زاهیر باهیر: لوتکەی کۆنفرانسی بەرگریی لە ژینگە.
بڕیارە ڕۆژی یەکشەمە، 31/10/2021 ، بۆ ماوەی 10 ڕۆژ کۆنفرانسێك لە شاری گڵاسگۆی سکۆتلەندە لەسەر پرسی ژینگە و باشکردنی، بگیرێت. لەم کۆنفرانسەدا وا خەمڵێنراوە کە 124 وڵات بە سەرۆك و دەستوپێوەندەکانیان و بزنسمانە گەورەکانیانەوە کە هەر هەمووی دەگاتە نزیکەی 30 هەزار کەس بریارە بەشداری بکەن. هاوکاتیش پێشبینی ئەوەش دەکرێت کە زیاتر لە 100 هەزار کەس لەوێ پرۆتێست بکەن. بەڵام ئایا ئەم کۆنفرانسە هیوابەخشە؟
ئەزموونەکانی ژیان لە سایەی دەوڵەت و ئیدارەکەیی و بزنس و بزنسمانەگەورەکاندا، تا ئێستا ئەوە پشتڕاستدەکەنەوە کە هەتا دەوڵەت و بزنس و بزنسمان و سامانداران هەبن، هەرگیز کێشەی ژینگە نەك هەر چاك ناکرێت، بەڵکو خراپتریش دەبێت.
بزنس و دەوڵەت و ژینگە دوو هێڵی تەریبین بە یەك و هەرگیز بەیەکدی ناگەن، هەر یەکەشیان دەکرێت لە سەر حسابی ئەوی تریان گەشە بکات. بزنس ژینگە دادەڕزێنێی و ڕوتکردنەوە و برسیبوونی خەڵکانی کە لەسەر ئەو ژینگەیە هەن، ئەركێتی و لە ئەستۆی دەگرێت.
ئەوەی کە لەو 10 ڕۆژەدا ڕوودەدات نۆشکردنی خواردنەوەی نایاب و خواردنی بەلەزەت و دەمەتەقێی نێوان تاوانبار و خۆێنمژ و شەڕهەڵگیرسێنەر و بکوژ و برسیهێنەرەکانن، نەك بنەبڕکردنی کێشەی ژینگە. لە باشترین حاڵەتدا ئەوان تەنها دەیانەوێت کە هاوسەنگییەك لە نێوانی بزنس و تەماحی بزنس و ژینگەدا بکەن و دابنێن، ئەویش لەبەر خاتری بەردەوامبوونی زوڵم و زۆر و پاوانەکردنی دونیا و کەڵەکەکردنی زیاتری سەرمایە.
لە نێو ئەو سەرۆکانەی کە بەشداریناکەن لەم کۆنفراسەدا سەرۆکی چین و سەرۆکی روسیایە، کە هەردوو وڵات کارایی گرنگیان هەیە لەسەر پیسکردنی ژینگە. چین لە سەدا 27 ی دانەوەی غازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی دونیا پێكدەهێنێت کە دوو ئەوەندەی دروستکردنی ئەو غازەیە کە لە لایەن ئەمەریکاوەیە و چوارقاتیش هیندستان.
زۆرێك لە سەرۆکی بانقە گەورەکان و کۆمپانیا زەبەلاحەکان و خەڵکە ساماندارەکان بەشداری دەکەن. کە لەوانە، هەر بۆ نموونە، سەرۆکی بانقی جیهانی، David Malpass، کە لە ساڵی 2016 دا لە ئیدارەکەی ترامپ-دا دەستبەکار بووە، بەشداردەبیت. ئەم کابرایە پێش ئەوەی کە دۆناڵد ترامپی ئەنتی ژینگە لە ساڵی 2019 دا هەڵیبژێرێت بۆ سەرۆکی بانقەکە، خۆی دژ بە ڕیفۆرم بوو لە ژینگەدا. دەیڤد لە ساڵی 2020 دا بە گوێرەی راپۆرتەکان، ئەو نکوڵی لەوەدەکرد کە گەرمی جیهان [ گڵۆبەڵ وەرمینگ، global warming ] دەستکردی پیاو بێت [ مەبەستی ئەوەیە کە خۆی و ئەوانی دیکە سوچێکیان نییە لە خراپبوونی بارودۆخی ژینگەدا]. هاوکاتیش بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی دیکە بانقی جیهانی لە ئێستادا هاوکاری و یارمەتی ئەندەنوسیا دەکات لە پرۆژەی زیاتری fossil fuel لەو وڵاتەدا.
هەر بە تەنها ئەو کابرایە نییە کە ئەم راگەیاندنانە دەدات و بە عەمەلیش کار لەسەر وێرانکردنی زیاتری ژینگە و دانیشتوانەکەی دەکات. زۆربەی زۆری سەرۆکی کۆمپانیاکانی دیکە و گەلێكیش لە سیاسییەکان و بازرگانەکانیش هەمان ڕاو بۆچوونیان هەیە. جا ئایا دەکرێت لە کۆنفرانسێكدا کە بۆ خاوێنکردنەوەی ژینگە تەرخان کرابێت، کە ئەمانە پلاندانەر و چاککەری بن، چاوەڕوانی یاخود هیوایەکی باشی لێبکرێت؟ من بەش بەحاڵی خۆم زۆر بێ ئومێدم، هەر زۆریش.