حەسەن ڕازانی: من ساف موسڵمانم و حاشا دەکەم لە هەر دینێک، ئەزیش ئێزیدیمەو حاشا دکەم لە دینێ محەمەدی!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بۆچی بۆ موسڵمانێک ڕەوا بێ حاشا بکات لە هەموو دینێکی تر، بەڵام بۆ یەزیدییەک تاوان بێت کە حاشا لە دینێکی تر بکات؟ ئایا ئەم هەڵوێستە لە سیاسەت و فەرمانڕەواییدا چی پێدەگوترێت؟)
موسڵمانان پێیان ڕەوایە پەیڕەوی لە خوای خۆیان بکەن وەک چۆن کە لە قورئاندا پێیان دەگوترێت: ” إِنَّ الدِّينَ عِندَ اللَّهِ الْإِسْلَام” (ال عمران١٩) “ئایین لە لای خودا ئیسلامە”، بە واتایەکی تر تەنها ئیسلام بە ئایین دادەنرێت و ئەوانەی تر ئەگەر وەختی خۆشیان دین بووبن ئیتردین نەماون و ئەو حیسابەیان بۆ ناکرێت. نەک هەر ئەوە بەڵک و ئەگەر لە غەیری ئیسلام دینێکی ترقەبووڵ بکەن ئەوا لەسەری تووشی دەردەسەری و چەرمەسەری دەبن. ئەوەتە قورئان پشتڕاستی دەکاتەوە” وَمَن يَبْتَغِ غَيْرَ الإِسْلاَمِ دِيناً فَلَنْ يُقْبَلَ مِنْهُ وَهُوَ فِي الآخِرَةِ مِنَ الْخَاسِرِينَ” (ال عمران ٨٥). “هەرکەسێک بەدەرلە ئیسلام هەر دینێکی دیکەی هەبێ لێی قبوڵ ناکرێت و لە دواڕۆژدا لە ڕیزی زیانبارانە”. ئەو ئایەتە ئاراستەی تەواوی مڕۆڤەکان وئایینەکانی تریش کراوەو پێیان دەڵێت: ” تەنها من ڕاستم و دەبێ وەدوا من بکەون ئەگینا لێتان وەرناگیرێت و بە پێچەوانەشەوە تووشی زیان و خەراپە دەبن”. ناوەڕۆکی ئەم ئایەتە جۆرێک لە هەڕەشەی تێدایە کە دەڵێت : ئەگینان تووشی زیان و خەراپە دەبن. هەر ڕێک وەک لە قورئاندا دەگوترێت ” فَأْتِيَاهُ فَقُولَا إِنَّا رَسُولَا رَبِّكَ فَأَرْسِلْ مَعَنَا بَنِي إِسْرَائِيلَ وَلَا تُعَذِّبْهُمْ قَدْ جِئْنَاكَ بِآيَةٍ مِنْ رَبِّكَ وَالسَّلَامُ عَلَى مَنِ اتَّبَعَ الْهُدَى ﴿طە٤۷﴾ بە پێی تەفسیری هەژار موکریانی واتە: “سا بچنە لای و پێی بێژن: ئێمە هەرتک ڕاسپاردەی پەروەردەی تۆین، تۆ تۆرەمەی ئیسڕائیلمان ڕەگەڵ بخەو (چیتر) مەیان چەوسێنەوە. وا بەڵگەشن لە لای پەروەندەت ڕا بۆ هێناوی، درود لەسەر ئەو کەسەش بێ، لە ڕاستەڕێ لانەکەوێ”.
