گۆران هەڵەبجەیی: یاداشتنامەی پزیشکێکی پێشمەرگەم خوێندەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کە لێرەوە سەیری ژیانی خۆم دەکەم 1961-1989}، ناونیشانی یاداشتنامەکەی دکتۆر فایەق گوڵپیە،کە بەشێکی گرنگ لە ژیاننامەی خودی گوڵپی تێدا تۆمارکراوە. ئەم کتێبە ساڵی [2018] کەوتوەتە بەر دیدی خوێنەر، لەهەندەرانیش ئەوانەی خولیای خوێندنەوەیان هەیە، بەدەستیان گەشت و بەناوەڕۆکەکەی ئاشنا بوون.
بەندەش لە ڕێگەی خودی دکتۆر فایەقەوە کتێبەکەم بە [PDF] پێگەیشت.
خوێندنەوەی یاداشتنامە ئیدی هی هەر کەسێک بێت، یەکێکە لە ئارەزووەکانم، چێژێکی تایبەت لە خوێندنەوەیان دەبینم، بەتایبەتی گەر ڕاستگۆییان تێدا بەدی بکەم. تا ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە یاداشتنامەی کەسایەتیە کوردی و عەرەبی و جیهانیەکانم خوێندوەتەوە. بەکوورتی هی هەرکەسێکم بەردەستکەوتبێت یا بیستبێتم کە کەوتوەتە بەردەستی خوێنەر، خێرا هەوڵی بەدەستهێنانیم داوە.
سەبارەت بەمەی دکتۆر فایەقیش، سەرەتا کاک سەلام محەمەدی برادەرم بە ئیجابی باسی ئەم کتێبەی بۆکردم کە خۆی بەدەستیەوە بوو، پاشان بۆ وەدەستهێنانی داوام لە دکتۆر کرد، بەسوپاسەوە ناردی بۆم.
هەوڵەدەدەم بە پێی خوێندنەوە تێڕوانینی خۆم بۆ ڕووداوەکانی دووتوێی ئەم یاداشتنامەیە، هەڵسەنگاندنێکی بابەتیانەی بێلایەنەی بۆ بکەم. لە کۆتایدا خوێنەر سەرپشکە لە حکومدان بەسەر هەڵسەنگاندنەکەمدا، کە هیوادارم سەرکەوتووبم تێیدا.

دکتۆر فایەق لە پێناسەیەکی شایستەدا
بەرلەوەی بچمە قووڵایی باسەکەوە، لەسەر ڕۆشنایی ئاشنایی و پەیوەندیم لەتەکیدا، دەخوازم کەمێک سەبارەت بە کەسایەتی خودی دکتۆر بنووسم.
لەسەرەتای حەفتاکاندا لە قوتابخانەی ناوەندی شارەزوور لە هەڵەبجە بۆ دووساڵ هاوپۆلم بوو، زۆر بەخێرایی بووینە برادەر. هەستم کرد زۆر جیاوازە لە هاوپۆلەکانم،کەسێکی بە ڕەوشت، هێمن،کەمدوو، ڕووخۆش و زرنگ و زیرەک، {یەکەمی پۆلەکەمان بوو}، هیچ شتێکی لێ عاسی نەدەبوو، لە هەموو وانەکاندا پەرفەکت بوو. بیرم دێت جارێک وانەی عەرەبیمان هەبوو بابەتی[ئیعراب]نازانم بەکوردی پێی دەڵێن، لەوانەیە شیکاری پێ بڵێن، من زۆر کۆڵەوابووم تێیدا و حەزم پێی نەبوو، زیاتر ئارەزووم لە [انشاء] داڕشتن هەبوو، ئەو ڕۆژە مامۆستاکەمان لەسەر تەختەڕەشەکە دوودێڕ شعری درێژی کلاسیکی نووسی، پێم وابێت هی{ ئەحمەد شەوقی- امیر الشعراء} بوو، پرسی کێ دەتوانێت ئیعرابی بکات؟ هەموو سەرمان کزکرد، من لەژێرەوە سەیری دکتۆر فایەقم کرد، هێندەی پێنەچوو دەستی بەرزکردەوە، پاشان دەستی کرد بە ئیعرابکردن، ئێمەش بەسەرسامیەوە سەیرمان دەکرد، کە کۆتایی هات مامۆستاکە سوپاسێکی گەرمی کرد کە بێ هەڵە ئەو کارەی ئەنجامدا.
