عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: دکتۆر مارف عومه‌ر گوڵ له نێوان گۆرانی و شیعر و زیندان و جینۆساید دا/ بەشی کۆتایی.
له‌ساڵی 1982 له‌دوا قۆناغی خوێندنی کۆلێژی یاسا له به‌غدا د، له لایه‌ن ئه‌منی عامه‌ی به‌غداوه ده‌سگیرکرا، له زینداندا زانی جه‌للاده‌کان چه‌ند ئه‌حمه‌قن، هه‌موو جۆره ئه‌شکه‌نجه‌یه‌کی جه‌سته‌یی و ده‌رونییان له‌سه‌ر جه‌سته‌و ناخ و ده‌رونی تاقی کردوه، نه‌یانتوانی ئیراده و وره‌ی بڕوخێنن، په‌یان به هیچ نهێنییه‌ک نه‌برد، نه‌یان زانی پێش ئه‌وه‌ی را‌پێچی بکه‌ن بۆ زیندان، ئه‌و ( نازم حیکمه‌ت و باڤیلۆڤ ) ی خوێند بووه، کتێبه‌کانی( دکتۆر نوری جه‌عفه‌ر) ی له‌سه‌ر(باڤلۆڤ و ژیانی نازم حیکمه‌ت) فێری خۆڕاگری و وره‌ی پۆڵاینیان کردبوو.
ئه‌و کاتانه‌ی ئه‌و له زیندان بوو، هاوڕێیه‌کی زۆر ترسابوو، وای ده‌زانی مارف به‌رگه‌ی ئه‌شکه‌نجه‌کان نا گرێ و نهێنییه‌کان ده‌درکێنێ، رووی کردبووه شاخ و بوو به پێشمه‌رگه، نه‌یده‌زانی ئه‌و مردنی له ناخی خۆی دا هه‌ڵبژاردبوو، نه‌ک وره‌به‌ردان.
ئه‌و به چاوبه‌ستراوی و که‌له‌پچه‌کراوی زه‌مه‌نی شه‌و رۆژه وه‌ستاوه‌کانی له ژێر زه‌مینه شێدار‌و تاریکه‌کانی ئه‌منی عامەدا به‌ڕی ده‌کرد، له‌به‌ر خۆیه‌وه، ئه‌و دوو دێڕه‌ی له بیری دا، چه‌ند باره ده‌کرده‌وه:
یه‌که‌میان: ( من ئه‌و دیله‌م له زیندانی تاریک دا ).
دووه‌میان: گۆرانیه‌کی نه‌سرین که به فارسی ده‌ڵێ: (بیا که غوربه‌ت من و تۆ ئاشنابی ) واته (وه‌ره ئاشنای غه‌ریبی من به ). زیندان بۆ ئه‌و، ئه‌و تاقی کردنه‌وه‌یه بوو، که قانعی شاعیر کردویه‌تی به قوتابخانه.
جینۆساید لای دکتۆر مارف عومه‌ر گوڵ، له ئه‌نفال و کیمیاباران – ی هه‌ڵه‌بجه‌و نیشتمانه‌که‌یه‌وه سه‌ری هه‌ڵنه‌داوه، پێشوتر زنجیره کۆمه‌ڵ کوژی کورد هه‌بووه،گه‌ر مێژووی ئه‌و تاوانانه بخوێنینه‌وه، دژبه نه‌ته‌وه‌که‌مان به‌رپا کراون، سه‌رسام و ده‌سته‌وسان ده‌وه‌ستین. له لایه‌ک (له‌و هه‌موو غه‌درو زڵمه‌ی داگیرکه‌ران )، له لایه‌کی تره‌وه له به‌ر (نیفاق و ئینشیقاق و لوت به‌رزی ئه‌م و ئه‌و )، تا ئێستا عه‌قڵی ده‌ره‌به‌گایه‌تی که‌رامه‌تمان پێشێل ده‌کات. له لایه‌کی تره‌وه نابێ ئه‌و به‌ها گه‌ش و شکۆ باڵایانه له یاد بکرێن، که له ناو میلله‌ته‌کامان دا بوونی هه‌یه. هێمن ی شاعیر، به پێچه‌وانه‌ی زۆر له شاعیرانه‌وه ده‌ڵێ:
– من له میلله‌ته‌که‌م رازیم
دکتۆر مارفیش ده‌ڵێ:
– ئه‌گه‌ر چی لایه‌نه کاره نه‌شیاو و خراپه‌کانی میلله‌ته‌که‌م منیشیان هاڕیووه، به‌ڵام دڵم هه‌ر ئه‌و دڵه‌ی جارانه ئێستاکه‌ش ده‌ناڵێنێ.
ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆدکتۆر مارف عومه‌ر گوڵ دوو قۆناغ بوو:
قۆناغی یه‌که‌م/ ساڵانی خوێندنی زمان و ماجسته‌رو دکتۆرابوو، له زانکۆی (کییڤ ) له ئۆکرانیا.
قۆناغی دووه‌م/ له به‌لجیکا له ئه‌وروپای رۆژئاوا.
قۆناغی یه‌که‌م/ به هه‌موو سه‌ختییه‌کانی ژیانییه‌وه بۆ ئه‌و خۆشترین و به به‌هاترین زه‌مه‌نه‌کانی ژیانی بوو، له‌و ساڵانه‌ی له زانکۆ ی (کییڤ )، رۆژانه په‌یوه‌ندی له گه‌ڵ كۆمه‌ڵێ دکتۆرو پسپۆڕ‌و پڕۆفیسۆرداهه بوو، له گه‌ڵ ئه‌وان دا ئاشنای دنیایه‌ک بوو پێی ده‌ڵێن کلتورو شارستانیه‌تی روسی و ئۆکراین)، له‌وساڵانه‌دا گه‌ر زۆر شتی خراپ و دزێو ناقۆڵاشی دیبێ، به‌ڵام ئه‌وانه نه‌یانتوانی ئه‌و دیمه‌نانه‌ی لا بسڕنه‌وه. که گوێی له گۆرانییه کی روسی ده‌بوو، یا شیعرێکی ئه‌لکسه‌نده‌ر بلۆکی ده‌خوێنده‌وه، یا ده‌چووه شانۆ و کۆنسێرته‌کانی ئه‌وێ، یا سه‌رقاڵی خوێدنه‌که‌ی ده‌بوو.
مارف هه‌رگیز ئه‌و دیمه‌نه تراژیدیایه‌ی بیر ناچێته‌وه، له پاس دابوو، چاوی بڕیبوه منداڵێکی خنجیلانه، ئه‌ویش به تێڕامانه‌وه له مارف ی ده‌ڕوانی، ئه‌و له یه‌ک روانین و به‌چاو قسه‌کردنه، بوو به‌شیعرێکی ناسک، له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات بڵاوی کرده‌وه.
دوای چه‌ند چرکه‌یه‌ک، بێده‌نگی و خامۆشیه‌ک له روخساری دکتۆر مارف دا ده‌خوێندرایه‌وه، نه‌یده‌ویست ئیتر برینی ئه‌و رۆژانه بکولێنێته‌وه، ئه‌و رۆژانه زانیاری و مه‌ودای بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌ویان فراوان کرد، ئه‌و رۆژانه بۆ ئه‌و ئه‌زمونێکی قوڵ و فراوان بوو، خۆزگه‌ی ده‌خواست ژیان ده‌رفه‌تی بدایه، ئه‌و رۆژانه‌ی خه‌ونی بوون، بیهێنایه‌ته دی. به‌ڵام خۆزگه شتێکه‌و ئه‌و رۆژانه‌ی رووبه رووی ده‌بێته‌وه شتێکی تره.
قۆناخی دووه‌م ی دکتۆر مارف، ئه‌وروپای رۆژئاوا بوو، له‌وێ بێ ئیشی و خۆ خواردنه‌وه‌ی کاری سه‌ره‌کی ئه‌و بوو، ته‌نیا جگه‌ر گۆشه‌یەکی لێ به‌جێما ناوی (رێژنه )، ده‌ستی ئه‌هریمه‌ن، چڕنوکی له جه‌رگی( دکتۆرمارف و ریژنه) گیر کرد، هه‌ردووکیانی گه‌یانده دوو ئه‌ستێره‌ی ته‌ریب و هه‌ناسه‌ی ناکامی.
ئه‌وروپای رۆژئاوا هیچ لاپه‌ره‌یه‌کی نه‌خسته سه‌ر یاده‌وه‌رییه‌کانی ژیانی مارف گوڵ، جگه له خه‌م و چاوه‌ڕوانی و سه‌رئێشه‌ی یادێکی تاڵ.
سه‌چاوه : عه‌بدوڵڵا که‌ریم مه‌حمود . دکتۆر مارف عومه‌ر گوڵ له نێوان گۆرانی و شیعر و..زیندان و جینۆساید دا ، ئاڵای ئازادی ، ژماره377، 13 / 8 /2000، ل5.