عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: فۆتۆی شه‌هیدێک.!
له 12ی تشرینی یه‌که‌می ساڵی 1982، 70پێشمه‌رگه‌ی تیپی 57 ی سه‌گرمه‌و تیپی 51ی گه‌رمیان و تیپی 55 ی قه‌رده‌داغ، وه‌ک هێزی پشتگیری بۆ به‌رگری له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، له بازیانه‌وه مه‌سافه‌یان وه‌رگرت، به ناو ره‌بایه‌و سه‌ربازگه‌و و بۆسه‌ی هیزه‌کانی سوپای سوپای عێراق دا خۆیان گه‌یانده گوندی (شیله خان). به درێژای رێگاکه باران ده‌باری. ئێواره‌که‌ی په‌ڕینه‌وه بۆ به‌ری (زێوێ)، له‌وێوه گه‌یشتنه (دۆڵی جافایه‌تی )، له گوندی (وڵاغلو ) ـه‌وه روویان کرده (گه‌ڵاڵه )و (سه‌فر)و (زه‌رون )، (هه‌رزنه )، بێتوش). به‌رده‌وام بوون له رۆیشتن تا گه‌یشتنه (بێورانی خوار)و (بێورانی ژووروو). هه‌نگاوی خێرایان نا بۆ ( قاسمه‌ڕه‌ش )، تا گه‌یشتنه ناوچه‌ی ئالانه و گوندی (مرواوه )، له 15- 10 له گوندی ئاڵوه‌تان گیرسانه‌وه.
سوپای پاسدارانی ئێران سه‌راپا ناوچه‌که‌یان ته‌نی بوو، پێش ئه‌وه‌ی هیزه‌که بگات، چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ک له‌وێ بوون، پاشه‌کشه‌یان کرد بوو، له شه‌وی 17/18- 10- 1982 هیزی پاسداران هێرشێکی چڕ و به‌ربڵاویان کرده سه‌ر گوندی ئاڵوه‌تان، تێکیان شکاندن.
له سه‌عات 12 ی شه‌ودا تۆپبارانی سه‌نگه‌ری پێشمه‌رگه‌کانیان کرد، له سه‌عات 4ی بەیانی له چه‌ند قۆڵێکه‌وه زنجیره هێرشێکیان کرد،18 پێشمه‌رگه له لوتکه‌یه‌کی به‌رزی زنجیره شاخی ئاڵوه‌تان رووبه روویان وه‌ستانه‌وه، فاتیح سه‌نگاوی، توانایه‌کی بێ سنووری هه‌بوو، کاره قورس و دژواره‌کان به‌و دهسپێرا، رۆڵی پێشه‌نگ و دیاری هه‌بوو، پاسداره‌کان له په‌لاماره‌کانیان بۆ سه‌ر سه‌نگه‌ری پێشمه‌رگه پڕ به گه‌رویان هاوریان ده‌کرد: ده‌رۆین، ده‌رۆین، ناوه‌ستین، تا ده‌گه‌ینه به‌هه‌شت.
له‌و کاتانه‌دا فاتح سه‌نگاوی به تفه‌نگه‌که‌ی مشتی لێ ده گرتنه‌وه، به فیشه‌کی گرداری موفره‌د ده‌یان جه‌سته‌ی لێ ده خستن و پێی ده‌وتن: ئێستا یه‌ک، به‌یه‌ک ده‌گه‌ن به‌هه‌شت.
ته‌نیا کامێرای فۆتۆ و ڤیدیۆ ده‌یتوانی ئه‌فسانه‌ی ئه‌و داستانانه وه‌ک خۆی تۆمار بکات. له سه‌عات 11ی پێش نیوه‌ڕۆ، پێشمه‌رگه‌کان تا دوافیشه‌ک به‌رگریان کرد، له به‌ر بێ فیشه‌کی کشانه‌وه روویان کرد شاخی( کونه مشکێ) که به‌رزاییه‌کی ستراتیژ بوو، له به‌ر سه‌ختی شه‌ڕه‌که فاتیح سه‌نگاوی و شاخه‌وان خه‌سره‌و له مه‌فره‌زه‌که‌یان دابڕان، که‌وتنه ناو مه‌فره‌زه‌ی پێشمه‌رگه‌کانی تیپی 51 گه‌رمیان. دواتر ملازم خوله و هیزی خۆشناوه‌تی، پێشمه‌رگه‌کانی سه‌گرمه یان به‌دل کرد، مه‌حمود سه‌نگاوی و سیروان دێڕه‌شه‌یی پیان وت: ئه‌م شوێنه زۆر سه‌خته، ئێمه (28 ) پێشمه‌رگه‌مان لێ دانابوو، ئێوه پێشمه‌رگه‌ی زۆرتری لێ دابنێن. ملازم خوله وتی: ئیوه بڕۆن، من (8)پێشمه‌رگه‌ی لێ داده‌نێم.
پێشمه‌رگه‌کانی سه‌گرمه بۆ پشوو روویان کرده ناو گوندی (کونه مشکێ)، هه‌موویان ماندوو و چڵکن بوون، خۆیان و جله‌کانیان شۆرد، تاریک و لێڵی به‌یانی 22- 10- 1982 بوو، ده‌نگی گرمه‌ی ته‌قینه‌وه‌ی R.B.G و هاوه‌نه‌کان، سه‌راپا ناوچه‌که‌ی هه‌ژاند، سوپای پاسداران به جۆرێک پێشره‌ویان کردبوو، نزیکیسهنگهری پێشمه‌رگه‌کان ببوونه‌وه. ملازم عومه‌ری لێپرسراوی مه‌کته‌ب عه‌سکه‌ری رووی کرده پێشمه‌رگه‌کانی 57ی سه‌گرمه وتی: شه‌ڕێکی زۆرتوندو سه‌خت، لهسهرشاخ به‌رپا بووه، ژیانی ملازم خوله‌و پێشمه‌رگه‌کانی خۆشناوه‌تی له مه‌ترسی دایه، به‌ڵکو به‌خێرایی فریایان بکه‌ون. پیشمه‌رگه‌کانی سه‌گرمه، به جله تهڕهکانیانهوه، خۆیان به‌ست، به خێرایی به ناو ئه‌و به‌فره‌دا خۆیان گه‌یانده سه‌نگه‌ره‌کان، ملازم خوله پێکرابوو، فه‌قه‌راتی شکابوو، چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ک شه‌هیدو بریندار ببون، پاسداره‌کان ته‌نیا یه‌ک شوێنیان له سه‌ر زنجیره چیا سه‌ختی (سه‌ری گۆم ) گرت بوو، له‌وێوه دهسڕیژیان له پێشمه‌رگه‌کان ده‌کرد، شوێنه ستراتیج و سه‌خته‌که‌ی تریان بۆ نه‌گیرابوو.
ملازم عومه‌ر وتی: گه‌ر ئێوه بتوانن ئه‌و شوێنه سه‌خته‌ی (سه‌ری گۆم ) بگرنه‌وه، کۆنترۆڵی ناوچه‌که ده‌که‌ن.
مه‌حمود سه‌نگاوی له گه‌ڵ فاتیح سه‌نگاوی و وریای شێخ رهشیدو هیوا باڕۆیی و ستار سه‌نگاوی و شاخه‌وان خه‌سره‌و چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ک و 11پێشمه‌رگه‌ی حیزبی دیموکراتی ئێران، له به‌ری گۆمه‌وه ههنگاویانا، بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه ئه‌وشوێنه‌ی که به ملازم خوله وتی (گرنگ و سه‌خته )، کاتێ به خۆیان زانی، ئه‌و شوێنه پڕه له پاسدار‌و جامانه سووره‌کان، بواری گه‌ڕانه‌وه‌یان نه‌ما بوو، به راکردن خۆیان گه‌یانده شیوه‌که‌ی به‌رده‌میان و مله یه‌ک. پاسدار‌و جامه‌نه سووره‌کان به هه‌موو جۆره چه‌کێک پێشمه‌رگه‌کانیان داگرته‌وه.
مه‌حمود سه‌نگاوی به عوسمان ههڵدهیهری وت: ئێمه لێره به‌رگری ده‌که‌ین، تۆ سه‌رکه‌وه بۆ سه‌ر ئه‌و شاخه‌ی پشتی خۆمان و له‌وێ دامه‌زرێ، یه‌کسه‌ر ئێمه‌ش ده‌گه‌ینه ئه‌وێ.
پێشمه‌رگه‌کان له گردی (کونه مشکێ )به‌رگریه‌کی باشیان کرد، سه‌عات 1ی پاش نیوه‌ڕۆ ئه‌و بهرزایهیان گرت، شوێنێکی ستراتیژ بوو، فاتیح سه‌نگاوی و وریای شێخ ره‌شید و خالید باڕۆی له سه‌نگه‌رێک دا بوون، مه‌حمود سه‌نگاوی و شاخه‌وان خه‌سره‌و له سه‌نگه‌رێکی نزیکیان بوون له کونه مشکێ، دواتر حه‌مه‌ی کاک هه‌مزه‌ی دۆڵی پڵنگان گه‌یشته لایان، به مه‌حمود سهنگاویان وت: ئێمه هاتوین، ئیوه به‌دل بکه‌ین.
گوله هاوه‌ن له‌م به‌رو ئه‌و به‌ری سه‌نگه‌ره‌کانی ده‌دان، له‌و کاته‌دا هێلیکۆپته‌رێکیان بینی، له به‌رامبه‌ریان نیشته‌وه، ئه‌سپێک و هێسترێک و دۆشکه‌یه‌کی کالیبه‌ر بهرپهنجا یان داگرت، دوای 5 ده‌قیقه دۆشکهکهیان دامهزراندو سه‌نگه‌ره‌ی پێشمه‌رگه‌کانیان بێژا، فاتیح سه‌نگاوی به دێژایی شه‌و نه‌نوست بوو، ماندوو بوو، له پاڵ به‌ردێکدا له خه‌وێکی قوڵ دابوو، له ناکاو گوله‌ی دۆشکه که له به‌رده‌که‌ی ته‌نیشتی دا، ته‌نیا قاچه‌کانی جوڵا، مه‌حمود سه‌نگاوی بانگی وریای شێخ ره‌شیدی کرد، وتی: وریا وریا گوله‌ی ئه‌و دۆشکه‌یه فاتیحی پێکا.
به‌خێرایی خۆیان گه‌یانده لای، جۆگه‌له‌یه‌ک خوێنیان بینی به‌فره‌که‌ی سوور کردبوو، (گوله‌ی دۆشکه‌که به‌رده‌که‌ی بڕیبوو، له سه‌ری فاتیح ی دابوو.
چوار پێشمه‌رگه ته‌رمی فاتیح سهنگاویاندا به کۆڵیاندا، خستیانه سه‌ر ئێسترێک، هه‌دوو ده‌ستی له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه شۆڕ ببووه، وریای شێخ رهشیدو خالید باڕۆی ته‌رمه‌که‌یان له سه‌رچیای گۆم بردە خواره‌وه، پێشمهرگەیهک تراژیدیای مه‌رگی فاتیح سه‌نگاوی له فۆتۆیه‌ک کرد به هێمای پێشمه‌رگه‌ی نیشتمان.
سه‌رچاوه و په‌راوێز:
سه‌نگه‌ر عه‌بدوڵڵا، هه‌ڵمه‌تی بروسکه‌ی نه‌به‌ردییه‌کانی فاتیح سه‌نگاوی، سه‌نگاو، ژماره 10 ی خولی دووه‌م، به‌هاری 2011، ل 80-99.
* فاتیح ره‌ئوف ره‌حیم ناسراو به فاتیح سه‌نگاوی، له 1966له ناحیه‌ی سه‌نگاو له‌دایک بووه، به هۆی هه‌لومه‌رجی نائاسایی و دژواری ژیانه‌وه، ده‌ستبه‌رداری خوێندن بووه و کاری جوتیاری و شوانی کردووه، له 1978له ته‌مه‌نی 12ساڵی دا، په‌یوه‌ندی کردوه به ریزه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانه‌وه، له 1981 له ته‌مه‌نی 15ساڵی دا بوو به پێشمه‌رگه له مه‌فره‌زه‌ی (2) له که‌رتی 4ی جه‌با ری، له 1981 – 1982 کرا به جێگری فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه‌و دواتر بووه به فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه له که‌رتی 3ی هه‌مه‌وه‌ند، له به‌یانی 23/ 10/ 1982 له سه‌ر شاخی (کونه مشکێ ) پێکراو دوا هه‌ناسه‌ی سپارد، ته‌رمه‌که‌یان له شێنێ ناشت، دواتر ته‌رمه‌که‌یان ده‌رهێنایه‌وه له رێوره‌سمێکی شکۆمه‌ندانه‌دا له گۆڕستانی سه‌نگاو به خاکیان سپارد.
فاتیح سه‌نگاوی، له هه‌ڵمه‌تی بروسکه ئاسای نه‌به‌ردی و داستانه‌کان دا، هه‌مان توانای له‌بن نه‌هاتوی ئه‌فسانه‌یی مامه ریشه‌ی که‌رتی 4 ی جه‌باری و حه‌مه ره‌شه‌که‌ی که‌ری 3ی هه‌مه‌وه‌ندی هه بوو، زه‌مه‌ن بواری نه‌دا.
تراژیدیای ئه‌م فۆتۆیه‌ی مه‌رگی فاتیح سه‌نگاوی، ناخ و ویژدانی مرۆڤ و دنیای هه‌ژاند.
شه‌هید فاتیح سه‌نگاوی، دایکی زۆر خۆش ده‌ویست، به به‌رده‌وامی باسی سۆزی میهره‌بانی دایکی بۆ هاوڕێ پێشمه‌رگه‌کانی ده‌گێڕایه‌وه، له جه‌وله‌که‌دا ئه‌م کۆپله هۆنراوه‌ی بۆ هاوڕێکانی ده‌خوێنده‌وه:
دایه گیان بۆ من مه‌گری
من مهلاوێنه، له جاران زیاتر خه‌نده بنوێنه
سه‌یری خوێنی کوڕه‌که‌ت بکه، چه‌ند گه‌ش و جوانه
ده‌ڵێ ی شه‌به‌قی به‌ری به‌یانه
سه‌ری هه‌ڵداوه له‌م کوردستانه
- Latest Posts by عەبدوڵا کەریم مەحمود
عەبدوڵا کەریم مەحمود: ئاسۆیەک ئاوا نابێ.!
-عومەر سەیدە: دادگایی‌کردنی تاوانبارێکی ئەنفال، ئەم تاوانبارە بناسن.
-عەبدوڵا کەریم مەحمود: سەرۆک جاشەکان و کەسایەتییە دیارەکان!
- All Posts