محەمەد عەلی وەلی: كازمی ئەتوانێ ئەوە بكا؟!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوای ھەوڵی تیرۆركردنەكەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، كە شەوی 6 لەسەر 7ی ئەم مانگە بەسێ فڕۆكەی بێفڕۆكەوان كرایە سەر ماڵەكەی، دەنگدانەوە گەورەی لێكەوتەوە بەجۆرێك ھەموو ناوەندە نێوخۆیی و ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكان لەو بارەوە ھەڵوێستی خۆیان نواند، ھەموو ھەڵوێستەكان جگەلە چەند لایەنێكی ناوخۆیی كە گومان دەخەنەسەر ھێرشەكە دوای سەركۆنەی ھێرشەكە، پاڵپشتی خۆیان بۆ كازمی و ئاسایش و سەروەری عێراق راگەیاند، بگرە زۆرێك وڵاتان و لایەنی ناوخۆیی ئامادەیی خۆیان بۆ ھاوكاری كازمی و حكومەتەكەی نیشاندا بۆ لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە، و ئاشكراكردنی تاوانباران.
لەگەڵ ئەو ھەڵوێست و لێدوانانە دوو لایەنی سەرەكی ململانێی نێودەوڵەتی لەسەر خاكی عێراق كە ئەمریكا و ئێرانن پەنجەی تۆمەتیان بۆ یەكتر راكێشا و ھەریەك ئەویتر بە تێوەگلانی لەو كارە تاوانبار كرد، لەپاڵ ئەمەشدا میدیای جیھانی بە گێڕانەوەی ئەزموونی وڵاتان لە بەكارھێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە تیرۆركردنی كەسایەتییەكان، دەیانەوێت كردەوە تیرۆرستییەكە بخەنە پاڵ ئەو وڵاتانەی ئەزمونەكانیان دەگێڕایەوە.
لێرەوە ئەوەی زانراوە ئەوەیە ھیچ ھێزێكی ناوخۆیی عێراق ئەو توانا سەربازییە تەكنیكییە بەھێزەی لە بەكارھێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و باركردنی بەو جۆرە تەقەمەنی و ھونەری ھەڵدانەی نییە، ئەگەر دەستی ھێزێكی دەرەكی گەورەی لە پشتەوە نەبێ، ھێچ توانایەكی مرۆیی ناوخۆیی عێراق لە دەرەوەی حكومەت، ناتوانێت فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بھێنێتە ناوەوە، ئەگەر ھێزێكی چەكداری و پاڵپشتی باڵوێزخانەیەكی لە پشتەوە نەبێ، بێگومان باڵدانەوەی سێ فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بەیەكەوە توانایەكی مرۆیی بەھێز و راھێنراوی دەوێ.
لە یەكەمین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران مستەفا كازمی سێجار لەسەر یەك لەبارەی تاوانبارانی ھێرشەكەوە وتی «بەباشی دەیانناسین»، ھەروەك بەپێی ئەو ھەواڵ و زانیارییانەی لە سەرچاوە ئەمنییەكان و لێژنەكانی لێكۆڵینەوە بۆ میدیاكان دزەیان پێدەكرێت، كازمی و تیمەكانی گەیشتونەتە چەند سەرەداوێكی بەھێز بۆ گەیشتن بە ئەنجامدەرانی ھێرشەكە، وتەبێژی فەرماندەی گشتی ھێزە چەكدارەكانیش جەختی كردەوە گەیشتن بە تاوانبارانی ھێرشەكە قورس نییە، ھەروەك تێكەوتنی وڵاتانی درواسێی خاوەن ھەژموون و لایەنگر لە عێراق و، بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی چڕوپڕی ناوخۆیی عێراق لەسەر ئاستی باڵای سیاسی و حكومی، ئاماژەی ئەوەیە ھێڵەكانی رووبەڕووبوونەوەی كازمی لەگەڵ بەرامبەردا دەركەوتوون، ھەوڵەكانیش بۆ ھێوركردنەوەی بارودۆخەكە، بۆ ئەوەیە نەگاتە ئاستی تەقینەوەی گەرمتر و شەڕی ناوخۆیی و، دامركانەوەی كێشەكان بەكەمترین زیان.
ھەرچەندە ھەوڵی تیرۆر كردنەكەی ھاوسۆزی و پاڵپشتییەكی ناوخۆیی و دەرەكی بۆ كازمی دەستەبەركرد، وەك دەڵێن: كەوتنێك لەناوت نەدات، بەھێزترت دەكات، بەڵام ھێشتا سەرۆك وەزیران ھیچ ھەنگاوێكی كردەیی لە دژی ئەنجامدەرانی ھێرشەكە نەناوە و، ھیچ ھەڵوێستێكی لە دژی پاڵپشتە دەرەكییەكەیان نەنواندووە…
وەك پێدراوەكانی رووداوەكە پێمان دەڵێن، دەستی گەورەی لە پشتە، ئەگەر ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان دەریانخست وەڵاتێك لە وڵاتان بەگشتی و یەكێك لە جەمسەرەكانی ململانێی نێودەوڵەتی لەناو عێراق، دەستیان ھەبووە لە ھێرشەی بۆ تیرۆركردنی كراوەتە سەر كازمی.. پرسیاری جدی و جەوھەری ئەوەیە، ئایا حكومەتی عێراق خۆدانی ئەو سەروەرییە و ئەو تواناییەی ھەیە، بەرامبەر ئەو وڵاتە ھەڵوێستی جدی بنوێنێ و پرسەكە بكاتە پرسی تیرۆرێكی نێودەوڵەتی..
ماوەتەوە بێژین: دەستی لەرزۆك ناتوانێت سەروەری تۆمار بكا و مێژووی سەركەوتن بنووسێتەوە، ڕۆژانی ئایندە شتی تر و رووداوی تری لە دوو توێی خۆیدا بۆ ھەڵگرتووین، ئایندەی نەك تەنھا سەرۆك وەزیرانی ئێستا و ئایندە، بەڵكو سەروەری و ئاسایشی عێراق، لەسەر ھەڵوێست و بڕیاری بوێرانەی ئەمڕۆ بەندە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت