بەهرۆز جەعفەر: ئێستا کێ دەستی ماڵباتی تاڵەبانی گرتوە چاکسازی بکەن!؟.
ماوەی نزیکەی ( 4 ) مانگە هیچ رکابەرێک لەبەردەم یەکێتی و بەتایبەت ماڵباتی تاڵەبانیدا نەماوە، نە گۆڕان و نە ئەوانەش کە پێشوتر کاریی وایان کردووە. پاڵپشتی پارتی و حکومەتی هەرێمیان هەیە، لە تەواوی ناوچەکەدا دونیا تکا لە ئێران ئەکات دەست وەرنەداتە کاروباری ئەم ووڵات و ئەو ووڵات، بەڵام بۆ سلێمانی جیاوازە ئێران نە کێشە دروست ئەکات و نە ڕێگەش ئەدات لەم ناوچەیە کێشە دروست بێت.
دۆخی ڕێگەوبان، تەندروستی، زەمان و ئەمان و ژیانی خەلک لە هەموو سەرێکەوە بەرەو خنکان و نغرۆبونە. ئەگەر تۆزێک ڕاشکاوبین، پشکی شێری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لێی بەرپرسیارە. لەم شارە هەمووی ئەیەوێت کەسی یەکەم بێت و کەسیش یەکەم نییە. نزیکەی (24) هەزار کیلۆمەتر بە دەست نەبونی فەرمانڕەواو ئیدارەیەکی دروستەوە ئەناڵێنێت.
چوار ساڵ بەر لە ئێستا کاک بافڵ تاڵەبانی وتی «بزانن لەم چەند ساڵەدا چۆن و چەنێک بە باشی خزمەتی خەڵک ئەکەین». کاک قوباد تاڵەبانی لە هەموو یادو ساڵیادێکدا قسەو گوفتاری وەهای هەیە!.
لەدوای ئەو گۆڕانکاریی یان گرژی یان کودەتا (نازانم هەریەکەو بە پێی ئینتیماو حەزی خۆتان ناوێکی لێ بنەن) کە لە (8ی تەموزی 2021) ڕوویدا، یەکێتی و ماڵی مام جەلال چەند لیژنەی پسپۆریان بۆ چاکسازی لە داهات دروست کردوە؟. چەند کۆنفڕانس و مێزگردی بە هێزیان لە مەڕ دانانی نەخشەو پلانی کاری داهاتو سازدا؟. کامەیە ئەو ئەقڵە گەورانەی لە دەوری خۆیان کۆیان کردۆتەوە تا بزانن ئەکرێت چەند یەدەگی گازو نەوتی پەسەندکراو لەم ناوچەیە هەبێت؟. ئایا کۆمپانیاکان چەند خێروبێریان بۆ دانیشتوانی سنورەکان و کەسوکاری شەهیدان هەبوە؟. تا چەندیش ژینگەو ڕێگەوبانیان تێک و پێک داوە؟. بۆ بواری تەندروستی و دڵنیایی ژیانی خەڵک چییان کرد؟. کامە پلاتفۆڕمیان جاڕ داو کوامەیە شوناس و خیتابی حیزبەکە بۆ ڕووداوەکانی عێراق و ناوچەکە؟!.
یان هەر وا خەڵک و قیادەو پیادەیە، ئەچن لەو دەباشانە پیاسەیەک ئەکەن و شتێک پارە وەر ئەگرن و…و…تادوایی…و…ئیتر تەواو!. پێش 8ی تەمموزیش ئەمە هەر هەبوە.
دونیا خەریکن کڵاوەی ئەتۆمی لە ژێر دەریادا ئەشارنەوەو، نەشتەرگەری کاسەی سەر بە ڕۆبۆت ئەنجام ئەدەن و، سەرمایەی مرۆیی و کەرەستەکان ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان ئەکەن، تازە ئەبێت چاوەڕێی چوار نەخوێنەوار بکەین لە بەر کوتلەبازی و خێڵگەری ببرێنە مەکتەبی سیاسیی تا ڕمبازییەکە گەرمتر بکەن!. سلێمانی!. جگە لە تەکسی و ڕیستۆرانت و کافێ خانە هیچ جوڵەیەکی تری تیا نەماوە، تەواوی چین و توێژەکان لەهەموو شتێک ناڕازیین، ئەنجامی هەڵبژاردنەکە جوان لێی وورد بیتەوە یەکێتی تەنها نوێنەری (3٪) سێ لەسەتی خەڵکی کوردستانە، بۆ!؟. چەندە ئەم قەیرانە قووڵانە ئازارهێنەرن، هێندەی ئەوەش جێی نیگەرانییە کە هیچ پلان و میکانیزمێکی زانستی و نیشتیمانیانە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی تەحەدداکان نییە. ئەکرێت هەر ئاوها هەر کاکێک خەریکی خۆی بێت و ناوچەیەکی وا گەورە بە قەدەر بسپێرن؟.
بۆشایی کۆمەڵایەتی و ئەمنی و سیاسیی کەوتۆتە ناو هەرێمی کوردستانەوە لە هەرێمەکەش زۆر بەتایبەت ناوچەی سولەیمانی، دۆخەکە ئاوا ناچێت بەڕێوە. ئیمڕۆکە حیزب و ئیدارەی گشتی، میدیاو پارەو داهات، دامودەزگا سەربازیی و ئەمنییەکان لەبەردەستی ماڵباتی تاڵەبانین، کێ دەستی گرتون کە چوار مانگە نیشانمانی بدەن کە ئەوا ئەوان خەریکی چاککردنین و دەستیان داوەتە هەوڵ و ئامادەکاری خێرا بۆ ڕیفۆرمێکی ڕیشەیی لەم ناوچەیە؟.