دانا مەنمی: دیدی فاشیزم لە کوردستان.
فاشیزم چەمکێکی تیوری و ھەڵگری ناوەرۆکێکی فیکری و سیاسی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی تایبەتە، فاشیزم تێگەیشتن و ڕوانین و ئایدۆلۆژیای تایبەت دیجوڵێنێت، کەسایەتی سەرۆک لە ناو فاشیزم دا بەشێکی گرنگ و سەرەکییەو سەرۆک سەرۆکی حیزب و دەوڵەت و کۆمەڵگایە، هەمیشە نەوەی سەرۆکە فاشیزمەکان خەون بەوە دەبینن کەشوێنی باوکیان بگرنەوە، خەونی ئایدۆلۆژیای فاشیزم خەونی دروستکردنی جۆرێکی تر لەئینسان و لەکۆمەڵگایە بە پێی ڕوانینی فاشیستی، هەموو فاشیزمێک خێڵو مێنتەڵییەتی خێڵ پیرۆز دەکات و دەسەڵاتێکی شمولی پێکدەهێنێت، تووندوتیژی سیاسی بەرامبەر بەرهەڵستکاران و دەنگی ناڕازیی و ئۆپۆزسیۆن یەکێکە لە میتۆدەکانی دەسەڵاتی فاشیزم، خەونێکی تری فاشیزم ئەوەیە کە ئازادی ئینسانەکان ڕیشەکێش بکات و هیچ دەرفەتێک بۆ دەربڕینی ڕەخنە و دیدو ڕوانین و ڕای جیاوازی مرۆڤ نەهێڵێت.
یەکەمین کاری فاشیزم چاودێریکردنی تاکەکانی کۆمەڵگا و کۆنترۆڵکردنی کایەی سیاسی و ئابوری و بڵاوکردنەوەی ترس و ڕەنگڕێژکردنی ترسە لە ناو کۆمەڵگادا ، توندوتیژی فاشیزم جیاوازە لەتوندوتیژی دیکتاتۆرییەت و ئاکاری تایبەت بەخۆی هەیە، بینیتۆ ئەمیلکەیر ئاندریا موسۆلینی ( 1883- 1945) یەکێکە لە گەورە فاشیزمەکانی جیهان، مۆسۆلۆنی بە چیرۆکێکی پڕ لەتراژیدی لەسێدارە دەدرێت، واڵتەر ئاودیسۆ لە کتێبی بیرەوەرییەکانی خۆیدا دەڵێت: چوومە ئەو ژورەی کە موسۆلینی و خۆشەویستەکەی( کلارا بیتاچی) تێدا دەستبەسەر کرابوون، بڕیارم دا جارێکی تر عەدالەتی نەتەوەیی بۆ گەلی ئیتالیا بگەڕێنمەوە، سەرەتا چەکەکەم چروکی کرد و تەقەی نەکرد، دووەمین چەکیش هەر تەقەی نەکرد، پاشان توڕەبووم و چەکی یەکێک لە پاسەوانەکانم هەڵگرت و ڕووم کردە هەردوکیان لەوکاتەدا لەپێشدا مۆسۆلۆنیم کوشت و دواتریش خۆشەویستەکەی، واڵتەر ئاودیسۆ لە کتێبەکەیدا نوسیویەتی و دەشڵێت؛ بۆ ئەوەی فاشیزم لە داهاتووی مرۆڤایەتیدا ببێتە پەند لە مەیدانی (لۆریتۆ) لە شاری (میلانۆ) لەنزیک بەنزینخانەی (ئیسیسسۆ) تەرمی (مۆسۆلۆنی و خۆشەویستەکەی بە ناوی کلارا) و دوو وەزیرم سەربەرەو خوار هەڵواسی.
توندوتیژی و جەنگ و ملمملانێ و کوشتن و تیرۆر لای فاشیزم پلەو پایەیی بەرزیان هەیە، فیکرو فەلسەفەی هەموو فاشیزمێک ڕەگەزپەرستی و پیرۆزکردنی سەرۆک و خێڵ و بنەماڵەکەیەتی، زۆرێک لە پاشاو سەرۆک و زەعیمەکانیانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هەرێمی کوردستانیشەوە سەرسام و شوێنکەوتە و لاسایکەرەوەی فاشیزمن، چۆن برۆیش دەڵێ :”فاشیزم زیاترە لە دیکتاتۆری”. ئێستا یەکێک لەو مەترسیە گەورانەی دنیای سیاسی ئێمەی تەنیوە دامەزراندنی بنەماکانی ئەو فاشیزمەیە کە بە شێوەیەکی سیستماتیکانە لە ڕێگەی جیاوازەوە لە لایەن پارتی و یەکێتییەوە کاری لەسەر دەکرێت، رۆژانە ئەو رەفتارە سەرکوتکاریانە دەبینین کە ئاماژەی گرنگن بۆ سەرهەڵدانی عەقڵیەتێکی فاشیخواز بە کڵاوی یەکێتی و پارتی، فاشیزمی یەکێتی و پارتی هەمیشە لە هەوڵی لێدان و گرتن و کوشتنی خۆپیشاندەران و رۆژنامەنووسان و دەنگە ناڕازیەکاندا بووە و لە پراکتیکدا لە هەوڵی ژینگەیەکی پڕ لە ترساندن و تۆقاندنی خەڵک و چاودێریکردنی هاوڵاتیان و رێگریکردن لە هەر جوڵە و خۆپیشاندانێکی جەماوەریی دان ، یەکێتی وەکو پارتی لە غروری پاوانکردنی دەسەڵاتدایە لەپێناو دروستکردنی هەژمونێکی گەورەتر بەسەر هەموو تاکێکی کۆمەڵگادا.
هیچ گومانی تێدا نییە لەهەر گۆشەو سوچێکەوە بە ڕوانینێکی فیکری و فەلسەفی خوێندنەوە بۆ ئەم سیستە سیاسییە و هونەری بەڕیوەبردن لە هەرێمی کوردستان بکەیت، سیستەمەکە بەڕوونی بەرگی فاشییەتی لەبەردایە و دەبێ چاوەڕێی هەموو کردەیەکی فاشییانە بین، یەکێک لەو کردە فاشییانەی کە فاشیستەکان پەنای بۆ دەبەن بریتی یە لە دروستكرنی فەزاییەكی پڕ لە ترس و تۆقاندن ، شکاندنی شکۆی مرۆڤ و بچوککردنەوەی ئینسان و بێدەنگکردنی کۆمەڵگا، هەتا پەنا بردن بۆ تیرۆری ئینسان و ئیفلیج کردنی دیموکراسیەت هەموو ئەمانە کردەی فاشیستین ، ئەم خەونە فاشستییە لەسنوری قەڵەمڕەوی پارتی دیموکراتی کوردستاندا کاری بۆ کراوەو کۆمەڵگاش بەو ئاراستەیەدا دەبرێت کە خەونی فاشییەت پێویستی پێیەتی ،هاوکات لەتەنیشت قەڵەمڕەوی پارتیشدا ئەم خەون و حەزو خولیا فاشیزمە گوازراوەتەوە بۆ قەڵەمڕەوی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش، وردە وردە ئەو تۆزە ئازادییەی کە بەشانازییەوە باس دەکرا سەرکوت دەکرێت و كردەی فاشییانە ئەکتیڤ دەکرێت دژ بە بەهاكانی مرۆڤ و ئازادییی و دەنگە ئازادەكان، دژ بە خەون و بەها گەورەكانی دیموكراسی ، وردە وردە یەکێتی نوێ چاو لەپارتی دەکات و دەیەوێت بە مرۆڤەكانی ژێر دەسەڵاتەكەی خۆی بڵێت دەتوانم خەون و بەهاكانتان لێوەر بگرمەوە، شكۆمەندیتان تێک بشکێنم، پیرۆزییەكانیشتان وێران بکەم، ئازادییەكانتان كۆتایی پێ بهێنم! یەکێتی ئێستا پارتییە چونکە وەک پارتی نەخشە بۆ فاشییەت دادەڕێژێت و لەگەڵ پارتی پێکەوە لە هەوڵی دامەزراندنی فاشیزمێکدان کە تاکەکانی کۆمەڵگا توانای دەربڕینی راوبۆچونەکانی خۆیانیان نەبێت و هەموو دەنگێکی ناڕازیی کپ بکەن.