وتاری کورد: هەموومان ئازاری سیاسی و نەبوونی ئازادی دەکێشێن!
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
ماوەیەکە هەواڵ لەسەر کۆچی کوردانی وڵاتەکەمان دەبیستین. مێژووی کۆچی کوردان، هیچ کاتێک لەسەر برسێتی و گوزەرانی ژیان نەبووە، بەڵکو هەموو کۆچەکان زیاتر لە بەرهۆی چەوسانەوەی سیاسی و سەپاندنی ڕەوشی نەبوونی ئازادی و دیموکراسی و مافی مرۆڤ بووە. یەکەمین کۆچی کوردان لە دوای ئاشبەتاڵەکەی ساڵی 1975 وە دەستیپێکرد، کاتێک سەرکردایەتی ئەوسای شۆڕش بەسەرکردایەتی موستەفا بارزانی، غەدرێکی زۆریان لەگەلەکەیان کردوو، بەیانی وازهێنان و هەراجی سیاسیان بە گوێی دۆست و دوژمناندا دا، ئاهەنگی خۆشییان گەیاندە ماڵی دوژمنان و بێ هیوایی و ڕەوشێکی گریان و شینیان بۆ یەک بەیەکی ماڵی کوردان گواستەوە.
کۆچی دووەمی کوردانیش لە دوای هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێوە دەستی پێکرد، بەتایبەتی لەگەڵ هەلگیرساندنی شەڕی نێوان عێراق و ئێران. خەڵكی کورد وەک هەڵوێستێک لەبەرامبەر شەڕێکی نابەرامبەر و دوورخایەن، بەکۆمەڵ و تاک کۆچیان بەرەو هەندەران کرد. دەکرێت ئەم کۆچە بە بنەمای چاوکردنەوەو ڕێزبەندی ناوزەند بکرێت.
کۆچی سێیەمیش لە دوای ڕاپەڕینەوە دەستیپێکرد، بەتایبەتی دوای یەکەمین هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان، دوای ئەوەی ململانییەکانی نێوان هێزەکان گەیشتە ئاستی شەڕو پێکدادان و، خواستی بەرژەوەندییەکانی حیزب زاڵکرا بە سەر بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان. ئەم کۆچە بەردەوام بوو تا دوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆ و خیانەتی 31 ئاب.
کۆچی چوارەمیش لە دوای داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوەو، دواتر دروست بوونی ڕەوشێکی ئازاد و جێگیر بۆ ماوەیەک کۆچی پێجەوانەوە دەستی پێکردوو، خەلکێکی زۆر لە ئەروپاوە گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
کۆچی پێنجەمیش، کە لەو کۆچەدا ئازارەکانی نیشتمان بەدەست دەسەڵاتدارانی هەریمەوە گەیشتە ئاستێکی نادادپەروەری و نەبوونی دیموکراسی و تەسکردنەوەی ئازادییەکان بە ئاستی ژێردەواری دەسەڵاتی دیکتاتۆری و فاشیزم و تیرۆر، ئیتر خەلکی بێ هیوابوون لە هەموو سێکتۆرەکانی ئازادی و دیموکراسی و دواتر ناداپەروەری لە ڕەوڕەوەی بواری ژیان. کۆچ ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر بەردەوام بوو، تا گەیشتە کۆچە مێژووییەکەی نیوان بیلۆڕۆسیاو پۆڵۆنیا.
ئێمە لە ماڵپەڕی وتاری کورد:
یەکەم/ پێمان وایە کە کوردوستان خاوەنی داهاتێکی زۆری سەرزەوی و ژێرزەوییە. بۆیە ئەگەر سیستەمێکی سیاسی دادپەروەرو دوور لە گەندەڵی وەڵاتی بەڕێوە ببردایە، بە بڕوای ئێمە، کۆچ لە وەڵاتانی ترەوە بەرەو کوردوستان دەبوو.
دووەم/ ڕێگای درووست، بەبڕوای ئێمە، ئەوەیە کە لە جیاتی کۆچ و چۆڵکردنی وەڵات بۆ دەسەڵاتداران، پێویستە خەڵکی ستەمدیدە بە گشتی و گەنجی کورد بەتایبەتی بیر لە ڕێگەچارەی گۆڕین و وەلانانی سیستەمی سیاسی دەسەڵاتداربکەنەوە بە سیستەمێک کە لە خەڵکی کوردوستان و بۆ خەڵکی کوردوستان بێت، نەک دەسەڵاتی چەند بنەماڵەو دەستەو گرووپێک.
سێیەم: دەسەڵاتدارانی هەرێم ئاگادار دەکەینەوە، پێیان دەڵێین: ژیانی سیاسی بە بواریی تەسک بە ئازادی و دیموکراسی، تا گەیشتن بە گۆشەی تیرۆرو بوختان هەڵبەستن و پڕکردنی زیندانەکان بە لاوان بە بوختانی ناجۆری دوور لە ئەخلاقی سیاسی، کۆچ و کۆچکردن زیاتر و زیاتر دەکات و پرۆسەی سیاسی ئەم هەرێمە ناشرینتر و ناشرینتر دەکات. پێیان دەڵێین: دوو جۆر کۆج هەیە: کۆچی برسێتی و کۆچی سیاسی، ئەم کۆچەی ئێستای کوردان لە زمانی کۆچبەرانەوەو بە بەڵگەو دۆکۆمێنتەکانیان پڕن لە نیشانەی زوڵم و زۆری دەسەلاتی تیرۆرو داسەپاوی هەریمی کوردستان. کەواتە ئەوە دەسەڵاتی هەرێمی کوردوستانە کە هۆکاری سەرەکی ئەو کۆچەیە..
سەرفراز بێت کوردستانێکی ئازاد و دوور لە دەسەڵاتی نادادپەروەری سیاسی و ئازادییەکان
16-11-2021
وتاری کورد
سوپاس بۆ ئەو نوسەرانەی کە بەشدار بوون لە داڕشتنی ئەم نوسینەدا
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە