ڕه‌سوڵ بۆسكێنی: ڕۆڵی ژن له‌سه‌رده‌مه جیاوازه‌كاندا.
به‌توێژینه‌وه‌ی ورد له‌ڕۆژگاری ڕابردوو زۆر لایه‌نی شاراوه‌ی مێژووی ڕووداوه‌كانمان بۆ ده‌رده‌كه‌وێ و ناوه‌رۆكی بابهتهكان زیاتر بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه، یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ی ده‌مانه‌وێ ئاماژه‌ی بۆ بكه‌ین ده‌رباره‌ی ژن و كێشه‌كانی به‌پێی سه‌رده‌مه‌كان، ئه‌و قۆناغانه‌ی ژن پێیدا تێپه‌ڕیوه، ته‌نانه‌ت ئه‌فسانه‌كانی پێوه‌ندیدار به‌و بابه‌تانه‌وه پێویسته لێكۆڵینه‌وه‌ی وردی له‌سه‌ربكرێ. دیاره سه‌رده‌مێك ژن هه‌م له‌ناو خێزان و هه‌م له‌كۆمه‌ڵگادا پایه‌كی به‌رزی هه‌بووه، ته‌نانه‌ت له‌سه‌رده‌مێكدا مرۆڤ بۆ ته‌فسیركردنی دیاردهسروشتیهكان په‌نای بۆ په‌رستنی ژن بردووه‌و په‌یكه‌ری بۆ دروست كردووه، ئه‌و قۆناغه به‌كه‌لتوری ژنسالاری ناسراوه، ژن خاوه‌نی ڕێز و پیرۆزی بووه، ئه‌مه‌ش به‌هۆی قۆناغی پێشتر، كه‌مرۆڤ له‌ئه‌شكه‌وت و ڕاوشكاره‌وه، گه‌شه‌ی كرد‌و هه‌نگاوینا به‌ره‌و شێوه ژیانی تازه‌و پێشكه‌وتوتر، وه‌كو چاندنی زه‌وی و كشتوكاڵكردن و ماڵیكردنی گیانداران و نیشته‌جێبوونی له‌شوێنێكی دیاریكراودا، ژن تێیدا ڕۆڵی سه‌ره‌كی و به‌رچاوتری گێڕاوه، به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌وه به‌دواوه پێگه‌ی ژنان له‌پیاوان فراوانتربوو، چونكه له‌ئه‌ركی چاودێری و سه‌رپه‌رشتیكردن و به‌ڕێوه‌چوونی ژیان له‌پیاوان لێهاتووتربوو، یان بابڵێم ئه‌ركی زیاتری كه‌وته سه‌رشان، بۆیه به‌شێكی زۆر له‌ئه‌رك و بڕیاره‌كانی كۆمه‌ڵگایان گرته‌ده‌ست، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پیاو زۆربه‌ی لایه‌نه‌كانی ژیانی به‌رزه‌فت كردووه، به‌ڵام له‌هه‌ندێك سه‌رده‌م و كۆمه‌ڵگا و ناوچه‌ی جیاوازدا هه‌وڵ و چالاكی له‌كاردابووه، بۆ سه‌لماندنی ڕۆڵ و پێگه‌ی ژن له‌كۆمه‌ڵگادا، وه‌كو پێگه‌ی خوا ژنی خۆشه‌ویستی و جوانی (عه‌شتار)ی میسۆپۆتامیا و خاتو خواوه‌ند (انانا)ی سومه‌ری و (ئه‌فرۆدێت)ی یۆنانی كۆن و (ڤینۆس)ی ڕۆمانی و (ئاناهیتا)ی ئێرانی و… هتد، مه‌به‌ستیان بووه ژن بۆ ڕووناكی (نوری) خوداكان بگێڕنه‌وه و هه‌وڵیانداوه توانای ژن له‌ئافراندنی مرۆڤدا، وه‌ك سه‌رچاوه‌ی ژیان و زاوزێ نیشانبده‌ن و بیخه‌نه خزمه‌ت به‌هێزی پێگه‌ی ژنانه‌وه.
ئه‌م قۆناغه سه‌دان ساڵ درێژه‌ی كێشاوه، به‌ڵام به‌هۆی گۆڕانی بارودۆخی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه، ژن نه‌یتوانی تاسه‌ر پارێزگاری له‌به‌هاكانی پێگه‌ی خۆی بكا و پله‌كه‌ی خۆی له‌ده‌ست داوه، به‌هۆی مامه‌ڵه‌ی خۆویستی پیاوان و سوودبینین له‌به‌هێزی جه‌سته‌یان، به‌هۆی خوداوه‌ندی ده‌ستكرد و ئایینه ئاسمانییه‌كان، جێگایان به‌ژنان له‌قكرد و ده‌سه‌ڵاتی پیاو زیادی كرد، نه‌ریتی پیاوسالاری به‌ده‌ركه‌وت و ژن پله‌یه‌ك كه‌وتنه دوای پیاوانه‌وه، ئیتر قۆناخ به‌قۆناخ پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ژن هه‌م له‌كۆمه‌ڵگا و هه‌م له‌خێزان و بنه‌ماڵه دابه‌زی.
قۆناغی دواتر ره‌وتی گۆڕانكارییه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان به‌قازانجی پیاو بووه و له‌كۆمه‌ڵگادا پله‌ی به‌رزی به‌ده‌ست هێناوه، له‌به‌رامبه‌ردا پێگه‌ی ژن دابه‌زی و كه‌وته دوای پیاوانه‌وه، دواتر گه‌یشته قۆناغی چه‌وساندنه‌وه و سووكایه‌تی و زینده‌به‌چاڵ كردن. ئه‌م قۆناغه بۆ ماوه‌ی هه‌زاران ساڵ به‌رده‌وام بووه‌و پیاوان پارێزگاریان له‌پله‌ی خۆیان كردووه‌و تائێساش له‌سه‌ر هه‌مان ڕێچكه به‌رده‌وامی هه‌یه. له‌ڕاستیدا ئه‌م بارودۆخه بۆ هیچ لایه‌نێك جێگای شانازی و سه‌ركه‌وتن نییه، چونكه مرۆڤ بونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تیه و به‌تێكه‌ڵاوی پێكه‌وه ده‌ژین و ته‌واوكه‌ری یه‌كترن، هه‌رچه‌ند له‌باری فیسیۆلۆژی و سایكۆلۆژییه‌وه له‌یه‌كتری جیاوازبن، به‌ڵام له‌كۆتاییدا هه‌ردووكیان دوولایه‌نی بنیاتنه‌ری مرۆڤایه‌تین.
گۆڕانكاریه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌به‌رده‌وامی ڕۆژگاری ڕابردوو له‌پێگه‌ی ژن‌دا رۆڵی به‌رچاوی گێڕاوه، چیرۆكه ئه‌فسانه‌ییه‌كان كه‌تاڕاده‌یه‌كی زۆر له‌شێوه‌ی ژیانی ڕاسته‌قینه‌ی ئاده‌میزاد نزیك بوون، به‌رهه‌می گۆڕانكارییه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و بارودۆخی ژیانی رابردوو به‌هه‌ندێك زیادوكه‌م به‌چینی داهاتووی سپاردووه، بێگومان ئه‌فسانه‌كان له‌ناوچه‌یه‌كه‌وه بۆ ناوچه‌یه‌كی دیكه جیاوازه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش داستانه قارهمانێتیهكان و چیرۆكه راسته‌قینه و ئه‌وینداریه‌كانی مرۆڤ، هه‌ر كامیان پله و پێگه‌ی ژن له‌سه‌رده‌می خۆیدا دیاری ده‌كات.
پێگه‌ی ژن و ئایین
ئایینه‌كان به‌گشتی و ئایینه ئاسمانییه‌كان به‌تایبه‌تی زۆرترین جه‌ماوه‌ر و شوێنكهوتویان هه‌یه، ده‌رباره‌ی مرۆڤ به‌گشتی و ژن به‌تایبه‌تی تێڕوانینی جیاوازیان هه‌یه، هه‌ڵوێستی هه‌موو ئاینه‌كان سه‌باره‌ت به ژن تاڕاده‌یه‌ك وه‌كو یه‌ك بووه، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی تاكو ئێستاش له‌چاخی پیاوسالاری داین، ئایینه‌كان ڕۆڵی به‌رچاویان له هێز و ده‌سه‌ڵاتی پیاو گرێداوه به هێزێكی میتافیزیكی خواییه‌وه.
ئاینی ئیسلام له‌هه‌موو ئاینه‌كانی دیكه زیاتر ئاوڕی له‌ژن داوه‌ته‌وه، بێگومان له‌سه‌رده‌می خۆیدا ئاینی ئیسلام گه‌وره‌ترین چاكسازی له وڵاتی عه‌ره‌ب و هه‌ندێ له وڵاتانی ئیسلامی كردووه، ئاینی ئیسلام یاساكانی چه‌ندان ژنی بۆیه‌ك پیاو قه‌ده‌غه‌ن كرد و دایبه‌زانده ئاستی چوار ژنی و گه‌وره‌ترین گۆڕانكاری ئاینی، كومه‌ڵایه‌تی … هتد پێكهێنا. به‌ڵام هه‌روه‌ك دینه‌كانی دیكه له‌سه‌ره‌تاوه پشتیوانی به‌هێزی له‌و سیستمه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی پێش خۆی كرد، وه‌ك: پێكهێنانی خێزان و ژیانی ژن و مێردایه‌تی، خاوه‌نداریه‌تی و كاروباری ئابوری هتد… بۆ پێاوان دیاری كردووه.
هه‌ڵبه‌ت ده‌بێ ئه‌وه له‌به‌رچاوبگرین سنورداركردنی هه‌ڵسوكه‌وتی مرۆڤ له‌ئاینه‌كاندا نه‌ك بۆ ژنان، به‌ڵكو بۆ پیاوانیش له‌زۆرێك له‌و بوارانه‌ی دیاریكراون، وه‌كو ژنان ئه‌وانیش ده‌گرێته‌وه، چونكه به‌بڕوای ئایینه‌كان له‌ناوئازادی رههاو بێ سنوردا مرۆڤ بههاوئاكاری شیاوی خۆی له ده‌ست ده‌دات.
ئایینه‌كانی دیكه له‌دوای رینسانس له‌به‌رنامه‌ی خۆیاندا چاكسازی دینیان ئه‌نجامداوه. ئاینی ئیسلام هه‌رچه‌نده ڕیفۆرمخوازه ئیسلامیه‌كان هه‌ندێك گۆڕانكاریان ده‌رباره‌ی كێشه‌ی ژن كردووه، له‌مه‌سه‌له‌ی ته‌ڵاق و ده‌نگدان و هه‌ندێك بواری تر، به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌حیجاب و میرات و هه‌ندێ بواری تر نه‌گۆڕاوه‌و وه‌كو خۆی ماوه‌ته‌وه، له‌لایه‌كی تر ئایینی ئیسلام ئه‌رك و به‌ڕێوه‌بردنی خێزانی بۆ پیاو وه‌كو ڕێز و به‌رزی كه‌سایه‌تی ژن داناوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌كرێ ژن هه‌مان ئه‌رك و به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌بێ، ئایینی ئیسلام سه‌باره‌ت به‌مافی ژنان بۆچوونی تایبه‌تی هه‌یه، دیاره ئه‌مه‌ش به‌پێی لێكدانه‌وه‌ی هزری مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه ژن زیانی له‌م مامه‌ڵه‌یه به‌ركه‌وتووه، ئه‌وه‌ش پێویستی زیاتر به‌ڕوون كردنه‌وه هه‌یه، بۆ زیاتر ئاشناكردنی خه‌ڵك به‌كێشه‌ی ژن و گه‌یشتن به‌زیاتری مافه‌كانیان.
رزگارکردنی ژن لەلایەن ئیسلامەوە
ئایینی ئیسلام وه‌ك ئاماژه‌مان پێدا له‌سه‌ره‌تای هاتنیدا گۆڕانگاری و چاكسازی زۆری له‌كێشه‌ی ژنداكردووه، ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه ئایینی ئیسلام جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كاته‌وه پێش په‌یدابوونی ئیسلام ژنان زیندەبەچاڵ دەکران، به‌ڵام ئیسلام هات و ئەو دیاردەیه‌ی نەهێشت، له‌ڕاستیدا ناكرێ ئه‌م دیارده‌یه گشتی بووبێت، ده‌شێت ئه‌و مامه‌ڵه توندوتیژ و زینده‌به‌چاڵ كردنه، نه‌ریتی تایبه‌تی كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌ب یابهشێكی بووبێت، ئه‌گینا هیچ ڕێی تێناچێت كۆمه‌ڵگایه‌ك هه‌موو ژنه‌كانیان بكوژن و ته‌نیا پیاو بمێنێته‌وه، ئه‌ی كه‌وایه له‌دایك بوون و به‌رده‌وامی ڕه‌چه‌ڵه‌كی مرۆڤ له‌كام سه‌رچاوه‌بووه، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ره‌تای هاتنی ئیسلام ڕووبه‌ری ده‌سه‌ڵاتی ئیسلام له‌سنوورێكی كه‌م دابووه و ته‌نیا شاری مه‌ككه و مه‌دینه‌ی ده‌گرته‌وه، له‌و سه‌رده‌مه‌شدا (تاڵانكاری) و (الغزو) پێكهێنه‌ری كه‌لتوری عه‌ره‌بی بووه و مرۆڤی عه‌ره‌بی به‌سروشتی خۆی تاڵانكاری به‌ڕێگایه‌كی ڕه‌وا و سه‌ربه‌رزانه بۆ رزق و بژێوی زانیوه و ده‌ستكه‌وته‌كانیشی له زینده و مرده به‌ڕه‌وا زانیوه.
له‌لایه‌كی تر پێش ئەو سەردەمەی ئیسلام ناوی ناوە (سه‌رده‌می جاهیلی و زینده‌به‌چاڵ كردنی ژن)، بەزیاتر لههەزارساڵ پێش ئیسلام لەسەرده‌می فیرعەونەکاندا لەمیسر خاتوو(نه‌فرتیتی) بەهێزترین و ناودارترین ئافرەتی ئەو سەردەمە، فیرعه‌ونی میسر له‌ژێر كاریگه‌ری ئه‌ودا ئایینی یه‌كتاپه‌رستی ڕاگه‌یاند، ئه‌مه‌ش بهوهرچهرخانێكی گرنگ داده‌نرێت، ژنێك بتوانێ به‌دی بێنێ، هه‌روه‌ها لە یەمەنی پاڵ مه‌ككه و مه‌دینه‌ش بەلقیس شاژنێكی به‌هێزبووه و ئێستاش پاشماوه شوێنه‌وارییه‌كانی شارستانیه‌تی شانشینه‌كه‌ی نیشانه‌ی به‌هێزی ئه‌و ده‌رده‌خات.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش هه‌زارساڵ پیش ئیسلام،لەبابل نەبوخەزنهسر لەبەرخاتری ژنە خۆشەویستەکەی سەرسوڕهینترین باخچەی دروستکردووە، كه‌تائێستاش بەباخچە هەلواسرەواکانی بابل ناسراون.
بێگومان ده‌بێت ئیسلام مەبەستی لەجاهل خێڵە عەرەبەکانی مەککەو مەدینە بووبێت، ئەگینا چۆن ده‌گونجێت بەبنیاتنهرانی ئەهرامهكان و ته‌ختی به‌ڵقیس و باخچە هەڵواسراوەکانی بابل و چه‌ندانی تر، بڵێ جاهیل و بەسەردەمی تاڵانكاری و شه‌ڕوشۆڕ و كوشتاره‌كانی عه‌ره‌ب بڵێ سه‌رده‌می پێشكه‌وتن و شارستانیه‌ت.