پەیوەندیمان پەرەی سەند، جگە لە خوێندنگا لەدەرەوەش یەکترمان دەدی، بۆنمونە بەهاران بۆسەعی کردن دەچوین بۆ ڕێگەی [عەنەب ]، یاخود جاروبار لە چایخانەیەک کە بەرامبەر سینەماکەی هەڵەبجە بوو دادەنیشتین، جۆرەها قسەوباسمان دەهێنایە گۆڕێ. پێم وابێت تاکە باس کە خۆمان بەدوور دەگرت لێی سیاسەت بوو. بەشبەحاڵی خۆم ڕێزێکی زۆرم بۆ ئازایەتی و گیانفیدایی باوکی هەبوو. ئەز سەر بە ئایدۆلۆجییایەکی چەپی عێراقی بووم، لەوە دەترسام باسێک بکەمەوە و ئەو وەک هێرش بۆ سەر ڕێبازەکەی باوکی لێکی بداتەوە، بەوە هەستی بریندارببێت، بۆیە تا بۆم کرابێت باسی سیاسەتم نەدەکردەوە.
پاش شەهیدبوونی باوکی وەک خۆیشی لە کتێبەکەیدا ئاماژەی پێداوە بەدۆخێکی سەختی نالەباری ژیاریدا تێدەپەڕن، بەڵام ئەم دۆخە هەرگیز لە ژیانی دکتۆردا هەستی پێنەدەکرا، هەرگیز گلەیی لەبەختی خۆی نەدەکرد، هێندە نەفس بەرز بوو لە هیچ کاتێکدا ڕێگەی نەدەدا ببێتە جێگەی بەزەیی. ڕاستە ئەو هەژاربوو، وەلێ لەناخ و هزردا زەنگین بوو. پاش کۆتایی ناوەندی من چومە ئامادەیی کشتوکاڵی بەکرەجۆ، ئەویش لە ئامادەیی درێژەی بەخوێندن دا.
هەرجارێک لە هەڵەبجە بوایە یا سلیمانی گەر بەڕێکەوت یەکترمان بدیایە، ئیدی لە دەمی خوێندندا بوایە یا دەمی سەربازیم، هەر بە گووڕوتینەکەی جارانەوە باوەشمان بۆ یەکتر دەکردەوە.
دەمێک ساڵی[1991] بۆیەکەم جار سەردانی کوردستانم کرد، دکتۆر فایەق یەکێک لە هاوڕێ دێرینەکانم بوو کە تامەزرۆی بینینی بووم، ئەوە بوو سۆراغیم خوارد و لە نۆرینگە کۆنەکەی [دکتۆر عەبدولرحمان ڕیس] دۆزیمەوە. ئەوەی خۆشحاڵی کردم ئەوە بوو کە پاش ئەو دابڕانە زۆرە، وەک هەمیشە بە خەندەو ڕۆح شیرینیەوە باوەشی کرد پێمدا. هەر لەو سەفەرەمدا بەهۆی هەندێک خواردنەوە کە پێی ڕانەهاتبووم، تووشی ئازاری سک بووم، ئەو هات بۆلام و چارەسەری نووسی بۆم.
پاشان پەیوەندیمان بەردەوام بوو، بەوەی هەرجارێک سەردانی کوردستانم کردبێت بەتەنها خۆی یا لەتەک خێزانەکەی چەند ساتێکمان پێکەوە بەسەر بردوە.
دکتۆر فایەق یەکێکە لە هاوڕێ دانسقەکانم کە ماوەی [50]ساڵە هاوڕێیەتیمان بەردەوامەو تابێت ڕێزو خۆشەویستیمان بۆیەکتر زیاددەبێت. تەنانەت هەندێک جار لەم دوورەوە کە کێشەیەکی تەندرووستیم دەبێت بە تەلەفۆن ڕێنمایی لەو وەردەگرم.
ئەم پێشەکیەم وەک ئیزافەیەک نووسی تا خوێنەر لە دیدی هاوڕێیەکی دێرینیەوە دکتۆر بناسێت و بە هەندێک وردەکاری ژیانی ئاشنا بێت کە خودی دکتۆر ئاماژەی پێنەداون.

خەسڵەت و مەرجەکانی یاداشتنامە
نووسینەوەی یاداشتنامە بەر لەوەی ئاوێنەی ژیانی خودی کەسەکەبێت، تۆمارکردن و گێڕانەوەو وەبیرهێنانەوەی قۆناغێک یا چەندقۆناغێکە لە ژیانی میللەتێک، شۆڕشێک، بزافێکی سیاسی، جا بۆیە زۆر زۆر گرنگە نووسەری یاداشتنامەکە ڕاستگۆیانە مامەڵەی لەگەڵدا بکات. ناکرێ نووسەر هەست و سۆز بکاتە پێوەر بۆ یاداشتکردنی ڕووداوەکان، بەڵکو گەرەکە بەوجۆرە باسیان لێوەبکات کەڕوویانداوە، واتە گەرەکە چاوەکانی ببنە ڤیدیۆکامێرایەک و ڕەکۆردی مەشهەدەکان وەک خۆی بکات، ئیدی تەنها بەم جۆرە دەتوانێت متمانەی خوێنەر بە دەستبهێنێت.
1. سەرجەم یاداشتنامەو یادەوەریەکان کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە خەباتی گەلەکەمانەوە هەیە، بە کەمووکووڕی شکستی و سەرکەوتنەکانیەوە، هەموویان دەبنە بەشێک لە دیرۆکی بزافی گەلەکەمان و دەکرێ نەوەکانی داهاتوومان سودی لێوەربگرن.
2. دەکرێ و ڕوویداوە بۆ وەرگرتنی زانیاری لەبارەی ژیانی میللەتێک شۆڕشێک لێکۆڵەوەرانی کورد و بێگانە پەنا بۆ ئەوجۆرە یادەوەریانە بەرن.
3. لەکاتی دادگایی کردنی تاوانبارانی جەنگدا ڕوویداوە هەندێک جار سود لەم جۆرە یاداشتنامانە وەرگیراوە، نمونەی دادگایکردنی تاوانبارانی سەرانی نازی لە دادگای نۆرەنبرگدا.
لەسەر ڕۆشنایی ئەم خاڵانە دەتوانین بڵێین ئەم کتێبەی دکتۆر گوڵپی جێگەی متمانەیەو دەکرێ وەک سەرچاوەیەکی پاکژ سەیربکرێت.
دەشێ و ڕوویداوە بڕێک لەوانەی بیرەوەریەکانیان نووسیوەتەوە، لە هەندێک بڕگەو مەوقعدا لە حەقیقەت لایاندابێت و ڕووداوەکانیان بەجۆرێک وێنا کردبێت کە لەتەک مەزاج و بیرو پێویستی دۆخەکەدا بگونجێت، لێ دکتۆر فایەق تەنها ڕاستگۆیی کردوەتە پێوەر و بەوجۆرە باسی ڕووداوەکانی کردوە کە ڕوویانداوە، جا لەوانەیە ئەو گوزارشتە لەتەک قەناعەت و ڕێبازی سیاسیشیدا یەکانگیر نەبووبێت.

وێستگە گرنگەکان کە شایانی ئاماژەن
1- گەر ئاوڕێک لە سەردەمی منداڵی و مێردمنداڵی دکتۆر بدەینەوە دەبینین خۆشەویستی خاک و نیشتمان و پێشمەرگە لە ناخیدا چەکەرەی کردوە، پاشان ئەم خۆشەویستیە نما دەکات و دەبێتە هەڵوێست و کردار.
2- باوکی لە پێناوی خاک و کوردایەتیدا قارەمانانە گیانی بەخشی، ئەم گیانفیدایەی بابی هانی دا بەشداربێت لە خەباتدا، بەڵام بە شێوازێکی جیاواز و ڕێبازێکی فکری جیاواز لەوەی باوکی.
3- یەکێک لە براکانی ڕێچکەی باوکی گرت و بووە پێشمەرگەی پارتی، هەر لە پێناوی ئەو حیزبەدا گیانی بەخشی.
4- بەپێی پێوەرو کەلتووری ڕۆژهەڵاتی، دەبوو دکتۆریش ببێتە پارتی، ئەویش لەبەر دوو هۆ، یەکەم/ بۆ بەزیندووڕاگرتنی ڕێبازەکەی باوکی، دووەم/ بۆ [تۆڵەسەندنەوە]ی براکەی لەو لایەنەی کووشتیان.
5- عاتفە بەسەر دکتۆر گوڵپیدا زاڵ نەبوو،کوێرانەش شوێنی حیزب نەکەوت، بەڵکو بە قەناعەت و هۆشیاریەوە ڕێبازی خۆی هەڵبژارد.
6- دایکی و براکانی چاوەڕێی ئەوە بوون دەمێک دکتۆر فایەق زانکۆ تەواو دەکات لایەکیان لێ بکاتەوەو لە هەژاری دەریان بکات و ژیانێکی ئاسودەش بۆ خۆی پێک بهێنێت، بەڵام خۆشەویستی وڵات و خاک و خەڵک ڕێگربوو لەمەدا.

