سەردەشت محەمەد: ژیان بۆ کەمینەیەک و مەرگ بۆ هەمووان.
ژیان چییە ئەگەر مرۆڤ دڵنیانەبێت لەوەی کە سبەینێی چۆن دەبێت و بەرەو کوێ هەنگاودەنێت، مرۆڤ چۆن دەتوانێت ئاسودە بێت کە لە وڵاتێکدا بژی هەست بەوەنەکات هێزێک هەیە دەیبەستێتە بەو نیشتیمانەی کەتیایدا لەدایک بووە؟ لەبەرئەوەی ئەم هێزە نییە بمان بەستێتەوە بەنشتیمانەوە، بۆیە سەرئەنجام کۆچ دەکەین. بەپێی ئامارێک تەنها لەماوەی 11 مانگی ئەمساڵی 2021دا زیاتر لە 28 هەزار هاوڵاتی لەهەرێمی کوردستانەوە کۆچیان کردووە و تادێت ژمارەیان لەزیادبوندایە. وەنەبێت ئەوەی مابێتەوە مانای ئەوەبێت ڕازبێت بەم بارودۆخەی کەئێستا لەکوردستاندا دەگوزەرێت، بەڵکو نەبونی دەرفەتێک وای کردووە بڕیاری مانەوەبدات.
لەهەرێمی کوردستان کەمتەرخەمی حکومەت گەیشتۆتە ئاستێک بەشێکی زۆر لە خەڵک تەنها ئەرکیان لەسەرشانەو هیچ مافێکیان نییە یاخود ئەو مافەشی کەهەیانە وەک خێرێک و منەتێک پێیان دەدرێتەوە، لەکاتێکدا یەکێک لەو هۆکارانەی کە مرۆڤ دەبەستێتەوە بە نیشتیمانەوە، ئەوپاداشت و مافەیە کە لەبەرامبەر ئەرکەکانی سەرشانیدا کە بۆی دیاریکراوە پێی دەدرێت. لەهەرێمی کوردستاندا بەپێی ئامارێکی کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان زیاتر لە 90 هەزار خێزانی کرێنشین بونیان هەیە، ئەمە جگەلەوەی سەدان خێزانی کرێنشینی دیکە هەیەو ناویان تۆمارنەکراوە.
لە کوردستاندا تەنها لەماوەی ساڵانی هەڵگیرساندنی شەڕی داعشەوە تائەمڕۆ زیاتر لە 10 هەزار پێشمەرگە شەهید و برینداربوون و ڕۆژ لەدوای ڕۆژیش ئەم ئامارە ڕوو لەهەڵکشان دەکات،
کەچی لەبەرامبەردا ژمارەیەکی کەم بەناوی سیاسەت و بەڕێوەبردنی وڵاتەوە، هەرێمی کوردستانیان دووچاریی قەیرانێکی قوڵی ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسی وەها کردووە کەچارەسەر کردنیان لەداهاتووشدا زۆرئەستەم بێت. ئەمە تەنها قسەی ئێمەی هاوڵاتی نییە، بەڵکو بەڕێوەبەران و کاربەدەستانی حیزبی و حکومی خۆیان دان بەم ڕاستیەدادەنێن. هەردوێنێ”مەلابەختیار” ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیەکانی یەکێتی لە شەشەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی پلاتفۆرمی دابڕان لەسلێمانی، وەک پشتگیرییەک لەداوا ڕەواکانی خوێندکاران کەداوای گەڕانەوەی دەرماڵە دەکەن کە ماوەی 14 ساڵە بەبیانوی قەیرانی داراییەوە لەو مافە بێبەشکراون، باسی لەوەکرد لەم کوردستانەدا بەرپرس هەیە 500 ملیۆن دیناری لەداهاتی کوردستان بەنایاسای بردووە(دزیوە) هەزاران دۆنم زەوی بەنایاسی کراون بەباخ، سەدان ملیۆن دۆلار بەنایاسای براونەتەوە دەرەوە، ئەم جیاوازییە لە ژیان کردن لەهەرێمی کوردستاندا کە توێژێکی کەم کە کەمینەیەکی دەست ڕۆیشتوون دەستیان بەسەر سەروەت و سامان و خێروبێری کوردستاندا گرتووە و زۆرینەیەکییش لە قەیرانێکی قوڵی دارایدا ژیان دەگوزەرێنن مەترسییەکی ئێجگار گەورەیەو وادەکات قەوارەی هەرێمی کوردستان لەبەردەم هەڕەشەی لەناوچوندابێت و ئەگەربێت و بەزوویی ئەم گرفتانە چارەسەرنەکرێن و هەوڵی ئاشتکردنەوە خەڵک نەدرێت و متمانە نەگەڕێتەوە بۆ خەڵک، ئەوا گومانی تێدانیە داهاتوویەکی پڕمەترسی چاوەڕێی هەموان دەکات بێجیاوازی.
- Latest Posts by سەردەشت محەمەد
سەردەشت محەمەد: بەهاری ڕۆژئاوا و زستانی قەندیل.
-سەردەشت محەمەد: بارین گیان، ئێمەش گریاین.
-سەردەشت محەمەد: چاوەڕێی بەرهەمی هەڵبژاردنین.!
- All Posts