عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: له ئه‌بوغرێبه‌وه گه‌یشته ناوزه‌نگ!
ئه‌حمه‌د عارف، نووسه‌ر و وه‌رگێڕو شاعیری به‌رگری، ته‌مه‌نی گه‌نجی له نێو زیندانه‌کانی که‌رکوک و به‌غداد به هه‌ڵوێست و به چیا و پێشمه‌رگایه‌تی به‌خشی. له دوای تێكشکانی شۆڕشی ئهیلوول، کاری رێکخستنی کۆمه‌ڵه‌ی له ناو شاری که‌رکوک ده‌کرد. له مانگی 6 / 5 / 1980، (عین .کاف )، له ناو بازاڕی گه‌ڕه‌کی ئیمام قاسم ی که‌رکوک، ده‌ست نیشانی بۆ ئه‌منه‌کان کرد‌و به گرتی دا، 7 مانگ له هه‌یئه‌ی خاسه‌ی ئه‌منی که‌رکوک، ئه‌شکه‌نجه‌ی جه‌سته‌یی و ده‌روونیان دا یه‌ک وشه نه‌درکاند.
له 17/7 /1980 له‌دادگای (ئه‌حکام خاسه)ی که‌رکوک، 30ساڵ حوکم یان دا، گواسترایه‌وه بۆ به‌شی ئه‌حکام خاسه‌ی زیندانی ئه‌بوغرێب، به‌به‌رده‌وامی له‌ژێر چاودێری ئه‌من دا بوو، (عه‌لی گه‌رمیان) ی له‌وێ راپۆرتی له‌سه‌ر ده‌نوسی.
-(ئه‌حمه‌د عارف له‌زیندان، کاری رێکخستن ده‌کاو پاره لە زیندانییه‌کان کۆده‌کاته‌وه، ده‌ینێرێت بۆ پێشمه‌رگه له‌شاخ ).
ئه‌منی ئه‌بوغرێب، ئهشکهنجیهکی زۆری ئه‌حمه‌د یان دا، هیچ زانیاریه‌کی نه‌درکاند، بۆ هه‌فته‌یه‌ک له مهحجهری توندیان کرد و سه‌ردانی خانه‌واده‌که‌ی لێ قه‌ده‌غه کرد.
له17- 07- 1982 به لێبوردنی گشتی سه‌دام حسین ئازاد کرا. له ئه‌بوغرێبه‌وه گه‌ڕایه‌وه بۆ که‌رکوک. یه‌که‌م هه‌نگاو له ده‌رگاکه‌وه نا بۆ ماڵه‌وه، دایکی ئه‌حمه‌دی بینی، به خێرایی هه‌نگاو به‌ره‌و لای نا، پێش ئه‌وه‌ی بگاته لای به‌لادا هات و که‌وته سه‌ر زه‌وی. ئه‌حمه‌د دایکی له باوه‌ش گرت، له ئامێزی یه‌کتردا فرمێسکی شادبونهوهیان رشت.
شادمانی بۆ چه‌ند رۆژێک بوو به میوانی ئه‌و خانه‌واده ره‌نجده‌ره، دوای 3 رۆژ ئه‌حمه‌د رووی کرده ناوزه‌نگ، له یه‌کێتی نووسه‌رانی شاخ، به دیداری محه‌مه‌د موکری و حه‌مه که‌ریم عارف شاد بوو. له ناوه‌ندی کۆمه‌ڵه‌و ماڵی نووسه‌ران کاری کرد. له ماڵی نووسه‌ران له زینۆی سوور جارێکی تر بوو به هاوڕێ ی قه‌ڵه‌م و کاغه‌ز، ئه‌شکه‌نجه‌و ئازار‌و مه‌رگه‌ساتانه‌ی زیندانی که‌رکوک و ئه‌بوغرێب بوون به هه‌وێنی چه‌ندان ده‌قی شیعر و چیرۆک و تویژینه‌وه و وه‌رگێڕان و ئه‌ده‌بی منداڵان. ماوه‌یه‌ک له ئیزگه‌ی ده‌نگی گه‌لی کوردستان کاری کرد، دوای سه‌رهه‌ڵدانی ململانێکان رووی کرده سه‌رگه‌ڵو به‌رگه‌ڵو له دۆڵی جافایه‌تی، بوو به به‌رپرسی راگه‌یاندنی مه‌ڵبه‌ند و گۆڤاری سه‌نگه ر.
له مانگی شوباتی 1985 ئه‌حمه‌د له باره‌گای یه‌کێتی نووسه‌رانی شاخ له سه‌رگه‌ڵو، له گیرفانی خۆی چه‌ند پاکه‌تێک خورماو په‌نیری کڕی، له نێوماڵهکانی گوندی سه‌رگه‌ڵو سه‌دان نانی کۆکرده‌وه، ئه‌و شه‌وه ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی به به‌رده‌م باره‌گای نووسه‌ران دا تێپه‌ڕ بوون، بابۆڵه‌یه‌ک له نان و په‌نیرو خورمای پێده‌داو به ناو به‌فره‌که‌دا ده‌که‌وتنه رێ به‌ره‌و زنجیره چیای دابان و هه‌لاج و چه‌رماوه‌ند. له سه‌عات 4 ی سفردا، ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌و بریسکه بریسکی گوله‌ی ئاربی جی و سهلیهی بیکه‌ی سی و کڵاشینکۆف، زنجیره ره‌بایه‌کانی ئه‌و زنجیره چیایهیانهو ناوچه‌که‌ی هه‌ژاند، ئه‌حمه‌د له گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌کاندا گه‌یشته دابان، له‌و سه‌ره‌وه به‌کڵاشینکۆف و چه‌ند دیلێکه‌وه گه‌ڕایه‌وه بۆ ناو سه‌رگه‌ڵو، به‌رپرسێک ده‌یویست کڵاشینکۆفێک به‌رێ بۆ خۆی، ملازم عومه‌ر ی لێپرسراوی مه‌کته‌ب عه‌سکه‌ری وتی:
– ئه‌و نووسه‌ره خۆی به‌شداری داستانه‌که‌ی کردوه و ئه‌و چه‌که‌ی له‌وێ ده‌سگیر کردوه، پێشکه‌شی بێ.
دواتر باره‌گای یه‌کێتی نووسه‌ران له سه‌رگه‌ڵوه‌وه گوێزرایه‌وه بۆ یاخسه‌مه‌ر، ئه‌حمه‌د رۆمانی (گه‌ڕانه‌وه بۆ حه‌یفا )ی غه‌سان که‌نفانی وه‌رگێڕایه سه‌ر زمانی کوردی، تایپی کرد، خستیه سه‌ر ستێنسڵ و به رینۆبه چاپی گه‌یاند، به‌سه‌رخه‌ڵکی گونده‌کان و پێشمه‌رگه دا دابه‌شی کرد.
له‌و کاتدا هه‌واڵ به ئه‌حمه‌د گه‌یشت ئه‌ندامانی خانه‌واده‌که‌یان له لایه‌ن ئه‌منی که‌رکوکه‌وه ده‌سگیرو زیندان کراون، ئه‌و رۆمانه‌و چه‌ند چاپکراوێکی تری یه‌کێتی نووسه‌رانی شاخ، له لایه‌ن (یوسف محه‌مه‌د ، ساڵح بێچار ، ته‌ها سێکانیانی ) به نهێنی له یاخسمهرهوه گه‌یشته سلێمانی.
دواتر ئه‌حمه‌د رووی کرده سنووری تیپی 21 ی که‌رکوکی، نزیک که‌رکوک و له‌ێ گیرسایه‌وه، یه‌که‌م منداڵی له گوندی (مۆرد خوارده‌ی سه‌روو )له دایک بوو، له‌و کاته‌دا هێزی پێشمه‌رگه به هاوکاری پاسدارانی ئێران بهراجیمه له بیره نه‌وته‌کانی که‌رکوکیان دا، دوای ئه‌و رووداوانه، به‌شی تۆپخانه‌و راجیمه ی سوپای عێراق، ره‌تڵ بارانی سه‌راپا گونده‌کانیان کرد، فرۆکه جه‌نگییه‌کان و کۆپته‌ره‌کان بۆردمانی ناوچه ئازادکراوه‌کانیان کرد، به بۆمبی هێشووی و ناپاڵم و کیما بارانی سه‌راپا ناوچه ئازادکراوه‌کانیان کرد.
له 1988 سوپای عێراق و جاش گه‌یشته به‌ری چه‌مچه‌ماڵ و خاڵخاڵان، ئه‌حمه‌د له گه‌ڵ ماڵه شه‌هیدێک به تراکتۆر روویان کرده سماقوڵی، رێگای کاولانیان گرته به‌ر، له‌سه‌ر جاده‌ی کۆیه – هه‌ولێر هاوسه‌رو جگه‌ر گۆشه‌کانی به نهێنی نارد بۆ هه‌ولێر، خۆیشی به‌ره‌و سنووری رۆژهه‌ڵاتی کوردستان که‌وته رێ، له‌وێ له گه‌ڵ حه‌مه که‌ریم عارف و مارف عومه‌ر گوڵ یه‌کیان گرت، باره‌گای یه‌کێتی نووسه‌رانی کوردستان یان له گه‌ڕه‌کی (بلوریان) له‌شاری سهقزدانا، ماڵی ئه‌حمه‌د له بانه بوو، جار جار بۆ کاری نووسه‌ران رووی ده‌کرده سه‌قز، له‌وێ نامیلکه‌یه‌کی شیعری منداڵانی به ناوی (بووکه شووشه)ی چاپ و بڵاو کردووه.
سه‌چاوه : چه‌ند زانیارییه‌کم له کاک ئه‌حمه‌د عارف پێگه‌یشتووه.
* ئه‌حمه‌د عارف له ساڵی 1953 له خانه‌واده‌یه‌کی ره‌نجده‌ر له گوندی حه‌ساری گه‌وره له‌دایک بووه، خوێندنی سه‌ره‌تایی له حه‌ساری گه‌وره ته‌واو کردوه‌و له 1965 ماڵیان باری کردوه بۆ شاری که‌رکوک و له گه‌ره‌کی ره‌حیم ئاوا نیشته‌جێ بوون، خوێندنی ناوه‌ندی له باوه‌گوڕگوڕی که‌رکوک و ئاماده‌یی له کوردستان ته‌واو کردوه، باوکی کرێکاری سکه‌ی شه‌مه‌ندفه‌ر بوو له که‌رکوک، له قۆناغی ناوه‌ندی هه‌ستی به جیاوازی چینایه‌تی و نه‌ته‌وه‌یی کردوه و په‌یوه‌ندی کردوه به یه‌کێتی قوتابیانی کوردستانه‌وه، له‌داوای به‌یانی 11ی ئازاری 1970 بووبه لێپرسراوی ناوه‌ندی بابه گوڕ گوڕ‌و ئه‌ندام ناوچه‌ی قوتابیان. له ئازاری 1974 رژێمی عێراق و پارتی دیموکراتی کوردستان له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێکی به‌یان نامه‌ی 11 ی 1970 نه‌گه‌یشتنه ئه‌نجام، شۆڕش هه‌ڵگیرسایه‌وه، ئه‌حمه‌د قوتابی ئاماده‌یی بوو، رووی کرده ئۆردوگای شه‌هید له‌یلا و ئۆردگاکانی ئێران.
له 6/ 3/1975 دوای رێکه‌وتن نامه‌ی جه‌زائیر و هه‌ره‌س، ئه‌حمه‌د گه‌ڕایه‌وه بۆ که‌رکوک، له ئابی 1975 په‌یوه‌ندی به رێکخستنه نهێنیه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی کوردستانه‌وه کرد، له ئه‌لقه‌ی رۆشینبیرییهوه بووه به ئه‌ندام، رۆڵی خۆی له چه‌ندان چالاکی دا نواندووه.
له 1976 دا له په‌یمانگای ته‌کنیکی سلێمانی وه‌رگیرا، کاری رێکخستنی کۆمه‌ڵه‌ی نێوان سلێمانی و که‌رکوکی هه‌ڵده‌سوڕاند، دوای ته‌واو کردنی په‌یمانگا، بۆ دامه‌زراند، ناوی له پارێزگای به‌عقوبه ده‌رچوو، ره‌دی کرده‌وه‌و نه‌چوو. کارێکی له رێگا‌و بانی که‌رکوک دۆزییه‌وه، به‌شی ئه‌منی پارێزگای که‌رکوک، له بری مۆڵه‌تی ره‌زامه‌ندی دامه‌زراند، به‌شێوه‌یه‌کی زۆر ناشرین ئیهانه‌و جنیوبارانیان کرد و پیان وت:
– تۆ عایدونیت، مافی ئه‌وه‌ت نییه له که‌رکوک دابمه‌زرێی.
له به‌ر باری قورسی بژێوی ژیان، شانی دایه به‌ر کاری قورسی تاقه‌ت پروکێنی کرێکاری.