ئەمانە چ جۆرە سەرکردەیەک بوون؟
1- زۆر لە سەرکردەکان لە پاڵ کاریزمایدا جۆرێک لە خەسڵەتیان تێدایە کە دەکرێ بە نەگەتیڤ پێناسەیان بکەین، جا ئەم جۆرە خەسڵەتانە وادەکەن دەورووبەر بەحەزەرەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن، ئەمەش وەک جۆرێک لە خۆپاراستن و ڕێزگرتن لەخود. لەم ڕووەوە دکتۆر زۆر بە وردی پێناسەی مام جەلال و نەوشیروانی کردوە. بۆنمونە مام جەلالی وا پێناسە کردوە کە کەسێکی تووڕە و زوو هەڵچوو، حەقد هەڵگر، حەزی نەکردوە کەس قسە لە قسەیدا بکات یا فەرمانەکانی ڕەد بکرێتەوە. بڕوای بە دیسپلین و بڕیاری جەماعی نەبووە و دوا بڕیار لای خۆی بووە. خەڵکی تاوانباری ئازاد کردوە لەنمونەی[ملازم کاوە]، کە حوکمی کووشتنی بەسەردا سەپێنراوە.
2- خیانەتکار، تۆمەتبار، لادەر، هەڵەکار، کەمتەرخەم ئاساییە ئەم جۆرە مرۆڤانە لە زۆرێک لە شۆڕشەکاندا بوونیان هەبێت، بەشۆڕشی کوردیشەوە. ساغکردنەوەی تاوان یا کەمتەرخەمی ئەم جۆرەکەسانە تەنها لە ڕێگەی کۆکردنەوەی بەڵگەو دادگایکردنی بێلایەنانە لەلایەن کەسانی شارەزاوە ئەنجام دەدرێت، بەڵام نە مام جەلال نە نەوشیروان، بڕوایان بەم جۆرە ئیجرائاتانە نەبوەو لە کاتی توڕەیی و هەڵچوندا تاکڕەوانە فەرمانیان دەرکردوە کە زۆر جار بڕیارەکان هەڵەبوون و تراژیدیایان بەشوێن خۆیدا هێناوە.
3- ئاخر چۆن دەکرێت کەسی یەکەمی هێزێک بەو ڕادەیە حاقدبێت بەرامبەر دکتۆرێکی دڵسۆز و بۆچەندین ساڵ قسەی لەگەڵ نەکات، تەنها بەهۆی ئەوەی لە خەستەخانەکەی سورداش پشتگیری لەداواکاریەکانی پێشمەرگەکانی ئەو نەخۆشخانەیە کردوە؟ گەر دکتۆر تاوانبار یا کەمتەرخەم بووە بۆ لەلایەن لیژنەیەکەوە لێپرسینەوەی لێ نەکرا یاخود بۆ گوێ لە داخوازیەکانی مانگرتووەکان نەگیرا؟
4- سەبارەت بە نەوشیروانیش، وەک دکتۆر باسی لێوەدەکات سفاتی خراپی زۆری هەبووە لەوانە، شکاندن و بێڕێزیکردن بە کەسایەتی پێشمەرگەو خەڵکی تر، قسەڕەق، مۆن و گرژ، نەبوونی گیانی لێبووردن، نەبوونی گیانی هاندانی کەسانی لێهاتوو. {بۆ نمونە بە هۆکاری سرووشتی بەرپرسێکی پێشمەرگە بەناوی پۆڵا کە نەیتوانیبوو کارێک ئەنجام بدات، نەوشیروانیش سەرزەنشتی کردبوو، بەڵام لە شێوەی سوکایەتیدا، پێی گووتبوو تۆ پۆڵا نیت، بەڵکو تەنەکەیت }.
جگە لەمانە وەک دکتۆر باسی لێوەدەکات، نەوشیروان ڕووناکبیرێکی فکر عەشایەر بوو، بەوەی بڕوای بە ئازادی ئافرەت نەبوو، وەک سەرۆک عەشیرەتێک ڕوانیویەتە ڕەگەزی مێ.
بەگووتەی نەوشیروان هەولێری و دهۆکی کورد نین. هەڵەبجەییەکان یا جاشن یا ئاشن. هێندە دڵڕەق و بێ بەزەیی بووە تا ئەوڕادەیەی ئامادە نەبووە سەرەخۆشی لە دکتۆر بکات کەدایک و برایەکی لە کیمیابارانی هەڵەبجەدا لەدەستدا.
5- یاخود علی شامار {سەرکردەیەکی پێشمەرگە} بەهۆی ڕەخنەی گوندنشینێکەوە ویستویەتی کەسەکە وەک سزادان بخاتە حەوزی ساردی مزگەوتەکەوە. ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت ئەو بەرپرسانە چەند دڵڕەق و بێ بەزەیی بوون، چەند دووربوون لە دیسپلین و میهرەبانی، چەند دووربوون لە قەبوڵکردنی ڕەخنە. ئەو گووندنشینانە هەمووشتێکیان بۆ پێشمەرگە کرد، لە پێناوی ئەواندا ئەنفالیان بەسەرهات،کەچی ئەوە پاداشتیان بوو بۆیان. زۆربەی بەرپرسانی ئەو شۆڕشە بە ئارەزووی خۆیان و لەسەر شتی بێبایەخ یا تۆمەتی بێبەڵگە خەڵکی بەستەزمانیان سزاداوە، هەندێک جار بەمەرگ سزای خەڵکیان داوە.
6- نمونەیەکی دیکە دەربارەی ئەندامی مەڵبەندێکە، زۆر سەیرە کەسێک ئەندامی مەڵبەند بێت خۆشحاڵی خۆی دەرببڕێت بە کارەساتی هەڵەبجە، ئەوەتا شێرکۆ مەرانەیی ئەندامی مەڵبەندی یەک گووتوویەتی [با بکوژرێن هەموو جاشن].
7- خاڵێکی گرنگ دکتۆر ئاماژەی پێداوە کە دەچێتە خانەی ڕەفتاری ناشۆڕشگێڕانە، ناکۆکی و ململانێی نێوان سەرکردایەتی یەکێتیە،کە بەدەگمەن دووکەسیان پێکەوە هەڵیان کردوە. پرسیارێک دێتە پێشەوە کە دەڵێ،گەر سەرکردایەتی شۆڕشێک تەبایی و هاوسۆزی لە نێویاندا بوونی نەبێت و ملشکاندن و چاڵهەڵکەندن بۆ یەکتر ڕەفتاری زۆرینەیان بووبێت، ئیدی چۆن دەتوانن سەرکردایەتی میللەتێک بکەن کە چاوەڕێی دەستی ئەمانە بن و بەفریادڕەسیان بزانن؟ دەرکەوت ئەنجامی ئەم ناکۆکیانە کارەساتی بۆ شۆڕش و حیزبەکەو خەڵکیش هێنا کە تا ئێستاش بەردەوامە، نوێترینیان نمونەی ناکۆکی نێوان باڤێل و لاهورە.

پزیشکێکی پێشمەرگە و پێشمەرگەیەکی پزیشک
1- دکتۆر گوڵپی وەک پزیشکێک بە دڵسۆزی و بە جوانی ئەرکە پیشەییەکەی خۆی بەجێ گەیاندوە، چ لە نۆرینگاکانیدا یا لە نزیک بەرەکانی جەنگەوە، بە چارەسەرکردنی سەدەها پێشمەرگەی بریندار. چەندین نەشتەرگەری مەترسیداری ئەنجامداوە، بەکۆڵە پشتەکەیەوە لەهەرکوێ داواکرابێت خۆی گەیاندوەتە ئەو شوێنە، تەنانەت زۆر جار چارەسەری گوندنشینانیشی کردوە و لەمەرگ ڕزگاری کردوون.
2- دڵسۆزی پاڵی پێوە ناوە زانیاری و شارەزایی لەسەر چەکی کیمیاوی پەیدا بکات،تاڕادەیەک لەوەشدا سەرکەوتووبوە کە پاشان سودی بە بەرکەوتوانی ئەو چەکە گەیاندوە و چارەسەری کردوون.
3- ڕاستە دکتۆر فایەق وەک پزیشک لەناو شۆڕشدا بووە،کە ئەرکێکی زۆر پیرۆز و پێویست بووە، بەڵام ئەرکی دووەمی پێشمەرگایەتی بووە و لە زۆر بەرەو جەنگدا تەواجودی هەبووە.بەڕای من ئەم کارەیان هەڵەبووە،کە پێدەچێت لەسەر ئارەزووی خۆی بووبێت، چونکە باوەڕناکەم کەس ناچاری کردبێت، ئەرکی ئەو پزیشکی بووە کە ئەرکێکی زۆر سەخت و ئینسانیە، لەکاتی شەهیدبوونی پێشمەرگەیەک دەکرێ و ئاساییە چەندین پێشمەرگە جێگەی بگرێتەوە، بەڵام لەدەستدانی پزیشکێک جێگرەوەی زۆر زەحمەتە. هاوکات ژمارەی پزیشکەکان کەمبوون و ئەرکی زۆریشیان لەسەر بووە،کەواتە ئەو بۆئەوە هاتوبووە دەرەوە تا بەپیشەکەی خۆی خزمەت بکات نەک تفەنگ بەکاربهێنێت.

شۆڕشکێکی بێ ستراتیج و بەرنامە
شۆڕشی بێ ستراتیج و شوێنکەوتنی تاکتیک،یەکێک لە سیماکانیی شۆڕشی نوێ بووە، وەک گوڵپی لەبارەیەوە دواوە، دەرکەوتوە شۆڕشێکی بێبەرنامەو پلان و بێ ستراتیج بووەو تەنها بەپێی زرووف و باروودۆخی ڕۆژانە کاریان کردوە. واتە تاکتیت بزوێنەر و سیمای شۆڕش بووە و ستراتیج ونبووە.
ئەمەش بەڕوونی لەوکاتەدا دەردەکەوێت کە خۆیان بۆ دانووستان لەگەڵ ڕژێمدا ئامادەدەکەن، مام جەلال پرسیار لە دکتۆر فوئاد مەعسوم دەکات، چ داوایەک بدەینە ڕژێم؟ ئەویش دەڵێ [حوکمی زاتی متەتەور ههههههههههه]، {واتە وەک ئەوی 11 ئازار، وەڵێ بڕێک جوانکاری تێدابکرێت}.گەر شۆڕشێک لەسەرەتادا بەرنامەی خۆی داڕشتبێت و داواکاری و ئامانجەکانی لەو بەرنامەیەدا ڕەنگی دابێتەوەو ئەندامانی پێ ڕۆشنبیرکردبێت و ئاشناییان پێی هەبێت، ئیدی چ پێویست بە ڕاوێژ و پرسیار دەکات؟ ئایا درووست ئەوەنیە لەسەر ڕۆشنایی خاڵەکانی ئەو بەرنامەیە [گەر هەبووە]، دانووستان بکەن و بیکەنە قیبلەنمای هەموو جوڵەیەکیان؟

دوور خستنەوەی کەسە بەتواناکان و پشتگوێ خستنی ڕێکخستن و نەبوونی ئایدۆلۆجیا
1- دوور خستنەوەی کەسە بەتواناکان لەڕووی هزرەوە، لایەن سەرکردایەتی یەکێتیەوە لە ڕێکخستنەکان، تا پ.م ڕووناکبیر نەبێت، چونکە سەرکردایەتی تەنها چەکداریان پێویست بووە تا شەڕیان بۆ بکەن، نەک ڕووناکبیرو هۆشیار کە لە سەرنج و ڕەخنەکانیان بترسن یا چاوی پێشمەرگە بکەنەوە، جا دکتۆریش لەسەر هەمان هۆ لە ڕێزی ڕێکخستنەکان دوورخراوەتەوە.
2- گرنگی نەدان بە سیاسەت و پشتگوێ خستنی ڕابەرە سیاسیەکان لەسەر حسابی ڕابەرە سەربازیەکان خاڵێکی نەگەتیڤی دیکەی ئەو شۆڕشە بووە کە دکتۆر ئاماژەی پێداوە. لەم خاڵەدا کووتوومت لە شۆڕشەکەی مەلا مستەفا دەچێت کە لەوێش ڕابەر سیاسی هیچ ڕۆڵ و بەهایەکی نەبوو بەڵکو بەردەوام ئەستێرەی سەرپەل و سەرلق و ئامر بەتالیۆن درەوشاوە بوو وە بڕیاریش هەر لای ئەوان بوو.
ئێوە شۆڕش یا حیزبتان دیوە خاوەنی ئایدۆکۆجیا یاخود ڕێبازی فیکری نەبێت؟
ئەم شۆڕشە نوێیە ڕێک ئەوە بوو،نە مارکسی بوو،نە سۆشیال دیموکرات، نە ناسیۆناڵ، نە لیبراڵ، نە ئاینی، چێشتێکی مجەوەربوو بۆخۆی، تا دوای ڕاپەڕینش کۆچکردوو مام جەلال لە هیچ لێدوان و وتار و نووسینێکدا تووخنی ئایدۆلۆجیا نەدەکەوتەوە، ئەمەش بە مەبەست بوو بۆئەوەی هیچ لایەن و دەسەڵات و حکومەتێکی لێ زوویر نەبێت.

هۆکارەکانی شکستی
1- بە پێی بۆچوونی بیرمەندی چەپ هاوڕێی کۆچکردوو بەهادین نوری کە لە دەمی ئەنفالەکاندا لە قۆپی قەرەداغ کۆمەڵێک پێشمەرگەی یەکێتی دیوە، لە نێویاندا دکتۆر فایەق، لەوەڵامی پرسیارێکی شێرکۆ مەرانەیدا سەبارەت بە دۆخەکە، هاوڕێ گووتوویەتی[ئەم شکستە سەربازیە نەک سیاسی، بەبەراورد بە ئاشبەتاڵی 75 کە شکستی سیاسی بووە نەک سەربازی بەوەی سەرکردایەتی سیاسی ئەو دەمە بڕیاری ئاشبەتاڵی دابوو.
2- بەڵام خودی دکتۆر گوڵپی دان بەوەدا دەنێت کە شکستی ئەم جارەی شۆڕشی چەکداری زۆر گەورەتر بوو لە ئاشبەتاڵەکەی 1975 بە پێی بۆچوونی، ئەودەمە هۆکارەکەی پلانگیری نێو دەوڵەتی بوو، لێ ئەمجارە شکستی سەرکردایەتی بوو، واتە شکستی بەڕێوەبردن و ئیدارەکردنی شۆڕش بوو لە ڕووی سیاسی و سەربازی و پەیوەندی بە وڵاتانی دەوورووبەر و دەرەوە.
+شکستی بوو لە نەخوێندنەوەی لۆژیکانە بۆ عەقڵیەتی بەعس و پەرچەکرداری سەدام بۆ ڕووداوەکان، شکستی بوو بەوەی ئامانج و چارەنووسی شۆڕشیان بەستەوە بە جەنگی نێوان دوو وڵاتی تا سەر ئێسقان دژە کورد.
3- شکستی بوو بە وەی کە پاسداریان بەجلی کوردیەوە هێنا بۆ لێدانی چاڵەنەوتەکانی کەرکوک. واتە هۆکارەکانی شکستیەکە هەمەجۆرن کە سەرجەمیان لەئەستۆی سەرکردایەتی کورددان.

کارەساتی هەڵەبجەو ئەنفال و ڕۆڵی خراپی پێشمەرگە تێیاندا
1- کارەساتی هەڵەبجە خاڵێکی ڕەشە بەناوچەوانی سەرانی شۆڕشەوە بە تایبەتی یەکێتی،کە دکتۆر زۆر بەوردی باسی کردوە. ئەو کارەساتە چەند ڕژێمی بەعسی فاشی تاوانبارە، بە ئەندازەی کەمتر ئەو حیزبانەی کە پێش پاسداران کەوتن تاوانبارن. هیچ حسابێکیان بۆ خەڵکی هەڵەبجە نەکرد کە چ چارەنووسێکی مەترسیدار چاوەڕێیان دەکات. بەوەش تاوانبارن کە وەک چۆن پاشان لەدەمی ئەنفالدا ڕێگەیان لەخەڵکەکە گرت تا خۆیان دەرباز بکەن و نەیاننێرن بۆ چاڵەکانی مەرگ، ئاوهاش ڕێگریان لە خەڵکی هەڵەبجەگرت کە خۆیان قورتار بکەن.
2- تاوانبارن بە دزینی پارەی خەڵکی باژێر کە لەبانقی هەڵەبجە دایاننابوو. تاوانبارن لە هەندێ کاری قێزەوەن وەک دزی،تاوانبارن کە هاوکاری خەڵکەکەیان نەکردو بەتەنها جێیان هێشت. تاوانبارن بە ڕێگەنەگرتن لە پاسداران لە بردنی کتێبە دانسقەکانی کتیبخانەی هەڵەبجە.
3- تاوانبارن بە دانەنانی پلان بۆ پاراستن وڕزگارکردنی خەڵک لە کاتی هەڵەبجەو ئەنفالدا، تاوانبارن بەوەی لەدەمی ئەنفالدا بەرپرسی مەڵبەند فەرمانی بە خوارخۆی دابوو گەر گوندنشینەکان ویستیان گوندەکانیان جێبهێڵن، تەقەیان لێبکەن و کێشە نابێت گەر چەند کەسێکیشیان لێ بکوژن.
4- هەر لەم ڕووەوە دکتۆر دان بە بۆچوونی هەڵەی خۆیدا دەنێت کە دەڵێت، پێشتر ئومێدم بە ڕزگارکردنی شارەکان هەبوو، بەڵام پاش کارەساتی هەڵەبجە زانیم کە ئومێدەکەم لە جێگەی خۆیدا نەبوو، بەوەی کارەساتی بۆ خەڵک هێنا. ئەمەش دانپیانانێکی ڕاشکاوانەی تری دکتۆرە کە دەریخستوە ،خەیاڵ و ئومێد شتێکەو واقیعیش شتێکی ترە.

بێ باکی مام جەلال
مام جەلال و بێباکی لە کارەساتی هەڵەبجە، دەکتۆر فایەق لە بڕگەیەکدا دەنووسێت[کە کارەساتی هەڵەبجە ڕوویدا مام جەلال لە هەندەران بوو، پاش ماوەیەک لە ڕێگەی تارانەوە گەڕایەوە بۆ کوردستان، ژمارەیەک لەسەرکردایەتی یەکێتی چووبوون بۆ پێشوازی، لە نێو هەموویاندا بەگەرمی سڵاوی لە شەوکەتی حاجی مشیر کردبوو، باوەشی پێدا کردبوو پێی گووتبوو پیاوە دڵسۆزەکەی یەکێتی، وەک دەگێڕێتەوە ئەوانی تری پشتگوێ خستبوو.گرنگیدانی مام جەلال بە شەوکەتی حاجی مشیر بە هۆی ئەوەوە بووە کە پارەکەی بانکی هەڵەبجەی بۆ یەکێتی تاڵان کردبوو،ئیتر چی بەسەر شارەکەو خەڵکەکەی هاتوە جێگەی بایەخی نەبوون.

دوورکەوتنەوە لە یەکێتی
1- پاش ئەوەی کارو سیاسەتە چەوتەکانی یەکێتی لە کن دکتۆر زۆر دەبن، ئیدی ناتوانێت لە گەڵیاندا درێژە بەخەبات بدات و یەکێتی جێدەهێڵێت، ئەمە ئەو کاتە دەبێت کە شۆڕش کۆتایی هاتوەو زۆربەی سەرکردەکان نیشتەجێی ئێرانن.
2- پاش وازهێنانی لەیەکێتی حیزبی دیکە تاقی دەکاتەوە، هاوکات بەر لەشەڕی براکوژی جارێکی تر دەگەڕێتەوە بۆلای یەکێتی، بەڵام نەک بە قەناعەت و گووڕووتینی جارانەوە، هەر بۆیە زۆر نامێنێتەوەو بەیەکجاری ماڵئاوایی لە یەکێتی دەکات.
3- دواکاریی سیاسی دکتۆر گوڵپی حیزبی چارەسەری دیموکراتی دەبێت،کە چەند ساڵێک سکرتێری دەبێت. پاشان دەستبەرداری ئەو حیزبەش دەبێت و وەک هەودارێکیان دەمێنێتەوە کە تا ڕۆژی ئەمڕۆش بەدڵسۆی وەک لایەنگری ئەو ڕەوتە فیکریە ماوەتەوە.

خۆلاسە
لە پاش ئەوەی لە ژیانی حیزبایەتی {نەک سیاسی} دوور دەکەوێتەوە، ئیدی ژیانی خۆی بۆ پیشەکەی {پزیشکی} تەرخان دەکات و ئەو خەباتەی لەڕابردوودا لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا وەک[پزیشکێکی پێشمەرگە یا پێشمەرگەیەکی پزیشک] ئەنجامی داوە، دەبێتە بەشێک لە ژیانی خۆی و وەک شانازیەک بۆی دەمێنێتەوە.بە هەموو کەمووکووڕی و چەوتی و هەڵەی تراژیدی هێنەری ئەو هێزە چەکداریەی دکتۆر فایەق ساڵانێکی بەنرخی تەمەنی لە نێویدا بەسەربرد، کە تێیدا ڕووبەڕووی جۆرە ها مەترسی و ناڕەحەتی و چەرمەسەری و دژایەتی هاوخەباتانی بوویەوە، لەگەڵ هەموو ئەمانەدا ئەو بەقەناعەت و بڕوای تەواویەوە خەباتی دەکرد،کە لەپاشان لەبەر هۆکارگەڵێک ئەو قەناعەتەی گۆڕا،کە ئەوەش ،پەیوەندی بە خودی دکتۆرەوە هەیە.
وەک پێشتر ئاماژەم پێداوە، لەم یاداشتنامەیەدا دکتۆر فایەق خۆی نەکردوەتە سووپەر مان، یاخود بووختان و ناهەقی دەرهەق بەشۆڕش و سەرکردەکانی نەکردوە، هاوکات لە ئاستی هەڵەو کەمووکوویەکان بێدەنگ نەبووە. شۆڕش و ڕەوتی ڕووداوەکانی شۆڕشەکەی نەکردوەتە شۆڕشێکی نمونەیی، بەڵکو ویژدانی خۆی کردوەتە پێوەر بۆ هەڵسەنگاندنی ڕووداو و کاراکتەرەکانی، لەمەشدا سەرکەوتووی و ڕاستگۆیی بەدی دەکرێت.

سەرنج/ تێبینیەکەنم سەبارەت بە کتێبەکەی دکتۆر فایەق بە پێی زنجیرەی بابەت و لاپەڕەکان نیە، بەڵکو بەپێی گرنگی پەرەگرافەکان بووە لە کن بەندە.

ڕاستکردنەوەی هەڵەکان:
لەم یاداشتنامەیەدا دکتۆر هەندێکی زانیاری بەهەڵە یاداشت کردوە،کە زۆر گرنگ نین،جا من لێرە هەندێکیان ڕاستدەکەمەوە.
-عومەری خەزان بوو نەک ئەنوەری خەزان کە کەفالەتی کرد تا لەبەندیخانەی هەڵبجە شەو نەمێنێتەوە.چونکە کۆچکردوو عومەری خەزان هونەرمەندی گۆرانیبێژ بوو نەک ئەنوەری برای.
-جیڤارا لە بۆلیڤیا گیانی سپارد نەک لە فەنزویلا.
-کارەساتی پشتئاشان لە یەکی ئایاری ١٩٨٣ ڕوویدا نەک ١٩٨٤.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت