ئەحمەد ڕەسوڵ: توندوتیژیی لە نێوان دەوڵەت و هاونیشتمانیی لەلای ڤیبەر.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە هەر قۆناغێکی دەربڕینی ناڕەزایەتیی و خۆپێشاندانی ناوەناوەی هەر توێژێک یان چەند توێژێکی کۆمەڵایەتیی جیاواز دژ بە خۆسەپێنیی، تاڵانیی و بێمافکردنە گەورەکەی دەسەڵاتدارێتییە بنەماڵەییەکەی کوردستان بەسەر خەڵکییەوە، گوتارێکی چنراو بە دیماگۆجییەتێکی پوخت لەپێناو خزمەتکردن بە ماکیاژکردن و ڕەوایەتییدان بە دەسەڵاتداران و سایکۆلۆژیا دەسەڵاتخوازییەکەی دەسەڵاتداران، دەکەوێتە گەڕ لەسەر چەندین ئاستی جیاواز و بە زمان و گوزارشکردنی جیاوازەوە. هەڵبەت ئەو جۆرە گوتارە کە ئاشکرایە لەسەر هیچ پێدراوێکی فیکریی دروست و هیچ بنەمایەکی لۆژیکیی یان مێژوویی بینانەکراوە و جگە لە پاساوهێنانەوەی ئاستنزمانە بۆ دەسەڵاتدارێتییەکە، هیچ ئەرگیومێنت و ئەنجامێکی نییە و نەوەکو کەمترین گوێگر و لایەنگر لە کۆمەڵگای ئێمەدا بۆ خۆی ڕاناکێشێت بەڵکو لە هەندێ حاڵەتدا هەر لەجێدا قسەکەرانی ئەو بۆچوون و گوتارە خۆشیان بڕوایان پێی نییە.
ئەو بابەت و تەوەرانەی کە ئەم جۆرە گوتارە چەواشەکارە هەڵگریەتی و مایەی لەسەر وەستانن زۆرن، بەڵام ئەوەی لێرەدا من دەمەوێت هەندێک قسەی لەبارەوە بکەم، مەسەلەی توندوتیژییە. لە بچوکترین دەربڕینی ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتییانە و گشتییانەی هەر چینێکی کۆمەڵگای ئێمەدا، زنجیرەیەک لە گرتن، ئەشکەنجەدان و توندوتێژیی لەلایەن دەزگاکانی دەسەڵاتدارێتییەوە ئەنجامدراوە دژ بە هاونیشتمانییان.
ئەوەی ئێمە وەکو زانراوێک هەمیشە لەبەردەمماندا ڕوون و ڕۆشن بووە ئەوە بووە کە (گوتەبێژانی دەزگا حکومییەکان، گوتەبێژانی حزب و کادێرانی لەگەڵ گوتاری مێدیایی دەزگا مێدیاییە حزبییەکان و نووسەرانیان) لەگەڵ دەمکردنەوەیاندا زانیومانە کە جگە لە ڕیزکردنی کۆمەڵێک پاساوی نالۆژیکیی بۆ توندوتیژییە هەمەڵایەنەکەی دەسەڵاتدارێتیی هیچیدیکە ناڵێن، بەڵام ئەوەی بابەتی ئەم نوسینەیە، هەندێک لەوانەن کە گوایا نووسەر و ڕۆشنبیری سەربەخۆ یان ئەکادیمیستی بێلایەنن و خۆیان وەکو ناپابەند بە دەسەڵاتدارێتیی، حزب و سیاسەتەکانی، بە کۆمەڵگا پیشاندەدەن. لە مەسەلەی بەکارهێنانی توندوتیژییدا تاکە کەسەکان و دەزگا حکومییەکان دەخەنە تایەکی تەرازووەوە بەبەکارهێنانی ئەم جۆرە گوزارشانە “نابێت خۆپیشاندەران و هێزەچەکدارەکان پەنا ببەنە بەر توندوتیژی، گرنگە خۆپیشاندەران خۆیان بپارێزن لە بەکارهێنانی توندوتیژی و وێرانکاریی لە بەرامبەر شوێنە گشتییەکان، پێویستە خوێندکاران لە تەک حکومەت و هێزە چەنکدارەکاندا زمانی زبر و توندوتیژیی بەکارنەهێنن، توندوتیژیی لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە خزمەت بە ئامانجەکانی خۆپیشاندان ناکات، ناکرێت خۆپیشاندەر بییەوێت بە توندوتیژیی و خۆسەپاندن داواکارییەکانی بۆ جێبەجێبکرێت، توندوتیژیی لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە بە زیانی خۆیان و خۆپیشاندانەکەیان دەشکێتەوە و ڕەوایەتی لەدەستدەدەن و … هتد.
ئەمجۆرە گوزارشانە و دەیان گوزارشی دیکەی لەوجۆرە ئەوەی پێماندەڵێت ئەوەیە دەربڕی ئەم جۆرە بۆچوونە یان بەدەست هەژارییەکی قووڵ و بونیادییەوە گیریخواردووە لە تێگەیشتنییدا بۆ هەریەک لە چەمکەکانی، توندوتیژیی، دەسەڵاتدارێتیی، دەزگا دەوڵەتییە مۆدێرنەکان و تاکە کەس وەکو هاونیشتمانی یان بەمەبەست و ئاگاوە خەریکی خزمەتکردنێکی زەلیلانەیە لە ئاست دەسەڵاتدارێتییەکدا کە کەمترین ئاکاری بەرپرسیارێتیی لە ئاست هاونیشتمانییان و کۆمەڵگادا تیادا نەماوە.
ماکس ڤیبەر “کۆمەڵناس و فەیلەسووفی ئەڵمانی 1864- 1920” لە نوسینێکیدا بە ناوونیشانی “سیاسەت وەکو پیشە Politics as vocation” بە گوێرەی پەرەسەندنە کۆمەڵایەتییە مێژووییەکەی، دەسەڵاتدارێتیی پۆلێندەکات بۆ سێ جۆر:
دەسەڵاتدارێتیی کاریزمایی “لە نموونەی دەسەڵاتدارێتیی ئاینیی و دەسەڵاتدارێتیی پاڵەوانان”
دەسەڵاتدارێتیی ترادیسیۆناڵ “لە نموونەی دەسەڵاتدارێتیی فیۆداڵیی و پاتریارکیی”
دەسەڵاتدارێتیی یاسایی یان دەسەڵاتدارێتیی عەقڵانیی-یاسایی “لە نموونەی دەوڵەتی یاسایی مۆدێرن و بیرۆکراسیی”
لەباسکردنی دەسەڵاتدارێتیی عەقڵانیی-یاساییدا لە پەیوەند بە توندوتیژییەوە و پێناسەکردنی دەوڵەتدا دەڵێت: (دەوڵەت کۆمیونیتییەکی مرۆییە کە لە مۆنۆپۆلکردنی هێزبەکارهێنانی فیزیکییدا ڕەوایەتیی بەتەنها بە خۆی دەدات.) هەروەها لە وەسفکردنی سۆسیۆلۆژیانەی دەوڵەتدا دەڵێت: (قۆرخکردنی ڕەوایەتی بۆ بەکارهێنانی هێز، چەمکە جەوهەرییەکەی یاسای گشتیی مۆدێرنە.) واتا دەزگاکان و یاساکانی دەوڵەت تاکە بەکارهێنەری هێزی فیزیکیین. لێرەوە لە دنیای مۆدێرندا کە دەوڵەت وەکو پێکهاتەیەک لە کۆمەڵێک دەزگا و گورزەیەک لە یاسا ئۆرگانیزەکردن، کۆنتڕۆڵکردنی سیاسییانەی کۆمەڵگایە و لەمەشەوە جگە لە هیرارکیەڵکردنی دەسەڵات قۆرخکردنی هەر جۆرێکی زەبروزەنگی دەزگایی و یاساییە. بە کورتیی لە دنیای مۆدێرن و هاوچەرخدا، دەوڵەت بە دەزگاکان و یاساکانییەوە، ڕەوایەتیی بەکارهێنانی توندوتیژیی لە تەواوی تاک و گروپەکانی کۆمەڵگا دەسەنێتەوە و دەیبەخشێتە خۆی. واتا یاسا و دەزگا دەوڵەتییەکان قۆرخی رەوایەتیی بەکارهێنانی هەر جۆرە زەبروزەنگ و توندوتیژییەک بەتەنها بۆ خۆیان دەکەن.
هەڵبەت پێش ڤیبەر فەیلەسووفانی دیکەش باسییان لە ڕەوایەتیی پەنابردنە بر توندوتیژیی لەلایەن دەوڵەتەوە کردووە، لە نموونەی فەیلەسووفی ئینگلیزیی “تۆماس هۆبز 1588-1679” لە پەیوەند بە سروشتی مرۆییەوە لە وتە بەناوبانگەکەیدا کە دەڵێت: مرۆڤ گورگە بۆ مرۆڤ. باوەڕی وایە بۆ جلەوکردنی سروشتیی شەڕەنگێزانە و دڕندانەی مرۆڤ، دەوڵەت دەبێت بە زەبروزەنگ بێت. بەڵام ئەو جۆرە دەوڵەتەی کە هۆبز تەواو جودایە لەو دەوڵەتە عەقڵانییە-یاساییە مۆدێرنەی کە ڤیبەر باسی لێوەدەکات. هەروەها پێشتریش فەیلەسووفی ئیتالیایی “نیکۆڵۆی ماکیاڤیللی 1469 – 1527 ” باس لە جۆرێک لە دەوڵەت لە سایەی میرێکەوە دەکات کە سڵ ناکاتەوە لە هیچ جۆرە زەبروزەنگێک بە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵگا، هەڵبەت لە سەرەتادا بە ئامانجی یەکخستنەوەی هەموو بەشە پارچە پارچەکراوەکانی ئیتالیا و یەکگرتنیان لە چێوەی دەوڵەتێک یان ئیمپراتۆریەتێکی بەهێزدا و دواتریش پەنابردنە بە هەر جۆرێکی توندوتیژیی لەلایەن میرەوە لەپێناو هێشتنەوە، کۆنتڕۆڵکردن و بە یەکگرتوویی مانەوەی ئەو دەوڵەتە یان ئیمپراتۆرێتتییەدا کە هەندێک، تێزەکانی ماکیاڤیللی “بۆ نموونە لە کتێبەکانی “میر، هونەری گفتوگۆ و جەنگ” دا بە سەرەتای زانستی سیاسەت دادەنێن. هەڵبەت کە ماکیاڤیللی هەر جۆرێکی درۆ و فێڵکردن یان ناڕستگۆیی، هەڵخەڵەتاندن و چەواشەکاریی و بە ڕێویی بوون بۆ میر لە ئاست هاونیشتمانییان و کۆمەڵگادا بە ڕەوا دەزانێت ئەگەر پێویست بوو لە هەندێ دۆخدا، هەروەک چۆن دەرخستنی کەڵبە تیژەکانی و بەگورگبوونی میر لەگەڵ بەکارهێنانی هەر جۆرە توندوتیژییەک بەڕەوا دادەنێت ئەگەر پێویست بوو لە هەنفێ دۆخی دیکەدا. بەڵام ئەو جۆرە دەوڵەت و میرەی ماکیاڤیللیش وێنەی دەکێشیت تەواو جودایە لە جۆری دەوڵەتە مۆدێرنەکەی ڤیبەر.
ماکس ڤیبەر لە پەیوەند بە توندوتیژیی بەدەزگاییکراو و بە یاساییکراوی دەوڵەتەوە دژ بە هاونیشتمانییان، ئەەوەمان ڕوون و ڕۆشن پێدەڵێت کە ئەوەی بۆی هەیە و لە توانایدایە توندوتیژ بێت و توندوتیژی بەکاربهێنێت تەنها دەوڵەتە و بەس. تاکە کەسەکان و هاونیشتمانییان نە بۆیان هەیە و نە دەتوانن توندوتیژ بن و توندوتیژیی بەکاربهێنن. بەگوێرەی ڤیبەر هاونیشتمانییان کە خۆیان دەسەڵاتدارێتییان قبوڵکردووە و پێکیان هێناوە، دەبنە بابەتی کۆنتڕۆڵکردن و بەسەردا سەپاندنی دەسەڵات لەلایەن دەسەڵاتدارێتییەکەوە. هاونیشتمانییان کە خۆیان دەسەڵاتیان پێکهێناوە و قبوڵیان کردووە دەبنە ئەو بابەتەی کە دەسەڵاتدارێتییەکە توندوتیژییان بەسەردا ئەنجام دەدات.
بە کورتی ئەوە دەوڵەتە کە بە یاسا و دەزگاکانی پڕاکتیزەی توندوتیژی دەکات بەسەر هاونیشتمانییاندا. ئەوە هاونیشتمانیانن کە بیانەوێت و نەیانەوێت، تاک بن یان کۆ، ناتوانن توندوتیژی پڕاکتیزە بکەن. دەوڵەت هەر خۆی لە هەر دۆخێکدا، لە ئارامییدا بێت یان نائارامیی، توندوتیژە بەرامبەر هاونیشتمانییان. ئەوە هاونیشتمانیانن لە هەر دۆخێکدا بێت، ئارامیی بێت یان نائارامی، ناتوانن توندوتیژ بن. تەنها لە ساتی داڕمانی دەوڵەت و هەرەسهێنانی تەواوەتیی دەزگاکانیدا لەوە دەکەوێت بتوانێت توندوتیژ بێت و توندوتیژیی پڕاکتیزە بکات.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت