەی بزوتنەوەکە جارێکی دیکە بگەڕێنەوە و ئەرکی هەستانەوەی بزوتنەوەکەو ئاشتکردنەوەی دەنگدەرانی بگرەنە ئەستۆ، پرسیارێک لێرەدا دێتەئاراوە ئەویش ئەوەیە، ئایە ئەم هەنگاوانە تاچەند دەتوانن بزوتنەوەی گۆڕان بگەڕێننەوە دۆخی ئاسای خۆی؟
دەکرێت بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە سەرەتا چاوێک بەساحەی سیاسی هەرێمدا بخشێنین و بپرسین، ئایە بزوتنەوەی گۆڕان تاکە هێزی سیاسییە لەکوردستاندا کە پێگە جەماوەرەکەی لەدەستداوە؟ یاخود هێزی هاوشێوەی هەبووە و هەیە؟ ئایە لەکوردستاندا هیچ هێزێک هەبووە کەهاوشێوەی بزوتنەوەی گۆڕان دوچاری شکستێکی لەو جۆرەبێت و دواتر توانیبێتی قوتاری ببێت؟ بەدڵنیایەوە بەڵێ لەکوردستاندا چەندین هێزی سیاسی بونی هەیە کەسەردەمانێک خاوەن پێگەو هێزێکی جەماوەری گەورە و بەرفراوان بوون، بەڵام هەرکە لەقۆناغێکی مێژوویدا جەماوەرەکەیان لەدەستدا ئیدی نەیانتوانی ببنەوە بەوهێزەی کە لەڕابردودا هەبوون، ئەمەش پێمان دەڵێت: هەستانەوەی گۆڕان زەحمەت دەبێت، ئەوەی ئاستی ئەم بێهیوایە بەرامبەر بە هەستانەوەی بزوتنەوەکە فراوانتردەکات ئەوەیە کە لە ناوخۆ و لەسەر ئاستی ئیقلیمیش ئومێدێک نییە بۆ پاڵپشتتی کردنی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر ئاستی ناوخۆ، ئەو هەموو هەڵە سیاسییەی بزوتنەوەی گۆڕان چی لەسەردەمی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا و چی دوای کۆچی دوای ناوبراو ئەنجامیدا هۆکاربون بۆ پاشەکشێی بەردەوامی دەنگدەرانی بزوتنەوەکە، هەروەها دروست بونی هێزێکی نوێ کە وەک جێگرەوەیەک بۆ دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان تەماشادەکرێت کە ئەویش ؛جوڵانەوەی نەوەی نوێ؛یە یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکانی نائومێدبون لەهەستانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان و بووە بەهۆکارێک بۆ بردنی بەشێکی زۆر لەدەنگەکانی بزوتنەوەی گۆران، دەست لەکارکێشانەوەی ڕێکخەری بزوتنەوەکە بەبێ ئەوەی سزای هیچ یەکێک لەوبەرپرسانە بدات کە لەگەندەڵییەوە تێوەگلاون یەکێکی دیکەیە لەوهۆکارە نێوخۆیانە و دەست بەرداربونی ژمارەیەکی زۆر لەهەڵسوڕاوانی بزوتنەوەکەو پەیوەندیکردنیان بەپارتی دیموکراتی کوردستان و هێزەکانی دیکەوە ئەمانە هۆکارگەلێکی دیکەن، ئەمە جگەلەوەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بزووتنەوەی گۆڕانیان لە هەردو بارەکەدا بینیوە چی وەک ئۆپۆزیسۆن و چی لەناو دەسەڵاتیشدا کەجگە لەهێزێکی قسەکەری بێکردار هیچی دیکە نەبووە، بۆیە هۆکارە ناوخۆیەکان هیچ دڵخۆشکەرنین، لەسەرئاستی ئیقلیمیش هیچ ئومێدێکی ئەوتۆ نابینرێت بۆ ئەوەی بزووتنەوەکە بچێتەوە دۆخی جارانی خۆی، چونکە هەبوونی هەرهێزێک لەم ناوچەدا دەبێت خزمەت بەوڵاتە ئیقلیمیەکان بکات، ئەمە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی بزوتنەوەی گۆڕانە بۆئەوەی بۆهەستانەوەی پاڵپشتی هێزە ئیقلیمیەکان بۆخۆی بەدەست بێنێت، چونکە لەم ناوچەدا هێزی لەپێشترهەن کەتوانیویانە متمانەی ئەو وڵاتانە بۆخۆیان بەدەست بێنن، بۆیە کەوتنی یاخود هەستانەوەی هێزێکی وەک بزوتنەوەی گۆڕان ڕەنگە بۆئەوان ڕوداوێکی زۆرگرنگ نەبێت، هەربۆیە کاتێک لەسەرئاستی ناوخۆی و ئیقلیمی خوێندنەوە بۆ دۆخی بزوتنەوەی گۆڕان دەکرێت نائومێد دەبین لەهەستانەوەی بزوتنەوەکە.
- بابەتەکانی تری سەردەشت محەمەد
سەردەشت محەمەد: بەهاری ڕۆژئاوا و زستانی قەندیل.
-سەردەشت محەمەد: بارین گیان، ئێمەش گریاین.
-سەردەشت محەمەد: چاوەڕێی بەرهەمی هەڵبژاردنین.!
- All Posts