کەمال محەمەد: ڕێگای خۆدەربازکردن ئاوێتەکردنی فیکرو وتەو کردارە.
ئێمە بەڕادەی پێویست پێویستیمان بە تێکۆشانێکی فیکرییە کە وتەو کرداری تێدا بپژێنین کە دواجار پاڵاوتنی ڕۆح و مێشک و جەستەمانە، ئەمانگەیەنێت بە کۆمەڵگایەکی بەھزر و دیموکراسی و ئازاد و خۆبەرێوەبەر. خۆبەرێوەبەر بەمانای ڕزگار بونە لەو بەرێوەبردنەی دەسەڵاتدارانی ئەم ھەرێمە کە نزیکەی 30 ساڵە بەرێوەمان ئەبەن ،ئێمە بەردەوام لە قەیرانداین ،قەیران گەلێکی بەردەوام کە رەنگە ئەگەر بە چاوی خۆمان نامانبینیبێ و لەنێویدا نەبوبین بڕوامان پێ نەئەکرد ،دەرکەوتنی ئەم دۆخە لە پاشڤەڕۆبونی بێ فیکری و کرداری ئێمەوە سەرچاوەی گرتوەو میتافیزیکێکی خراپی لێ دروست کردوە میتافیزیکێک کە فیکری راو و فیکری کۆیلایەتی زاڵ کردوە لە چینێک کە ھێشتا بروایان بە سیستم و سیاسەتی ئەم حیزبانە ماوە، لە ھەمو قۆناغەکاندا دەرککردن بە ھێزەکەی دیکە کە میتافیزیکی باشە و ھەبونمان جوان و واتادارتر ئەکات کە گرێدراوە بە ژیان و جوانکردنی ژیانمانەوە،کارو ئەرکی ئەم نوخبەیە دروستکردنی جیاوازی و نیشان دانێتی بۆ ئەوەی دواجار باشەکەیان لە بونیادنانی کۆمەڵگادا بەھەمو سێکتەرەکانییەوە بەبنەما وەر بگیرێت.
رێژەی بایکۆت و بەشداری ھاوڵاتیان و کەمکردنەوەی بەرچاوی ڕێژەی دەنگی حیزبەکان لە ھەڵبژاردنەکان دەری ئەوە ئەخاتەڕوو، ئێمە گەشتوینەتە دۆخ و قۆناغی پێناسەکردنی حەقیقی حیزبەکان و سیاسەتی بەرێوەبەرییان، بۆیە ئێستا ئێمە لە بەردەم ئەرکی بونیادنانداین. بونیادنانێکی کۆمەڵایەتی لەسەر شێوازی بەجەستە گەیاندنی بیرێک کە بمانگەیەنێتە بواری پۆلەتیک بونی کۆمەڵگا تا حەقیقەت و دیموکراسی زیاتر بچەسپێنرێت، ئێمە پێویستیمان بە خۆرێکخستنی نوێ و خۆ بنیادنانە بۆ بونیادنانی کۆمەڵگا. ئێمە پێویستیمان بە تێپەڕکردنی بیانی بون و گەشتنمانە بە حەقیقەتی سەردەم تاوەکو دوالیزمی کۆیلایەتی لاواز و لەناو ببەین و لە رێگەی پێناسە راستییەکانمانەوە بۆ دەسەڵات و دروست کردنی قەیرانەکانەوە بە حەقیقەت بگەین و مژاری نرخاندن و پێویستیمان بۆ کۆمەڵگایەکی ئازاد بە بنەما بگرین بیسەلمێنین و بیزابین کە رەخنە گرتن لە لەلاوازی و کەموکورییەکانمان و ھەڵسەنگاندنیان بە کوێی گەیاندوین.
ئێمە مەحکومی ئەم ھەمو نەھامەتی و سەپاندنە نارەوایە نین کە بەسەرماندا دێت تاوەکو واز لە گەڕان بە دوای باش و جوان و راست و ئازادییەکانمان بھێنین. ئێمە پێویستە ھەمو قورسایی مرۆیی خۆمان بخەینە سەر رەنج و قوڵبونەوەی فیکری و کردارمان و لەم رێرەوەی تێیداین و پەیکەری ئەو سیستەمە بنیاد بنێین کە بۆ ئێستاو ئاییندەمان. ئێمە بۆ خۆدەربازکردن لەم دۆخەو بەگەورە مانەوەمان وەک مرۆڤ پێویستیمان بە ئامانج و ھەوڵ و تەقەلای تێپەڕبونە لەو کۆتانەی خراوەتە پێشمان. ئێمە بۆ ئەوەی ئامانجمان ژیان بێت، ئەبێیت بێینەوە ئەمڕۆ و بۆ داھاتوو بچین. ھەمو ئەمانە دواجار وەڵامی ئەو پرسیارە ئەبن کە ئێمە واتا بەژیان ئەدەین لەپێناو ئامانجیش لێرەین. بۆیە لە راوەستەی ھەر یەکێک لە ئێمە پاراستنی شکۆمەندی ھەیە کە لە بنەمادا ئەمە گەوھەری ھەڵوێست و ڕاوەستەی ھەمو مرۆڤێکە بۆ خۆ دەربازکردن لە ھەر دۆخێکی نەخوازراودا کەبیەوێت لێی تێپەرێت.
بۆ خۆدەربازکردن لەم دۆخە پێویستە دەست بە شەڕو و بیرکردنەوەیەکی جددی لەگەڵ خۆمان بکەین. چون جددییەت و ھێزی تێگەی ھەر یەکێک لە ئێمە بایەخێکی گەورەو بەھێزی ھەیەو ئەبێتە پرەنسیبی سەرەکی ھەر مرۆڤێک بۆ ئەو کۆمەڵگایەی بنیادی ئەنێت. بۆیە کاتێک ئەمانە لە ئێمەدا بەرجەستە بو تایبەتمەندیتەکانی میلیتانێکی شۆڕشگێڕ پێک ئەھێنێت و دواجار یەکسانمان ناکات لەوانەی ھێشتا دوالیزمی دواکەوتویی بەری نەداون. بۆیە پێویستە ئێمە جیاوازی دروست بکەین و توشی شۆک بین شۆک دروست بکەین، بۆ ئەوەی بە ئاوێتە کردنی فیکرو وتەو کردارەکانمان زانینەکان لە دۆخی نیوە زانین و نەزانیندا نەھێڵینەوە.