هیوا ناسیح: فیلمی” هاوسێکان” یان سه‌ربورده‌ی مناڵێکی ڕۆژئاوای کوردستان.
له ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه‌وه نوێترین فیلمی ده‌رهێنه‌ر و سینه‌ماکاری ناسراوی رۆژئاڤای کوردستان مانۆ خه‌لیل به ناوی هاوسێکان (Nachbaren) له سینه‌ماکانی سویسرا نمایشکرا، هاوکات لە میانەی پەنجا و شەشەمین فیستیڤاڵی فیلمی زۆلهتورندا هه‌ر له‌م وڵاته، کە لە 20 تا 27 ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، پێشان دەدرێت. ده‌نگدانه‌وه‌یه‌کی باشی هه‌بوو وه بینه‌رێکی زۆری بۆ خۆی کێش کرد. ئه‌م فیلمه که ئه‌مساڵ به‌رهه‌مهاتوه له سیناریۆ و ده‌رهێنانی مانۆ خه‌لیله و ماوه‌که‌ی 124 خوله‌که. زمانه‌که‌ی کوردی کرمانجی و عه‌ره‌بییه به ژێرنوسی ئه‌ڵمانی و فه‌ڕه‌نسییه‌وه.
دیاره من شاره‌زای بواری ته‌کینکی هونه‌ری سینه‌ما و وێنه‌گرتن نیم، بۆیه ته‌نها قسه له سه‌ر لایه‌نی چیرۆکه‌که و سه‌رکه‌وتنی فیلمه‌که ده‌که‌م له گه‌یاندنی په‌یامه مرۆڤانه و نیشتمانیی و نه‌ته‌وه‌ییه‌که‌یدا. چیرۆکه‌که وه‌ک مانۆ خه‌لیل خۆی ده‌ڵێت سه‌ربورده‌ی مناڵی خۆیه‌تی، که له گوندێکی رۆژئاوای کوردستان و نزیکی سنوری تورکیا له ناوچه‌ی قامیشلو ژیاوه. به‌ڵام ناوبراو نه‌هاتوه ده‌قاوده‌ق چیرۆکی ژیانی وه‌ک فیلمێکی دۆکیۆمێنتی بگێڕێته‌وه، به‌ڵکو به شێوازێکی هونه‌ری و ته‌کنیکێکی جوان ژان و و ئازاری مناڵێکی کوردی ئه‌وێ باس ده‌کات. خاڵێکی تری سه‌رکه‌وتنی فیلمه‌که له‌وه‌دایه، که سه‌ره‌ڕای سته‌می سیاسی و تاڵی ژیان و گوزه‌ران و کێشمه‌کێشمی کۆمه‌ڵایه‌تی و و تراژیدیا، هه‌میشه ئه‌م تروسکه‌ی هیوا و شادی ون ناکات و ناوبه‌ناو خه‌نده ده‌خاته سه‌ر لێوی بینه‌رانی. له‌م باره‌وه مانۆ خه‌لیل له لێدوانێکیدا ده‌ڵێت: من ده‌مه‌وێت ئه‌وه نیشان بده‌م، که مرۆڤ له دۆخه سه‌خت و ئاڵۆزه‌کانیشدا، که خه‌م دایده‌گرێت و سته‌م و زۆرداریی و نادادی ژیانی لێ تاڵ ده‌کات، گاڵته و خۆشی و ساته خهمڕهوێنهکان له‌بیر نه‌کات، که هه‌ن و هه‌میشه‌ش ئه‌گه‌ری ده‌رچه‌یه‌ک بۆ گرفت و چه‌رمه‌سه‌رییه‌کان هه‌یه. هاوکات دۆخی تاڵی ژیانی ژێر داگیرکاری و سته‌م و بهرتیلپێدانی کاری کارگێڕیی و رۆژانه به‌ووردی پیشان ده‌دات.
ناوی فیلمه‌که‌ش له‌وه‌وه هاتوه، که چۆن بیروباوه‌ڕی دیکتاتۆری و شۆفێنیانه، هه‌وڵ ده‌دات ئاشتی کۆمه‌ڵایه‌تی و پێکه‌وه‌ژیان بشێوێنێ و هه‌وڵ ده‌دات چۆن سنوری به ته‌له دڕکه‌زی چنراوی نێوان وڵاتان چێ ده‌کات، ئاواش چه‌ندان سنوری نه‌بینراو له نێو هه‌ست و وێژدانی مرۆڤه‌کان و دراوسێکانیان دروست بکات.
سه‌رۆ (سه‌رهه‌د) که ته‌مه‌نی شه‌ش ساڵه له گوندێکی سه‌ر سنوری ده‌ستکردی نێو کوردستانی باکور و رۆژئاڤا ده‌ژیت، گونده‌که‌یان که دووره ده‌سته خه‌ڵکێکی هه‌ژار به کوله‌مه‌رگی و کشتوکاڵه‌وه بژێوی خۆیان دابین ده‌که‌ن. کات ساڵانی سه‌ره‌تای هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوه، حافز ئه‌سه‌دی دیکتاتۆری باوکی به‌شار ئه‌سه‌دی ئێستای سه‌رۆی سوریا باڵاده‌سته و به‌ده‌ستێکی ئاسنین حوکم ده‌کات، هاوکات رژێمی تورکیا و سوریا به دڕکه‌زی و قوله‌ی پاسه‌وانیی سه‌ربازیی سنوریان به نێو گونده‌کانی کوردستاندا کێشاوه، که زۆربه‌یان خزم و که‌سوکاری یه‌کترین، به‌مجۆره چه‌نده‌ها خێزان و که‌سوکار له‌یه‌کتر دابڕاون و ناتوانن سه‌ردانی یه‌کتریش بکه‌ن، چونکه به‌شێکیان له‌وبه‌رن و به‌شێکی تریان که‌وتونه‌ته ئه‌م به‌ری سنوره ده‌ستکرده‌که‌وه! وه‌ک ئه‌وه‌ی هێمنی شاعیری گه‌وره ده‌ڵێت (تۆی له‌من دوور کرد و منی له‌تۆ دوور، ئه‌و بستۆکه‌ی دوژمن ناوی نا سنور)!
سه‌رۆی مناڵ ده‌چێته پۆلی یه‌که‌می خوێندن له قوتابخانه‌ی گونده‌که‌یان که خانویه‌کی به‌جێهێلراوی کۆن و په‌رپوته، له‌وێ مامۆستایه‌کی عه‌ره‌بی به‌عسی سوریی شۆڤێنی، به تایبه‌ت له دیمه‌شقه‌وه نێردراوه، تا مناڵه‌کانی ئه‌وێ به گیانی ره‌گه‌زپه‌رستیی عه‌ره‌بی و دوژمنایه‌تی ئیسرائیل و جوله‌که، هه‌روه‌ها سڕینه‌وه‌ی هه‌رجۆره هه‌ستێکی نه‌ته‌وایه‌تی له مێشکی مناڵه‌کاندا په‌روه‌ره‌ده بکات. سه‌رۆی داماو هه‌ر له یه‌که‌م رۆژی خوێندنه‌وه په‌رۆشی خوێندنی نامێنێ و لێی بێزار ده‌بێت، کاتێک مامۆستاکه زمانی کوردی‌یان لێ قه‌ده‌غه ده‌کات و ئه‌میش هیچ له عه‌ره‌بی ناگات! مامۆستای ناوبراو به‌مه ناوه‌ستێت و به‌رده‌وام و رۆژانه له بری خوێندن و فێرکردن، زیاتر بیروباوه‌ڕی به‌عسی و کینه‌هه‌ڵگرتن له ئیسرائیل و جوو، هه‌روه‌ها گیانی پیاهه‌ڵدان و شانازی‌کردن به حافز ئه‌سه‌دی سه‌رکۆمار، که ئه‌م وه‌ک سه‌رکرده و ڕابه‌ری بێوینه‌ی سوریا و عه‌ره‌ب وێنای ده‌کات، ده‌خاته مێشکی خوێندکاره‌کانه‌وه، ئه‌وی بهگوێشی نه‌کات به داره‌که‌ی ده‌ستی ده‌که‌وێته گیانی و لێی ده‌دات. ئه‌م ره‌فیق به‌عسیه له‌بری زانست و په‌روه‌رده، باس باسی زایۆنیزم و فه‌له‌ستین و ئیمپریالیزمه لای، مناڵه‌کانیش هیچیان له‌م باسانه ناگه‌ن به‌ڵام له ترسی مامۆستا نا‌وێرن پرسیار بکه‌ن، له پشته‌وه‌ش گاڵته‌ی پێ ده‌که‌ن. کێشه‌که لای سه‌رۆ زیاتره له هاوپۆله‌کانی تا ڕاده‌ی سه‌رلێتێکچوون، چونکه ساڵانێکی زۆره ئه‌مان هاوسێیه‌کی جوله‌که‌یان هه‌یه، که زۆر تێکه‌ڵی یه‌کن، به جۆرێک رۆژانی شه‌مموان، که لای وان رۆژێکی پیرۆزه و نابێت ئاگر بکه‌نه‌وه، به‌رده‌وام سه‌رۆ یان ئارامی مامی ده‌چن ئاگری چرا و ته‌باخی ئه‌وان بۆ دروستکردنی خواردن هه‌ڵده‌که‌ن، چونکه له‌و رۆژه‌دا وه‌ک نه‌ریتێکی ئاینی جوو تاوانه، خۆیان ئاگر هه‌ڵبکه‌ن. ته‌نانه‌ت په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستیش له نێوان حه‌ننای کچیان و ئارامی مامی سهرۆدا هه‌یه.
ته‌نها شتێک سه‌رۆ دڵی پێ خۆش بکات، ئه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ ئارامی مامیدا میزه‌ڵدان به سێ ڕه‌نگی ئاڵای رۆژئاوای کوردستان به ئاسماندا به‌ره‌و سنور هه‌ڵده‌ده‌ن بۆ توڕه‌کردنی سه‌ربازانی تورکیا و سوریا! هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ هاورێکانیدا گاڵته له‌گه‌ڵ مه‌لا ده‌نگ قرخن و کۆکاوییهکهی گوند بکه‌ن.
ئه‌وی سوریا بینی بێت، ده‌زانێت که له‌وناوچانه‌ی رژێمی ئه‌سه‌د حوکمی کردبێ و بکات، خوێندکاران به‌رگێکی یه‌کپۆشی نزیک له ره‌نگی سه‌ربازی ده‌پۆشن و زیاتر وه‌ک نه‌وجه‌وانان (تهڵایهع)ی کاتی به‌عس مامه‌ڵه ده‌کرێن و ته‌نانه‌ت رۆژانه‌ش وه‌ک کاتی خۆی له باشور له گۆڕه‌پانی قوتابخانه‌کاندا سرودی نیشتمانی به‌عسی و سڵاوی ئاڵا و دروشمه‌کانی به‌عس ده‌وترێنه‌وه. ئێمه‌ش له باشور به تایبه‌تی و عێراق به گشتی هه‌میشه فێرده‌کراین، که قینمان له جووله‌که بێته‌وه، به دوژمنی خۆمانیان بزانین، به سه‌رچاوه‌ی هه‌موو ئاشوب و خوێنڕشتن و مافخوران و نادادییهکیان بزانین، خۆشمان نه‌مانده‌زانی بۆ؟ به‌ڵام مرۆڤ به‌تایبه‌ت کاتێ دێته ئه‌وروپا و لێره جوله‌که ده‌بینێ و ده‌ناسێ، ده‌زانێ ئه‌وانیش مرۆڤن و چاک وخراپیان هه‌یه، ته‌نانه‌ت زۆریشیان هه‌ن که له‌گه‌ڵ سته‌م و زۆری ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل‌دا به‌رامبه‌ر فه‌له‌ستینیه‌کان نین. ئیتر جۆرێکی تر تێڕوانینی بۆیان ده‌بێت.
مامۆستا که خه‌ون به نیشتمانی عه‌ره‌بی یه‌کگرتوو، هاتنه‌دی دروشمه شۆفێنیهکانی به‌عس و له‌ناوبردنی جوو و ئیسرائیله‌وه ده‌بینێت، لای سه‌یر ده‌بێت، که ئه‌و گونده هیچ دارخورمایه‌کی تێدا نییه، که ئه‌م به هێمای سه‌ربه‌رزی عه‌ره‌ب و عروبه‌ی دهیبنینێت، بۆیه یه‌که‌م کاری هێنانی دارێکی به‌رزی خورما ده‌بێت بۆ ئه‌وێ و له ناوه‌ڕاستی گۆڕه‌پانی خوێندنگاکه‌دا ده‌یچێنێت. به‌مه‌ش ناوه‌ستێت، شانۆگه‌ریی بێ‌مانا و دژ به ئیسرائیل به مناڵه‌کان رێک ده‌خات و فێری توندوتیژی و چه‌قۆ وه‌شاندن و… هتد یان ده‌کات، بۆ نمونه له بوکه‌ڵه‌یه‌کی له گوێنی دروستکراوی به پوش ئاخنراو، گوایا ئه‌مه سیمبوڵی ئیسرائیله! ئیتر ئه‌م کارانه له هه‌ڵسوکه‌وتی مناڵه‌کاندا ره‌نگ ده‌داته‌وه، که له ته‌قاندنه‌وه‌ی مینی کۆن و کوشتنی گیانله‌به‌راندا خۆی ده‌بینێته‌وه!
مرۆڤ که ئه‌م دیمه‌نانه ده‌بینێت، بۆ ئێمه‌مانانی خه‌ڵکی باشوری کوردستان، که هه‌ر نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب و ڕژێمی به‌عس له هه‌شتاکاندا دهستهڵاتداربوو، وه به هه‌ندێک جیاوازی که‌مه‌وه له هه‌ر خوێندنگهیهکهدا مامۆستا یان چه‌ند کادرێکی عه‌ره‌بی شۆفێنی و به‌عسی، له رۆڵی مامۆستادا هه‌بوون، زۆر یاده‌وه‌ریی خۆمان بیرده‌خاته‌وه، بۆ نمونه ئێمه له خوێندنگه‌ی ناوه‌ندی ئاغجه‌له‌ر له ناوچه‌ی گه‌رمیان، ناوه‌ڕاستی هه‌شتاکان مامۆستایه‌کی عه‌ره‌بمان هه‌بوو، ناوی عه‌لی بوو، خه‌ڵکی حه‌دیسه‌ی نزیک به‌غدا و ره‌فیق به‌عسی بوو، وانه‌ی عه‌ره‌بیشی پێمان ده‌گوته‌وه و به نزیکی هه‌مان رۆڵی ئه‌م مامۆستایه‌ی نێو ئه‌م فیلمه‌ی ده‌گێڕا، به‌ڵام به‌جۆرێکی نه‌رمتر، چونکه بارودۆخی باشور جیاواز بوو.
ئیتر خۆ گه‌ڕه‌کی جوله‌که‌کانی هه‌ندێک شاری کوردستان و بیره‌وه‌ریی بهساڵاچووهکانیشمان، گه‌واهیده‌ری ئه‌وه‌ن، که چۆن جوله‌که‌کانی کوردستانیش ده‌ربه‌ده‌رکران و دوورخرانه‌وه، ئێستا مه‌گه‌ر به‌ده‌گمه‌ن، ئه‌گینا له هه‌موو عێراق و باشوری کوردستاندا ،وه‌ک سوریا و رۆژئاڤا، هیچ جوویه‌کی تێدا نه‌ماوه، له‌کاتێدا ئه‌وان هه‌زاران ساڵ بوو له‌م وڵاته له‌گه‌ڵماندا ده‌ژیان.
سه‌رۆ ده‌بینێت چۆن باوک و دایک و سه‌رجه‌م داپیره و باپیره و خێزانه‌که‌یان ده‌چنه سه‌ر سنور و له و دیو دڕکهزییهکانی سنوره‌وه، له ژێر چاودێری توند و زه‌بروزه‌نگی سه‌ربازی ئه‌مدیوو و جه‌ندرمه‌ی ئه‌ودیودا بۆ چه‌ند خوله‌کێک له‌گه‌ڵ خزمه‌کانی ئه‌وبه‌ردا یه‌کتر ده‌بینن و هه‌واڵی یه‌ک ده‌پرسن، کاتێکیش داپیره‌ی ده‌یه‌وێت مناڵێکی ساوای ئه‌وبه‌ری کوردستان ماچ بکات تهلهزییهکه لهسهرولهچکهکهی گیر ده‌بێت به زه‌حمه‌ت له قژ و سه‌ری ده‌که‌نه‌وه.
رۆژێک کاتێک له‌گه‌ل باپیره‌ی لهبهرزییهکدا به‌ره‌و سنور و قوله پاسه‌وانه‌کان دانیشتون، ئه‌و بۆی رونده‌کاته‌وه که ئه‌م سنوره وڵاته‌کانی ئه‌وروپی کێشایان و ئه‌مان تۆخیان کرده‌وه هه‌موو نیشتمانی ئێمه‌یه و کوردستانه، سه‌رۆ ده‌پرسێت: که‌ی ئه‌م سنورانه هه‌ڵده‌گیرێت و نامێنێت؟ ئه‌م پرسیاره بێ وڵام ده‌مێنێته‌وه!
رۆژێک حه‌مۆ که ریشسپییه‌کی گونده‌که‌یه، به مامۆستا شۆفێنییهکه ده‌ڵێت: ده‌توانی ته‌نها رۆژێک بیر له‌وه بکه‌یته‌وه، که دوژمنێکتان نه‌بێت ناوی ئیسرائیله؟ مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه، که له‌ژێر ناوی دوژمنایه‌تی ئیسرائیل‌دا سته‌م نه‌که‌ن و نه‌یکه‌ن به به‌هانه‌ی سه‌رکوتکردن.
کاتێک ئارام له ژێر زوڵم و زۆرداری و ئه‌شکه‌نجه‌ی به‌عسییه‌کاندا زۆری بۆدێت ده‌ڵێت: ئاخر خۆ مرۆڤ هه‌ر جارێک ده‌مرێت، با ئه‌و جاره له پێناو نیشتمان و گه‌له‌که‌یدا بێت نه‌ک له ژێرده‌ستییدا، ئیتر به‌ره‌و چیای شه‌نگال ده‌ڕوات و په‌یوه‌ست ده‌بێت به خه‌باتگێڕه کورده‌کانه‌وه. له خواحافیزیی دولبهرهکهشیدا واتا حه‌ننای کچی نه‌عومی هاوسێیان، زۆر دڵی پڕ ده‌بێت، حه‌ننا به حه‌سره‌ت و هه‌ناسه‌ی سارده‌وه ده‌ڵێت: ئه‌ی هاوار که‌ی ئه‌م هه‌موو کێشانه کۆتای‌یان دێت!!
سه‌رۆ که هه‌موو ئاواتی ئه‌وه‌یه تهلهفزیۆنێکیان هه‌بێت تا سه‌یری فیلمی کارتۆنی مناڵان بکات. به‌ڵام نه‌بوونی کاره‌با له گونده‌که‌یان و دواتریش ده‌ستکورتی سه‌لیمی باوکی ڕێگر ده‌بن له هاتنه‌دی خه‌ونه‌که‌ی. دایکی سه‌رۆ کاتێک له‌گه‌ڵ ژنانی ئاوایی‌دا له‌سه‌ر چه‌مه‌که‌ی ئه‌م به‌ر سنور خه‌ریکی فه‌رش شتن ده‌بن، له پڕ ده‌بێت به گوله‌ی جه‌ندرمه‌یه‌کی تورکییه‌وه، که به ئانقه‌ست سێرهی لێ گرتون و له‌گه‌ل هاوڕێکه‌یدا گاڵته ده‌که‌ن! هه‌ر له‌وێدا گیانی ده‌به‌خشێت. ئیتر ژیانی سه‌رۆ ئه‌وه‌نده‌ی تر سه‌خت ده‌بێت.
نهعۆمی دراوسێیان که دوکانداره و له‌گه‌ڵ ژن و کچه‌که‌یدا له باپیرانییه‌وه سه‌دان ساڵه له‌وێ ده‌ژین، له‌و ساڵانه‌دا رژێمی ئه‌سه‌د فشاری زۆریان بۆ ده‌هێنێت، ته‌نانه‌ت رێگه‌ی سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیشیان لێ ده‌گرێت. ئه‌م ده‌گاته ئه‌و بڕوایه‌ی که ئه‌م خۆی تازه ته‌مه‌نی ڕۆی، به‌ڵام هه‌رچۆنێک بووه ژن و کچه‌که‌ی بنێرێته ده‌ره‌وه‌ی وڵات، چونکه هیچ داهاتوویه‌کیان له‌و وڵاته‌دا نابینێت. بۆ ئه‌مه‌ش سه‌لیمی برای ئارام و باوکی سه‌رۆ هاوکارییان ده‌کات و گوزه‌رنامه‌ی ساخته‌یان به‌ناوی ئه‌وان و وێنه‌ی ئه‌مانه‌وه بۆ ده‌رده‌کات، ئیتر به هه‌ر شێوه‌یه‌ک بووه ده‌ڕۆن و ده‌گه‌نه شاری بێرن پایته‌ختی سویسرا. دواجار ئه‌میش هاوکاری دارایی سه‌لیم ده‌کات و پاره‌ی ده‌داتێ تا ته‌له‌فزیۆنێک بۆ سه‌رۆ بکڕێت.
سه‌رۆ که هه‌موو خه‌ونی ئه‌وه‌یه پاش ئه‌وه‌ی گونده‌که ئه‌له‌تریکی بۆ هاتوه، ته‌له‌فزیۆنیان هه‌بێت تا سه‌یری فیلمی کارتۆن بکات، به کڕینی ته‌له‌فزیۆنه‌که شاگه‌شکه ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی پێ ناچێت، چاوی ره‌شی کاڵ ده‌بێته‌وه و خۆشیه‌که‌ی لێ تێک ده‌چێت، کاتێک ده‌بینێت، له‌گه‌ل یه‌که‌م ساتی کردنه‌وه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌که، له بری فیلمی کارتۆن، مارشی سه‌ربازی و وێنه‌ی حافز ئه‌سه‌دی دیکتاتۆر نیشان ده‌دات!
دوا دیمه‌ن و چاره‌نوسی مرۆڤ، دوای چل ساڵ حه‌ننا که ئیتر کچێکی سه‌ر ماشوبرنجی به‌ساڵاچووه سه‌ردانی که‌مپێکی په‌نابه‌رانی سوریا ده‌کات و له‌وێ سه‌رۆی پێگه‌یشتوو ده‌بینێته‌وه!
تێبینی: مانۆ خەلیل خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە و سالانێکی زۆرە لە سویسرا نیشتەجێیە، تا ئێستا كاری دەرهێنانی بۆ نزیکەی 20 فیلم كردووە، دوایین فیلمەكانی ئەمانە بوون: : “مێشه‌وان”، “پەرەسێلکە”، “ئەنفال” ، “داڤێد تولهیلدان” ، “زیندانەكەم، ماڵەكەم” ، “باخچەكانی بەهەشت”
بۆ بینینی هه‌ندێک وێنه و هه‌روه‌ها تره‌یله‌ری فیلمه‌که ده‌توانن کلیکی ئه‌م لینکانه بکه‌ن:
Nachbarn – Alle Informationen zum Film auf CineImage
https://www.cineimage.ch/film/nachbarn/lbox_trl_trailer_1_sub.html