ژیلوان بەکر: شه‌یدای بۆگه‌ناو.
دەمێک کاتە بەدوای کارێک‌دا وێڵبووم.
جێگەیەک نەبوو سەرم تێنەکوتابێ بۆ کار… بەڵام بێهودە هیچ چنگ نەدەکەوت بۆمن.
بێگومان کەسیش لەوانەی داوای کارم دەکرد لێیان، بێمەڵامەت نەبوو ڕەتکردنەوەیان بۆم، چونکە منێک کەکەس نازانێت کوڕی کێم و خەڵکی کوێم ، بۆچی لەم شارەدا کارم دەستکەوێت؟
ئەوەندەی بیستوومەتەوە دەڵێن لەپاش کۆچی باوکم، گەر ئەوە باوکم بوبێت! من یازدە مانگ دواتر لەدایک بووم!
مانای وایە گەر بەخەونیش من هاتبوومە بوون.. کەواتە دوو مانگ دوای مردن باوکم چۆتە خەونی دایکم و منیان پێکەوە ناوە.
پاش بوونیشم (کە ئەمەشیانم هەربیستۆتەوە، خۆم هیچ ئاگادارنیم) دایکم ڕەدووی سەرقافڵە و کاروانێکی سەقزی کەوتووە و منی بە مەلۆتکەیی لەماڵە خاڵوان جێهێشتووە.
کەبووشمە هەرزەکار، هەرچۆنێک سەرنجم ئەدا، سەروفەساڵم ناچێتەوە سەرماڵە خاڵوان، خۆ خوانەکا خاڵۆزاکانیشم هیچیان لەیەکتر بچوونایه، لە نۆ خوشک و برا هەرچی ڕەنگ و ڕوخسارە تیایاندا ڕەنگی دابووه‌وه، لەگەنم ڕەنگ تاسووروسپی و خاڵ لەڕوو و شلوکوڵ….
بۆژووتان ناکەم بە قسە و وتەی پڕوپووچ، باسی گەڕان بەدوای کارتان بۆ تەواوکەم و چی هاتە پێش.
هەرچەندەم دەکرد کارێک نەبوو لەکاری مەردوومی ئاسایی بچێت و بێتە نسیبم و بژێوییەکی لێپەیداکەم، بە هەڵکەوتە ڕۆژێک هەنگاوەکانم بەرەوپشتی زنجیرە ماڵێکی بردم، قاوەقا و دەنگی کۆمەڵێک ڕاپێچی کردم، کە گەیشتمە پشتی ماڵان، خوایە چی ببینم! کەسانێک سەرتاپا لە چڵکاووگوواو هەڵکێشراو، بەتەنەکە و بەکونگە خەریکی گوواو دەردانی ئاوەڕۆی ماڵان بوون. هەر دووراودوور لێیانەوە هێڵنج و دڵتێکەڵهاتن بڕستی لەبەر بڕیم.
(ئەی خوایە ئەمە چ کارێک و بژێوییەکە ئەمانە نانی لێپەیدادەکەن؟ چۆن به‌رگه‌ی ئه‌وها بۆگه‌ن و گهندهڵانێك ده‌گرن ئه‌مانه؟)
ویستم پاشه‌وپاش هه‌نگاو به‌ره‌ودوا بگرمه‌به‌ر، سه‌ركاریان وادیاربوو ئاگاداری هاتنم بوو، له‌جێگه‌ی خۆیه‌وه تێیخوڕیم (هاكاكی براله… به‌ره‌وكوێ ده‌ڕۆی؟ جاوه‌ره بزانم چ كاریت له‌مناوه؟)
منیش هه‌ر له‌دووره‌وه هاتمه ده‌نگ (ناخاڵۆ گیان… ڕێم ههڵهكرد، چ شتێك نییه… مه‌منوونی لوتفتانم)
سه‌ركار دیسان هاته‌وه وه‌ڵام (شه‌رم مه‌كه كوڕی خۆم.. منیش وه‌ك مامی خۆتم، كه‌سێك ڕێگه‌ی ههڵهناكاته پشتی ماڵان گه‌ر مه‌به‌ستێكی په‌نهانی نه‌بێت.. وه‌ره پێش، گه‌ر بۆ كارێكی خراپه نههاتبیت، بێگومان له كار ده‌گه‌ڕێیت؟!).
ڕاستییه‌كه‌ی زرنگی مامه‌ی سه‌ركار جێگه‌ی سهرنجمبوو، ڕاسته له‌گه‌ڵ پیسی و پۆخڵهواتدا كارگه‌ره، به‌ڵام گه‌لێك زانا‌و لێهاتووانه شیكاری منی كرد.
منیش له‌جێگه‌ی خۆمه‌وه وه‌ڵامم داوه (مامه گیان وته‌كه‌ت گه‌لێك به‌جێیه، له‌دوای كار ده‌گه‌ڕام، به‌ڵام وابزانم نه ئێوه كه‌ڵكێك له‌من وه‌رده‌گرن و نه وادیاریشه كارێكی شیاوتان هه‌بێت بۆمن !).
مامه‌ی سه‌ركار، به‌ر له‌وه‌ی وهسوڕێمهوه و هه‌نگاوه‌كانم ههڵچنمهوه، جارێكی تریش لێم هاتوه ده‌نگ (كوڕه‌كه‌م شه‌رمێك نه‌تگرێت، ڕه‌نگ هه‌یه كارێكی شیاویشمان هه‌بێت بۆ تۆش، نزیكم كه‌وه، ئه‌مه‌ی ئێمه سه‌رقاڵین پێوه‌ی، به‌شی پاروه نانێكی تۆشی تیاده‌بێت).
دوودڵانه و دڕدۆنگاوی`1` ئاوڕم داوه دوواوه و له مامه‌ی سه‌ركار نزیك بوومه‌وه، وه‌ختابوو ده‌ستبه‌جێ قوڵپی ڕشانه‌وه ته‌نگم پێهه‌ڵچنێ، باشبوو ئه‌و خۆی ئاگاداری كردمه‌وه وتی (باوكی من ئه‌م كاره ڕاهاتن و ئه‌زموونی گه‌ره‌كه، كه‌مێك دوور ڕاوه‌سته و قسه‌م بۆبكه، ناكرێت هه‌رله‌یه‌كه‌م ساته‌وه خۆت بخه‌یته گێژه‌نی بۆنی گوواوهوه، پێم بڵێ گهركارت گه‌ره‌كه یاخود نا؟).
وتم ( مامه گیان، زۆر ده‌مێكه له‌كارێك ده‌گه‌ڕێم و خه‌ڵكی ئه‌م شاره‌ش نیم له بنه‌ڕه‌تدا، به‌ڵام نازانم! تۆ بڵێیت من شیاوی ئه‌م كاره‌ی ئێوه‌بم و دهستهبهریكهم؟).
سه‌ركار وتی (خه‌مێك ئاوهزانت نه‌بێت كوڕه‌كه‌م، ئێمه‌ش گشتمان وه‌ك تۆ نامۆبووین به‌م كاره، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ڕۆژگار ده‌بێته خهووخۆراك و ئاسووده‌یی ژیانت، دڵنیابه شیاوی كه‌سانێكی بێده‌ره‌تان و بێكه‌سی وه‌ك تۆ نه‌بێت، شیاو به‌كه‌س نییه).
هه‌روا ڕه‌خسا، بۆ سبه‌ی ڕۆژ له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی كارگه‌ری مامه‌م كهوتمهكار، ڕاسته سه‌ره‌تا گه‌لێك دژوار و تاقه‌ت پڕوكێنبوو ڕاهاتن له‌گه‌ڵ بۆگه‌ناو، به‌ڵام له‌دوای چه‌ند جارێك له‌خۆچوون و به‌سه‌رخۆدا هاتنه‌وه و ده‌یه‌ها جارانیش ڕشانه‌وه، ورده ورده به‌شێوازێك ڕاهاتم له‌گه‌ڵ بۆگهناودا، كه‌هه‌ر مه‌به‌ستیشم نه‌بوو هه‌ڵاوی سه‌ر هه‌ڵدانه‌وه‌ی چاڵی ئاوه‌ڕۆكان، نه‌ك هه‌رئه‌وه، به‌ڵكه واملێهات سه‌رله‌به‌یانیان، بهرلهناشتا، زۆر حه‌زم به‌سه‌ر ڕاگرتنبوو به‌سه‌ر چاڵێكدا و هه‌ڵمژینی پڕ به‌سینه‌م، تابتوانم كاری ڕۆژم به‌ئاسایی به‌ڕێوه‌به‌رم، كار گه‌یشته ئاستێك له‌گه‌ڵ ژه‌مه نانهكانمدا، گه‌ر له‌سه‌ر لێواری چاڵێكی پاشه‌ڕۆ نه‌بوومایه نانم بۆ قوت نه‌ده‌چوو، یان ژێر پیاڵهیهكم لێپڕدهكرد و له‌گه‌ڵ خۆم ده‌مبرد، بۆئه‌وه‌ی تامه‌زرۆی نان خواردنم له‌ده‌ستنه‌ده‌م.