قوڕئان چەندین ئایەتی تێدایە هانی کوشتنی ئەوانە دەدەن کە باوەڕیان بە ئیسلام نییەو پەیڕەوی لە خودای ئیسلام و پێغەمبەری ئیسلام ناکەن. ئیسلام زۆر لەوە واوەتر دەڕواو بە پێی حەدیسی پێغەمبەر کە لە سەحیحی موسلم دا هاتووەو لە دەمی ئەبو هوڕەیڕەوە وەرگیراوە دەڵێت: “وَالَّذِي نَفْسُ مُحَمَّدٍ بِيَدِهِ لاَ يَسْمَعُ بِي أَحَدٌ مِنْ هذِهِ الأُمَّةِ يَهُودِيٌّ وَلاَ نَصْرَانِيٌّ، ثُمَّ يَمُوتُ وَلَمْ يُؤْمِنْ بِالَّذِي أُرْسِلْتُ بِهِ، إِلاَّ كَانَ مِنْ أَصْحَابِ النَّارِ” موسلم ڕیوایەتی کردووە. واتە: “سوێند بەو کەسەی کە گیانی منی بەدەستە، هەر کەسێک لەو ئومەتە جولەکە بێت یان فەلە، ناوی من ببیسێ و پێش ئەوەی بمرێ باوەڕی بە من و بەو کەسەی کە منی ناردووە نەهێنابێت ئەوە ئەهلی ئاگر دەبێت. ئێ دەباشە بە هەمان شێوەی ئیسلام و خوای ئیسلام و پێغەمبەری ئیسلام، بۆی هەیە، پێغەمبەرو خوای ئایینێکی تریش لە کتێبەکەی خۆیاندا هەمان شت بڵێن. بەڵام ئەگەر بەهەمان شێوەی ئیسلام هەشبووبێت لە کۆندا، بە بڕوای من، ئێستا یا هەر نەماوە یان ئەو هێزو توانایەی زووی نەماوە. بۆ نموونە ئایینی جولەکە و مەسیحی کە لە کۆندا ویستوویانە بە تەنها خۆیان هەبن بەڵام ئێستا لە لایەن سێکیولاریزمەوە خراونەتەوە قاوغی خۆیان.
تەواوی ئایینەکان و بە تایبەتی ئیسلام بۆ هەرکارێک کە دەیکەن هەرخۆیان شاهیدیی بۆ خۆیان دەدەن. ڕاستی و درووستی قسەو بۆچوون و کردارەکانی خۆیان تەنها بە خۆیان، بە مێژووی خۆیان، بە کتێبەکەی خۆیان، بە پێغەمبەرو خوای خۆیان، بە زانایان و شڕۆڤەکارانی تەنها نێو ئایینی ئیسلام پشت ڕاست دەکەنەوە. لە دەرەوەی ئەو بازنەیەی خۆیان لایەنێکی ترو ئایینێکی تر نییە پشتڕاستی بکاتەوە.
من لێرەدا ڕاستی و درووستی هیچ ئایینێک باس ناکەم و نە ئەرکی ئەو نووسینەیە و نە بە ئەرکی خۆشمی دەزانم. هەر ئایینێک، کامەیان ڕاستەو کامەیان درۆیە، پەیوەندی بە خودی خۆیانەوە هەیەو دەبێ ئەوان لە نێوخۆیاندا لە گەڵ یەکتر یەکلایی بکەنەوە ئەگەر پێیان وایە دەبێ تەنها یەکێک لەو دینانە ڕاست بێت. ئەم یەکلایی کردنەوەش لە نێوان خۆیاندا، بە بڕوای من، دەبێ بە دیالۆگ و دیبەیت بێت نەک بە شمشێرو سەرپەڕاندن و بە زەبری هێزو یەکتر سڕینەوە بێت. بەداخەوە تاک و ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئایینەکان لە نێوخۆیانداو لەبەرامبەر یەکتریشدا بەزۆری پەنایان بۆ هێزبردووە بۆ ئەوەی ئەوانەی وەک ئەوان بیر ناکەنەوە بهێننە سەرڕێبازی خۆیان یان بێدەنگ و بێ کاریگەرییان بکەن لە نێو کۆمەڵگادا. لەو بارەوە ئێستاو مێژووی دوێنێش پشتڕاستی ئەو خوێڕێژییەی نێوان ئایینەکان دەکاتەوە. تەنانەت لە نێو باڵ و لق و پۆپی یەک ئایینیش دا ئەو خوێنڕێژییە ئەگەر زۆرتر نەبووبێ کەمتر نەبووە. شیعەو سوننەی نێو ئیسلام بە نموونە. تەماشایەک لە وەڵاتە عەڕەبی و ئیسلامیەکان بکەن بە تایبەتی لەو زۆنەی کە زۆرینەی پێغەمبەرەکان و هەرسێک پێغەمبەری جولەکەو مەسیحی و ئیسلامیشی تێدا پەیدابووە. بەڵگەی مێژوویی زۆر هەیە و لەبەردەستدایە کە زۆرینەی بەڵگەکانیش لە لایەن خودی ئەو سێ دینەوە بە نووسراویی خرواتە بەردەستی ئێمە کە لەوساوەوە هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت چ دەریایەک خوێن ڕژاوە لە نێوانیانداو لە نێو خودی نێو ئایینێکیشدا بە بەردەوامی هەر دەڕژێت.
ئایینی ئیسلام، هیچ ئایینێکی ترغەیری ئیسلام بە ڕاست نازانێت و هەرکاتێکیش و لە هەر شوێنیێکیشدا ئیسلام هێزی بەدەستەوە گرت ڕێگە نادات لەدەرەوەی بازنەی ئیسلامدا کەسێک هەبێ ئازادانە پەیڕەوی لە ئایین و بیروباوەڕی خۆی بکات. بۆیە ئەوانەی کە لە دەرەوەی بازنەی ئیسلامن یان دەبێ وەڵاتی ژێر حوکمی ئیسلام بەجێبهێڵن و ڕوو لە شوێنێکی تربکەن یان دەبێ ببن بە موسڵمان و وەک موسڵمانان ئەرک و فەرمانی موسڵمانەتیان هەبێ یان دەبێ خۆیان ئامادەی شەڕ بکەن لە گەڵ ئیسلام. ئیتر ئەو کات ئەگەر ئیسلام بردییەوە هەموو سەروماڵی کافران و ناموسڵمانان بۆ موسڵمانان حەڵاڵ دەبێ. بە حوکمی هێزی زۆرو تۆکمەو ئامادەیی بۆ شەڕیش حەتمەن هەر ئیسلام دەیباتەوە. جا ئەوەی کە نەکوژراو بە سەلامەتی مایەوە هەم سەر و هەم ماڵی حەڵاڵ دەبێ بۆ موسڵمانان. شایانی باسە غەزەوات و فتوحاتی ئیسلامی هەمووی لەوچوارچێوەیەدا ئەنجامدراوون.
ئیسلام، ئایینی جولەکەو مەسیحی وەک ئەهلی کیتاب دەناسێت. ئەو دوانەش وەختی خۆی کە ئیسلام سەری هەڵداو هێزی بەدەستەوە گرت ڕێگەی پێدان کە پەیڕەوی لە بیروباوەڕی ئایینی خۆیان بکەن، بەڵام بە چەندین مەرجی قورس کە جزیەدان، بەڵام بە شێوەیەکی سەرشۆڕانەو زەبوونانە، یەکێکیان بوو. هەروەک لە قورئاندا هاتووە کە دەڵێت:” قَاتِلُوا الَّذِينَ لَا يُؤْمِنُونَ بِاللَّهِ وَلَا بِالْيَوْمِ الْآخِرِ وَلَا يُحَرِّمُونَ مَا حَرَّمَ اللَّهُ وَرَسُولُهُ وَلَا يَدِينُونَ دِينَ الْحَقِّ مِنَ الَّذِينَ أُوتُوا الْكِتَابَ حَتَّىٰ يُعْطُوا الْجِزْيَةَ عَنْ يَدٍ وَهُمْ صَاغِرُونَ” ( التوبة ٢٩). بە پێی تەفسیرەکەی هەژار موکریانی واتە: “لەگەڵ ئەوانەدا بجەنگن کە بە خوداو ڕۆژی سەڵا مەرجی خواو پێغەمبەری خوا بە ناڕەوایان زانیوە، ئەمان بە ڕەوای دەزانن و نایەنە سەر دینی ڕاستیش، تا ئەو کاتەی بەزەلیلی و بەدەستی خۆ، سەرانەی خۆ بەنگۆ دەدەن”. واتە ئەگەر ئیسلام هێزی بەدەستەوە بوو هەر دەبێ دەستووری ئیسلام حوکم بکات و لە دەرەوەی بازنەی ئەو دەستوورەش وەک ناڕاست و کافرو بێباوەڕ حیسابی بۆ دەکرێت .
ئاخرئەمە چی ناودەنرێت لە شوێنێکا کە هێزت نەبوو خۆت بکەیتە کەسێکی ئاشتی خوازو دێموکڕاتی خوازو یاساو پەیڕەوێکت بوێت کە هەموان بپارێزێت، بەڵام ئەگەر لە شوێنێکا هێزت هەبوو داوای سەپاندنی ئەو یاسایە بکەییت کە هی خۆتەو سەربەخۆتەو لە دژی ئەوانەی تریشە کە وەک تۆ بیر ناکەنەوە؟ نەک هەر ئەوە بەڵک و هەر کەسێکیش لەو یاسایەی تۆ لابدات و وە دوات نەکەوێت، ئەو کاتە بە فەرمانی خودا هێرشی بکەیتەسەرو فشاری لێبکەیت کە یان دەبێ وەک تۆ بیربکاتەوەو ئەتۆ چی دەکەیت ئەویش وابکات یان دەبێ چۆڵی بکات و بچێت لە شوێنێکی تر بژیت و یانیش کە بەو دووشتە ڕازیی نەبێ ئەوا زەلیل و زەبوون دەبێ جزیە بدات، ئەو بژاردەیەی دواییش تەنیا بۆ جولەکەو مەسیحی بووە نەک بۆ دینەکانی تر. هەروەها نابێ هەقی هیچیشی هەبێ و لە هەموو مافێکیش بێبەش دەبێ و دەبێ تەنها دەست بە کوڵاوەکەی خۆیەوە بگرێت با نەیبات.
لێرەدا نامەوێت بە هیچ شێوەیەک بە لای پەروەردەو فێرکردندا بچم لە هەرێمی کوردوستاندا، چونکە کاری ئەم نووسینەم نییە. ئەگینا زۆر ئاسان دەتوانرێت چەندین بەڵگە بهێنرێتەوە کە ئیسلامی سیاسی دەستی خستۆتە ناو پەروەردەو فێرکرنەوە لە پڕۆگرامی سەرەتاییشەوە دەستیان پێکردووە. لەوبارەوە دەتوانرێت چەندین بەڵگە نیشان بدرێن. کەواتە بۆچی بۆ ئایینی ئیسلام و ئەدەبیاتی ئیسلامی درووستە کە بوونیان هەبێت لە ناو پەروەردەو فێرکردندا بەڵام بۆ ئایینەکانی تر درووسدت نییە؟.
ئەم نووسینەم تەنها لە پەراوێزی ئەوهات و هاوارەدا نووسی کە ڕەوتە ئیسلامییەکانی کوردوستان، بە تایبەتی ئیسلامییە ئیخوانییە هاوردەکراوەکان بۆ نێو کۆمەڵگای کوردی، پێی هەستان لە دژی ئەو تێکستەی داستانی عەشقی نێو ئەدەبیاتی یەزیدی کە لە کتێبی خوێندندا جێی بۆکراوەتەوە. تێکستەکەش دبیژێت: “ئەز ساف ئێزیدیمەو حاشادکەم لە دینێ محمدی”..
داستانێکی ئەوینداری لە ئەدەبیاتی یەزیدیاندا بە ناوی دەروێش عەبدی هەیە کە لەو داستانەدا کەسی عاشق حاشا دەکات لە دینێ محمدی. ئەو داستانە ئەویندارییە هەمان شێوەی داستانەکانی لەیلاو مەجنون و مەم و زین و شیرین و فەرهادە. بە بڕوای من، دەبێ ئەویندار لە پێناوی ئەوینەکەیدا قورسترین بڕیار بدات و ناخۆشترین ژیانیش پێشبینی بکات بۆ گەییشتن بە دڵخوازەکەی خۆی. پڕەنسیپی سەرەکی لە ڕێبازی عاشقاندا، بە بڕوای من، نابێ عاشق هەوڵی کوشتنی خۆی بدات بەڵک و دەبێ هەوڵی مانەوەی خۆی لە پێناوی گەیشتن بە دڵخوازەکەی خۆیدا بدات. ئەم داستانانە نەک هەر لە ڕووی ئەدەبییەوە بەڵک و لە ڕووی ناوەڕوک و ئەو بۆچوون و بیڕوڕایانەی کە تێیاندا جێی کراوەتەوە وەک چۆن بۆ لایەک ڕەوایە دەبێ بۆ لایەکی تریش ڕەوابێت.
لێرەدا پرسیاری درووست و ئەخلاقی کە دەبێ بکرێت ئەوەیە کە بۆچی ئیسلامییە سیاسییەکان و بزووتنەوەی ئیسلامی ئیخوانی لە لایەکەوە سەری زمان و بنی زمانیان باسی ئاشتەوایی و پێکەوە ژیانی ئاشتیانەیە لەگەڵ هەمواندا و لە لایەکی تریشەوە بە کرداری پێچەوانەکەی دەبینرێت. هەروەها ئەو ئیسلامییە سیاسی و ئیخوانیانە پشتیان بەچی بەستووە کە پێیان وایە خەڵکی کوردوستان هەمووی موسڵمانەو بۆیە دەبێ کوردوستانیش لە ڕووی ئایینییەوە تەنها تاپۆی ئایینی ئیسلام بێت؟ ئایا زۆریی مزگەوتەکان لە کوردوستاندا دەکەنە پێوانە و لە زۆریی مزگەوتەکانەوە پێان وایە خەڵکی کوردوستان هەمووی موسڵمانە؟
مێژووی دوێنێ و ئەوڕۆی ڕەوتە ئیسلامیەکان بە ڕەوتی ئیسلامی ئیخوانیشەوە ئیدیعای پێکەوە ژیانی ئاشتیانە لە مەیدانی کرداریدا پشتڕاست ناکاتەوە. واتە لەسەر ئەرزی واقیع ئیسلامی سیاسی و بە تایبەتی ئیسلامییە ئیخوانیەکان بە کردەوە شتێکی تر دەکەن کە پێچەوانەی هەندێک ئیدیعایانە لە هەندێک ناوچەو شوێندا. لە لایەکی ترەوە ئەوانە بۆچی مێژوی دوێنێی پێش ئیسلامی خەڵکی کوردوستان نادیدە دەگرن کە بێ کێشە جولەکەیەک و فەلەیەک و زەردەشتیەک و یەزیدییەکیش بە یەکەوە بە ئاشتی و تەبایی ژیاون لە یەک گوندو لە یەک شارو لە یەک گەڕەک و کۆڵاندا؟ ئایا لە دوای سەرهەڵدان و گەییشتنی ئیسلام بە کوردوستان ئەم شێوە ژیانە موزاییک ئاسایی یە ماوە؟ ئەگەر نەخەیر، نەماوەو تەفروتونا بووە کێ و چ ئایینێک سەبەبکارە؟
بە بڕوای من ، کاری درووست و هەڵوێستی درووستی موسڵمانان لەو بارەوە ئەوە نییە کە هەوڵی ئەوە بدەن کە یاسای وەڵات و ئایینی وەڵات و خوداپەرستیی لە کوردوستاندا هەمووی بەخۆشی بێت یان بەناخۆشی بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان. دەبێ وەک چۆن خۆیان ئازادن لێگەڕێن خەڵکی تریش و ئایینی تریش ئازاد بن. هەروەها نابێ موسڵمانەکان لە ژێر فشارو بە فیکی بزووتنەوە ئیسلامی و ئیخوانییەکان کارێک بکەن کە ئەوەی خۆیان ئارەزووی دەکەن هەردەبێ ئەوە بێت. چونکە تەنها ئیسلام لە کوردوستان دا بوونی نییە بەڵک و ئایینەکانی تریش بوونیان هەیە. بۆ نموونە زەردەشتی و یەزیدی و جولەکەو مەسیحی زۆر لە پێش ئیسلام لە کوردوستان دا بوونیان هەبووە. لە کوردوستاندا نەک هەر باوەردار بە خودایەک و بە ئایینێک بەڵک و خەڵکی بێ ئایین و بێ باوەڕ بە خوداش بوونیان هەیە.
بە بڕوای من، دەبێ موسڵمانان بە گشتی و ڕەوتە ئیسلامییە ئیخوانییەکان بە تایبەتی حەدیسەکانی پێغەمبەری ئیسلام و ئایەتەکانی نێو قورئانیان لەوبارەوە کە باس لە پێکەوە ژیانی ئاشتیانە دەکەن قەت لە بیر نەچێتەوەو بە کرداری پەیڕەوییان لێبکەن. نابێ هەر ئەو ئایات و حەدیسانە بە کرداری پەیڕەوی لێبکەن کە تووندوتیژییان لێ دەکەوێتەوەو پێکەوەژیانی ئایینەکان دان پێدا نانێن. ئەوەتە لەو بارەوە قورئان دەڵێت: “لا اکراە فی الدین قد تبین الرشد من الغی فمن یکفر بالطاغوت و یئمن باللە فقد اسمتمسک بالعروةالوثقی لا انفصام لهاو اللە سمیع علیم” ( بقرة ٢٥٦) واتە “لەم ئایینەدا بەزۆر داسەپاندن نییە.ئیتر شارەزایی لە گومڕایی هاوێرکرا.هەر کەس تاغوتی نەوێ و بڕوای بە خودا هەبێ، ئەوا هەنگڵێکی هێندە توندی بەدەستەوەیە هەرگیز پسانی بۆ نییە.خوداش بیسەرو زانایە”. ئێ دەباشە ئەوەتە خودا بە موسڵمانان دەڵێ: هەقتان نەبێ زۆریی لەکەس مەکەن ئێوە مادام باوەڕتان بە خودا هەیەو ناچنە ژێرباری تاغوتەوە دڵنیابن کە ڕێبازێکتان گرتووە کە هەرگیز تێدا ناچێت و ڕێگا ڕاستەکەشە..
دەبێ موسڵمانان لە دینی خۆیان دڵنیا بن کە ڕاستە. ئەگەر بۆ مانەوەو بڵاوکردنەوەی ئایینی ئیسلام پەنا بەرنە بەر توندوتیژی کەواتە ڕاستیی ئایینەکەیان دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە. بۆیە لێرەدا دەبێ موسڵمان وەک چۆن بۆ خۆی پێی ڕەوایە کە دینەکانی تر بەخەراپ لەقەڵەم بدات، چونکە خودای خۆی لە قورئاندا وا دەڵێت، کەواتە دەبێ بۆ ئایینەکانی تریش بە ڕەوا دابنێن کە باوەڕیان بە ئیسلام نەبێ. ئاخر ئەوانیش خودای خۆیان هەیەو ڕێنماییان دەداتێ کە بۆی هەیە لەگەڵ ڕێنمایی خودای موسڵمانان بۆ موسڵمانانان جیاوازی هەبێ.
کێشەی نێوان ئایین و ئاینزاکان لە ئەمڕۆوە دەستی پێنەکردوە بەڵک و لە چەندین هەزارساڵ پێش ئێستاوە بوونی هەبووەو هەتا ئەمڕۆی: “ئەز ساف ئێزیدیمەو حاشادکەم لە دینێ محمدی” بەردەوامە. هیچ ئاماژەیەکیش لە گۆڕێدا نییە کە لە دواڕۆژێکی نزیکدا ئەو کێشمەکێش و دوژممنایەتییەی نێوان ئایینەکان کۆتایی پێ بێت..تەنانەت ئەو جەنگ و خوێنڕێژییە لە نێوان، شیعەو سوننە، هەردووک باڵە سەرەکییەکەی نێو خودی ئیسلامدا کە لە شەڕی حوشتردا گەییشە لوتکە ولە لایەن عائیشەی دواین ژنی پێغەمبەری ئیسلام سەرکردایەتی کراوە تا ئەمڕۆشی لە گەڵدا بێت هەر بەردەوامە. وە هیچ ئاماژەیەکیش لە گۆڕێدا نییە کە کۆتایی پێ بێت.
بە بڕوای من، مەترسییە گەورەکەی ئایین کاتێک دەست پێدەکات و لە چوارچێوەی ئایین و خوداپەرستی دەردەچێت کە پەل بهاوێت بۆ سیاسەت و کاری فەرمانڕەوایی و بەڕێوەبردن بە یاسایاک کە ئەو ئایینە پێمان دەڵێت هی خودایە، هەروەها کاتێک کە ئامانجی ئەو ئایینە ڕێبازێکی تەبشیری وا بێت، کە بە خۆشی بێت یان بە زۆری، دەبێ هەموو جیهان بهێنرێتە سەر ڕێبازەکەی ئەو.
ئایینێک کە خۆی بکات بە جێگری خودا لە سەر زەوی، بە ڕاست و بە چەپدا سەری ئینسانەکان بپەڕێنێت کە گوایە فەرمانی خودا جێبەجێدەکات، هەروەها هەر کارێک کە دەیکاو هەرچیەکیش دەیڵێت بڵێت ئەوە فەرمانی خودایە، وە بۆ سەلماندنی ئەو ئیدیعایەشی تاکە سەرچاوەی دیارکە لەبەردەستدابێت هەرخودی ئەو ئایینە خۆی بێت، ئایینێکی وا دەبێتە مەترسی هەم بۆسەر ئایینەکانی ترو هەم بۆ سەر ڕێبازو چۆنیەتی خوداپەرستن بۆهەرکەسێک کە بیەوێت خوداپەرستی بکات و باوەڕی بەخوادایەک هەبێ، هەروەها لە دوورمەوداشدا دەبێتە هەڕەشەی ترسناک بۆ سەر مڕۆڤایەتی بە گشتی. بۆیە دەبێ مڕۆڤایەتی بە گشتی و سێکیولاریزم بە تایبەتی ئەو جۆرە ئایینانە وەک مەترسی ناوزەد بکات و کاری بە پەلەو کاریگەریش بکرێت بۆ ئیحتیوا کردنی ئەو جۆرە ئایینانە وەک چۆن ئایینی جولەکەو مەسیحی تاڕادەیەک ئەو مەترسیەیان نەهێڵڕا.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت