ئارام هادی: پارتی کەی یەخەی پێکهاتەکان بەردەدات؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

1. لە خولی سێ یەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە ڕێکەوتی 2009/7/25 بەڕێوەچوو بە هەر (11)کورسی کۆتاکان (49931) دەنگی پێکهاتەکان بە نوێنەرەکانیان دراوە.
2. لە خولی چوارەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە ڕێکەوتی 2013/9/21 بەڕێوەچوو بە هەر (11) کورسی کۆتاکان (24388) دەنگی پێکهاتەکان بە نوێنەرەکانیان دراوە، لەم خولی چوارە بەراورد بە خولی سێ یەم دەنگی پێکهاتەکان بۆ نوێنەرەکانیان نیوە زیاتر کەمی کردووە!.
3. لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە ڕێکەوتی 2018/9/30 بەڕێوەچوو بە هەر (11)کورسی کۆتاکان (13693) دەنگی پێکهاتەکان بە نوێنەرەکانیان دراوە، لەم خولی پێنجەش بەراورد بە خولی چوارەم دیسان دەنگی پێکهاتەکان بۆ نوێنەرەکانیان نزیک بە نیوە کەمی کردووە.
4. بەراورد بە خولی سێ یەم لە خولی پێنجەمدا دەنگەکان واتە متمانەی پێکهاتەکان بە نوێنەرەکانیان نزیک بە لە (73%)! کەمی کردووە.

تێبینی/
1. لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان کە لە ڕێکەوتی 1992/5/19 و خولی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان کە لە ڕێکەوتی 2005/1/30 بەڕێوەچوو کاندیدی پێکهاتەکان بە سەربەخۆ و لەژێر ناوی پێکهاتەکانی خۆیان نەیان دەتوانی خۆیان کاندید بکەن بەڵکو لە ناو لیستی لایەنە سیاسیەکاندا خۆیان کاندید دەکرد، دواتر لە خولی سێ یەمەوە بە ناوی پێکهاتەکانیانەوە بەشداری هەڵبژاردنیان کرد.
2. ئەو زانیاریانەی سەرەوەم لە (کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان) وەرگرتوە.
بەراوردکاری کەمبونەوەی ڕێژەی بەشداریکردنی پێکهاتەکان و دەنگنەدانیان بە نوێنەرەکانیان لە سێ خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە هاوڵاتیانی پێکهاتە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان خول دوای خول زیاتر متمانەیان بەو کەسانە نامێنێت کە نوێنەرایەتیان دەکەن و باشتر لە ئێمە دەزانن کە ئەو کەسانەی دەبنە نوێنەریان لەلایەن ناوچە و لقەکانی پارتی یەوە پاڵپشتی دەکرێن.
تا ئێستاش پارتی بەردەوامە لە ئیحراجکردنی هەر (11) نوێنەری کۆتاکان لای پێکهاتەکانیان، و لە درێژەی کارەکانیدا سێ شەممەی ڕابردوو 2021/12/21 سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ئیمزای (56) پەرلەمانتاری کۆکردۆتەوە و داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان دەکات، “لیژنەیەک دروست بکەن بۆ دەستنیشانکردنی پاڵێوراوان بۆ ئەنجومەنی کۆمسیارانی هەرێم”، کە ئامانجیان گۆڕانكارییە له‌كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنه‌كان‌ و پێكهێنانى كۆمسیۆنێكى نوێ، بەم پێیەش پارتی بەهۆی (11)کورسی یەکەی پێکهاتەکانەوە زۆرینەی ئەندامانی کۆمسیونی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان بۆ حزبەکەی مسەوگەر دەکات!!، جاری یەکەم و کۆتا جاریش نابێت پارتی بۆ یەکلاکردنەوەی پرسەکانی پەرلەمان (11) کورسی یەکەی پێکهاتەکان بە قازانجی خۆی لە دژی حزبەکانیتر بەکاردێنێت و هەر وەکو ئەندامانی حزبەکەی خۆی مامەڵەیان لەگەڵ دەکات!.
جگە لە پارتییەکان خەڵکی هەرێمی کوردستان بە پێکهاتەکانیشەوە نیگەرانن لەم بەکارهێنانە، حزب و لایەنە سیاسیەکانیتر کەم تا زۆر لە ساڵانی ڕابردوو تا ئێستاش قسە و باسیان لەسەر ئەم بابەتە کردووە و ناڕەزایەتی خۆیانیان بەرامبەر بە هەر (11) ئەندام پەرلەمانەکەی کۆتاکان دەربڕیوە، ڕێکخراوە مەدەنیەکان و کەسایەتیە ئەکادیمیەکانیش لە سیمنار و کۆنفرانسی تایبەت بە پێکهاتەکاندا نیگەرانی خۆیان لەم بابەتە نەشاردۆتەوە، تەنانەت خودی پێکهاتەکان خۆشیان لە ئێمە زیاتر خەمی ئەم بابەتەیانە و باشتر لە ئێمە ئاگاداری ئەوەن کە نوێنەرەکانیان دوورن لە پاڵێوراوی خۆماڵی خۆیان و لەبری ئەوەش لە ناوچە و لقەکانی پارتی یەوە پاڵپشتی دەکرێن و سەردەخرێن بۆ پەرلەمان.
بێ ڕێککەوتنی پێشوەختە نوێنەری پێکهاتەکان دەنگی خۆیان دەخەنە پاڵ دەنگی نوێنەرەکانی پارتی، بەڵگەش بۆ ئەم قسەیەم ڕیزبەندی ئیمزاکانیانە کە سێ شەممەی ڕابردوو لەلایەن سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەوە بڵاو کرایەوە، لە عورف و عادەتی ئەم جۆرە کارانە کاتێک فراکسیۆنێک لە پەرلەمان دەیەوێت سەرپەرشتی هەڵمەتێک بکات سەرەتا لەگەڵ ئەو فراکسیۆنانەیتر کە دەیەوێت بەهاوبەشی پرۆسەکە بەڕێوەبەرن چەندین کۆبونەوە و دیدار ئەنجام دەدەن، دواتر گەر گەیشتنە ڕێککەوتن ئەوکات ئەو فراکسیۆنەی سەرپەرشتی هەڵمەتەکە دەکات بە ڕیزبەندی لە فراکسیۆنەکەی خۆیەوە ناوەکان لە یەکەمەوە بۆ کۆتایی دەنوسێت و ئیمزایان پێدەکات دواجاریش ئەندامی فراکسیۆنەکانیتر ئیمزای دەکەن، بەڵام هەروەکو جارەکانی پێشوو نە کۆبونەوەمان بینی و نە ڕیزبەندی لەکاری بەپەلە دەچێت و ڕیزبەندی بڵاو کراوەکە ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت کە سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی پێش ژمارەیەک لە ئەندامانی خۆیان ئیمزای بە نوێنەری پێکهاتەکان کردووە! و ناوی ناوە “داواکاری (10) فراکسیۆنی پەرلەمانی!.
لەلایەکی ترەوە هەندێک جار گوێم لەو نوێنەرانەی پێکهاتەکان کە لە (پەرلەمان و حکومەت)ن دەبێت، لە ڕاگەیاندنەکانەوە گلەیی ئەوە دەکەن ژمارەیەک لایەنی سیاسی و ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنوسان ژمارەی کورسی پێکهاتەکان بەزۆر دەزانن، بەڵام لە ڕاستیدا کێشەکە ژمارەی کورسی نیە، بەڵکو جەوهەری بابەتەکە ئەوەیە کە زیاتر لە پێکهاتەکانیان نوێنەری پارتین، ئێستاش کە بەرە و ئامادەکاری بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەچین پێویستە لایەنە سیاسیەکانی دەرەوەی پارتی و ڕێکخراوەمەدەنیەکان و ڕۆشنبیران و ئەکادیمیانی کوردستان هاوکاری پێکهاتەکانبن لە سەرخستنی ئەو کاندیدانەی کە بە تەواوی تەمسیلی پێکهاتەکان دەکەن، هەروەها فشارەکانیشیان لەسەر پارتی و ئەو ژمارە لە نوێنەرانە چڕبکەنەوە کە بەناوی پێکهاتەکانەوە دەوری کادیری پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دەبینن.
هەرکاتێکیش نوێنەری پێکهاتەکان توانیان دەستی پارتی لە یەخەیان دوورخەنەوە و تەواو نوێنەرایەتی پێکهاتەکانی خۆیانیان کرد، ئەوکات ئاساییە لە پەرلەمان ژمارەی کورسی یەکانیشیان بۆ زیاد بکرێت، هاوکات یەکێک لە پۆستە سیادیەکانی هەرێمی کوردستانیشیان پێ بدرێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت