ژیلوان بەکر: قاقای تاكی پێڵاوه‌كه‌م.
چاوپێكه‌وتنی سبه‌ینێی له‌گه‌ڵدابێت، له‌ماوه‌ی ئه‌م شه‌ش مانگه‌ی ڕابووردوودا، چوارده جار بۆ دۆزینه‌وه‌ی كار چاوپێكه‌وتنم كردووه. سیانزه خۆی ژماره‌یه‌كی شومه، له‌خوا به‌زیادبێت من تێپه‌ڕم كرد، دڵنیام سبه‌ی باش به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
هه‌رچه‌نده شتێكی زۆر شیاویش نییه له‌ئاست بڕوانامه‌كه‌مدا، به‌ڵام له‌م بێكارییه‌م گه‌لێك باشتره، ته‌نها لێپرسراوی پرسگه‌یه، به‌ڵام پرسگه‌ش تا پرسگه جیاوازی زۆره، خۆ پرسگه‌ی كۆشكی سپیش هه‌ر ته‌نها یه‌ك كارمه‌ند به‌رپرسیاره لێی، به‌ڵام به‌قه‌د جێگه‌ی سه‌ره‌ك وه‌زیرانی ئه‌م كاولبووه گرنگه، ده‌ی كۆشكی سپیش كاول بێت به‌مه‌ی خۆمانه‌وه، داری ئه‌وانه به‌ڕوحمانه‌وه.
ئه‌ڵێن خاوه‌نی كۆمپانیاكه‌ی ده‌چم كاری تیابكه‌م هاوته‌مه‌نی خۆمه، گه‌روابێت كه‌باس ده‌كرێت له‌هه‌مان زانكۆ و له ساڵه‌كانی خوێندنیشدا به‌یه‌كه‌وه بووین، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر خه‌یاڵبم، هه‌ر ئه‌وهه‌تیوه گۆجه‌یه كه‌دایمه ده‌ستێكی به‌به‌ر ورگیه‌وه گرێدرابوو. هه‌رچه‌نده من كۆلیژی مێژووم ته‌واوكرد، به‌ڵام وابزانم ئه‌و ده‌رچووی كۆلیژی زمانه به‌شی فه‌ره‌نسی.
بیستوومه كه‌باوكی دوكانی فه‌لافلی هه‌بووه، باشه ئه‌گه‌ر ڕۆژانه پێنج هه‌زار له‌فه فه‌لافلیان فرۆشتبێت و هه‌ر له‌فه‌یه‌كیشیان دابێت به هه‌زار دینار، كه‌واته ڕۆژی پێنج ملیۆن دیناری په‌یدا كردووه، دوو ملیۆنیشی لێبڕوات بۆ مه‌سره‌ف، كه‌واته سێ ملیۆنی پاشه‌كه‌وت كردووه. به‌ڵام هێشتا بۆ ماوه‌ی ده‌ساڵیش ئاوا كاربكرێت، هه‌ر به‌شی ده‌رگای چوونه ژووره و مێزی پرسگه‌ی ئه‌وكۆمپانیایه‌یه كه‌من چنگه نڕێمه له‌سه‌ر كورسیه‌كه‌ی دانیشم ؟!
ئای باوكی داماوم… سی و پێنج ساڵ ڕاوه‌ستان و تۆزی ته‌باشیر هه‌ڵمژین چی بۆ هێشتیته‌وه؟ گۆڕه‌كه‌شت له به‌ختی ڕه‌شت به‌لاش نه‌بوو، به‌پێی بڕیاری شاره‌وانی ده‌بوایه له گۆڕستانه نوێكه بتنێژم ، ئێ ئه‌و دوو پووله‌ی هه‌شمانبوو، به‌شی جێگه‌یه‌كی باشی نه‌ئه‌كرد، ناچاربووم لاچه‌په‌كێكت بكه‌م به‌نسیب، به‌خوا ئه‌وه‌نه ته‌نیای مه‌گه‌ر دایكم بمرێت و بیكه‌مه دراوسێت، ئه‌گینا هه‌تا بیست ساڵی تریش گۆڕێك ناگاته نزیكته‌وه شه‌وانه دوو ده‌مه ته‌قێ و داخی دڵی له‌گه‌ڵدا باسكه‌یت.
ده‌ی هه‌ركه‌س به ڕێگه‌ی خۆی، ئێستا گرنگ ئه‌وه‌یه خۆم ئاماده‌بكه‌م بۆ سبه‌ی.
جله‌كانی ژێره‌وه‌م به جه‌هه‌نه‌م چۆنه با ببێت، گرنگ ئه‌وه‌یه قاوغی ده‌ره‌وه‌م گونجاوبێت، فانیله‌كه‌ی ژێره‌وه‌م قه‌ڵبه‌یه‌كی چاكی پێوه‌یه له‌كه‌مه‌ره‌ی چه‌پم، كراسه نه‌عله‌تیه‌كه‌شم زۆر ته‌نكه، قه‌ڵبه‌ی فانیله‌كه‌م جوان ده‌رئه‌كه‌وێ ! كه‌واته واباشتره قۆپچه‌ی چاكه‌ته‌كه‌م نه‌ترازێنم كاره‌كه مه‌یسه‌ر ده‌بێت. باشه ملیوانه‌ی كراسه‌كه‌م ته‌واو شیبۆته‌وه و كونه قۆپچه‌كه‌شی هه‌ڵوه‌شاوه! ده‌ی ئه‌مه‌شیان كارئاسانی بۆ ئه‌كرێت، به بۆینباخه‌كه‌م شه‌ته‌كی ئه‌یه‌م ئه‌گه‌ر خنكاویشم یه‌ك تۆزقاڵ شلی ناكه‌مه‌وه. هه‌ر بۆ سومعه‌تیش باشه، له‌وانه‌یه ببێته خاڵێكی باش و واڕه‌چاوبكرێت كه پابه‌ندم به ئه‌ته‌كێتی كاره‌وه. ده‌ی وا ئه‌مه‌شیان تاووتوێ كرا، ئه‌ی چاكه‌ت و پانتۆڵه عه‌ماره‌پۆكه‌ی ته‌له‌بایه‌تیم به‌چی؟! خۆ ئه‌وه‌نه كوتاڵه‌كه‌ی لووس بووه سه‌ر ئه‌ژنۆكانم و ئانیشكه‌كانم ئه‌ڵێی پشتی ئاوێنه‌ی پاسكیله شه‌وق ئه‌یاته‌وه! وابزانم ئه‌مه‌یان چاره‌م لاده‌ست ناكه‌وێت، به‌ڵكو شوێنی چاوپێكه‌وتنه‌كه ئه‌وه‌نده ڕۆشن نه‌بێت ئابڕوومان به‌رێت، سه‌ر و قژیش ئه‌وه‌نه خراپ نییه، عه‌یاره‌یه‌ك شه‌كر و تۆزێك ئاو، وه‌ك چیغ ڕه‌قی ئه‌كات، به‌س مێش و مه‌گه‌زی نه‌بێت گرفتم نییه، باوه‌ڕیش ناكه‌م مێشی هه‌بێت، خۆ دوكانی فه‌لافله‌كه نییه، مێش چی ئه‌كات له‌وێ؟
ئا بیرم كه‌وته‌وه….! پێڵاوه‌كانم، باشه كات نه‌مابوو ئه‌مڕۆ نه‌بێت ئاوه‌ها ده‌م داچه‌قێنێ؟ تۆ سه‌یری ئه‌و ناوچه‌وانه قۆقزه‌ی من! دوو مانگ زیاتره بنه‌كه‌ی به‌ریداوه، به‌ڵام قه‌ت ئاوا داینه‌چه‌قانبوو، ئه‌و پلیكه نه‌فره‌تیه‌ی دایره‌ی ته‌قاعودی نه‌بوایه كه له قه‌راغه‌گه‌ی گیرا كه‌ی ئه‌وه‌نه خراپ بوو؟ سه‌رباری ئه‌وه‌ش ته‌قاعودیه‌كه‌ی باوكم وه‌رنه‌گرت، گوایه خه‌زنه به‌تاڵه، جانازانم بۆ قه‌ت پڕبووه؟!
تۆ ته‌ماشایكه.. ئه‌ڵێی به‌به‌ختی من پێئه‌كه‌نێ، هه‌رباشبوو بیرم هاته‌وه، تا دره‌نگ نه‌بووه و پینه‌چی ماوه بڕۆم مشورێكی بخۆم.
كاتی یاریه‌كه‌ی به‌رشلۆنه و ڕیاڵه، جاده‌وبان زۆر چۆڵ دیاره، عه‌سرێكی دره‌نگ گه‌شتمه به‌رده‌م كاك عه‌باسی پینه‌چی، تاگه‌شتم ئه‌توت نیو بوتڵ عاره‌قم خواردۆته‌وه ڕێم ئه‌كرد، به قاچی ڕاست هه‌نگاوم ئه‌ناو چه‌په‌شم ئه‌خشان، وانه‌بوایه هه‌موو جارێك هه‌نگاوم بنایه تاكه قڵیشاوه‌كه چه‌پڵه‌یه‌كی لێئه‌یا، هه‌ركه‌سێك گوێی لێبوایه وایئه‌زانی هانده‌ری ڕیاڵم و بۆ گۆڵه‌كه‌ی ڕۆناڵدۆ چه‌پڵه لێئه‌یه‌م.
پێڵاوه‌كانم داكه‌ند، وتم كاك عه‌باس گیان ده‌ستم دامێنت، ئه‌گه‌ر چاره‌یه‌كی كاتیش بێت به‌ڵكو شتێكم بۆ بكه‌یت، گرنگ نییه ته‌نها تا سبه‌ی ئێواره بڕبكات گه‌لێك مه‌منوون ئه‌بم.
جوتێ سه‌نده‌ڵی دامێ، كردم به‌سه‌ری پێمه‌وه، تاكه شكسته‌كه‌م هێشتا به‌ده‌سته‌وه‌بوو بیده‌مێ، یه‌كێك له‌دواوه ده‌ستی خسته سه‌رشانم وتی ( پشكۆ ! داماو! ئه‌وه چی ئه‌كه‌ی له‌م ناوه؟ )
ئاوڕم دایه‌وه سیروانی هاوپۆلی دواناوه‌ندیم بوو، هیچ خۆم تێكنه‌یا، تاكه داچه‌قاوه‌كه‌م كرد به‌بنی باڵما و چاكه‌ته‌كه‌م دایه‌وه به‌سه‌ریا، باشبوو دیقه‌تی نه‌یا، زۆری چڕی مردوومراوه. له‌و سه‌روسه‌ودایه‌دا شاگرده‌كه له‌پشتی دوكانه‌كه‌وه، كاك عه‌باسی بانگ كرد، وابزانم شتێكی لێ ونبووبوو، نوقمی چه‌رم و قه‌یتان و قۆنه‌ره بووبوو، به‌هۆی ئه‌و شاگرده حۆله‌وه كاك عه‌باس منی بیر چوه‌وه و چوو به‌لای ئه‌وه‌وه. سیروان ده‌ستی دایه باڵم و وتی ( ئاوه‌ره با چایه‌ك به‌یه‌كه‌وه بخۆینه‌وه، ئه‌زانی چه‌ند ده‌مێكه تامه‌زرۆتم ؟)
په‌لكێشی كردم، هه‌رچه‌ندم كرد له‌ڕووم نه‌هات بڵێم پێڵاوه‌كانم هێناوه بۆ چاك كردن، تازه كاریش له‌كار ترازابوو، تاكه كۆڵه‌واره‌كه له‌بنباڵمابوو، تاكه بێعه‌یبه‌كه‌ش لای كاك عه‌باس جێمابوو.
چوینه چاخانه‌یه‌ك به‌رامبه‌ر به سینه‌ماكه، دوو چای بانگ كرد و ئنجا دیقه‌تی سه‌نده‌ڵه‌كانی پێمی دا.
وتی ( ئه‌وه بۆ به نه‌عله‌وه هاتوویته ده‌ره‌وه؟ )
وتم – ئه‌گزیما ته‌نگی پێهه‌ڵچنیووم، نێوان په‌نجه‌كانم دایمه ئه‌برژێته‌وه، دوای ئه‌وه دنیاش هێشتا گه‌رمه، ئه‌مه‌یان فێنكتره.
ئه‌و خواگرتووه به نیوسه‌عات چاكه‌ی ته‌واوكرد، ئه‌وه‌ی ئه‌یوت هیچی به‌سه‌ر هیچه‌وه نه‌بوو. گه‌ر شتێكی گرنگیشی وتبێت مه‌به‌ستم نه‌بوو، چونكه من ته‌نها له داڵغه‌ی پێڵاوه‌كه‌ی بنباڵمابوو
هه‌رچاكه‌ی ته‌واو كرد وتی ( بۆ نه‌چین شتێك بخۆین به‌یادی جاران؟ )
وتم- به‌خوا سیروان گیان كاتێكی وام به‌ده‌سته‌وه نییه، ئه‌بێت شتێكیش به‌رمه‌وه بۆ ماڵه‌وه، ئه‌و بێوه‌ژنه‌ی دایكم چاوه‌ڕوانمه.
كولوكافر بووم تیایا ڕێگه‌ی نه‌یام بڕۆم. من ئه‌موت و ئه‌و وه‌رینه‌ئه‌گرت.
هێشتا نیوه‌ڕۆیه … بازاڕ ئه‌مێنێت … هه‌زار و یه‌ك ڕاووڕێوی بۆ هێنامه‌وه، وه‌كو قۆڵبه‌ست، قۆڵبه‌ستی كردبووم و كێشی ئه‌كردم، بردمیه به‌رده‌م عه‌ره‌بانه‌یه‌كی خواردن، سه‌روله‌فه‌ی جگه‌رمان خوارد، ئه‌مجاره‌یان به‌لامه‌وه له‌نگبوو ئه‌و پاره‌بدات، چونكه پاره‌ی چاكان ئه‌و دابووی، ئه‌و پێنج هه‌زاره‌ی پێمبوو دامه ده‌ست كابرای فرۆشیار، دوو هه‌زاری به‌ده‌سته‌وه بوو بمداته‌وه، سیروان وتی ( به‌خوا من حه‌زم له قاورمه‌یه‌كیشه ). كاكی فرۆشیار هه‌ر سه‌یریشی نه‌كردم، دوو هه‌زاره‌كه‌ی خسته‌وه ناو ده‌خیله‌كه‌ی و پرزۆڵه پێنج سه‌دییه‌كی تیپڕێژكراوی دایه‌وه ده‌ستم.
كه‌ڕزگارم بوو له‌ده‌ست سیروان، به په‌له پروزه خۆم گه‌یانده‌وه گوزه‌ره‌كه‌ی كاك عه‌باس، له‌داره‌كه‌ی دنیا جگه‌له پێنج سەدیە شڕه‌كه‌ی گیرفانم هیچی ترم شك نه‌ئه‌برد.
كاتێك گه‌شتمه‌وه، گوزه‌ر تاكوته‌را دوكانی كراوه‌ی تیامابوو، ئه‌وانیش خه‌ریكی كۆكردنه‌وه بوون، پینه‌چیه فریشته‌كه‌شم له‌وێ نه‌مابوو، تاكه پێڵاوه ساغه‌كه‌شمی خستبووه‌وه ناو عه‌لاگه‌كه‌ی تیایا هێنابووم و له‌سه‌ر قوفڵی دوكانه‌كه‌ی بۆی جێهێشتبووم.
شه‌و پێش خه‌وتن، تۆزێك سیكۆتینم شك ئه‌برد، هه‌رچۆنێك بێت له‌بنی پێڵاوه‌كه‌م سو‌و، خستمه ژێر بوتڵی غازی ته‌باخه‌كه‌وه، وتم به‌ڵكو به‌شی سبه‌ینێ خۆی بگرێت.
بۆ به‌یانی زوو به‌پێی پلان خۆم ئاماده‌كرد و كه‌وتمه‌ڕێ، هه‌تا گه‌شتمه كۆمپانیاكه سه‌عات و چاره‌كم پێچوو، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دوور بوو، به‌ڵام له‌ترسی ئه‌وه‌ی تاكی پێڵاوه‌كه‌م هه‌ڵته‌قێته‌وه و ڕیسه‌كه‌م لێبكاته‌وه به خوری، چه‌شنێك هه‌نگاوم ئه‌نا ئه‌تووت ژنی زێستانم و به قه‌یسه‌ری دووانه‌م بووه.
كه گه‌یشتمه كۆمپانیاكه هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م خۆش بوو به پلیكانه‌كاندا به سه‌لامه‌تی سه‌ركه‌وتم، ده‌رگای ژووری چاوپێكه‌وتنه‌كه‌م بڕی و ئاودیوبووم. نوكی پێڵاوه‌كه‌م له كه‌ناری كومباره‌كه گیرا و شڵپه‌ی لێهه‌ڵسا.
حه‌وت هه‌شت هه‌نگاوێكم مابوو بگه‌مه ئاست كورسی چاو پێكه‌وتنه‌كه، دوو كارمه‌ند سه‌ریان به‌سه‌ر فایله‌كانی به‌رده‌میانه‌وه‌بوو، به‌رپرسیاری وه‌رگرتنی كارمه‌ندی تازه بوون، شه‌قه‌ی بنی پێڵاوه‌كه‌م سه‌ری پێبه‌رزكردنه‌وه.
یه‌كێكیان وتی ( پێویست به چه‌پڵه ناكات، ئاگامان لێیه له ژووره‌وه‌یت ).