بەرزان شێخ عوسمان: دەرونی شەڕەنگێزیی خەڵک، ھەر حکومەت و سیستمەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لێی بەرپرسیارن!
لەکاتی گرژی و ئاڵۆزیی و پەلاماردانەکانی چەند رۆژی رابردوی سلێمانی و دەوروبەری دا، ژمارەیەک رۆژنامەنوسی دۆست داوای تێڕوانینی بەندەیان کرد، ھەندێکیش بە تەوس و پلارەوە بە ھەمان شێوە مەرامیان بو بمدوێنن. رێزم لە ھەردومەبەستە باشەکە و مەرامە خراپەکەش گرت.
جارێ پێش ھەمووشتێک با بەبیری خۆمانی بێنینەوە، لەماوەی سی ساڵی رابردوی ھەرێمی کوردستان و دەیان ساڵی رابڕدوی حکومەتەکانی عێراق بەوەی ئێستاشەوە، ھیچ بەرنامە وپلانێک نەبوە و نییە تا کەرتی تایبەت بەو جۆرە گەشە بکات کە ئیتر خەڵک زەڕنەقوتە ئاسا ھەر چاوەڕێی حکومەت نەکات پۆ دامەزراندن و دابین کردنی ژیانی، ھەر سیستمی بێکاریی روپۆشکراو پەیڕەو کراوە. خوا ھەڵناگرێت ئەم حکومەتەی خۆشمان بە ھەمان رێچکەدا رۆیشتوە و دەڕوات کە ھەر سەرمایەداری خانوبەرە و قاچاخچی بەرھەم بێنێت یەک پرۆژە نابینیت کە ستراتیژیی بێت و خەڵک چیتر ھەر چاوەڕێی پاروە نانەکەی حکومەت نەبێت. بە حکومەت و موعاڕەزە و ناڕازییان بۆ کورسیی پەرلەمان و دەسەڵات خەڵکیان کردۆتە ئامڕازێک و ھەریەکەیان بۆ مەرامێک بەکاریان دێنن و، بەشێکی خەڵکیان بە شەڕەنگێز یی و جنێو فرۆشیی بەرھەم ھێناوە.
چیرۆکی روداوەکان ناگێڕمەوە و دوبارەیان ناکەمەوە، یەکسەر دێمە سەر مەسەلەکە. گرژیی و ئاڵۆزییەکانی ئەمجارە لە مەسەلەی دەرماڵەی خوێندکارانەوە سەریھەڵدا کە مافێکی سەرەتایی و رەوای خۆیانە، ئیتر بۆچی بۆیان دابین نەکراوە و دواخراوە ئەوە ناھەقییەکی ئاشکرایە و لایەنی پەیوەندیدار لێی بەرپرسیارە. بابەتەکە ھەر لێرەدا کۆتایی نایەت و حکومەتی فیدراڵ و ھەرێمی کوردستانیش بێ بەرنامە و بێ پلانن نەک ھەر لە ئاستی پەروەردە و خوێندنی باڵادا، بەڵکو لە ھەمو سێکتەرەکاندا، بۆیە ناڕەزاییەکان تا دێت زیاتر دەبێت، پێ ناچێت وا زوش کۆتاییان بێت. ھەر کۆبونەوەیەک دوای چەند خولەکێک دەبێت بە خۆپیشاندان و ئیتر پەلاماردانی خۆپیشاندەران و پۆلیس و ھێزی ئەمنیی بەدوادا دێت.
بەوحوکمەی نەخۆپیشاندەر ئاگاداری رێسا و قانونەکانی خۆپیشاندانە، نە پۆلیسیش ھێندە مەشق و وانەی لەبارەی شێوازی مامەڵە کردن لەگەڵ ئەو روداوانەدا وەرگرتوە، بۆیە ھەمیشە دۆخەکە ئەبێتە راپەڕین و شەڕی مان و نەمان، بێ دەسەڵاتیی و دەستە وەستان و نەبونی رێگە چارە ی لۆجیکیی و لەدەستدانی ئەقڵیش ئەو رەفتارانە بەرھەم دێنێت، بۆیە یەکسەر تەقە و تێھەڵدان و شەڕە جنێو و پێک ھەڵپژانی ھەڕەمەکی عەشایریی دروست دەبێت ،ئیتر کار لەکار دەترازێت و ئەوە رودەدات کە ئیتر ئەبێتە مادەیەکی باش ھەم بۆ مەرامی سیاسیی، ھەم بۆ مەرامی ئیعلامیی. لەم نێوەشدا ھیچ لایەک ھێندەی حزبە ئیسلامییەکان و پۆپۆلیستە ھاو ئاوازەکانیان قازانج لەم شەڕە ناکەن، بۆیە ئەوانیش زیاتر فو بە ئاگرەکەدا دەکەن خوا خوای زۆرترین کوشتار و خوێنڕشتنیانە. بەداخەوە زیان بەر زۆر شوێنی گشتیی کەوت کە نەدور نە نزیک پەیوەندییان بە مەسەلەکەوە نەبوە، لە ھەموی ناخۆشتر بەفیڕۆ چونی ئەو ئاوە زۆربو کە بۆ پاککردنەوەی جادە وبان و شوێنە سوتاوەکان بەکار ھێنرا، لە کاتێکدا ناوچەکەمان بۆ تنۆکێ ئاو داماوە!.
بە بڕوای بەندە سەبەبکاری ئەو بارودۆخە ی ئەمجارە نەبونی پلانە بۆ سیستمی خوێندن، لە ھیچ وڵاتێکی دنیادا ھەمو خوێندکاران دواناوەندی (پۆلی دوانزدە) تەواو ناکەن یەکسەر بۆ زانکۆ رەوانە بکرێن، لە کەم وڵاتی پێشکەوتوی جیھاندا ژمارەی دەرچوان و خوێندکارانی زانکۆ ھێندەی ھەرێمی کوردستانە، لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتوانیەکەی ھێندەی مەدینە سەورەی بەغدایە.
لە وڵاتی ئاقڵان مناڵ کە ئەگاتە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی ئەزانرێت ئاستەکەی چۆنە، ئایا دەتوانێت بگاتە خوێندنی زانکۆ و سەرو پیشەیی و پەیمانگا، یاخود نا؟، تا توشی سەرلێشێواوی نەبێت، زۆربەی خوێندکاران لەو رشتە و بەشانە دەخوێنن کە توانایان پێی دەشکێت، بۆیە ژمارەیان لەزانکۆکاندا دیاریکراوە و پلانی بو دانراوە و ھەڕەمەکی نییە. ژمارەی خوێندکاری زانکۆی ھیچ ھەرێمێکی وڵاتێکی پێشکەوتوی دنیا ھێندەی ژمارەی پارێزگای سلێمانی نابێت!.کێشەکە ئەوەیە ئەوانەیشی ناویان قانون داڕێژ و دانەرن لە پەرلەمان، پەروەردەو و دەرھاویشتەی ئەو سیستمە شێرپەنجاویەن بۆیە ناتوانن رێگە چارەیەک دابنێن، ئەوەی ئێستا دەبینرێت لە موزایەدە قسەی زل زیاتر نییە. ئەرێ تەواوی وڵاتێکی وەک نایزەرلاند ھێندەی زانکۆکانی ئەم ھەرێمە دەرچوی زانکۆ و دکتۆرا و ماستەر و دەرچوی کۆلیژی پزیشکیی تیایە؟! ئەی ئەو ھەمو بەناو ڕۆژنامەنوس و دەرچوی راگەیاندنە بۆ ناڵێیت (لەگەڵ رێزی زۆرم بۆ راگەیاندنکارە راستەقینەکان ).
بە بڕوای من لە جیاتی بیانو ھێنانەوە و دروشم بازیی حکومەت و موزایەدەی ئەوەی سوار شەپۆلی ناڕەزاییەکان بوە، بیر لە گۆڕین و چاکردنی بە پلان و بەرنامە بۆ داڕێژراوی تۆکمە و زانستیی بکرێتەوە بۆ ئەوەی ئەو ھەڵاوسانەی خوێندکاران و دەرچوانی زانکۆ بنبڕ بکرێت، لەوانە کەمکردنەوەی زانکۆکان لە جیاتی ئەو ھەمو زانکۆیە لەسنوری پارێزگای سلێمانی، با کۆلیژەکانی زانکۆی سلێمانی بەسەر ئەو ناوچانەدا دابەش بکرێن کە ناوی زانکۆیان لێ نراوە. دیارە پێویستە گۆڕانکاریی لە سیستمی پەروەردەش لە سەرەتاییەوە بخرێتە ریزی پێشەوە بەو جۆرەی لە زۆربەی وڵاتانی جیھاندا دەبینرێت. دەبێت پسپۆڕان و شارەزایانی بیانیی پرس و راوێژیان پێ بکرێت.