بورهان شیخ رەئوف: تانەی ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكان عێراق بەرەو پەرتبوونی زیاتر دەبات.
ئەو هێزو لایەنانەی كە لە هەڵبژاردنەكانی 10- 10- 2021 پاشەكشەی زۆریان كردووەو كێرڤی دەنگەكانیان زۆر دابەزیووە، لەهەوڵی ئەوەدان كاریگەری لە سەر كارو هەڵوێستی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دابنێن بۆ ئەوەی ئەنجامەكان لە ژێرفشاردا بگۆڕن، بەڵام تائێستا هەوڵەكانیان بێ ئاكام بووەو، ئەو وێستگانەی ژماردنی دەستیان بۆ كراوە هیچ گۆڕانكارییەكی ئەوتۆی نەهێناوەتە ئاراوە.
ئەگەر ئاوڕێك لە دووساڵی ڕابردوو بدەینەوە بە تایبەتی دوای خۆپیشاندانەكانی تشرینی 2019، بینیمان خەڵكی شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق چەند توورەِو نیگەران بوون لە هەندێك لایەنی تائیفی و خاوەن میلیشیات،كە بەشێكی زۆری بنكەو بارەگاكانیان لە لایەن خەڵكی ئەو شارانەوە كە هاو مەزهەبیشیان بوون سووتێنران، كەچی ئێستا مایەی سەرسووڕمان و هەڵوەستە لە سەر كردنە ئەو لایەنانە چاوەڕوانی دەنگ و پاڵپشتی ئەو جەماوەرە بن! گومان دروست بكەن لە سەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و فشار بكەن و خێمە هەڵبدەن لە بەردەم دەرگاكانی ناوچەی سەوزی بەغداو، هەڕەشەی سینارێۆی خراپتر بكەن بەڕادەی ئەوەی كە لە سندوقەكانی دەنگدان بە دەستیان نەهێناوە بە فشارو توندوتیژی بەدەستی بهێنن.
هەموو ئەمانە لە كاتێكدا دەگوزەرێن كە هەڵبژاردنە گشتیە پێشوەختەكەی عێراق لە لایەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە پشتیوانی تەواوی لێ دەكرێت و گەواهی ئەوەی بۆ دەدەن كەبە شێوەیەكی جوان و بێگەردو ئاشتیانەو بە كەمترین سەرپێچی بەڕێوەچووە.
دابەشبوونی شیعەكان
ئەوەی ئەمجارە دەركەوت لە هەڵبژاردنەكانی عێراقدا دابەشبوون و پەرت بوونێكی سامناكی شیعەكانی عێراقە بۆ دووبەرەی دژبە یەك، لیستەكەی موقتەدا سەدر (شیعە)یەكەمی براوەی هەڵبژاردنەكانە بە (73) كورسی كە پەیوەندی باشی لە گەڵ ئێرانیەكان هەیە، بەڵام لە هەمانكاتدا دژی دەستوەردانی دەرەكیە لەكاروباری ناوخۆی عێراق، لیستەكەی حەلبووسی (37) كورسی لە پێكهاتەی سونە و سەرۆكی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران، لیستەكەی مالیكیش بە پلەی سێیەم دێت (35) كورسی، هەرێمی كوردستانیش كورسی خۆی هێناوە، لە كۆی 329 كورسی ئەنجومەنی نوێنەران.
لەلایەكی ترەوە لیستی فەتح كە بە لیستی حەشدی شەعبی ناسراوە سێیەكی كورسیەكانی لە دەستداوە لە (48) كورسیەوە بووەتە (16) كورسی، ئەگەر جاری پێشوو لە هەڵبژاردنەكانی 2018 حەشدی شەعبی بە هۆی ڕۆڵی زۆری لەلەناوبردنی داعش و تیرۆر خەڵكی عێراق پشتیوانی دەكردن، بەڵام ئێستا دوای سێ ساڵ ئەو گرنگیەی نەماوەو بەتایبەتی دوای بەشداریكردنیان لە سەركوتكردن و كوشتنی خۆپیشاندەرانی تشرین.
لەلایەكی ترەوە ئەنجامەكانی ئەم هەڵبژاردنە نەك هەر بۆ لیستی فەتحی حەشدی شەعبی نزیك لە ئێران خەمناك بوو، بەڵكو بۆ هەندێك لایەنی تریش كە خۆیان لە ئێرانیش بە دوور دەگرت یان پاسەوانەكۆنەكانی سیاسەت لە نموونەی حەكیم و عەبادیش ئەوانیش پاشەكشەی زۆریان كردووە بە هۆی ئەوەی نەیانتوانی خزمەتی گەل بكەن و حكومەتی ڕەشید دابمەزرێنن.
ئەنجامەكانی هەڵبژاردن
ئەوەی نادیارە نازانرێت كەی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان ڕادەگەیەنرێت، چونكە هەزار تانە پێشكەشكراوە ، كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی وردبینی تێدا دەكات، لەوساوە هێزە ئەمنیەكانی عێراق لەو پەڕی حاڵەتی ئامادەباشیدان، چونكە هێزەكانی حەشدو لایەنگرانەكانیان ڕژاونەتە سەر شەقامەكان هوتافی دژ بە هەڵبژاردنەكان و یۆنامی و ئەمریكا دەدەن و دەبێژن ساختەیە.
لە كۆتاییدا:
1. سەدر تا ئێستا بێدەنگی هەڵبژاردووە لە سەر لێدوان كاردانەوەكانی ڕكابەرەكانی تاوەكو ئەنجامی كۆتایی ڕادەگەینرێت، لە هەنگاوێكی تریشدا نووسینگەكانی سەرایا سەلامی سەربە ڕەوتەكەی لە هەندێك لە شارەكانی عێراق داخست وەكو ئاماژەیەك بۆ ئەوەی كە بەنیازە هەموو میلیشیا چەكدارەكان دەبێت بێنە ژێر دەستەڵاتی حكومەتەوە، داوای گفتوگۆی تازەی كردووە دەربارەی مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، هەروەها سەركۆنەی پەلاماری باڵوێزخانەو نێردە دیبلۆماسیەكانی كرد.
2. پێدەچێت فشاری لایەنگرانی فەتح بەردەوام بێت تاوەكو سەدر ناچاربكەن كە بەشدارییان پێ بكات لە حكومەتی نوێدا.