ڕۆژانی پشووش گه‌ر حه‌زم بهسهرمهستییهك بكردایه، له‌گه‌ڵ هاوڕێ كاره‌كانم و مامه‌ی سه‌ركار، له‌جێگه‌ی ئه‌وه‌ی وه‌ك هه‌موو خه‌ڵكی بچینه سه‌یرانگا و سه‌رچاوه‌كان، ئێمه له‌چوار ده‌وری چاڵێك كۆده‌بووینه‌وه و له‌گه‌ڵ بۆنوبه‌رامه‌ی ئه‌و چاڵانه ده‌ستمان ده‌كرده خواردنه‌وه و خۆمان مهستوحهیران ده‌كرد.
ئه‌گه‌ریش ئه‌وه‌مان بۆ نهگونجایه، هه‌ریه‌كه‌مان سه‌ره په‌نجه‌یه‌ك گوومان لهبهرسمێڵمان ده‌سوو، بۆئه‌وه‌ی تا ئێواره پڕبه‌دڵی خۆمان به‌رامه‌كه‌ی جۆشماندا.
ڕه‌نگه ئێستاكه سه‌یربێت لاتان به‌سه‌رهاته‌كه‌م! ناههقێكتان ناگرم، گه‌ر ئێوه‌ش وه‌ك من و هاوه‌ڵه‌كانم و مامه‌م، له خێروبێری ئه‌م بۆگهناووگوواوه تێبگه‌یشتنایه، وه‌كو ئێمه‌ش ئه‌و سه‌رمایه مفتهتان به‌سه‌ریه‌كه‌وه بنایه، ئه‌وساكه ده‌تانزانی چه‌نده له‌به‌ردڵانه ئه‌وبۆنه ئه‌فسوناوییه‌ی چاڵه‌كان! ده‌ڵێیت نێرگزهجاڕه لهمهڕمان.
گهردهزانن شیرینی هه‌ڵمژینی ئه‌و هه‌ڵاوه چی بۆمن ده‌سته‌به‌ركرد، منێكی ناكه‌سبه‌چه‌ی له‌و ئاسته‌وه گه‌یانده چ ئاستێكی سه‌ركاری و سه‌رداری، ئه‌وساته نه‌ك ته‌نها ئیره‌ییتان پێده‌بردم، به‌ڵكه خوازیاریش ده‌بوون گشتان وه‌ك من بن.
ده‌ی دوای ئه‌وه مامه‌ی سهركارم، هه‌زار جار نوور له گۆڕی بارێ، كچیشی دامێ و كردمیه كوڕی خۆشی، گشت سه‌روه‌ری و سهركردهییشی بۆخۆم جێهێڵا. منیش به‌ر له ئۆغری خۆم و جێهێشتنی ئه‌م دنیا فانییه، نمه‌ك به‌حه‌رامی ناكه‌م و ڕۆڵه‌كانم واپه‌روه‌رده ده‌كه‌م، هام شێوه‌ی باپیره‌یان و خۆم، به‌رله‌وه‌ی به‌هه‌رزه‌كاری و لاوێتی بكه‌ونه سه‌ركار و سه‌ردارێتی، وامخواست به‌رله‌وه‌ی دایكیان گۆشیانكات`2` و ژهكیان`3` لهزارنێ، به‌په‌نجه‌ی خۆم، قهپوچكه گوویهكم لهبهرلووتیان هه‌ڵئه‌سوو و دوو تنۆكه میزیشم ده‌كرده سه‌رلێویان، بۆئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵیدا گه‌شه‌بكه‌ن و هه‌رگیز ڕێگه‌یان نه‌چێته سه‌ركارێكی دی جگه له‌سه‌روه‌ری و سه‌ركردایه‌تی چاڵه‌كانی گوو.
1` دڕدۆنگی- گوماناوی
2` گۆشكردن- یه‌كه‌م باوه‌شكردنی دایك بۆ كۆرپه‌ی
3` ژهك- ئه‌و شیره‌ی له‌سنگی ئافره‌ت دێته‌ده‌ر، یه‌كه‌م ساتی شیردانی كۆرپه، ڕه‌نگێكی زه‌ردی هه‌یه.