زاهیر باهیر: لە قاڵبدانی منداڵ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پەروەردە و قوتابخانە بەهرەی سروشتیی لە منداڵان دەسەننەوە. شتێك نییە جگە لە قاڵبدانی منداڵان، ئاوەز و تێفکرینیان سنوردار دەکات، مەیلی سروشییی و داهێنانیان کۆنترۆڵ دەکات، ئازادیی و ژیانی سروسشتیانەیان لێ زەوت دەکات، دەیانکاتە دوژمنی یەکدی، گیانی بەریەککەوتن و کێبڕکێیی نێوانیان زیاددەکات، سەرەنجام مەخلوقێك دەبن کە زیاتر خزمەتی بازاڕ دەکەن تاکو کۆمەڵ. خۆشەویستییان بۆ پارە و موڵکییەت و کەڵەكەکردنی سامان بەردەوام زیاتر دەبێت لە خۆشەویستییان بو دەوروبەریان. مەخلوقێك دەبن کە چینی حوکمڕان بۆ خولقاندنی جۆرێك لە کرێکار پێویستی پێیان دەبێت، کە لەڕاستیدا قوتابخانە و پەروەردە بەگشتی دەبێت ئاراستەی هاوکاریکردنی تەواوی ئازادیی تاک بکات.
زۆرێك لەوانەی کە داهێنەربوون، خزمەتی کۆمۆنێتییەکە و خەڵکیان کردووە یا خوێندەوارییەکی کەمیان هەبوووە، یاخود لە قۆناخێك لە قۆناخەکانی ژیانی خوێندنیانا چی تر نەیانتوانیوە لەگەڵ قوتابخانەدا هەڵکەن و لێی هەڵهاتوون.
گەر منداڵان بە جۆرێکی دیکە لە قوتابخانەی مۆدێرینی هاوچەرخ [ نەك مۆدێرنی سەردەمی ئێستا] بخرێنە بەر خوێندن و پەروەردە بکرێن، بە داهێنان و دەستپێشکەری خۆیان زۆر جیاواز دەبن لەوەی ئێستایان و بە دڵنیاییشەوە کۆمەڵی ئایندە کە ئەوان تاکە هەر هۆشیارەکانین زۆر جیاواز دەبێت لەمەی ئێستا. بەڕای من منداڵان فێری شتەکان نەبن بەڵکو فێری مانای شتەکان ببن.
ئێمە نمونەمان زۆرە لەو منداڵانەی ئەو بەهرە و توانایەیان لە بوارێکدا و لە سەردەمێکی خوێندندا تێدا دەرکەوتووە، بەڵام بە حوکمی پەروەردە و پڕۆگرامی باو و خزمەت بە سیاسەت و بە کوڵتوری دواکەوتووی کۆمەڵ ڕیگایان لێگیراوە و کراونەتەوە بە قاوغەکەی خۆیانا. وەکو دەیڤد گرەیبەر دەڵێت” دەزگەکان جەنگیان بەرانبەر بە خەیاڵ و بیرکردنەوە بەرپاکردووە، ئەوان قەوارەی خەیاڵ و بیرکردنەوەمان بۆ دادەنێن لە ڕێگایەکەوە کە بە سیستەمێکی تایبەتی سوودمەند بێت”
فرەنسیسکۆ فیرەر، Francisco Ferrer ، کە ئەنارکستێکی کەتەلۆنیای ئیسپانی بووە لە 31/05/1906 دا بە تاوانی بەشداریکردن لە پیلانی کوشتنی 26 کەس بریندارکردنی زیاتر لە 100 کەسی تر لە زەماوەندی پاشادا، ڕۆژی دواتر گیرا و دوای ماوەیەك بەردرا، بەڵام دووبارە گرتیانەوە لەسەر ئەوەی کە یەكێکی زۆر چالاك بووە و لە پشتی ڕاپەڕینەکانی ئەو چەند ساڵەوە بووە، ئیتر دووبارە ئەو پرسەی پێشتریشی بۆ زیندوکرایەوە لە تەمەنی 59 ساڵیدا لە 13/10/1909 ڕەمی دەکرێت. ئەو وەختێکی زۆری خۆی بۆ پەروەردە و قوتابخانەی مۆدیرن بەکاردەبات. بۆ ئەمەش چەند ساڵێک بە هەوڵێکی زۆر لە بەرشەلۆنە لە 08/09/1901 دا بە هاوکاریی خەڵکانی بە توانای دیکە توانیوێتی ئامانجەکەی بپێکێت. یەکەم بڵاوکراوەکەی [ نەشرە] قوتابخانەکەش لە 30/10/901 دا دەرکرد کە ئیتر بوو بە بڵاوکراوەیەکی مانگانە. ئامانجی ئەم بڵاکراوەیەش ئافراندنی پلاتفۆرمێك بوو بۆ گەشەپێکردنی تئیوری پەروەردەی ماقوڵ. گەر چی زۆربەی وتارەکان دەربارەی پرسی پەروەردە و پیداگۆگی بوو، بەڵام هاوکاتیش زانستی کۆمەڵایەتیی و [ سۆشیال ساینس] فێمەنیزم و زانستی تاوان [ کریمۆلۆجی] و ئاین و مێژو و چینەکان و پاکوخاوێنی و داوودەرمان… گەلێکی تر لەم بابەتانە دەگرتە خۆی. بەداخەوە کە ئەم بڵاوکراوەیە لە 31/05/1906 وەستا بە گیرانی خودی فرانسیسکۆ فیرەر بە داخستنی قوتابخانەکەش.
فیرەر ئەوەندە باوەڕی بە توانا و دەستپێشکەری و خۆ خۆیی منداڵ هەبووە لە یەکێک لە قسەکانیا دەڵێت: من پێمباشترە ئازادیی خۆخۆیانەی منداڵم هەبێت کە هیچ شتێک زیاتر لە زانیارییەکی لەفزی/دەمیی و زیرەکییەکی شێواو، نازانن، ئەمەم لا پەسەندترە لە کەسێك کە ئەزموونگەری پەروەردەی ئەم سیستەمە هەنوکەییەی هەبێت”
ئێما گۆڵدمانیش لە وتاری” منداڵ و دووژمنەکەی” کە سیستەمی پەروەردەی ترەدیشنەڵ ڕەخنە دەکات ودەڵێت” سیستەمەکانی پەروەردە لە فایلەکانا گردکراونەتەوە، ناونوس و بەژمارە کراون. ئەو سیستەمانە نوقسانی تۆوی بە پیت و بەهێزیان هەیە کە لە زەوی بە پێزدا دەچێنرێت، تاکو منداڵان وا لێبکات کە گەشەی باڵا بکەن، سیستەمەکان پارچە پارچە و زەرەرمەندن و توانای بە ئاگاهاتنەوەیان لە خۆبەخۆیی کاراکتەرەکە نییە” لە وتارێکی دیکەیدا دەڵێت” پەروەردە پرۆسەی دەرهێنانە نەك چونە ناوەوەیە، لێوەرگرتنە نەك پێدان، نیشانگرتنە لە گریمانی/ شانسی بەجێهێڵانی منداڵەکە کە ئازاد بێت لە گەشەکردنی خۆخۆییدا، ئاراستەی تواناکانی خۆبە بەخۆی بکات و لقەکانی زانیاری کە خۆی ئارەزوی خوێندنی دەکات، هەڵبژێرێت”
سەبارەت بە لێهاتوویی و داهێنان و بیرڕۆشنی منداڵە قوتابییەکانی کە لەو قوتابخانەیەدا دەیانخوێند لە کتێبی’ پەروەردەی ئەناکستانە و قوتابخانەی مۆدێرن ‘ ی فرانسیسکۆ فیرەر دەیەها نموونە لە دەمی منداڵانی بە ڕەگەز و تەمەن جیاوازەوە دەگێڕێتەوە وەکو بەڵگەی نیشاندانی ئاوەز و ڕۆشنفکریی و موبادەرەی زۆر جوان کە هاوکات بەو شێوەیەی گونجاوە لەگەڵ ئارەزو ویست ودەستپێشکەری و داهێنانیاندا.
بۆ بەرچاوخستنی خوێنەر چەند دانەیەک لە نوسین و هەڵوێستی ئەو قوتابییە مندالانەم هەڵبژاردووە و دەیخەمە پێش چاوی خوێنەر.
کچێکی 9 ساڵ بە تێڕوانینی خۆی ئەمەی نوسیوە ” تاوانبار حوکمی مردن دەدرێت، ئەگەر بکوژ شایانی ئەم سزایە بێت، ئەوەی کە حوکمی کوشتنی ئەم دەدات و ئەوەشی کە دەیکوژێت، هەردوکیان بکوژن. کەواتە ئەگەر لۆژکانە تێیبروانین دەبێت ئەوانیش بمرن، ئا بەم شێوەیە مرۆڤایەتی کۆتایی دێت. لەبری ئەوەی سزای تاوانبارێك بە تاوانێکی تر، بدرێت، باشترە کە ئامۆژگارییەکی باشی بکەین تاکو جارێکی تر دووبارەی ئەوە نەکاتەوە. لە سەروو ئەمەشەوە ئەگەر ئێمە هەموومان یەکسانبین ئەوە نە دز و بکوژ دەبێت و نە هەژار و دەوڵەمەند، بەڵکو هەموان یەکسان دەبن لەتەك هەبونی خۆشەویستی و ئازادیی..”
کوڕێکی 12 ساڵ سەبارەت بە ڕاستگۆیی و دڵسۆزیی دەنوسێت و دەڵێت ” ئەو، کە ڕاستگۆ و دڵسۆز نییە بە ئاشتیانە ناژی ، ئەو هەمیشە لە مەترسی کەشفبوونی ئەوەدایە. کاتێك کە کەسێك دڵسۆزە و ئەگەر یەکێك هەڵەیەکی کرد بانگەشەی دڵسۆزی ویژدانی پاكدەکاتەوە. ئەگەر یەكێك لە منداڵیدا درۆی کرد، کاتێك کە گەورە دەبێت درۆی گەورەتر دەکات کە زیانی زیاترە. کەیسیش هەیە کە کەسەکە دەبێت ڕاستگۆ و دڵسۆز نەبێت . بۆ نموونە، یەکێك لە پۆلیس هەڵهاتووە و دێتە ماڵەکەمان، دواتر پرسیارمان لێدەکرێت ئەگەر ئێمە ئەومان بینیوە ، پێویستە نکوڵی لێبکەین، پێچەوانەکەی خیانەتە و ترسنۆکییە…”
کچێکی 13 ساڵ سەبارەت بە تێڕوانینی توندڕەوێتی کە کاراکتەرێکی خراپە و لە وڵاتێکی دواکەوتووەوەیە توێژینەوەی بۆ دەکات هۆکارەکەی دەدۆزێتەوە، دەنوسێت ” توندڕەوێتی سەرەنجامی حاڵەتی بێ دەربەستییە [ئیهمالییەت] و دواکەوتویەتییە کە ژنێك خۆی لەوێدا دەبینێتەوە. ئا لەو بارەدا کاسۆلیك نایەوێت کە ژنەکە خۆی ڕۆشنبیربکات چونکە ژنەکە هاوکاری مەبادیئەکانایانە،…………”
سەبارەت بە قوتابخانەی تێکەڵاو ، كچان و کوڕان، کچێکی 13 ساڵان دەنوسێت ” قوتابخانەی تێکەڵاو کە بۆ هەردوو ڕەگەزەکەیە، بە پلەیەکی باڵا زەروورییە. کوڕ کە لە شانی ئەوەوە دەخوێنێت و کاردەکات و یاریدەکات وردە وردە فێڕی ڕێزلێگرتن و یارمەتی دانی کچەکە دەبێت، هەمان شتیش بۆ کچ. بەڵام ئەگەر بە جیا لە یەکدی پەروەردەبکرێن، بە کوڕ بوترێت کە کچ هاوەلێکی باش نییە و خراپترە لەو ، ئیتر کوڕ ڕێز لە ژنان ناگرێت کاتێك کە ئەو پیاوێکە وەکو ئامرازێکی یاریکردن [لەعابە] یاخود کۆیلەیەك حساب بۆ ژن دەکات، ئەمە ئاوایە بۆیە لە ئەمڕۆدا ژنان بەهایان هاتۆتە خوارەوە. کەواتە دەبێت ئێمە هەموومان کار بۆ بیناکردنی قوتابخانەی هەردوو ڕەگەزەکە بکەین لە هەر شوێنیکدا دەکرێت، لە شوێنێکیشدا کە ناکرێت دەبێت هەوڵی لابردنی ناڕەحەتی و تەگەرەکانی بدەین.”.
کچێکی 11 ساڵ سەبارەت بە جەنگ و جیاوازی نێوانی چینە کۆمەڵایەتییەکان، کە تێیدا دەوڵەمەند لەسەر کاری کەسانی دیکە و مەحرومکردنی هەژاران دەژی، دەنوسێت ” لەبری یەکدی کوشتن لە جەنگەکانا و ڕك و کینە بەرانبەر بە یەکتری بە هۆی جیاوازی چینایەتییەوە. بۆچی پیاوان بە ئاگاییەوە خۆیان بۆ کار و دۆزینەوەی شتی باش بۆ مرۆڤایەتی، خۆیان تەرخان ناکەن؟ پیاوان دەکرێت یەکبگرن لە خۆشەویستی یەکدیدا و برایانە بژین ….”
کوڕێکی 10 ساڵ سەبارەت بە قوتابخانەکە و قوتابییەکان نوسیوێتی ” کۆبوونەوەمان لە ژێر بنمیچێکدا [سەقفێکدا] ئارەوزی فێربوونی ئەوەین کە نایزانین بێ جیاوازی چینایەتیی، ئێمە خوشک و براین و بە هەمان ئامانج ئاڕاستە دەکرێین….. پیاوی جاهیل بەتاڵە ، تۆزێك یاخود هەر هیچ چاوەڕوانی لێدەکرێت. ئەو ئاگەدارمان دەکاتەوە کە وەخت بە زایە نەدەین وامان لێدەکات کە لەوەوە سوودببینین لە دواترا خەڵاتمان دەدرێتێ …..ئێمە هەرگیز سوودی قوتابخانەی باش لەبیرناکەین و مامۆستاکانمان، خانەوادەکانمان کۆمەڵەکامان کە دەمانەوێت بەختەوەرانە بژین، شەرەفمەند دەکەین ”
قوتابییەکی کچی 10 ساڵ فەلسەفانە سەبارەت بە هەڵەی بەشەرییەت دەدوێت و کە بە بۆچونی ئەو دەکرێت ئەو هەڵانە لە ڕێگای ئامۆژگاریی و نێتباشییەوە مرۆڤەکان خۆی لێنەدەن ” لە نێو هەڵەکانی بەشەرییەتدا دووڕوویی و خۆپەرستی و غروور هەیە. ئەگەر پیاوان ، بە تایبەتی ژنان باشتر ئامۆژگاری بکرێن هەرەەوها ئەگەر ژنان بە تەواوی یەکسان بن بە پیاوان، ئەم هەڵانە بزردەبن. ناکرێت باوکان و دایکان منداڵەکانیان بنێرن بۆ قوتابخانە دینییەکان کە ئایدیای درۆیان تێدا دەچێنن، بەڵکو بیاننێرن بۆ قوتابخانەی ماقوڵ کە لەوێ وانەی لە سەرو سروشتەوە فێرنابن، کە بوونی نییە یاخود دروستکردنی جەنگ بەڵکو ژیان لە هاوپشتی و کارکردن بە جەماعیی فێردەبن….”
سەبارەت بە کۆمەڵی هەنوکەیی کچە قوتابییەکی 9 ساڵ دەنوسێت ” کرێکاران، بۆ تۆی خوشەویست بۆ ئەو کارانەی کە لە وەکالەتی کۆمەڵەوە دەیانکەیت ، کە دەبێت پێزانین و تەقدیربکرێن لە بەرهەمهێنانی هەموو ئەو شتانەی کە بۆ کۆمەڵ زەروورن، نەك بۆ دەوڵەمەند کە کرێیەکی مەمرە و مەژیت پێدەدات، پارەی ژیانت پێنادات، چونکە ئەگەر تۆ کارت نەکردایە ئەوان دەبوایە خۆیان ئەو کارەیان بکردایە.”
قوتابییەکی 9 ساڵانی کوڕ، دەلێت ” دەبێت زەوی بۆ کرێکاران هەروەها بۆ هەموو کەسانی دیکە بێت. سروشت پیاوانێکی نەخولقاندووە تاکو هەموو شتێکیان هەبێت . دەبێت زەوی بکێڵرێت بێ ئەوەی کە کەسانێک کاری تێدا دەکەن بچەوسێنرێنەوە و ئەوی دیکە میوەکەی یا بەرەکەی بخوات. کرێکار لە ماڵێکی بچوك و تاریكدا دەژی ، تۆزێك خواردن دەخوات ئەویش جۆری خراپە و وەکو بورجوازی سەیارە لێناخوڕێت……پاشان کە کرێکاران زۆرن و بە زۆرری، یاخود باشترە بوترێت ئەوەی کە ئارەزوی دەکەن دەتوانرێت یەکسەر دەستیان بکەوێت…”
کچە قوتابییەکی 11 ساڵ دەڵێت ” کە کار زیاتر دەبێت ئیتر زیاتر حسابی بۆ دەکرێت ، هۆکارێك قۆرخی دەکات، زانست سەردەکەوێت ، هەروەها چینەکانی کۆمەڵیش بزردەبن . بەرپرسێتی پیاو ئەوەیە ئەوەی کە دەکرێت بیکات، ئیتر لە ڕێگای کاری دەستییەوە / جەستەییەوە بێت یاخود کاری زهنی…………”
قوتابییەکی کوڕی 12 ساڵ دەڵێت ” کێ چێژ لەبەری کار دەبینێت؟ دەوڵەمەند. دەوڵەمەند باشی چییە؟ ئەم پیاوانە بێ بەرهەمن . ئەوانی دیکە تەنها بە هەنگ بەراورددەکرێن… جگە لەوەی کە سمارتن چونکە مشەخۆران دەکوژن.”
کچێکی 12 ساڵ دەنوسێت ” .. کرێکار کۆیلەی بورجوازییە … کاتێك کە دەوڵەمەند چێژ لە ژیانی خۆیان دەبینن، پیاسە لە باخەکانیانا دەکەن ، هەر ئاواش کرێکاران هەن منداڵەکانیان داوای نانیان لێدەکەن ، بەڵام هیچیان نییە بیاندەنێ. بۆچی ئەمە ڕوودەدات، چونکە دەوڵەمەند هەمووی دەخوات.”
کچیکی 12 ساڵ نوسیوێتی ” ئەی کرێکاران ئێوە مەسافەکان بە ڕێگای قیتارەکان نزیکدەکەنەوە ، ڕەنگە ڕۆژێك بێت توانای ئەوەتان هەبێت کە سنورەکان بسڕنەوە کە نەتەوەکانی لە یەکدی دابڕیوە. ئێوە زۆر بەخێر هاتن بۆ ئێرە چونکە لەتەك قیتاری سەرزەوی پیشەسازی گەشەدەکات و فراوان دەبێت ئەو کاتەش خەڵك لەگەڵ وڵاتە دوورەکانا بەیەکەوە دەبەسترێنەوە. ”
کوڕێکی 12 ساڵ دەنوسێت ” هەژاری ڕێکخستنی کۆمەلایەتی، زۆر ناڕەوایانەی نێوانی پیاوانی خولقاندووە ، لەوە کاتەوەی کە دوو چین لە پیاوان هەیە… ئەوانە کە کاردەکەن و ئەوانەی کە نایکەن . …کاتێك کە مانگرتنە پاسەوانە مەدەنییەکان لەبەردەم دەرگەکانی کارگەکان ئامادەن بە بەکارهێنانی ڕووپۆشەکەیان ، باشتر نەبوو لەبری ئەوە مامەڵەی بە سوودیان هەڵبژاردایە؟..
کچێکی 12 ساڵ دەڵیت ” .. سەبارەت بە کرێکار دەبێت ڕێزی لێبگیرێت وەکو هەموو پیاوێك ڕێزی لێبگیرێت، هەروەها بۆ مافەکانی دەبێت سەرکەوێت بێ ئەوەی کە سوکایەتی پێبکرێت یاخود ڕقیان لێهەڵبگیرێت ئەو دەبێت خۆی پەروەوەردە بکات.”
کچێکی 13 ساڵ دەنوسێت ” چەوساندنەوەی پیاو لەلایەن پیاوەوە کارێکی بێڕەحمانەیە، نامرۆڤانەیە و دڕندانەیە………..ئەو ڕۆژە دێت کاتێك کە کرێکاران یەکدەگرن و داوادەکەن کە بورجوازییەت بۆ هەمیشە شەڕەنگێزی چەوساندنەوە بوەستێنێت.”
کچێکی 14 ساڵ دەنوسێت ” گەڕان مافی هەموو پیاوێکە بۆ پەیداکردنی ئەوەی باشە و بە سوودە بۆ خۆی و بۆ هاوەڵانی بکات ، ئەوەندەی بکرێت یارمەتیان بدات هاوبەشی خەم و ناخۆشییەکانیان بکات . ئەوەی کە ئەمە نەکات شایستەی ئەوە نییە کە بە مرۆڤ بانگبکرێت. هاوپشتی ، برایەتی ، یەکسانی گەورەترین ئیلهامی ئایندەیە”

بەرەنجام:
ئەمانە چەند نموونەیەکن لە دەیەها نمونەی کە لەو کتێبەدا هاتوە. ڕەنگە هەندێک لەو نموونانە کە من وەرمگێڕاون مانای تەواو نەدەنەدەست ، بەڵام لەبەر ئەوەی کە ئەوانە نوسینی منداڵانن هەر بە داڕشتن و شێوەی دەربڕینی ئاسایانەی خۆیان نوسراوەنەتەوە هەر وەکو لە ئینگلیزییەکەدا هاتون، منیش وەکو خۆیان بە ناڕونی وەرمگێڕاون، نەدەکرا بیانکەمە دەقی مرۆڤێكی گەورە و نوسەرێکی باش.
ئەوەی گرنگە لەو نمونانەدا هەستکردنە بە توانا و بەهرەی ئەو منداڵانە کە هەندێك قسەیان لە هی گەورەیەکی ئەزموومدار، دەچێت. ئەمە جگە لەوەی کە ئەو سەردەمە چونکە بزوتنەوەی کرێکاران بەهێز بووە کارایی خۆی لەسەر گەورە و بچوکی خێزانە کرێکارەکان دادەنا هەر لەبەر ئەمەشە کە نابێت سەرسام ببین بەو کورتە نوسینانەی ئەو منداڵانە کە سەراپای قسەکانیان ڕەنگدانەوەی ژیانی نێوخێزانی و کۆمەڵایەتیان بووە. هەموویان منداڵانی خێزانە کرێکارەکان بوون ، نەك هی خێزانێکی چینی مامناوەندی یاخود چینی باڵا .
ئەوەی کە هەستی پێدەکەین جیاوازی منداڵانی سەردەمی کۆن و منداڵانی ئێستایە لەڕووی هۆشارییەوە کە زۆر کەلێنێکی گەورە لە نێوانیانا هەیە. دیارە منداڵانی ئێستا بە گشتی چابوك و زیرەکن لە بەکارهێنان و شارەزاییانا لە تەکنەلۆجیای نوێی سەردەمدا. ئەوان بازاڕییکردن و ڕێکلامەکانی کە سەبارەت بە کاڵای نوێ و ئالەتی نوێنن ، هەست و بیر هۆشیانی داگیرکردووە. ئەمان زیاتر سەرسامن بە کەسە مەشوورەکانی یانەکانی وەرزش، جەستە جوانەکان و ئەوانەی کە لەسەر شاشەی تی ڤییەکان یاخود کرتە ڤیدوێییەکان دەردەکەون . وەکو لە سەرەتادا وتم ئەم وەچانەی ئێستا بوونەتە کۆیلەی بازاڕ، بەهۆکاری ئەوانەی سەرەوە هۆشیاری و توانا و بەهرەی ئەمان لە کێشە چیانیەتیی و کۆمەڵایەتییەکانا دەرناکەوێت و ڕەنگناداتەوە. لە کاتێکیشدا کە بزوتنەوەی کرێکاران لەوپەڕی لاوازیدایە، هەر ئاواش لەسەر ژیانی منداڵانی چینی کرێکاران و هەژاران ڕەنگیداوەتەوە.
لەگەڵ هەبوونی هەموو ئەمانەشدا پیداویستی بوونی قوتابخانەی مۆدێرن بەو مانایەی کە منداڵان لە کەش و هەوایەکی ئازادانەی ئاوادا پەروەدردە ببن کە هەموو توانا و دەستپێشکەری و پێشنیار و سەلیقەکانی خۆیانی تێدا گەشە بکات و بەرەو پێشەوە بڕوات بەرپرسێتی کۆمەڵی ئایندەیان بکەوێتە ئەستۆ، نابێت فەرامۆشبکرێت.
بەڕای من ئێمە هەموومان دەبێت جەنگێکی بێ ڕەحمانە دژ بە ڕەوتینیات بکەین کار لەسەر فێرکردنی خۆمان یەکەم لە تەك ئەزموونگەری خودی خۆمانا، بکەین و دواتریش هاندانی هەمان ڕیفۆرم بین لە قوتابخانەکانا. لە باشترین بوار و ڕێکەوتێکی باشیشا گەر بکرێت و گریمانی هەبێت قوتابخانەی مۆدێرنی لەو جۆرە کە دەمانەوێت بکرێتەوە، گەر چی تا ڕادەیەك ئەمە کارێکە ئێکجار ئەستەمە کە توانای داراییەکی زۆری دەوێت هەم لە بەیەکادان و بەرکەوتنیشدا دەبێت لەگەڵ ڕژێمی سیاسی و پەروەردەی ئەو ڕژێمەدا.
خەسڵەتی گەورەی ئەم جۆرە پەروەردەیە جیاکردنەوەیەتی لە پەرروەردەی دینی / ئاینی کە بە ڕۆشنی تیشک دەخاتە سەر مێشك لە ڕێگای بەڵگە و دەلیلە زانستیەکانەوە چونکە ئەو پەروەردەیە بە بەردەوامی بە سەلماندنی ئەزموونەکانەوە، خۆی بنیاتدەنێ و ڕاستییەکان دەگەیەنێت.
گرنگە لە پەروەردەی ئاوادا مامۆستاکان کار لەسەر بەتواناکردنی قوتابیە لاوازەکان/کەمتواناکان بکەن لەبری وەسف و سەنای زۆری قوتابییە زیرەکەکان و هیچ جۆرە چیرۆکێك کە باس لە بتەکان بکات، باسیان بۆ قوتابیان نەکرێت، هەر ئاواش مامۆستا دەبێت خۆی بپارێزێت لە پرسیارکردن کە هەمیشە لە هەمان قوتابی دەکات. بەڵکو لە قوتابییەکانی دیکە دەبێت بکرێت تاکو ئەوانیش متمانە بەخۆیان پەیدا بکەن، دەبێت مامۆستا ئەوەندەش بە ئاگا بێت کە منداڵ هەست نەکات کە بۆ زۆربەی کات پرسیار لەو دەکات، نەبا قوتابییەکە گومانی خراپی لا دروست بێت و دواجار ئەوەش کاردانەوەی خراپتری لەسەر دروست بکات. کەواتە پەروەردە دەبێت بۆ بەتوانا و بەهێزکردنی بیرکردنەوەی سەربەستانە بێت، هاوکاتیش دەبێت جیاوازی لە نیوانی وتنەوەی وانە و پەروەردەدا بکرێت.
…………………………………..
*ئەم وتارەم بە هاوڕێیانی ئازیزمەوە کە لەو بوارەدا کاردەکەن، تاگ کرد: جیهاد حەمەکەریم، فوئادا قەرەداخی و شاخەوان عەلی. دیارە مەبەستم ئەوە نییە کە ئەوان یاخود کەسانی دیکەش کە لەو بوارەدا کاردەکەن ئامۆژگاری بکەم، تەنها ڕاو بۆچونێکە دەنا هەر یەك لەوان خۆیان زۆر شارەزای ئەو مەیدانەن هەم لە بواری پەروەردە و هەم وتنەوەی وانەدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت