بورهان شێخ رەئوف: پەیوەندییەكانی ڕوسیاو ئێران و كاریگەری لەسەر ئیسرائیل.
لەماوەی یەك ساڵی ڕابردوودا پەیوەندییە سیاسی و دیبلۆماسیەكانی ئێران و ڕوسیا پێشووەچوونی گەورەی بەخۆیەوە دیوەو زۆر بەهێزبووە، بەتایبەتی هەماهەنگی تەواو لە هەڵوێستەكانیاندا لەمەڕ ڕێككەوتننامەی ( 5+1) ئەتۆمی لە ساڵی 2020 دا، بەتایبەتی لە ئەنجومەنی ئاسایش ڕوسیا بە توندی دژی هەموو هەوڵەكانی ئیدارەی ترەمپ وەستایەوە بۆ ئەوەی میكانیزمی (سناب باك ) بەكاربهێنێت بۆ ئەوەی قەدەغەكردنی فرۆشتنی چەك لە سەر ئێران لانەبرێت.
لەگفتوگۆكانی ڤیەناش دوای دەستبەكاربوونی سەرۆكی نوێی ئەمریكا بۆ گەڕانەوە بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی ( 5+1) ، هەڵوێستی ڕوسیا زۆر نزیك بوو لە هەڵوێستی ئێران تاوەكو وڵاتە زلهێزەكانی تر، لەلایەكی تریشەوە مۆسكۆ چاوپۆشی لەهەموو سەرپێچیەكانی ئێران دەكرد لە بارەی پیتاندنی یۆرانیۆم، هەرچەندە داوایان لە روسیا دەكرد كە هەڵوێستی جدی هەبێت بەرامبەر سەرپێچیەكانی تاران.
ڕوسەكان ڕەشبینن لەوەی كە ئێران و وڵاتانی تری خۆرئاوایی بگەنە ڕێككەوتنێك كە توانای ڕۆكێتیە بالیستیەكانی ئێران سنوورداربكەن و سیاسەتی ئیقلیمی ئێران لە قاڵب بدەن.
وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران ( موحەمەد جواد زەریف) لە مانگی كانوونی دووەمی 2021 سەردانی مۆسكۆی كرد، نزیك لەو كاتەی كە سەرۆك بایدن لەكۆشكی سپی دەستبەكاربوو، ڕێككەوتنامەیەكی هاوكارییان لە گەڵ مۆسكۆ ئیمزاكرد سەبارەت بە ئاسایشی زانیاری ( بواری سایبر ) ، تەنانەت هەندێك ناوەند وا لەیەكیان دایەوە كە بە نیازی هاریكاری تەكنۆلۆجیە لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا، بەڵام بەكردەوە بە ئاڕاستەی هەنگاونانە بۆ دروستكردنی دیدو بۆچوونی هاوبەش لە ڕێكخراوەنێودەوڵەتێكاندا و ئەوەی پەیوەندیدارە بە ئاسایش و سەروەری سایبرەوە و دەستوەرنەدان لە كاروباری ناوخۆی یەكتر.
ئەگەرچی نۆمانگ تێپەڕ بووە بە سەر لابردنی قەدەغە لە سەر فرۆشتنی چەك بە ئێران، بەڵام هێشتا بە ئاشكرا ڕوسیا و ئێران هیچ سەودایەكی چەك كرێن و فرۆشتنیان ئەنجام نەداوە، بەڵام هاوكارییەكانیان بە نهێنهی زۆر قووڵ بووەتەوەو لە پشت پەردەوە، تەنانەت لە كاتی كۆبوونەوەی لوتكەی ( بایدن –پۆتین) لە 16/6/2021 میدیاكانی ئەمریكا ئەوەیان بڵاوكردەوە كە ڕوسیا مانگێكی دەستكرد بۆ ئێران دابین دەكات بۆ ئەوەی زانیاری سەربازی وردی بۆ كۆبكاتەوە، لە گەڵ ئەوەشدا سەرۆك پۆتین ڕەتی كردەوە كە ڕوسیا بە نیاز بێت كە مانگی دەستكرد بفرۆشێت بە ئێران، هەروەها ئەوەشی دووپات كردەوە كە هیچ پێشكەوتنێك نیە بۆ فرۆشتنی چەك بە ئێران .
لەلایەكی ترەوە ئەو سزاو بەربەستە فراوان و سەختانەی كە ئەمریكا بە سەر ئێران و ڕوسیایدای سەپاندووە، وای لەو دوو وڵاتە كردووە كە هەموو ئاڵوگۆڕو پەیوەندییە ئەمنیەكانیان بە پەنهانی بهێڵنەوە و دوور لە چاوی میدیاكان، بە تایبەتی دوای دەركردنی یاسای ( C.E.E.T.S.E ) هەموو ئەو وڵاتانەی كە چەك وتەقەمەنی لە مۆسكۆ دەكڕن دەبێت نرخ و باجێكی سیاسی و ئابوری زۆر بدەن لە هەمبەر واشنتۆن. لە بەرامبەر ئەمەشدا مۆسكۆ ڕێكارو یاسای پێویستی داناوە كە لە لایەنە ئەمنیەكان ببورێت لە ئەركی بڵاوكردنەوە، هەروەها سزای قورسیشی داناوە بۆ ئەو پەیامنێرانەی كە هەواڵی ئەو پەیوەندی و دۆسیانە بڵاودەكەنەوە، پیشەسازی چەكی ڕوسیا پێویستی بە بازاڕی ئێرانە، بۆیە ئامادەیە هەلومەرجی باش بۆ تاران بڕەخسێنێت لە درێژماوەدا بۆ ئەوەی بەرگەی دۆخی نالەبارو قورسی ئابوری ئێستای ئێران بگرێت.
ئێران بۆخۆی لە ژێر سزاو ئابڵوقەدایە، ترسی نیە لە كڕینی چەكی ڕوسی، هیچ ئەڵتەرنەتیفێكی باشتری لە بەردەستدا نیە جگە لە چەكی ڕوسی، بۆ یە دەتوانێت بۆند لە گەڵ روسیادا ئیمزا بكات، لە دوای ئاشكرا بوونی گفتوگۆكانی ڤیەنا.
هاوكاری دەریایی
لە چەند مانگی ڕابردوودا هاریكاری سەربازی لە نێوان ڕوسیاو ئێراندا هەڵكشانی گەورەی بە خۆیەوە بینیوە بە تایبەتی لە بواری دەریاییدا، وەكو بڵاوكرایەوە لە سەرەتای ساڵی 2021 دا هێزی دەریایی ڕوسیا هەستاون بە پارێزگاری هێزی دەریایی ئێران لە دەریای سپی ناوەڕاستدا كە بەڕێوە بوون بۆ سوریا، هەرتایبەت بەم بابەتە ئاژانسی هەواڵی سپۆتنیكی ڕوسی لە مانگی نیسانی 2021 دا ئەوەی بڵاوكردەوە كە میكانیزمێكی هەماهەنگی ڕوسی – ئێرانی – سوری لە دەریای سپی ناوەڕاستدا پیادە دەكرێت بە مەبەستی پارێزگاری و گەیاندنی نەوتی ئێرانی بۆ سوریا.
پەیوەندی ڕوسیاو هاوپەیمانەكانی ئێران
پەیوەندییەكانی ڕوسیا و ئێران لە سنوری دیبلۆماسی دوو دەوڵەت دەرچووەو هاوپەیمان و بریكارەكانی ئێرانیشی گرتۆتەوە لە ناوچەكە، پەیوەندییەكانی خۆی لە گەڵ حزبوڵای لوبنان بەهێز كردووە لەم ساڵی 2021 ەدا و، شاندێكی حزبی ناوبراو سەردانی مۆسكۆی كردووە و لە گەڵ وەزیری دەرەوە ( سێرگی لاڤرۆف ) كۆبوونەوەتەوە بە پێچەوانەی وڵاتانی خۆرئاواوە كە حزبوڵا بە ڕێكخراوێكی تیرۆریستی دەناسن، بەڵكو ڕوسیا حزبوڵای لوبنان بە هێزێكی سیاسی شەرعی نوێنەرەی خەڵكی لوبنان دەناسێت و بەیەكەو لە سوریا بەرگری لە حكومەتی سوریا دەكەن، هەر لە مانگە نیسانی 2021 یشدا فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی عێراقیش سەردانی مۆسكۆی كرد و چاوی بو ( نیكۆلای بترۆشۆف ) سكرتیری ئەنجومەنی بەرگری ڕوسیا كەوت، بەڵام ئەمریكا ئامادە نیە پێشوازی لەم لایەنانە بكات بە هۆی پەیوەندییان بە ئێرانەوە.
لەلایەكی ترەوە بەریەككەوتنی بەرژەوەندییەكانی ڕوسیا و ئێران كاریگەری زۆری هەیە بۆ ئەوەی تواناكانی ئەو دوو وڵاتە و پەیوەندییەكانیان زۆر قوڵ نەبێتەوە، گومانی زۆری سەركردە باڵاکانی ئێران لەڕوسیا، بە تایبەتی دوای بڵاو بوونەوەی تۆمارێكی دەنگی وەزیری دەرەوەی ئێران لە مانگی نیسانی 2021 كە ڕوسیا تۆمەتباردەكات بەوەی كە لە ساڵی 2015 ڕوسیا هەوڵی داوە شكست بە ڕێككەوتنامەی ( 5+1) تایبەت بە بەرنامە ئەتۆمیەكەی ئێران بهێنێت، دواتر ئێرانیەكان زۆر نیگەران بوون لە لێدوانێكی وەزیری دەرەوەی ڕوسیا لاڤرۆڤ لە سەردانێكیدا بۆ وڵاتانی كەنداوی عەرەبی لە مانگی ئازاری 2021 كە وتبووی بە نیازن فۆرمێكی نوێ ی پەیوەندی لە نێوان توركیاو ڕوسیا و قەتەر دابمەزرێنن، كە ئەمەش بەلای تارانەوە بازدانە بە سەریدا لەم قۆناغەدا.
پەیوەندییە ئابوورییەكانی ڕوسیاو ئێران لە جێگای خۆیدا چەقیوە ماوەی چەندین ساڵە، بەهۆی ناكۆكی و كێبڕكێ لە بازاڕی وزەوە.
لە كۆتاییدا ئێران و ڕوسیا هاوبەشن لە هەندێك بەرژەوندی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، لە پێش هەموویانەوە بەرگرتن و كەمكردنەوەی هەژموونی ئەمریكا لە خۆرهەڵات ناوەڕاست، لە هەمانكاتیشدا هەندێك ناكۆكی هەن كە ڕێ بە قووڵبوونەوەی ئەو پەیوەندییانە دەگرن، بەڵام هەندێك فاكتەریش هەن دەخوازن ئەو دوو وڵاتە بە یەكەوە كاربكەن:
1. هەر ناكۆكی و ڕێك نەكەوتنێك لە گەڵ خۆرئاواییەكان لە مەڕ بەرنامە ئەتۆمیەكەی وا لە ئێران دەكات زیاتر پەیوەست بێت بە مۆسكۆەوە تەنانەت ( پكین) یش.
2. ئەگەر بگاتە ڕێككەوتنیش لە گەڵ خۆرئاواییەكان ئێران و بگەڕێتەوە بۆ بازاڕی نەوت ئەوا هەر پێویستی بە مۆسكۆیە بۆ دیاریكردنی نرخی نەوت و ڕۆڵی مۆسكۆ لە ڕێكخراوی ئۆپێك.
3. ئێستاش دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان، تاران و مۆسكۆ زۆر پێویستیان بە هەماهەنگی هەیە بۆ بەرگرتن لە مەترسی تیرۆریستان و درێژنەبوونەوەی بۆ خاكی ولاتەكانیان.
ئیسرائیل و بەرژەوندییەكانی ڕوسیا
ڕوسیا ترسی ئەوەی هەیە هەر گرژیو ململانێیەك لە نێوان ئیسرائیل و ئێراندا لە سوریا ڕووبدات زیان بە بەرژەوەندییەكانی بگەیەنێت، بۆیە لە هەوڵی ئەوەدایە جموجووڵەكانی ئیسرائیل لە سوریا سنورداربكات و لە هەمان كاتیشدا خۆی دەپارێزێت لە هەر هەنگاوێك بۆ سنورداركردنی جمووجووڵی هێزەكانی ئێران لە سوریا، لەهەمان كاتیشدا لەوەیە چاو دابخا لە ئاست چالاكی ئیسرائیل لە گۆڕەپانی سوریادا.