شێرزاد شێخانی: کارەبا..!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەولێریات
زۆر عەیبە، شەرمە، شوورەییە، بە خۆت برێی حکومەت و نەتانی کێشەی کارەبای سی ساری چارەسەر بکەی!. عەیبە، داهاتی سارانەت ملیاران دۆلار بیتن، نەتانی پێنج محەتەی بەرهەمهینانی کارەبا لەهەرێمەکەت دابمەزرێنی!. شەرمە، خۆت بە وراتەکی سەربەخۆ بزانی و رۆژانە سەرۆک و وەزیرانی ئەوروپی بێنە سەردانت، ئەتووش پشت بە موەلیدەی ئەهلی ببەستی لۆ دابینکردنی کارەبای پایتەختەکەت!. شوورەییە، ئەو هەموو بینا بەرزە هەوربڕەت هەبی، ئەو هەموو گوندی ئەڵمانی و ئینگلیزی ئەمریکی و ئیتالی و کۆری و ئیسپانیت هەبی، ئەوجا نەتانی رۆژانە 12 سەعات کارەبای بەردەوام بدەیە شارەکەت!.
لەویش عەبیترو شەرمتر وشوورەییتر ئەوەیە وەزارەتی کارەباکەشت درۆزن بی. هەر رۆژەو موژدەیەکت لۆ بنێری کەوا کارەبا زیاد دەکرێ و یەکەی بەرهەمهێنان دەکەویتەکار، کەچی لەموحەصیلەدا کارەبات کەمتر بی وزیادی نەکردبی. لەوانەش عەبیترو شەرموشوورەییتر ئەوەیە، بە کارەبای موەلیدە شارەکەت رووناک بکەیەوە، کارەبای وێستگەکانی حکومەتیش بفرۆشیتە بەغداوە!. لەهەمووشیان عەبیتر ئەوەیە رۆژانە 600 هەزار بەرمیل نەفتی بنێریتە دەرەوە ئەوجا وەزارەتی کارەباکەشت برێ لەبەر نەبوونی سووتەمەنی ناتانین یەکەکانی کارەبا ئیشپێبکەین!.
باسیان لەپێوەری زیرەک کرد گوایە کێشەی کارەبا چارەسەر دەبی، لەو رۆژەوە پێوەر بەسترایە وەزعی کارەبا خراپتر بووە، باشتر نەبووە!. گۆتیان رۆژانە 16 سەعات کارەبا دابیندەکەین، دە وەڵڵاهی لە گەڕەکەکەی مەدا رۆژانە هەشت سەعاتیش کارەبای حکومی نابینین!. ئەو ئاینوئۆینەی ( پێوەری زیرەک ) حەمووی لۆ ئەوەی بوو کارەبای خەرکی فەقیروهەژار کەمبکەنەوە لۆ ئەوەی بیدەنە کۆشک وتەلارو گوندە ئینگلیزی وئیتالی ومەزرەعەکانی خۆیانەوە، ئەگەرنا با پێمان برێن ئەو پێوەرە چی لەوەزعەکەی گۆڕی؟. ئەمن دڵنیام ئەو پێوەرە هیچ وجودەکی لەگەڕەکە شاهانەکانی خۆیاندا نیە!. بێگومانم ئەوەی لەشەرقستانی هەولێر ( واتە گەڕەکە کۆن وشەعبیەکاندا ) بەسترایە، لەشارە نوێیەکانی خۆیاندا نەبەسترایە، ئاخر ئەوان لەهەر قەسرو ڤێلایەکیان دوازدە سپلیت و هیتەری مەرکزییان بەستایە، کوو 40 ئەمپێر کارەبا بەشیان دەکا؟!.
ئەو چەند سەعاتە کارەبایەی ئێستاش هەیە بە ناعەدالەتی دابەشی دەکەن. تەبعەن ئەکید بن بەشی شەرقستانی هەولێر وەکی بەشە غەربستانەکەی نیە، کێشەکەش لەوەدایە ئەوانەی وەزارەتی کارەباش بەڕێوە دەبەن ئەوەندە عاقل وزاناو دانا نین هەر نەبی ئەو بڕە کارەبایەی ئێستا هەیە بە شێوەیەک دابەشی بکەن کە بەشی هاوڵاتیان بکا. پێدەچی مەسئولەکانی وەزارەتی کارەباش هەر وەکی مەسئولەکانی تری حکومەت نیوەیان شەهادەکانیان یان تەزویرە یانیش بە قۆپیە ناجیح بوونە، ئەگەر نا مەعقولە کەسەکی عاقلیان تێدا نەبی بەرنامەیەکی هەندەک رێکوپێک دابنێ لۆ ئەوەی بەو بڕە کارەبایەی ئێستا هەیە پێداویستیەکانی خەرکی دابین بکەن؟!.
کارەبا یەعنی رووناکی، کەواتە دەبی لانیکەم کارەبای شەوان بەردەوام بی لۆ ئەوەی خەرکی هەراسان نەبن لەو سەرماوسۆڵەش یەک شیش هیتەر لۆ مندارەکانیان داگیرسێنن بە ئارامی بنوون. لۆیە پێشنیارەکی دەخەمە بەردەست ئەو مەسئولە نەخیندەوارانەی وەزارەتی کارەبا لۆ ئەوەی بەپێی بەرنامەیەکی تۆکمەتر کێشەی کارەبا چارەسەر بکەن هەر نەبی لەو وەرزە ساردو سڕڕەدا کە خەرکی زۆر پێویستی بەکارەبایە.
دەکرێ سەعاتی موەلیدەی ئەهلی دیاری بکرێ لە سەعات 4 ی ئێوارەوە حەتاکو سەعات 12 ی شەو، ئەوجا کاربای حکومی لەسەعات 12 ی شەو حەتاکو سەعات 8ی سبەینان بە بەردەوامی بدرێ، هەر کاتەکەیش حکومەت کارەبای زیادەی هەبوو، ئەوکات دەتانی بیخاتە وەختی بەیانیان وعەسران . بەوەش هەم لەجیاتی 16 سەعات کارەبا درۆزنەکەیان کەمتر کارەبا دەدەن، هەمیش خەرکی ئەو پارە زۆرەی ناکەویتە سەر لۆ موەلیدە ئەهلیەکان. بەوەش هەم شەوانە لەگەر داهاتنی تاریکیدا هەتا رۆژهەڵات کارەبای بەردەوام دەبی، هەمیش خەرکی باریان قوڕستر نابی بە پارەی موەلیدە.
دەبی مەسئولانی شارەکەم ئەوەیان لەبیر نەچیتن، خەرکی ناڕازی لەخەدەماتی ئەساسی وەکی ئاوو کارەبا زۆرتر لەخانییە قوڕەکان و گەڕەکە شەعبیەکانن کە زیاتر هەست بە غەدری دەسەرات دەکەن، هەر ئەوانیشن دێنە سەرجادەو موزاهەڕە دەکەن، ئەوانەی شارە جوانەکانی ئیتالی و ئەمریکی وئینگلیزی لەهیچیان کەم نیە هەتا موزاهەڕە بکەن، ئەوجا با ئەو دەسەراتە ئاگای لەخۆی بی، هەر ئەو خەرکە هەژارو فەقیرەی خانەقاو تەعجیل وسەعدوناوەو سەیداوو سیتاقان و کوران و باداوە و تەیراوەو بەستىپیازەن کە تووڕە بوون هیچ شتەک رێگریان لێناکات.
باقی وەلسەلام ..

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت