کاوسین بابەکر: دەیکوژێ و لەگەڵ مەیتەکەشی دەچێ بۆ سەر قەبران!
عێراق بۆ ئێران نەک هەر پشتەوەی حەوشەکەیە،بەڵکو دەرگاو پردی ئەو هیلالەیە کە تاران چەندین سالە کاری بۆدەکات و بودجەیەکی زۆری بۆ خەرجکردووەو خوێنێکی زۆریشی بۆڕشتووە. بۆیە نایشارێتەوە کەلەدروستکردنی حکومەتی عێراقدا دەبێ هەزار حساب بۆ هەیمەنەو بەرژەوەندیەکانی ئەو بکرێ! ئەوەوەش داوانیە، بەڵکو فەرمانەو لەخۆشڕا دەبینێ ئەو فەرمانە بەدەنگێکی بەرز بچرپێنێتە گوێچکەی سەرکردە سیاسیە شیعی و سوننی و کوردەکان، چونکە وەک تەونی جاڵجاڵۆکە دەستە سیاسی و کەلتوری و ئایینیەکانی ئێران لەهەناوی کۆمەڵگای ئیڕاقدا بڵاوبۆتەوەو ڕەگی داکوتاوە و ئەوەش کردوویەتە بەشێکی دانەبڕاو لە ئێران و لەوێیوە بۆ سوریاو بۆ لوبنان، هیلالەکە بەڕێوە دەباو ململانێکانی لەگەل ئیسڕائیل درێژە پێدەدا. بۆیە ئێڕاق بەشێکی گرنگی بەرنامە حەیاتی و ستراتیژەکانیەتی و بەهەموو ئامڕازێک دەیپارێزێ و شەڕی لەسەر دەکات. هیچ حکومەتێک بەبێ چرای سەوزی ئەو گیانی بەبەردا ناکرێ. لەم هەڵبژاردنەدا هێزەکانی سەر بەئێران پاشەکشەیان کرد و دەنگەکانیان دابەزی، ئێران و هێزەکانی سەربەو بۆیان قبوڵنەکراو هەڕەشەو خۆپێشاندان دەستی پێکرد و نایشارنەوە کە ئەو ئەنجامەیان قبوڵنیەو ناچنە ژێر باری دوورخستنەوە لەدەستەڵات بەهەر نرخێک بێ!
کازمی بەسیاسەتێکی نەرم توانی شیعەکانی سەر بەئێران بێهێزبکات و پلانی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبیشی داڕشتبوو، ئەمریکاو هاوپەیمانانیش پشتیوانی خۆیان بۆ دەربڕیوە. ئێران دەیویست لەم هەڵبژاردنەدا دووری بخاتەوە، بەڵام ئەنجامەکە پێچەوانە بۆوە.
درۆنەکان ڕێک لەو کاتەدا دەرکەوتن و سەرەک وەزیرانیان تانزیک گۆڕەکەی برد. شارەزایان دەڵێن ئەو درۆنانەو سارۆخەکان هەمان ئەوانەن کە ئێران پێشتر بەکاری هێناون. ئەوە هەر هەوڵێک نەبوو بۆ کوشتنی ئەو، بەڵکو هەڕەشەش بوو لە سەروەری عێراق وەک دەوڵەتیکی سەربەخۆ و بەهەموانی گوت ئێڕاق هی منە!
سەرەڕای ئەوەش کە هەموو پەنجەکان ئاماژەی ئێران دەکرێن ئیسماعیل قائانی دەگاتە بەغداو بێ ئاگایی خۆی دەردەبڕێ و لەگفت و گۆکانیشدا لە هەڕەشەی شاڕاوە سڵ ناکاتەوە پەندەکە دەڵێ؛ دەیکوژێ و لەگەڵ مەیتەکەشی دەچێ بۆ سەرقەبران.
ئەم شەڕە شەڕی ماڵی شیعەیە، بەڵام لەدەرەوەی سنورەکانیش پشتیوانی جۆراو جۆر لەهەردولای شەڕەکە دەکرێ بەتایبەت ئەمریکاو ئێران. بۆیەش کۆتایی ئەم جەنگە هێشتا دیارنیە و ئەگەری گەورەبوون و تا هەڵگەڕانەوەی سەربازیش بەدوور نازانرێ، لەکۆتاییشدا ئەوە گەلی عێراقە باجەکەی بەقورسی دەدات.