دانا مەنمی: مرۆڤ و عەقڵ و سروشت.
عەقڵ پێویستییەكی جیانەكراوەی بوونەوەری زیندووە، هوشیاری واتە خوێندنەوە و تێگەیشتن لە خود و لە مرۆڤ و لە سروشت. ئینسان بە هەموو بوونییەوە پێویستە لێی بکۆڵدرێتەوە و هەموو ئینسانی هوشیارو بەئاگا بەرهەمی زانستەو عەقڵ بەرهەمی زانستە، بەرهەمی واقیعبینییە. شارستانیەتی ئەمڕۆ بەرهەمی عەقڵە و عەقڵیش بەرهەمی زانستە. کەواتە زانست نەبێت عەقڵ پێش ناكەوێت، عەقڵ بەرهەمی زۆربوونی زانیارییە ئینسانی داهێنەر کائینێکی ڕەخنەگرە هەمیشە بە چاوێكی ڕەخنەگرانە تەماشای واقیعی خۆی و سەیری ڕوانگەی بەرانبەر و سروشت دەکات.
ئەم گەردوونەی کە تێیدا میوانین بەردەوام بە پێی تیۆری فیزیای دەکشێ و گۆرانی بەسەردا بێت, کۆمەڵگاکانیش دەگۆڕێن هەندێک بۆ ئاشتی و هەندێک بۆ توندوتیژی، خودی مرۆڤیش دەگۆڕی و ڕوبەڕوی تەحەدیاتی نوێ دەبێتەوە و ئاکارو تێگەیشتنەکانیش جودان. لە سەردەمی جیهانگیری و ئینتەرنێتدا مرۆڤەکان زیاتر تێگەیشتنیان فراوانترە و عەقڵ زیاتر کراوەیە بە ڕووی سروشت و کۆمەڵگادا، هزری مرۆڤ گرنگە بۆ تێگەیشتن لە خودی مرۆڤ و کۆمەڵگا و سروشت، پەیوەندی هزر بە عەقڵەوە پەیوەندییەکی ئاڵۆزە, خۆ ئەگەر عەقڵ کۆمپیوتەر بێت ئەوا هزر سۆفتوێرە! عهقڵ به لای ئهفڵاتۆنهوه بۆ سێ میحوهر دابهش دهبێت تاوهكو له واتای گشتی تێبگات، ئهوانیش:
یهكهم/ وهبیرهێنانهوه
دووهم/ مشتومڕ
سێههم/ هێزی حهز یان خۆشهویستی
هەمیشە عەقڵ توانیویەتی بیرۆکەی جیاواز لێکبداتەوە و بیرۆکەکان ئاوێتە بکات و بیرۆکەیەکی نوێ بەرهەم بهێنێت، ئاکارو تێگەیشتنی مرۆڤیش بەردەوام دەگۆڕێ، توانای مرۆڤ بەندە بە تێگەیشتن لە خود لە سروشت و لە کۆمەڵگا.
سروشت و مرۆڤ پێکەوە بەندن، مرۆڤ بەشێکی زۆر گچکەیە لە گەردونێکی زەبەلاح دا، بەڵام مرۆڤ بەهۆی ژیرییەوە توانیویەتی کاریگەری گەورە لە سەر گەردون دابنێت، سروشت لای هیگڵ ئەو ناوەندەیە کە دەبێ ڕۆح پێیدا گوزەر بکات و کاروانسەرای ڕۆحە، هاوکات لینکی بە یەکگەیاندنی لۆجیک و رۆحیشە، هیگڵ رۆح تەوزیف دەکات بۆ کایە جیاوازەکان کە ئەوانیش کایەی خودئاگای مرۆڤ و هونەر و فەلسەفەیە، ڕۆح و ئازادی دوو تێرمی هاوواتای یەکترن و لای هیگڵ ماهییەتی رۆح ئازادییە، بەڵام سروشت لای فهیلهسوفی ئهڵمانی فریدریك نیچه نادادی زۆری تێدایە و پێی وایە هیچ یاسایهكیش نییه كه ئهو دۆخهی خوار بۆتهوه، ڕاست بكاتهوه.
بەدرێژایی مێژوو بیرمەندان و فەیلەسوفان لە بەردەم تەفسیرو ڕڤەی جیاوازدا بوون و نوسخەی جۆراو جۆری فیکرییان بەرهەم هێناوە، زۆرجار تەفسیری فەیلەسوفان دژ بەیەکتر بووە، لە ناو سروشتدا عەقڵ ڕۆڵ دەگێڕێت و بگۆڕی کۆمەڵگاکانە بە ڕێژەیەکی باڵا لەسەدەی هەژدەوە عەقڵ ڕۆلێکی گرنگی گێڕاوە و رازی نابێت کە كێشەیەك لەسروشتدا هەیەو سەری لێدەر نەکات، سەرباری ئەم ڕۆڵە گرنگەی عەقڵ عەقڵانییەت لەگەڵ عەقڵدا ڕوبەڕوی ڕەخنە دەبێتەوە، ئەم ڕەخنەیبوونەی عەقڵ بەشێکە لە پەرەسەندن، گەشەكردن، باڵابوون، پێشكەوتنی عەقڵ و کۆی ئەم کردەیە لەناو عەقڵ و عەقڵانیەتدا بۆ تێگەیشتن لە مرۆڤ و سروشتەکەی لە سایەی زانستدا کار دەکات.
ناكرێ مرۆڤ و كۆمەڵگای كوردی بە هیچ كۆمەڵگایەكی دەوروبەریشمان بەراورد بكەین، لە ( 30 )ساڵی رابردوودا، تا دێت بەرەو دواوە دەگەرێینەوە و هیچمان بونیاد نەناوەو بەردەوام لە هەڵوەشاندنەوەو داڕمانداین، کلتورێکی سیاسی مەترسیدار ڕەگی داکوتاوە، تەیفێک لە سیاسی نەگۆڕ بە ناوی شەرعییەتی شۆڕشگیرییەوە خۆیان وەکو میراتگر سەپاندووە، تاکە پاساویان بۆ مانەوە تەنها ئەوەیە کە ئەمانە خاوەنی خەباتی شاخن و مافی خۆیانە هەتا هەتایە میراتگر بن! هەرچەندە هەموو هەلبژاردنێک لایەنگرو ئەندامانی ئەم تەیفە میراتگرە خۆسەپێنەرە بە سروشتی بەرەو کەمبونەوە و بەرەو نەمان دەچن، بەڵام هێشتا ڕێگە بۆ کەسانی پسپۆڕو خاوەن ئەزموون چۆڵ ناکەن و بەڵکو زەمینەو دەرفەت بۆ نەوەکانیان دەرەخسێنن کە جێگرەوەیان بن.