ژیلوان بەکر: زینده خه‌و!
دوێنێ شه‌وێ له‌خه‌ونمدا له ده‌مه‌قاڵه‌ی سیان ڕامابووم، (خاك و دار و كۆتره باریكه)
مشت‌ومڕ و گازه‌نده‌ی هه‌رسێ.. بێچاره و سه‌رسام له نێوانیاندا ده‌سته‌پاچه هه‌ڵواسرابووم.
كۆتره باریكه لانه‌ی له‌سه‌ر لقی دره‌ختی پیره ساڵ چێكردبوو، لانه دوو بێچووی تازه په‌ڕ دهركردووی له‌باوه‌ش گرتبوو.
دره‌خته پیریش له‌سه‌ر خاكی نیمچه نشێو ڕه‌گی تابێخی به‌رده‌ڵان ڕۆچوبوو.
خاك گله‌یی و دادوبێدادی ڕه‌گی داكوتاوی پیره‌داری بوو، له‌ناو جه‌رگ و هه‌ناویدا.
دره‌خته پیریش گازه‌نده‌ی لانه‌ی كۆتره باریكه‌ی بوو له‌سه‌ر لق و په‌لكه‌كانی.
پیره‌دار ده‌یوت (لانه‌ت سێبه‌ری خستۆته سه‌ر گهڵاوگۆڵم، تیشكی خۆر په‌ره‌وازه بووه لێم، كه‌یفم بهچارهت نیه و لانه‌ت لاده).
خاكیش ئه‌وداڵی جێگه‌ی فراوانتربوو، له پیره دار هاتبووه زمان… داواكاربوو ڕه‌گه‌كانی چیتر به‌ناخیدا ڕۆنهچێنێ و دهرفهتبدا، تۆزێك زیاتر په‌لبكێشێ و خۆی واڵاكا.
كۆتره باریكه، نه ده‌سه‌ڵات نه توانایه‌ك ئاوێزانی نه‌بوو، نه‌یده‌زانی چیه تاوان گه‌ر ئاسوده بێچووه‌كانی له‌سه‌ر لقی درهختهپیر لهناولانه گوزهرانكهن تاباڵدهگرن. چه‌ندین جاره گوێم له گمه‌ی بوو، داواكاربوو له دره‌خته پیر، ته‌نها وه‌رزێك چاوهڕوانكات، هه‌تا بێچووه‌كان له‌لانه دێنه ده‌رو باڵده‌گرن.
هه‌مان شێوه‌ش خاكی ژێر بنجی دره‌خته پیر، له‌خۆبایی، له دره‌خته پیر داواكاربوو، ڕه‌گه‌كانی به‌دووربگرێت له‌ته‌شه‌نه و ڕۆچونیان، تابتوانێ به‌سه‌ربه‌ستی خۆی واڵاكات.
له‌م هه‌ڵایه و به‌گژداچوونه‌وه‌ی خاك و داردا، گشت نه‌عره‌ته و ڕقهكانیان له به‌رامبه‌ری كۆتره باریكه به‌رجه‌سته‌بوو.
نه خاك توانای وشككردنی ڕه‌گه‌كانی درهختهپیری بوو، نه داری پیرهساڵانیش توانای جێگه گۆڕكێ و كۆچیبوو.
هه‌ردوو زلهێز ناته‌با و دژبه‌ر به‌یه‌ك، كۆتره باریكه بووه قوربانی و لانه‌ی تێكچوو.
كۆتره باریكه و دوو بێچووله‌ی له لانه‌یان گوورگهبوون `١`.
نیوه فڕو به‌زه‌حمه‌تی، له‌گه‌ڵ خۆكوتان به لقه‌كانی داره‌كاندا و گه‌لێك دوور و دوورتریش كه‌وتنه فڕین، تا له‌چاوانم دیار نه‌مان.
وه‌رزێك به‌سه‌ر كۆچی كۆتره باریكه و بێچووهكاندا گوزه‌ری نه‌كرد، داربڕ به ههڵڕوانین و ته‌ماشاكردن به دارستاندا كه‌وتبووه گه‌ڕان، ئاگام لێ‌بوو چاوی خسته سه‌ر داره پیره و زۆر به ووردی لقه‌كانی ده‌پشكنی. واده‌رده‌كه‌وت ده‌مێك ساڵ بوو چاوه‌ڕوانی ده‌رفه‌تێكی وه‌های ده‌كرد، نه‌مانی لانه‌ی كۆتره باریكه له‌سه‌ر لقه‌كانی دره‌خته پیر، پاساوی دابووه ده‌ستی كاكی داربڕ، له‌گه‌ڵ قۆڵ هه‌ڵماڵین و خۆ ئاماده‌كردندا كنهی بوو و ده‌یگوت ( كه‌له‌سه‌ر لقی داره‌پیره هیچ لانه‌یه‌ك بوونی نه‌بێت، هێلكهیهكیش له‌ئارادا نه‌بێت له چاوه‌ڕوانی تروكاندا، سا ئێستاكه بڕین و خستنی داره پیر به زه‌ویدا گونجاوه).
داربڕ كه‌وته وێزه‌ی قه‌دی دار و ئه‌وه‌نده‌ی نه‌برد، ناڵه‌ی كه‌وتنی داره پیر به‌رزبووه و ته‌پوتۆزی گه‌شته ئاسمانی دارستان.
ساڵ به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕی نه‌كرد، ڕه‌گوڕیشه‌ی درهختهپیر، له‌ژێر خاكدا پوكانه‌وه و كه‌وتنه ڕزین.
خاكی له‌خۆ باییش، له‌به‌رنه‌بوونی ڕایه‌ڵه‌كانی ڕه‌گی دار و نه‌مانی ڕیشه، له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شا و گه‌لێكیش ناسه‌قامگیر ده‌هاته پێش چاوم.
له‌گه‌ڵ وه‌رزی وهیشومهوبا، خاك داڕمی و گڵ و خۆڵی كه‌وته به‌ر ڕاماڵینی ڕه‌هێڵه‌ی باران و ئه‌ویش كه‌وته سه‌ر به‌رده‌ڵانی ڕه‌ق.
به‌رله گزنگ و بێداربوونم، سه‌یری سه‌رتاپای خه‌ونه‌كه‌م كرد، له‌گه‌ڵ خۆمدا كه‌وتمه گومان!
هه‌مان كاتیش ڕاستییه‌كی ڕه‌هابوو لام، زۆر به‌ڕوونی دیاربوولێم…
كۆچی كۆتره باریكهیهكی بێلانه و لانه‌واز، نه‌ك هه‌رته‌نها ڕۆندك`٢` ده‌بارێنێ له‌چاوان، به‌ڵكه بێشك ڕۆژێك دادێ ، ئهوكۆچ و باری كۆترانه… دارستانێك و كێوێكیش داده‌ڕمێنێ.
`1` گوورگهبوون – دووركه‌وتنه‌وه- ته‌ره‌بوون
`2` ڕۆندك – ئه‌شك – فرمێسك – ئه‌سرین