سامانی وەستا بەکر: کۆچ وەک چارەسەر.!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کۆچ:

کۆچ گواستەوەی ڕەوانی مرۆڤە لە شوێنێکەوە کە خەونەکانی تیابەدی نەهێناوە بەرەو شوێنێک کە پێشتر بەڕۆح بۆی ڕۆشتووە بۆ بەدەستهێنانی هەمان خەون پێش گواستنەوەی فیزیکی جەستە.

کۆچ ناڕەزای مرۆڤ نیە لەهۆکارێک یان زیاتر بەڵکو پرۆتێستە لەکۆی سیستمی ئابوری، کۆمەڵایەتی، ئیداری و سیاسی.

کۆچ ڕووخانی پایەکانی مرۆڤە لەسەر زەوی باوباپیران و دروستکردنەوەیەتی لەسەر خاکی بێگانەکان.

کۆچ ئەو خاڵەیە کە مرۆڤ بەتاڵ ئەبێتەوە لە هیوا، ئەو ساتەیە کە بڕیاری دابڕانی تیا ئەیا، ئەو ڕۆژەیە کە ڕوو ئەکاتە نادیار.

کۆچ لەدەستدانی ماتمانەی مرۆڤەکانە بە ئێستا و داهاتوو لە شوێنێکی دیارکراو، گەرانیشە بەدوای شوێنێکا بۆ ئێستا و داهاتوو.

کۆچ بێ ئومێدی مرۆڤەکانە لە ئایندە، دڵشکانیانە لە دادوەری، ناڕەزاییانە لە سەرۆکەکان، بێزاربوونیانە لە بەڕێوەبردن، ساردبوونەوەیانە لە نیشتمان، نامۆبوونیانە بە خاک، شەرمکردنیانە لە ناسنامە، دابڕانیانە لە داهاتوو، نەفرەتکردنە لە نایەکسانی.

کۆچ تەنگپێهەڵچنینە لە جوگرافیایەک کە مێژووی ڕەچەڵەکی مرۆڤێکی تیا نوسراوەتەوە، بەرەو جوگرافیایەک کە لە خاڵی سەرەتا و لە سفرەوە بینوسێتەوە و بیناسێنێ و بیسەلمێنێ.

کۆچ دیاریەیەکە لە دروست بوونی مرۆڤەوە بوونی هەبووە، جا خۆیست بووبێت یان بەزۆرەملێ، بەڵام کۆچی ناچاری دیاردەیەکی نوێیە کە سیاسی و کەسانی دەسەڵاتدار مرۆڤەکان ناڕاستەوخۆ ناچارئەکەن و هانیان ئەیەن کە وڵات و زێد و ماڵ و مێژووەکەیان جێبهێڵن، ئەویش لەڕێی دروستکردنی جیاوازی چینایەتی،کە کەمینەیەکی وڵات ئەبێتە دەرەبەگ و زۆرینەکەش بە مسکێن، بەجۆرێک کە درەبەگ نەک تەنها زەوی و سامانی گشتی وڵات بۆ خۆی ئەبات، بەڵکو بەری ڕەنج و ماندووبوونیش بە زۆرینە ڕەوانابینێ، هەمیشە لە هەوڵی بەدەستهێنانی زیاترایە تا کارئەگاتە ئەوەی کە زۆرینە هەست بە نامۆ بوون، چەوسانەوە، زوڵم و ستەم بکات و بەشێکی بیر لە کۆچ بکاتەوە، ئەو بەشەشەشی کە ئەمێننەوە بیر لە دوو شت ئەکەنەوە “ڕاپەڕین و کۆچ”، هەرێمی کوردستان بە نمونە.

زۆرینەی کۆچبەر ئەگەر کزترین تروسکای لە ئاسۆی وڵاتی خۆیا بەدیبکات ئەوا بە هەموو ڕۆشنای جیهانی ناگۆڕێتەوە.

مرۆڤی کۆچکەر ئەو کەسەیە نە لەسەر خاکی خۆی بواری ژیانی هەیە و نە ئەشتوانێ لە تاراوگە ئۆقرە بگرێ، ئەو کەسەیە کۆتایی هەموو ڕۆژێ ئومێدەخوازێ ئەو ڕۆژە دواڕۆژی بێ لە غوربەت، ترسی ئەوەی هەیە لەسەر خاکی غەریبی چاولێکبنێت.

 

بۆچی کۆچ:

خەڵک لە دەست حکومەتێکی دەست پسەوە  بۆ دەستی ئۆپۆزسیۆنێکی ساختەچی ڕائەکەن.

خەڵک لەدەست بازرگانی سیاسی گەندەڵ و خۆسەپێن بۆ دەست سیاسی تازە هەڵتۆقیوی قەرزار و قەزەم ڕائەکەن.

خەڵک چۆن کۆچ ناکەن کە  زیاتر لە سی ساڵە باجی چەند ساڵێکی بەناو خەباتی شاخی بەشێک لە سیاسیە بازرگانەکان ئەیاتەوە، بەشێکیشیان بەرهەمی بەناو خەباتی باوک و باپیریان ئەخۆن، بوونەتە هۆکاری پێگەیاندن و دروست بوونی بەناو ئۆپۆزسیۆنێک کە گڕوگاڵ بەدزی ساختەچێتی و گاگۆڵکێ بەرەو کۆڵانە نادیارو تاریکەکانی پارەی دزراوی میلەت بکات.

ئێستاش ڕەوشتی ڕامیاری و کۆمەڵایەتیان گەشتۆتە ئاستێک کە یەکتری ژەهر خوارد بکەن، تا تەمەنی گەندەڵی و دزی و خۆسەپێنی و ژیانی شاهانەیەن لەسەر شانی خەڵکی مافخوراو درێژە پێبەن.

کە ئەمە ڕەوشتی نوخبەی سیاسی میلەتێکبێت بێگومان خەڵکی متمانەی نامێني و لە شوێنێکی تر بەدوای ژیانا ئەگەڕێ ،کە دڵنیابێ لە خواردنەوەی قومێ ئاو یان پارویەک نان بەدڵنیایی و بەبێ ترس.

خەڵک چۆن کۆچ نەکەن کاتێ بەشێک لە سیاسیەکان هێندەی پێشکەشکارێکی هەواڵی ڕۆژانەی  تێڤییەکان لە مێدیا جیاوازەکانەوە دەرئەکەون و باس لە چەمکەکانی دیموکراسی ودادپەروەری و یەکسانی ئەکەن،   کەچی کاتێ دوای “ژەهر” خوارد کردن لە باشترین نەخۆشخانەکانی ئەڵمانیا چارەسەر وەرەگرن بە فرۆکەی تایبەت ئەگەڕێنەوە کەچی  لە یەکەم قسەیا ئەڵێ” بەردەوام ئەبم لە دژایەتی کردنی گەندەڵی”، خەڵکێکی زۆری قەزایەک بە چەندین پاس ئەگوێزنەوە بۆ فرۆکەخانەی سلێمانی بۆ پێشوازی تا بڵێن تا ئێستاش خەڵکمان لەگەڵە، هەموو ئەمانەش بەپارەی دزراوی میلەت.

کاتێک لە ناوچەکانی مادەی ١٤٠ و ناوەڕاست و باشوری عێراق مووچە لەکاتی خۆیا و وەرەگیری، مووچەی فەرمانبەرێکی ئەو ناوچانە زیاتربێ لە هاوتاکەی لە هەرێم، لیتری بەنزین لەو ناوچانە ٤٥٠ دیناربێ بەڵام لە هەرێم دووقاتبێ ئیتر ئەمانە هەمووی هۆکارن بۆ بێ ئومێد بوون.

کۆچی چوگرافی یان ئابوری؟

ئایا حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتداران و هەردوو بەماڵە پرسیاری ئەوەیان لە خۆیان کردووە بۆچی خەڵکی کەنەدا، ئەمریکا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئینگلتەرا، یابان، سەنگافورە، نیوزلەند، ئەسکەندەنافیا….هتد وڵاتەکانیان بەجێناهێڵن؟

بێگومان وەڵامی زۆرینە ئەوە ئەبێ کە لەو وڵاتانەتا دیموکراسی و مافی ڕادەربڕینی ئازاد هەیە.

لەڕاستیا ئەمە نیوەی وەڵامەکەیە بەڵام نیوەکەی تری کە گرنگترە ئەوەیە کە خەڵکی ژیانێکی شایستەی بۆ فەراهم کراوە، سکی تێرە، مووچە لەکاتی خۆیا وەرەگرێ و خزمەتگوزارییەکان بەردەستن، جیاوازی چینایەتی لە نزمترین ئاستایە.

ئایا حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتداران و هەردوو بەماڵە پرسیاری ئەوەیان لە خۆیان کردووە بۆچی خەڵکی ئیمارات، قەتەر، بەحرەین، سعودیە، عومان و کوێت وڵاتی خۆیان بەجێناهێڵن، لەکاتێکا سیستمی سیاسی ئەم وڵاتانە دیکتاتۆریە و لەلایەن بنەماڵە و خێزانە خۆسەپێنەکانەوە بەڕێوەئەبرێن؟

ڕاستە لەم وڵاتانە مافی ئازادی دەربڕین و سیاسی لە قاڵبدراوە کەچی خەڵکەکەی کۆچ ناکەن، بەڵکو لەبری کۆچ ساڵانە چەند گەشتێک ئەکەن بۆ هەڵمژینی هەناسەیەکی ئازادی و ئەگەڕێنەوە وڵات و ماڵی خۆیان هۆکاری ئەمەش تەنها یەک خاڵی جەوهەریە ئەویش “گیرفانی پڕ”ە.

ئایا حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتداران و هەردوو بەماڵە پرسیاری ئەوەیان لە خۆیان کردووە بۆچی خەڵکی وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات و ئەمریکای باشور و بەشێک لە ئاسیا وڵاتەکانیان بەجێئەهێڵن لە کاتێکا دیموکراسی و مافی ئازادی دەربڕین و ڕۆژنامەوانی بوونی هەیە؟

ئەمجارەشیان هۆکارەکەی هەر ئابوریە، خەڵکی ئەم وڵاتانە وێڕای بوونی دیموکراسی بەڵام بەهۆکاری بەدەستهێنانی ژیانێکی شایستەتر و بژێویەکی باشتر بۆ ژیان کۆچ ئەکەن.

ئاخر مرۆڤ لەگەڵ هەموو شتێکا هەڵەکا بەڵام دەرەقەتی برسێتی نایەت، دایکان و باوکان هەست بە نەنگی ئەکەن کاتێک کارێکی زۆرئەکەن بەڵام ناتوانن پێداویستی مناڵەکانیان دابین بکەن.

گەنجەکان هەست بەدابڕان لە ژیان ئەکەن لەکاتێکا نەک توانای گەشت و گەڕانیان نیە بەڵکو شانسی هەلی کاریشیان نیە.

فێرخوازان هەست بە دۆڕان ئەکەن کاتێک ئەبینن هاوڕێکانیان ٩٩ لە ١٠٠لە تاقیکردنەوەی کۆتاییا ئەهێنن و لە هیچ زانکۆیەک ناویان نایەتەوە ،کە ئەمە ئەکرێ یەکێکبێ لە بەهێزترین و ترسناکترین هۆکار بۆ پاشەکشێی وڵات لە و ڕەوڕەوەی گەشەکردن و زانست.

گرنگە دەسەڵاتدار ئەوە بزانێ کە تەنیا ئازادی و دیموکرسی سک تێر ناکات و بەس نیە، لەکاتێکا ئەم دوو چەمکە لە هەرێمی کوردستان لەژێر پرسیاری جدیایە، بەڵکو ئەوەی مرۆڤ بەخاک و نیشتمانەوە ئەبەستێتەوە سکی تێرە، پاشان دیموکراسی و هاوتایی و یەکسانی و هەموو چەمکەکانی تر، بەڵام لە هەرێمی کوردستان هەم ئازادی سیاسی و کاری مێدیای لەژێر هەڕەشەی جدیایە هەم برسێتیش لە هەڵکشانایە.

مرۆڤ کاتێ برسیبێت تەنها بیر لە خواردن ئەکاتەوە، کاتێ کە تێریش بێت بیر لە دادپەروەری ئەکاتەوە.

ئێستا پرسیارە جدییەکە ئەوەیە لە دەسەڵات و هەردوو بنەماڵەی خۆسەپێنی هەرێم و ئۆپۆزسیۆنە ساختەچییەکەش، ئایا بە بەرنامە خەڵک برسی ئەکەن تا بیر لە دادپەروەری و یەکسانی و دیموکراسی نەکەنەوە؟

دەسەڵات و کۆچ:

دەسەڵاتی هەرێم لەڕێێ ووتەبێژەکەیەوە سوکایەتی بە کۆچبەران ئەکات و خۆی لە بەرپرسیارییەتی ئەدزێتەوە.

ووتەبێژەکەی دەسەڵات ئەڵێ بەشێکی کۆچبەران خەڵکی ناوچەکانی مادەی ١٤٠ن، بەشێکیش خەڵکی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی “پ.ک.ک”ن و بەشێکیشیان خەڵکی ناوچەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین و هەڵەبجەن، بەواتایەکیتر مەبەستێتی بڵێ خەڵکی هەولێر و بادینان کۆچ ناکەن و ڕازین بەوەی کە هەیە.

خۆ ئەگەر دابەزینە ئاستی بیرکردنەوەی ووتەبێژەکەی دەسەڵات، ئەوا عوزر لە قەباعەت خراپتر،

١. حکومەت نابێ جیاوازی لەنێوان ناوچەیەک و ناوچەیەکیترا بکات.

٢. ئەبێ ماف و خزمەتگوزاری بۆ هەموو شوێنێک بە هاوتای و یەکسانی دابین بکات.

٣. حکومەتی ڕەشید ئەبێ خۆی بە بەرپرس و باوکی کۆی هاڵاتیان بزانێ نەک بەهۆکاری ئینتمای سیاسی پۆڵێنیان بکات.

٤. حکومەت نابێ خۆی بدزێتەوە لە چارەسەر و ئەستۆ پاکی بکات لە بەرپرسیاریەتی.

  • حکومەت کاتێ خۆی دانی پیائەنێ کە کۆچبەران خەڵکی زۆنی زەردنین، واتە ڕاستەوخۆ دانی پیائەنێن کە ئەوان تەنها حکومەتی ئەو ناوچانەن کە دەسەڵاتیان بەسەریا هەیە و خۆیان بەبەرپرسی شوێنەکانیتر نازانن.

دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی دەسەڵاتی هەرێم، ئەڵێ ئەو خوڵکە درۆئەکەن و چیرۆکی ناڕاست لەسەر  هەرێمی کوردستان دروست ئەکەن!

گۆڤاری (ذە ناشناڵ ئینترێست) ئەنوسێت سەرکردەکانی کورد بە فرۆکەی تایبەت گەشتئەکەن کەچی خەڵکەکەی بەدەست بێ مووچەییەوە ئەناڵێنێ، ئەمە قسەی کۆچبەرەکان نیە.

هەر ئەو گۆڤارە ئەنوسێ حکومەتی هەرێم دەستی بەسەر داهاتی خەڵکیا گرتووە و بانکەکان پارەی خەڵکی ناگێڕنەوە، ئەمە قسەی کۆچبەرەکان نیە.

کەناڵی ئەلجەزیرەی قەتەری لە دێکۆمێنتارییەکا لەسەر کۆچبەران بەووردی باس لە ڕەوشی ئابوری و نایەکسان وی هەلی کارو نادادپەروەری و بەرتەسکبوونەوەی ئازادییەکان و گیراوانی بادینان ئەکات وەک چەند هۆکارێک بۆ کۆچکردن، خۆ ئەمەشیان قسەی کۆچبەران نین.

خەڵک لەدەست ئەوە ڕائەکەن کە کەرتی گشتی وڵات ڕادەستی گوایە کەرتی تایبەت کراوە تا هەلی کار بارەخسێنرێ، بەڵام کۆی کەرتی تایبەت لەژێر دەستی کۆمپانیاکانی هەردوو حیزبی بنەماڵەیایە و ئەوانیش لەبری ڕەخساندنی هەلی کار، داهاتی وڵاتیان بەبارمتە گرتووەو کارمەندەکانیش بە کۆیلە

ئایا  ووتەبێژەکەی دەسەڵات و دیندار زێباری ئاگایارن کە نزخی یەکەی نیشتەجێ بوون و زەوی و موڵکداری لە بادینان بەتایبەتی لە زاخۆ بەڕێژوی سەرو ٪٢٠ دابەزیووە؟ ئایا پرسیاری ئەوەیان لە خۆیان کردووە بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە موڵک و ماڵیان تاڵان فرۆش ئەکەن و ملی ڕێئەگرنە بەر و ئەو سەرمایەی جەنگەڵەکانی ڕوسیای سپیان پێخۆشترە لە دوبەیەکی دەسەڵات؟

ئایا ووتەبێژەکەی دەسەڵات و دیندار زێباری ئەزانن زیندانی کردنی بەناهەقی شیروان شێروانی و مامۆستا بەدەل بەرواری و هەموو ئەوانەیتر یەکێکن لەو هۆکارانەی کە گەنجان ئومێدیان بە داهاتووی خۆیان لە هەرێمی کوردستان نەمێنێ.

ئایا  ووتەبێژەکەی دەسەڵات و دیندار زێباری ئەزانن کە بادینان و زاخۆ، نە گەرمیان و ڕاپەڕین و هەڵەبجەی برا سەوزەکەیانە و نە شنگال و قەندیل و ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی “پ.ک.ک”ن دوژمنی دوژمنەکەیان*؟

(*تورکیا دۆستی خەونی شاعیری پ.د.ک).

 نابێ ئەوش لەبیر بکرێ کە مرۆڤەکان بەردەوام کۆچ ئەکەن، خەڵکی ئەسکەندەناڤیا بەرەو هەتاو “خۆر”، خەڵکی ئەوروپای ڕۆژئاوا بەرەو ژیانێکی کۆمەڵایەتی گەرموگوڕتر، خەڵکی ئەوروپای ڕۆژهەڵات و بەشێک لە ئاسیا و ئەمریکای باشور بەرەو ئابوریەکی ىاشتر، خەڵکی ئەفریقا بەرەو مافەکانی مرۆڤ، خەڵکی هندستان و وڵاتانی چواردەوری بەرەو  هەلی کار.

پرسیارێک بۆ دەسەڵاتدران، ئاخۆ خەلكی هەرێمی کوردستان بەرەو کام لاو بەچ هۆکارێک کۆچ بکەن، کێش هۆکاری کۆچی بەلێشاوە دوای سی ساڵ حوکمڕانی کوردی؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت