سەردەشت محەمەد: کوردستانیش یادی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بەرز ڕاگرت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەمڕۆ پێنج شەممە 9- 12- 2021 ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییە، عێراق بەپی یاسایەک کە لە مانگی 12 ی ساڵی 2007 بەڕێکەوتنێک ئەو یاسایەی پەسند کردووە و ئێستا بەپێی یاسا ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی بووەتە بەشێک لە سیستمی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستانیش لەچوارچێوەی عێراقدا، تائێرە گرفتێک لەئارادانییە، بەڵام ئەوەی مایەیی نیگەرانییە ئەوەیە کە ئێمە خۆمان ئارەزومەندانەو بەپێی یاسا بڕیارمان لە بنەبڕکردن و ڕێگری کردن لەگەندەڵی کردووە، کەچی ئەگەر تەماشایەک لەمێژوی عێراق و هەرێمی کوردستان بدەین دەبینین ئەوساڵانەی کەبڕیاربو ئێمە بەپێی یاسا ڕوبەڕوی گەندەڵی ببینەوە ساڵانێکی پڕ لەگەندەڵی و نەهامەتی وماڵوێرانی بوون بۆ گەلی عێراق و هەرێمی کورستان، ئەوەتا دەبینین تائێستاش عێراق و هەرێمی کوردستان تەنها لە قۆناغی داننانن بەگەندەڵیدا و نەتوانراوە بازدانێک بەسەر ئەم قۆناغەدا بکرێت و بچینە قۆناغی لێپرسینەوە و ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی.
لەماوەی ئەم 14 ساڵەدا کە عێراق و هەرێمی کوردستان یاسای ڕووبەڕوبونەوەی گەندەڵیان پەسەندکردووە، تائێستا سەدان خۆپیشاندان و هەزاران وتار و نوسین و ڕاپۆرت دژی گەندەڵی و بەهەدەردانی سەروەت و سامانی عێراق و کوردستان ڕێکخراوە و نوسراوەتە، ئەمانە نەک هیچ ئەنجامێکیان نەبووە، بەڵکو بەپێچەوانە وای کردووە حکومەت و گەندەڵکاران پەنجەیان لەگەڵ ئەو جۆرە لەدەربڕینی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و نوسینانەدا نەرم بکەن و لەگەڵیشیدا ڕێگەی نوێ بۆ گەندەڵی بدۆزنەوە، هەرئەمەش وای کردووە بێمتمانەییەکی قوڵ لەنێوان خەڵک و دەسەڵاتدا بێتەئاراوە و خەڵک لەهەموو هەوڵێکی حکومەت بەگومان بێت تەنانەت ئەمڕۆ کە لەهەولێری پایتەختی کوردستان یادی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی بەڕێوەدەچێت گومان لەوەبکەین کەئێستا و بۆ ڕێکخستنی ئەو یادە چەندە لەداهاتی هەرێم کە مافی خەڵکە بەتاڵان برابێت و چەندە گەندەڵی تێدا کرابێت، نەک هەرئەوەندە، بەڵکو ئێستا بەشێک لەوکەسانەی کە ئامادەی ئەو یادەن خۆیان سەرچاوەی گەندەڵی و فەسادی ئابوری و سیاسین لە کوردستاندا، بۆیە یادکردنەوەی ئەوڕۆژە ئەگەر بۆ وڵاتانێک کە بەکردەوە ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی بونەتەوە گرنگ بێت و مایەی خۆشحاڵی بێت، ئەوا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان یادەکە نەک تەنها ڕوداوێکی کۆمیدییە، بەڵکو ڕۆژێکی پڕشەرم هێنەرە و دەبێت ئەم یادە ڕابگیرێت.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت